ئەم شارە تەسلیم چشتێ کراوە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
901 مشاهده
ئەم شارە تەسلیم چشتێ کراوە
بە مەتەڵ شەش پای دوو سمی ناوە
کلکی لە بانی پشتی ڕوواوە
کە کلکی بگری ڕوو لە سڵاوە
بە هەر بارێکا پەنجەت خستە ژێر
ئەبێ بە ئاڵەت بۆ شەڕ و بۆ خێر
خوا فەرموویەتی ڕاستی هەڵکێشن
کەچی بە «کەچی» خەڵک لێی بەئێشن
چونکە میزانی عالەم شێواوە
ئەویش بەجارێ پەتی پچڕاوە
بەدکار بە زرێی گوناهـ ئەخوڕێ
بۆیە کە تیری دوعا نایبڕێ
هیچ کەس لە کاری خودایی ناگا
خۆی خوایە و خوایی ئەداتە دەست گا!
بەفر ملیۆنێ ڕەق ئەکاتەوە
باران بۆ خەزنەی خۆی ئەباتەوە
لە باتی باران بۆمبا ئەبارێ
«سون»یش بەربۆتە دەغڵ بەجارێ
بەجارێ دنیا بوو بە مووی زەنگی
تۆفانی بەڵا گەییە ئاوزەنگی
باوک ئەولادی ناوەتە ژێر پێ
ئاخۆ بەزەیی خودا بۆ کەی بێ؟