دوو ڕەشمار هەیە سەری پیاو ئەخوا

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  1010 مشاهده
دوو ڕەشمار هەیە سەری پیاو ئەخوا
یەکێکیان هەوەس، یەکێکیان هەوا
کە سەر دەربێنن لە هەر دوو لاوە
سەرکوتیان نەکەی کارت تەواوە
دوو مارەی زوحاک هەوا و هەوەس بوو
درۆیە دەڵێن ڕۆح و نەفس بوو
بە هەوەس دڵی خەڵکی ئەشکێنی
بە هەوا سەودای بەرزی ئەنوێنی
کە دڵت شکاند دڵ شکەست ئەبی
کە بەرزیش فڕیت دوایی پەست ئەبی
کەواتە، واتەی هیچیان مەهێڵە
خۆت مەکە بە گای ناو ئەم دوو هێڵە
خانووی دوو نهۆم کە دیوتە بەرزە
[دەکەویە خوارێ کە دێتە لەرزە]
خانووی یەک نهۆم لە زەمیندایە
لەوێ بیشکەوی هیچت لێ نایە
مەوقیعی بەرزیش عەینی ماددەیە
کە کەوتیە خوارێ مەرگ ئامادەیە
ئەوەی کە کاری بە سیاسەتە
دوایی کاری بە سیاسەتە
«ئایەتەلکورسی» وێردی کورسییە
«قُل هُوَاللّە» دوعای سکی برسییە
ئایەی مەبعووسیش لە قورئانایە
«یَومَ عَظیم»ی بۆیە لە دوایە
دەردێکی تازە بۆ مەئموور داهات
کتوپڕە وەک مەرگی موفاجات
داری ئاگری هەنجیرە بۆ قۆڕ
قەبرەڵکەن ئاخری دەکەوێتە گۆڕ
لەگەڵ ئەوەیشدا نەفس زۆردارە
لووتی لە گۆشەی قەناعەت خوارە
تەسکینی نادا شەیتانیی خەوێ
بۆ شەوێکیش بێ زاوایی ئەوێ