سالم
دەستە گوڵێکی سەر مێزی ساباتی بنەماڵەی «ساحێبقران» ، ئاوێنەیەکی بێگەردی بەر هەتاو بۆ دانەوەی کارەساتی دەوری تورکەکان. مەفتوون بە عەنعەنات و دەسەڵاتی خانەدانی خێڵەکەی «بابان» ، شەیدا بە پڕشە پڕشی ئەستێرەی گەشی ئاسمانی ئەو ڕۆژەی کوردان. گاهێ لە دەرد و ناڵەی جەستەی، زاریی ئەگەیشتە گومەزی گەردوون، گاهێ بە سۆزی عەشقی دڵارایەوە ڕازی ئەکرد لە شاخ و شی و لە هاموون. مەیدانی تاوی ئەسپی شعری هەندێکی بۆ خەمڕەوێنی سۆزی دڵ بووە لەگەڵ دڵبەرا. هەندێکی بۆ سەر بڕینی دوژمنی ناحەز بووە لە سەنگەرا. هەندێکی بۆ دەربڕینی فەلسەفە بووە لە دەفتەرا!... چەرخی فەلەک کە گەڕاوەتەوە خستوویە کۆڕی شینەوە، بیری لە پڕ فڕیوە سەرەوژوور لە ئاسمانی شینەوە، هێناویە گوڵدەستە شعری خاڵی لە کەم و زۆری کینەوە، بۆ دەربڕینی خاوەنی خۆی بەلای مەردمی سەرزەمینەوە... پەرێشان و دەربەدەر، شارانگەڕ و خەملەبەر، دڵی بریندار و لەشی بیمار، فەلەک زەدەی دەس ڕۆزگار. بە ناڵە بوو بۆ مەڵبەندی، بە ئارەزوو بۆ دڵبەندی، جار جار بەسۆز بۆ ئایینی، هەندێ وەختیش بۆ وردبینی...
ئەم شاعرەمان کە قسەی لێوە ئەکەین ناوی «عەبدوڕڕەحمان»ە و کوڕی «موحەممەد بەگی قەرەجەهەنمی»، کوڕی «ئەحمەد بەگ» و لە بنەماڵەی «ساحێبقران» و ئامۆزای «مستەفا بەگ»ی کوردییە. لە ساڵی ١٨٠٠ی میلادی لە شاری سولەیمانی هاتووەتە دونیاوە. وەکوو هاوسەرەکانی خۆی لە حوجرەی فەقێیان خوێندوویەتی، بەڵام تەواوی نەکردووە. زۆر حەزی لە دەنگوباسی ئەدەبی کردووە، زۆرتر وەختی بە خوێندنەوەی دیوانی شاعرەکان و سەرگوزەشتیانەوە ڕابوواردووە. بەتایبەتی مەفتوونی شعری «نالی» و «کەلیم»ی هەمەدانی بووە. هەر چەندە لە شعرەکانیا زۆر جار باسی دڵخواز و ودڵلێچوون ئەکا، بەڵام وا دەرنەکەوتووە کە دڵخوازێکی تایبەتی بووبێ. بە قسەی هەندێ کەس ئەڵێن: دڵی چووە لە «بەهێ» ناوێک لە خزمەکانی خۆی و ئەو بووەتە هۆی سەرچاوەی شعری. وەلێ ئەوی زۆرتر بڕوای پێ بکرێ بێجگە لە دیمەنی خوا کردی شاری سولەیمانی، تێکڵاوبوونی دۆستایەتی بەرەی ساحێبقەران بووە لەگەڵ بابانەکانا. کە ئەستێرەی بەبە ئەکەوێتە لێژی و ستەمی ڕۆمییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ هەر زیاتر ئەبێ، لەلایەک بە ڕووخانی بەرەی بابان، لە لایەک بە تێکچوونی کاروباری سولەیمانی، ئەم داخ و دەردە ئەبێتە هۆی ئەوە ئاگری بناغەی شعردانانی- کە لە خوێندنەوەی شعری شاعرانی پێش خۆیەوە بووە -تیژ بکا و بەتەواوی سەر برێتە کۆڕی شعرەوە. لەگەڵ ئەوەش کە پیاوێکی دڵتەنگ و زۆرتر لە لەشدا نەخۆش بووە، بۆ خۆیشی «سالم» ئەکا بە ناوی شعری. گەلێ جار هاتوچووی سنە و تارانی کردووە. هۆی ئەوەیش لە لایەکەوە دیدەنی کردنی بووە لە خزمەکانی کوردستانی ئێران، لە لایەکیشەوە کردەوەی تورکەکان بەرانبەر بە سولەیمانی زۆرتر ناچاری کردووە بەم هاتوچوویە. کە چووەتە تاران لەوێش دیسان تووشی ئەو ئێش و ئازار و دەست بەسەرییە هەر هاتووەتەوە، وەکوو ئەو داخ و دەردە لەو شعرەدا هەڵەڕێژێ کە ئەڵێ:
«سالم» وەکوو لە باری ئاسایشدا بێبەش بووە، ماڵ و مڵک بەجێ هێشتن -لە دەست ستەمی فەرماندارانی وەخت- خستوویەتە سەر ئەوە کە بە هەموو شت بسازێنێ و گوێی بە هیچ کەموکووڕییەکی ژیانی نەدا، وە ئیشی خۆی ڕووبەڕووی کردگاری خاوەن گەردوون بکاتەوە، وەکوو خۆی ئەڵێ:
بەم جۆرە ژیانە تاڵە پڕ لە دەردیسەری و ناکامییە، سالم ڕۆژگاری ڕائەبووێرێ، تا لە دواییدا وەکوو خۆی ئاواتی خواست لە تاران ڕزگاری بوو. کۆی یاری نە مەشهەد بوو نە دەشتی ڕەی. لە ١٨٦٦ی میلادی لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا بن دارئەرخەوانەکانی «گردی سەیوان» لە سولەیمانی بوو بە یاری ئەبەدی!. بۆیە هەر جارێ هاواری لە تاران ئەکرد، چونکە شەوەکانی کورت بوون، ئەبوایە بەیانیان هەڵبسایەتەوە و خۆی بدایەتەوە بە دەم جەور و ستەمی ڕۆزگارەوە، بەڵام شەوەکەی گردی سەیوان بۆیە ئەڵهای بۆ ئەکرد، چونکە درێژ بوو، ئاگای لە چەرخی فەڵەک. ئەبڕا، وا بە ئاوات گەیشت!.
