نیگارا سا بە لوتفی خۆت شەوێ تۆ بێرە باڵینم

از کتاب:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
اثر:
احمد مختار جاف (1896-1935)
 1 دقیقه  1127 مشاهده
نیگارا سا بە لوتفی خۆت شەوێ تۆ بێرە باڵینم
لە غەمدا وا لە جیسمم وەختە دەرچێ گیانی شیرینم
بە یادی ڕوومەت و خاڵت هەموو شەو تا بە سبحەینێ
منم مەشغووڵی تەعدادی گرۆهی ماهـ و پەروینم
هەموو عالەم لە بەرچاوم وەکوو دەیجوورە ئەی جانا
ئەگەر بێت و خوا نەیکا ئەمن یەک لەحزە نەتبینم
زەلیل و دڵحەزین و بێکەس و مەهجوور و داماوم
لە هیجری قامەتی سەروت هەمیشە مات و غەمگینم
وتم: قوربانی تۆ بم ئەحمەدتخلصی بێچارە فەرهادە
وتی: عاشق بە ڕەعنایی منیش زیاتر لە شیرینم