چەند خۆشە کچی جوان خوێندەوار بێ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1480 مشاهده
چەند خۆشە کچی جوان خوێندەوار بێ
شێوەی هامسەری تێدا دیار بێ
ئەوسا ئەتوانێ کە قەدری مێردی
ڕاگرێ و پشتی نەدا لە عەردی
کوڕ و کچ ئەگەر جوانی یەکیان خا
کە لە یەک تێر بوون، دیواریان ڕووخا
چڵێس زەحمەتە بە ژنێ هەڵکا
جار جار سەردەکا بە «دیزەی» خەڵکا
«ئێسری باڵانی» زۆڵە و چەمووشە
کە گوێی مەڵاس کرد، ئەزانی تووشە
بەڵام هەندێ کەس گوێی نابەنە چەرم
«جووتە» لێ ئەدەن، بە تێکەڵی گەرم
ئەگەر «گوێرەوسار» نەبێ بۆ گوێلک
بێستانمان ئەبێ بە دەشتی کۆلک
پیری زاتێکی خستە مەینەتی
هاواری کێری «شەرح موغنی»یەتی
کورد لە بەر کێری خوای بیر چووەوە
«لَیْلَةُ الْقَدْر»ی پیا خرچ بووەوە
جاران جاربەجار ئەکەوتە سەما
بە شەڕی «هیتلەر» نەشئەی تیا نەما
یاخوا «هیتلەر»یش وەک ماری تۆپیو
هێزی نەمێنێ بۆ ئەمدیو ئەودیو