شیعرێکی سەیری کوردیم چاو پێکەوت

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  1373 مشاهده
شیعرێکی سەیری کوردیم چاو پێکەوت
لە ماناکەیا مەراقەم ڕێکەوت
مانای شیعرەکەم لێ بوو بە مەتەڵ
نەمزانی قازان بووە بە مەنجەڵ
«قازان قەتار بەست قوڵنگان هەوایی
حەیفە قیبلەکەم شەو بە تەنهایی»
دە فەرموو قاز و قوڵنگ و دوڕاج
ئەمانەم بۆ بکە بە مەنجەڵ و پاچ
قازان، قوڵنگان پۆلی باڵداران
پێکەوە ئەژین وەک دەستەی یاران
یەعنی کە ئەوان قەتار ئەبەستن
حەیفە تۆ تەنها بە بێ من نووستن
یاخود کە مەنجەل لە ڕیز بە قەتار
ئاو گەرم ئەکەن بۆ مردووی نازدار
وا هات جەمعی قاز کە بوو بە قازان
مەنجەڵی گەورەیش پێی ئەڵێن قازان
ئینجا قوڵنگان قوڵنگی باڵدار
ئەکەونە هەوا ئەڕۆن بە قەتار
پاچیش قوڵنگە جەمعی قوڵنگان
بەرز ئەبنەوە وەختی پاچ لێدان
یەعنی پاچ بە دەست قەبرەڵکەنەوە
بۆ داوەشاندن بەرزیەکەنەوە
بەمە مردنمان ئەخەنەوە بیر
های شیعری مبهەم، های عەقل و تەدبیر
ئێمە مردنمان ناوە بە لاوە
تازە عومرمان لەنوێ نووسراوە
تریاکمان پێیە لە مار ناترسین
لەبیر خستنەوەی مردن وەڕەسین
دوای مردن پرسین نییە مەترسە
چۆنت هاتە پێش لێدە مەپرسە
ئێمە کە عومر بە کەم ئەژمێرین
حەیف نییە ئەویش بە ترس ڕابوێرین
دانا لە نادان بادەنۆش ترە
گۆم هەتا قووڵ بێ مەلەی خۆشترە
بیری دواڕۆژمان بوو بە ئەفسانە
نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لە خوانە
قەیدی قیامەت مەخەرەوە یاد
بزەن بەر ڕەندان هەرچی بادا باد
دنیات بەم ڕەنگە بۆ ئەچێتە سەر
بۆ دین و ویژدان خۆت مەخە خەتەر
چونکە ئەم دوانە ئێستا فیرارین
کەوتوونە شاخان شوێن نادیارین