بە پشت ئێستری چەمووشدا مەڕۆ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  713 مشاهده
بە پشت ئێستری چەمووشدا مەڕۆ
خووی ئەو «لەقەیە» خۆت لادە لەو تۆ
سەگی نهێن گر، لە کەس ناوەڕێ
بەلایا مەڕۆ! لەپڕ ئەتگرێ
با وجود ئێستا کە سەگ نەماوە
«هەڵەوەڕ» لە جێی ئەو دانراوە
پشیلە دیار نەبێ، شایی مشکانە
هەروا هاتووە ئەم، دەور و دووکانە
دەوڵەمەند لە دەست سواڵکەر بێزارە
حەقیانە هەندێ سواڵکەر بێعارە
ئارد و ڕۆن نییە و بە ناعیلاجی
لە هیچ کوێ نایە بۆنی ناو ساجی
خوا «ئەسپێ»ی خستە فەردە ئاردەوە
بۆیە تەماعکار وا نەیشاردەوە
لە پێشدا ببوو بە بگیر، بگیر
کە ئەسپێی تێدا کەوتە دەست فەقیر
ئەم موڵک و ماڵەی دڵمان پێخۆشە
لەسەرەمەرگا حەسرەتە، بۆشە
درۆزن زانی درۆی سەر ئەگرێ
پێی ڕادێ ئیتر شەرم نایگرێ
ئەو شیرینییەی لە درۆدایە
لە ڕاستی تاڵدا هیچ کەس بۆی نایە