سەیر کەن یاران! خوا هەر ئەو خوایە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
897 مشاهده
سەیر کەن یاران! خوا هەر ئەو خوایە
کە ئێستا بزن وا سواری گایە
یاخوا قەت گەدا موعتەبەر نەبێ
فەقیر و هەژار تووشی شەڕ نەبێ
بەخۆوە نەدیو کە بوو بە زەعیم
ئەکوژێ و ئەبڕێ بە بێ ترس و بیم
دوێ شەو لە خەوما پادشایە بووم
کاتێکم زانی وەک گەدایە بووم
شاهەنشا یەعنی پادشای شاهان
سیفەتی خوایە نابێ بە عینوان
ئەم ناوە تاسەر بۆ کەس نامێنێ
ئاوێنەی دەوران عەکسی ئەنوێنێ
کە لە جێگەی بەرز بکەویە خوارێ
تەوژمی بەرزی تێکت ئەهاڕێ
بەڵام لە نزمی ئازارت نابێ
پیاو بەرز نافڕێ هۆشی لە لا بێ
«سەددی ئەسکەندەر» ئەڵێن ڕووخاوە
«یاجووج و ماجووج» بۆیە هەستاوە
جەجاڵیش سواری کەری خۆی بووە
بۆ خورما خەڵکی هێندە لە دووە
سا خوایە عیسای بو بنێرە خوارێ
بەڵکوو ئەم شەڕە هەڵسێ بە جارێ