هەر کەسە هەوڵی گیانی خۆی ئەدا
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
692 مشاهده
هەر کەسە هەوڵی گیانی خۆی ئەدا
هیچ کەسم نەدی ڕۆح بکا فیدا
هەرچی هەڵدەستێ نیشتمان پەروەرە
کە دەرفەتی دی، بەشی خۆ بەرە
ئەگەر هەر مەلێ هەنجیرخۆر بوایە
ئەشیا بە کاڵیش هەنجیر نەمایە
ئەوانە کەوا سەرکەوتوون تەواو
بە فیداکاری لاوان هاتنە ناو
هەندێکیش پیاویان ئەکەوێتە ڕێ
توێکڵەشووتیان ئەخەنە ژێر پێ
«دڕک» ئەخەنە ژێر کلکی ئێستری تۆڕ
بۆ ئەوەی سواری بگلێنێ بە زۆر
لیسی کوێرییە کەوتۆتە ناومان
هەروا ئەکەوێ لە سەر و چاومان
بۆ هەموو کارێک غایە پێویستە
بێ غایە و مەسلەک هەر نەنگەویستە
ئەوەی ئەخوێنێ و ئەیهێنێتە کار
ئەبێ بە چرا بۆ ڕووناکی شار
هەندێکی واش هەن چرا وەکوژێنن
«جووتە» ئەهاون، کاسە ئەڕژێنن
ئەمانە ئەبێ کە «ئەشکیل»یان کەن
یا بە «نەقیزە» ڕەقەن کێڵیان کەن
هی واشیان هەیە «قۆچ» ئەوەشێنێ
کەڵەکی «میری سوور» ئەڕووخێنێ