بە حوشتریان وت: خوا کوڕت باتێ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1537 مشاهده
بە حوشتریان وت: خوا کوڕت باتێ
وتی: من بێ بار نامێنم ساتێ
تا کار نەشێوێ ناگاتە سامان
وەختە بۆ هەنگوین بچمە هەورامان
ئاوی پاییزان لە بەفراو ئەکا
ئەوی تێر نەخوا چی لە ئاو ئەکا
شارێ بێکاری ژوور بەکار کەوێ
پیاوی پیاو هەرگیز تێیدا ناسرەوێ
دێی فرەکوێخا ئاوەدان نابێ
پیاوی زۆربڵێ نوکتەدان نابێ
هەرچی خەڵک لە ژوور خۆیەوە بگرێ
ئەوی دەیناسێ لەبەری دەمرێ
ئەوی بە لۆقە ڕێی دۆست ئەبەستێ
با بە لۆقیش بێ! زووتر دەوەستێ
هەوا پەرەستی هێند لووتی بەرزە
لووتی ئەبێتە کۆڵکی تەرزە
یەک دڵ و یەکسان چەند خۆشە یاران
بێ خەم، بێ پەروا لە تەرزە و باران
پێنج و دوو ڕۆژێ دنیا ڕابوێرن
دوشمن لە پردی نامەرد هەڵدێرین
بەڵام وەک دەستمان خۆیشمان بڵاوین
یەک ناگرین بۆیە وا بێ کڵاوین