دەم مەنێ بەدەم «قلیانی» خواوە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
771 مشاهده
دەم مەنێ بەدەم «قلیانی» خواوە
کە بڵێسەی بەست هێلکت بڕاوە
لە کاری خوادا ورد مەبەرەوە
سەر شۆڕ کەو بڕۆ لە دووی کەرەوە
ئەگینە هەر تۆ «سوخرەکێش» ئەبی
بە کاری بێگار ناوکەڕێژ ئەبی
ئەگەر بڵێی من هونەر ئەنوێنم
بە کارزانی خۆم مەسنەد ئەسێنم
لە ڕەزاقیی خوا ئەکەویە ئینکار
ئەوسا ئەویش تۆ ئەخاتە ژێر بار
«هارون الرشید» کاتێ میسری گرت
وتی بەم موڵکە فیرعەون خوایی کرد
لە قینا دایە دەست قولەڕەشێ
سەیرکەن خوا موڵکی خۆی چۆن ئەبەخشێ
پەموو دانەیان چاند، ئاو دایپۆشی
هاواریان بۆی برد هیچ بۆی نەلەخشی
وتی ئەمساڵ خەڵک خوری بچێنێ
ئاو ئەیشواتەوە چڵکی نامێنێ
ئێمە تێناگەین «حکمةاللە»یە
ئیتر چییە ئەم قیڕە و هەڵڵایە
«رجال الغیب»ی ئەمساڵ خووی وایە
دەستەی خودپەسەند، ناخاتە کایە
وا چاکە هەموو ئاوێک بنۆشین
چاو لە گوناهی یەکتر بپۆشین