شارێ ئاوێکی خەمڕەوێنیان بوو

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  876 مشاهده
شارێ ئاوێکی خەمڕەوێنیان بوو
ئەیانخواردەوە عەقڵیان تێک ئەچوو
یەکێ لە لاوە هاتە ناو ئەوان
بە شێتیان زانی کەوتە بەر زبان
هیچ کەس لە عەقڵی ئەو ڕەزا نەبوو
لێک کەوتنە ڕوو مابەینیان تێک چوو
دوایی کە زانی تەنها مایەوە
ئاوی خواردەوە و کەوتە کایەوە
بە «ورپاتلاسون» بە «چال اونیاسون»
خۆشیان ڕابوارد ئەوانیش وەک من
بەڵام من بەبێ ئەوە دەبەنگم
قەلەندەرێکی بێ نام و نەنگم
ئەوەندە هەیە یەکڕوو یەکدڵم
لە مەتانەتدا پەروەردەی گڵم
هەندێکی وا هەن هەسانی مەککەن
سەما بە دڵی بزورگان ئەکەن
بە مێچکە مێچکە پێ ئەلێسنەوە
کە هەڵخلیسکا خۆ ئەکێشنەوە
ئەمە تەجرەبەی ئەوەندە ساڵە
هەرچی باوەڕیان پێ بکا منداڵە
باوجود ئێستا منداڵ پەسەندە
کەس بە پیر ناڵێ کەرت بە چەندە
پیر قڕان داهات، تو خوا با بمرن
خووی چڵوچۆیی ئەم دەورە نەگرن