ئەوی بە هیوای ڕۆژی دواییە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  773 مشاهده
ئەوی بە هیوای ڕۆژی دواییە
غەمی جیهانی لە لا شاییە
مادام لەو دنیا خودای بۆ ئەبێ
با ئەم دوو ڕۆژە کوێخایی نەبێ
پیاوێ لە دوورێ ئاگری ئەدی
هێزی دەروونی بۆ دەهاتەدی
هیوا چاکترە لە نائۆمێدی
تا مەئیوس نەبی، ناکەویە بەدی
هەر کەسێ پارەی زۆری هاتە دەست
ڕاحەتی دڵی دەردەچێ لە دەست
قەناعەتت بێ، بێ ئیحتیاجی
جامێ دۆشاو و دوو نانی ساجی
پاقلاوای زیافەت، باری منەتە
لە ژێر ئەو بارە، دەرچوون زەحمەتە
منەت و هیوای نەفست دوو بارن
وەک «زوحاک» لە سەر شانت دوو مارن
ئینسان لە خەودا پارە دەبینێ
کە هەستا دەستی توند ئەقووچێنێ
دەست ئەکاتەوە، هیچی تیا نییە
دەوڵەت خەوێکە ئەویش فانییە
کەچی چاکەیەک ئەکەی ئەبینی
لە هەر دوو دنیا پاداش ئەبینی