دیسان خومخانەی یەهوودی شێوا
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
957 مشاهده
دیسان خومخانەی یەهوودی شێوا
درۆی باڵداری لێکەوتە هەوا
دەوەن بە ئاشە و دووبەرەکییە
پیر، لێی تەریکە تیا دەرەکییە
یەکێ بە گورزی لەندەهوور ئەخوڕێ
نان و دۆی تیرەی شێرزادی دەبڕێ
ئەویتر دەڵێ: لەندەهوور کێیە
شێرزادی نامەی فەتحیان پێیە
شەڕی عەنتەر و ڕۆستەمی دەستان
لە ناو ئێمەدا بوو بە داستان
یەکێکیش دەڵێ لای خودا و بەندە
سوورەتی «یاسین» گەلێ پەسەندە
خۆ ئەگەر «یاسین» «طە»ی لە دوا بێ
کە خوێندت ئەبێ کارت ڕەوا بێ
کابرای خۆمان سەر مەلامانە
بەو حەل ئەکرێ ئەم ڕازی نیهانە
ئەڵێ: بە هیوا کەس لێت ناپرسێ
دەنگی تۆپ نەبێ هیچ کەس ناترسێ
حاجی «ئەمین»یش ماچۆ بواچە
نوێژی جەعفەری و تشریبی پاچە
منیش ئیمانم بەوە مەتینە
عالمی بەکار دائیم ئەمینە
وتیان: مەلا هات، وتی: بە تۆ چی
وتیان: تێپەڕی! وتی: بە من چی
پارەی دەوڵەمەند لە قاسە دەنوێ
فەقیر لێی ئەدوێ تا چەنەی ئەسوێ
وا دەزانن ئەو یا ئەم بێتە ناو
ئیتر بۆ ئێمە تێر پڕە لە چاو