وردە مەئمووران بۆ زەممی مەعاش

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  845 مشاهده
وردە مەئمووران بۆ زەممی مەعاش
بە هۆی هیواوە کەوتوونە تەلاش
تا تریاک دێنن بۆ ماران گەستوو
بەدەم ئێشەوە ئەوان ئەڵێن دوو
نە تەڕەسازە و نە تەڕەماشە
شەڕەگەڕەکە و دەوەن بە ئاشە
تا ڕەوگ و ڕانمان دوای نەبڕایەوە
ڕێگای کوێستانمان بۆ نەکرایەوە
خاڵانەکەیە «مەمرە تا بەهار»
کورتانی تازەت بۆ دێنم لە شار
ئەگەر خوا ئەکا «هیتلەر» نامێنێ
پاییزیش نەشئەی بەهار ئەنوێنێ
ئیتالیا کە وەک فس فس پاڵەوان
خۆی هەڵکرد بوو، هاتبووە مەیدان
ڕۆژێکی لێدێ بڵێن یۆنان هات
بە گورگەلۆقە دەرچێ لە وڵات
ئەوسا بە گورجی ڕایان ئەفڕێنن
کەرسمەی «مۆسۆلێنی» دەردێنن
ئەگەر «هیتلەر»یش وەک ئەوی لێ بێ
«یوم الموعود»یش بۆ جوولەکە بێ
زوڵم و زۆرداری تا سەر نامێنێ
خوا تۆڵەی بزنی بێ شاخ ئەسێنێ
خۆزگە بە شەکری هەرزان، ڕەمەزان
تێر مرەبامان ئەخوارد وەک جاران