هەوری بەهاری بە هەڕوگوڕە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
867 مشاهده
هەوری بەهاری بە هەڕوگوڕە
بە تاو و و تەرزە توندە و بە گوڕە
کە خۆت لێگرتە پەنا و پاسارێ
زوو بەسەر ئەچێ ئیتر نابارێ
ئەگەر ڕووبەڕووی ڕۆییت بێ پەروا
بە تەوژمەوە بەسەرتا ئەڕوا
هەرچی تەنک بێ دیارە زوو ئەدڕێ
ئینسان ئەستوور بێ ئەوسا ئەپچڕێ
«هیتلەر» لە دوو لا کەوتە پەلامار
ئەکوژێ و ئەکوژێ بێ پەڕوا وەک هار
دیارە کە دوایی «سەمەندۆک» ئەکرێ
ئینسانی خوێنڕێژ مەرگی پێ ئەبڕێ
دنیا بە جارێ بووە بە گۆمی خوێن
ئەولادمان ئەڕوا بێ سەر و بێ شوێن
بەم ڕەنگە ژیان تامی نەماوە
ماسی ژێر دەریایش هیلکی بڕاوە
گرمەی بۆمبا و تۆپ گەییە ئاسمان
لەرزەی خستە ناو بارەگای یەزدان
کاتێک زانی کە قینی قەههار
بۆ تۆڵەی خوێنی ناحەق کەوتە کار
ڕەگی زاڵمی لە بن دەرهێنا
ئەم شەڕ و شۆڕە نەما لە بەینا