سا بێنە توخوا ساقی مەی و شیشە و فنجان

از کتاب:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
اثر:
احمد مختار جاف (1896-1935)
 1 دقیقه  856 مشاهده
سا بێنە توخوا ساقی مەی و شیشە و فنجان
ئەم بەزمە موعەتتەر بکە تۆ وەک گوڵی خەندان
گریانی من و ڕوومەتی تۆ ئەی بوتی ڕەعنا
تەمسیلی ئەکەن شەونم و گوڵ سوبحی بەهاران
خۆت شێت کە ئەگەر تالیبی مەسعودیی بەختی
چەند زەحمەتی دی ئادەمی بێچارە لە شەیتان
لەم مەنتیقەدا فەرقی نییە ئێستە موساوین
یەکسان ئەنوێنێ ڕەوشی وەحشیی و ئینسان
مەعنایی وەها لێک ئەدەنۆ بەعزێ موەززەف
قانوون ئەوەتە کەشفی بکەن باخەڵ و گیرفان
تاریکیی زوڵفت بووەتە باعیسی کوفرم
سا دەرخە توخوا مەسحەفی ڕووت ئەی مەهی تابان
گریانی درۆی سۆفی و لێهاتنی حاڵی
دەروێش بە فیدای زەمزەمەیی نەعرەئی مەستان