ئەمساڵ ئینتیخاب کەوتە باحورا
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1280 مشاهده
ئەمساڵ ئینتیخاب کەوتە باحورا
زۆر کەس دەروونی ئاگری تیا گڕا
ئاویشمان کەمە بۆ ئاگر بڕی
ئەویش هاتۆتە سەر نۆرە بڕی
ئاخ بۆ میراوی خاوەند مرووەت
ئاو و نووابی بکا بە نۆبەت
مادام هاتۆتە سەر تێکەولێکە
یەکێ تێگەیی زۆر ڕێک و پێکە
چونکو بۆ هەندێ هیندە تەلاشە
لە خزمەت زیاتر هەوڵی مەعاشە
بارێ دەوڵەمەند نەیقۆزێتەوە
ساڵی هەوارێ بگوێزێتەوە
یا سوبع و ڕوبعی بۆ کارێکی خێر
ببەخشێ و چاوی چواری لێ بێ تێر
چاوێ تێر نەخوا بە بەشی خێوی
گۆڕ وایە خاکی گۆڕی پێ بپێوی
ئەی ئەو کەسانەی بە خۆ دەنازن
تا دەمرن حەسرەت بە نان و پیازن
هونەر ئەوەیە بەختی لەگەڵ بێ
چیمەنتۆ ئەبێ لمی تێکەڵ بێ
جەوهەر بۆ دادی حەق بێ بەهایە
بە مێردی نییە زۆر جار بە خودایە
من سێ ڕۆژگانەی خۆم پێ بڕاوە
نازانم چیمە لەم بەندوباوە؟