پاییز ڕوو زەردی خەزانی هێنا

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1068 مشاهده
پاییز ڕوو زەردی خەزانی هێنا
ڕەعدیش قامچی خۆی لە هەور داهێنا
دەمێکە بەرگی هەتیو دڕاوە
ژوور لە بێدەستان لای چەرخیش باوە
ئاسمان ساڵی چوار جار ئەگۆڕێ
بەختی کورد هەموو ڕۆژێ دەتۆرێ
خوا کێو ئەبینێ بەفری تێدەکا
بەندەیش ماستاوی ساردی لێ دەکا
سورشتی ئەزەل وەک «باز» و «کەو»ە
لە جێیەک ڕۆژە و لە جێیەک شەوە
دوێنێ خەتیب مرد ئەمڕۆ شاییە
بۆیە دەڵێن عەبد لە خوی باییە
ئەگەر قابینە جارجار نەگۆڕێ
سەودای وەزیری دەچێتە گۆڕێ
سەری بێ سەودا تۆپی فتبۆڵە
ماڵی بێ ئاهەنگ کەلاوەی چۆڵە
«بزن بر رندان هرچە بادا باد!»
بە بادە غەمی دڵ بدە بە باد
سیاسەتی ڕاست مەڕۆ مەڕۆیە
ترسنۆک بەشی هەر باوکەڕۆیە
شێر چۆن لە دەنگی دەهۆڵ ئەترسێ؟
کە ژنی خۆی بێ کەس لێی ئەپرسێ؟
کەری خۆمانیان کرد بە ڕمووزن
بوو بە قاڵەی دەم گاڵەی درۆزن
شەریف پەڵاس بۆ تەوقات لێیان
وەختە دەست بکەین بە تۆقات لێدان