گلێنەی چاوت بکە بە وێنە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1094 مشاهده
گلێنەی چاوت بکە بە وێنە
عالەم ببینە، هیچ خۆت مەبینە
کە بە خودبینی خۆت لە خۆت گۆڕی
زوو لە خۆت ئەگەی شایستەی گۆڕی
بە زەردەخەنە کە کەوتیە ڕەخنە
بۆ دیواری قەدر ئەبێ بە ڕەخنە
تازە پیاکەوتوو کە قەرزت باتێ
ئەیداتەوە ڕووت لە دوای سەعاتێ
بەڵام پیاوی کۆن خزمەتت بکا
ئەیەوێ نە خۆت نە کەس تێ بگا
لە پاشملەی خەڵک بەو ڕەنگە بدوو
شەرمەزار نەبی کە کەوتیتە ڕوو
کە چاکە ئەکەی مەیڵێ لەلای کەس
بۆ زەوقی خۆت بێ و خوا بیزانێ و بەس
کەسی هیوادار نائۆمێد مەکە
خێرت ئەنووسێ بەقەد ڕێی مەککە
دڵی هیوادار بشکێ «قەزایە»
نوێژ «قەزای» هەیە ئەو بێ «قەزایە»
هەزار دۆستت بێ هێشتا هەر کەمە
تەنها دوژمنێ سەرمایەی غەمە
ئامۆژگاری بێ کەم ماڵ سووک مەگرە
پێغەمبەر فەرمووی فەقیری فەخرە
گریان لەسەرخۆ خەم ئەڕەوێنێ
هەندێ پێکەنین دڵ تێک هەڵدێنێ!
دەوڵەمەند و پیر حرسیان زیاد ئەبێ
حەریسیش دیارە کە ناشاد ئەبێ
«هیتلەر» ناشادە کەوا حەریسە
شەڕەگەڕەک کەر بەشی هەر لیسە