ڕا مەکە لە دوای کاری پڕوپووچ
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1274 مشاهده
ڕا مەکە لە دوای کاری پڕوپووچ
هەڵ نەخلیسکێی لە پڕ لینگەوقووچ
ئەوی بە چاکەی خۆی خۆشیان ئەوێ
دەستگیری زۆرە ئەگەر بشکەوێ
کە بە وەزیفە دڵ بڕەنجێنێ
دڵی ناسرەوێ ئەگەر بیشمێنێ
هیچ پایەدارێ پایەدار نییە
هیچ سەرمەستێکیش بێ خومار نییە
بیانووت پێ بگرن خۆت لادە لەوێ
لە سەرخۆش گەڕێ ئەو خۆی دەکەوێ
کە نەنگەویستیت بوو لەگەڵ بەدکار
دوعای بۆ بکە زوو بچێتە سەر کار
دوعای پیرێژن ئاخر خێرییە
خۆشگوزەرانی بە زک تێرییە
هەندێکیش هەیە لەگەڵ تێری خوارد
دەوری برسییەتی ناکەوێتە یاد
گەورەت کە کردی بڵێ من یارم
«لەکت» دی بڵێ من ورمزیارم
ورچ سەر پردی گرت بانگی کە خاڵە
ڕەنج لە گەڵ گورگا مەدە بەتاڵە
لە شێر مەترسە ئەو ناتشکێنێ
چەقەڵ خراپە لێت ڕادەمێنێ