ئەولادتان بە ناز پەروەردە مەکەن
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
2740 مشاهده
ئەولادتان بە ناز پەروەردە مەکەن
چاک نابن خۆتان ڕەنج بردە مەکەن
میرات، میقرۆبی شەڕی ئەولادە
بێ ڕەنج دەستکەوتوو، ئەدرێ بە بادا
بە میراتی عیلم، کور ئەبێ بە پیاو
ئەولاد بە ڕەنجی شانی دێتە ناو
دەوڵەمەند هەرچەند خەڵکی لە دەورە
بایەخی نییە، سێبەری هەورە
هیچ کەس ماڵی خۆی بە کەس نەداوە
کەچی ئامەشۆی دەوڵەمەند باوە
دەعوایان هاتە سەر هەلات بازی
قەت دوو کەس نابن لە قازی ڕازی
یاخوا دەردە گا، نەکەوێتە دێ
پاقلە تەواو بوو، وا باینجان دێ
بێ هەمدەم ماوم، کز و ڕەنجەڕۆم
منیش خەریکم، باینجان بخۆم
ئەگەر خوا دەکا، ترێ پێدەگا
بێ قڕەی گومرک، من سەرخۆش ئەکا
ئیتر کەس ڕەخنە لە من ناگرێ
با بە سەرخۆشی ناوم ببرێ
بەڵام کە ترێ منی سەرخۆش کرد
ڕەسمی ئەسێنێ قۆڵچی دەست و برد