هاوین هاتەوە بۆ مار و دووپشک

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  863 مشاهده
هاوین هاتەوە بۆ مار و دووپشک
«شارەزوور» بووەوە بە پووشێکی وشک
های لەو گوڵانەی لە گوێ «زەڵم» ئەمدی
ئەویش خەوێ بوو، دیم ویا نەمدی
هاوینە و کەچی چەرخ وا دەسووڕێ
وەک ئاو و ڕەنگی بەهار ئەگۆڕێ
ڕەشەبای ئەمسال لێرە دوو دەنگە
هێشتا نەمدیوە من بای بەم ڕەنگە
بە ئاگری شەڕی «ڕووس» و «ئەڵەمان»
تاوی سەندووە زەوی و ئاسمان
منداڵ بووم، لەگەڵ دوو کەس شەڕیەکرد
«دگلدانە»مان ئەخوێند دەست و برد
نینۆکمان لەیەک ئەسوو، تێک هەڵچن
بەڵکوو لە یەکتر ببن بە دوژمن
ئێستایش هەر دەڵێم وا «دگلدانە»
ئینشاڵڵا نەگبەت بۆ «ئەڵەمانە»
هەرچی ئەوەندە بە خۆی بخوڕێ
هەر بە هێزی خۆی پەتی ئەپچڕێ
هەموو قوماشێ بە تەنکی ئەدڕێ
تەنها ئینسانی ئەستوور ئەپچڕێ
ئێستا ئەسبابی شەڕی تەواوە
دەمێکە «ڕووس» خۆی لێ مەڵاس داوە
[بەڵام ئەترسم لە ورچ و پڵنگ
ورچی زەبەللاح بکەوێتە بەرچنگ]