دنیا کەوتۆتە خەم و دڵتەنگی

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  875 مشاهده
دنیا کەوتۆتە خەم و دڵتەنگی
هاتووە بەیەکدا وەکوو مووی زەنگی
دیسان مووی زەنگی ئاڵۆزایەوە
«قەڕاڵی حەبەش» کەوتە کایەوە
دەعوای بەرانی ڕەش و سپییە
بزانین خواستی خودا بە چییە؟
چەند خۆشە ئینسان لە جێیەکی بەرز
سەیری دنیا کا بە بێ ترس و لەرز
«هیتلەر» یەکانەی بەلەسەی شەڕە
لەگەڵ بەشەردا بە داوا و گەڕە
«ماتاکساس» ئەمرێ ئەو هەر زیندووە
باوکم بە خوا، خوا ئەمری کردووە
مادەی کەر و گای «کفرەحمەد» حەقە
وەرە لە داخا مەمرە و مەتەقە
بە حیساب ئەمڕۆ پشکۆ ئەکەوێ
تۆفی چلوولەی چلە ئەڕەوێ
خۆزگە ئەمساڵیش لە کەناری «زەڵم»
لەناو نێرگسدا ڕائەکشام وەک «بەڵم»
کەناچەی پۆڕ و هاژەی بەفراوان
دەنگی ئەدایە بەندی دووئاوان
ساتێ لە ڕادیۆی شۆڕش دوور ئەبووم
ڕادیۆم لێبووە بە ئاوازەی «بووم»
جاران «جوولەکە» خومی ئەشێوا
بە درۆ پیاویان ئەکرد بە کێوا
ئێستا کارخانەی درۆ ڕادوێیە
هیچ کەس نازانێ کە ڕاست لە کوێیە
تەبعی زەمانەیش هیچ ڕاستی ناوێ
پیاوی ڕاست ئەخەن بە بەندوباوێ