چاوەکەم دوور بێ لە ڕووت وا چاوەکانم ژان ئەکەن
از کتاب:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
اثر:
احمد مختار جاف (1896-1935)
2 دقیقه
4197 مشاهده
چاوەکەم دوور بێ لە ڕووت وا چاوەکانم ژان ئەکەن
هەر لە سورمەی خاکی ڕێگات ئارەزووی دەرمان ئەکەن
یەعنی ئاوی دیدەکانی من لە دووریی قامەتت
وا بە خوڕ دێن هەر لە نەهری تانجەڕۆ و سیروان ئەکەن
پەرچەم و لێو و دەمی شیرینی یاری نازەنین
هەر لە زوڵمات و لە ئاوی چەشمەیی حەیوان ئەکەن
جانفیدای ئەو دولبەرانەم وا بە خەندەی لێویان
بێ موداوا زامی قەلبی عاشقان دەرمان ئەکەن
ئەو کەسانەی خادیمی دەرگای نیگارن دایما
گاڵتە و سوحبەت بە تەختی قەیسەر و خاقان ئەکەن
لادە شاعیر تۆ لە باسی عیشقبازی و سەیری کە
چۆن خەریکن چەن کەسێ ئێستا وەتەن وێران ئەکەن
جاهیلان بۆ ئیستیفادەی زاتی خۆیان ڕۆژ و شەو
لەم موحیتە مەنعی عیلم و سەنعەت و عیرفان ئەکەن
ڕووڕەشی دنیا و قیامەت ئەو نەفامانەن کە وا
هەجوی قەوم و میللەتی خۆیان بە پارە و نان ئەکەن
ئاسمان ئێستا وەها چەرخاوە جاهیل غاڵبە
گوربە و ڕێوی خەیاڵی مەرتەبەی شێران ئەکەن
چەن کەسێکی تازە پیاکەوتوو لە کوورە دەرچوون
پیاو کە چوو بۆ ئیش لە پێشا یۆقڵەمەی گیرفان ئەکەن
خەڵقە بەعزێ کەس لە ئینسانی چییان دیوە زەرەر
وا هەمیشە مەشقی وەحشی و پەیڕەوی حەیوان ئەکەن