دوژمنی یار و یاری دوژمنان

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  786 مشاهده
دوژمنی یار و یاری دوژمنان
دوژمنێکی ڕاست چاکترە لەوان
دوژمن بە درۆ خۆی دەکا بە دۆست
ڕۆژێک ئەیبینی دەردەچێ لە پۆست
چونکو خوا ڕاستە و ڕاستی خۆش ئەوێ
داری ڕاست بە لای چەوتا نانەوێ
گۆچان کە بە زۆر ئەچەمێتەوە
لەئاوا داینێیت، ڕاست ئەبێتەوە
«بەدگەوهەر» شەوقی «فویە» ئەنوێنێ
کە «فویە»ی لاچوو شەوقی نامێنێ
ئەڵماس بە «کان»ی خۆی خۆش «تینەتە»
بۆ پەنجەی پیاوی گەورە «زینەتە»
ئەوەی سروشتی خواداوی پاکە
لە درۆی بەدخوا و دوژمن بێباکە
چوار کەس لە چوار جێ خۆیان ئەنوێنن
لە چوار جێیە «گۆی» هونەر ئەفڕێنن
ئازا لە جەنگا، خوێش بە زەبوونی
دۆست بە تەنگانە، ژن بە نەبوونی
گەورە کە هۆش و دووربینی لا بێ
ئەشێ «بەدزوبان» لێی تەوەللا بێ
مەسنەدی دنیا کە گڕ و پفە
کە بۆ ئازار بێ شایستەی تفە
هەندێ بە پارە سەلەم ئەبڕن
دانەی داوێکە پێی خەڵکی ئەگرن
هەندێکیش چاکە بۆ پاداش ناکەن
هەر بە تەبیعەت مایل بە چاکەن