مار تا زیندووە بە پێچ ئەکشێ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
738 مشاهده
مار تا زیندووە بە پێچ ئەکشێ
سەری پان بۆوە، ڕاست ڕائەکشێ
هەیە لە بەدی زۆر قۆرت ئەبینێ
کە دەرفەتێ دێ هەر تێی ئەچێنێ
باوکمان بە گەنم بەهەشتی دانا
گەنمە بۆ داو ئەبێ بە دانە
ئەڵێن: جەهەننەم لە دەم مارایە
ئاگری گرانی وا لە کارایە
پڕ بەردەرگامان ڕازیانەیە
ژانەزگ مشتەی ناو هەمانەیە
لایە یاساغە و لایە بەڕەڵڵا
بەرد بەستوویە و سەگ گەماڕۆ ئەدا
یەک بە سەد ئەشیا شەن و کەویەتی
مانگانەی میری لە جێی خۆیەتی
زۆر مەئموور دەرچوون کەوتنە کاسبی
مەعاش! کە تێرم نەکەی، با نەبی
تا ئەمڕۆ ئێمە لە ڕووی جیهان دا
زۆر بەختیار بووین لە گوزەران دا
ئێستایش هیوامان وایە لە لای خوا
لەگەڵ چلەدا، چلەی هار بڕوا
لە سەر و لە ژێر شکا ئەڵەمان
چارەیان بڕا، کەوتنە «ئەلئەمان»