ئەو کەسەی دڵی کەسێ خۆش نەکا

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  561 مشاهده
ئەو کەسەی دڵی کەسێ خۆش نەکا
هەڵکردی نابێ لەگەڵ پیاو چاکا
کە ئەیڕوانی بە ڕووی گرژ و مۆن
وەک منداڵی سیس ئەکەوێ بە بۆن
ئەوی خزمەتی خەڵکی پێ ئەکرێ
لەناوا ناوی بە چاکە ئەبرێ
کە تووشی کەسێ هات بە پێکەنین
قەدری ئەگیرێ وەک شای سەرزەمین
زاتەن لەزەتی دنیاش ئەوەیە
بێ غەمی لە لای پیاوی بێ وەیە
کاتێ دڵپاک بێت دڵنیا ئەبێ
لەگەڵ چاکانا ئاشنا ئەبێ
ئەوەی کە لەگەڵ خوێشیا دڵپیسە
هەر کردەی ئەوە و بردەی ئیبلیسە
ئەوەی بە هەڕە و گوڕە دلێرە
کردەوەی نییە، پووچە، بێ خێرە
با وجود ئێستا ئەوانە پیاون!
بێدەنگی ئازا، کەمترین ماون
هەر لە ئەوەڵی دنیا تا ئەمڕۆ
«دەنی» لە پێشە و «دانا» ڕەنجەڕۆ
زاتەن دنیا خۆی ناوی «دەنی»یە
ئیتر ئەم تانە و توانجە چییە؟