سالم پیاوێکی بێهێز و لاواز بووە، بیری لە شت زۆر کردووەتەوە، غەم و پەژارەی نەفسی ئەوەندەی تر کاری تێکردووە، زۆر کەم لەشی ساغی بە خۆیەوە دیوە، لەگەڵ ئەوەش لە کاتی گەنجێتیدا کوڕێکی شۆخ و شەنگ، سوارچاک و تفەنگچی بووە، جلوبەرگی جوانی پێ خۆش بووە، لە قەندەکێشانا تەییعەتێکی تەڕی بووە، تا لە سولەیمانی بووە سەیرانی «سەرچنار»ی زۆر پێ خۆش بووە. کە کەوتووەتە ساڵەوە ئەمانەی هەموو گۆڕیوەتەوە بە ماتەمی و دەروێشی. ژیانی لە سولەیمانیدا زۆر پێ خۆش بووە، بەڵام جەوری ڕۆمی ئەو ژیانەی لێ تاڵ کردووە و دەربەدەری کردووە، تا دوا هەناسەی ژیانی هەر بە ئاهـ و ناڵە بووە چە لە دەست نەخۆشی چە لە دەست جەوری زەمان.
لە شعری بێگانەدا بێجگە لەوە کە دڵی لە وردەکاری «کەلیم» چووە، مەفتوونی شعری «حافظ»ی شیرازی شبووە، لەبەر هاتوچوو کردنی بۆ تاران و وڵاتی ئێران فێری ئەوەش بووە کە وشەی فارسی بخاتە شیرەکانیەوە. بەڵام من لام وایە سالم بۆیە وای کردووە چونکە زمانی فارسی بە نەتەوەی زمانی کوردی داناوە، بۆیە وشەکانی کردووە بە ماڵی خۆی. هەروەها لە عەرەبی و تورکیشدا دەستێکی باشی بووە. بەلایەوە سەربەرزی بووە کە ناوی «کورد»ی لە شعردا هێناوە. هەر چەندە لە دەریشەوە بووبێت، هەر زۆر پایبەندی وڵاتی بابان بووە. لە شعردا غرامیاتی زۆر بەهێزە و گەلێکیشی حەز بە «جناس» و «تشبیە» کردووە. فیکری وردیشی خستووەتە کار، بەتایبەتی کە دێتە سەر باسی بابان و تورکان بە جۆرێ باست بۆ ئەکا، لات وا ئەبێ کەوتووەتە شریتی سینەماوە و تۆ دانیشتوویت سەیر ئەکەیت.
سالم لە تافی جوانیدا کە دێتە مەیدانی شعرەوە شۆڕشێکی غەرامی ئەخاتە ناوەوە، بە شاغەزەڵەکەی باسی ئەو مەیگێڕەت بۆ ئەکا کە ئیلهامی ئەو شعرانەی پێ پەیدا کردووە، ئەو مەیگێڕە یا «بەهێ» تایبەتی، وەیا دیمەنێکی جوانی یەکێکی تر بووبێ، بووە بە هۆی ئەوە کە سالم ئەم غەزەڵەی بکا بە گوڵدەستە و بڵێ:
[١] ئەڵێ: ئەو مەیگێڕە کتوپڕ کە لەو دیوی پەردەوە بە پیاڵەی شەرابەوە دەرکەوت و هات دڵ لە سەرسامی ئەوەدا - مانگ کە ڕوومەتی مەیگێڕەکەیە هەتاوێکی هێنا و ئەو ناوەی وەکوو ڕۆژ ڕووناک کردەوه- هیچی تری پێ نەکرا تەنیا ئەوە نەبێ کە ورد ورد سەیری ئەو کارەساتە و ئەم دیمەنە بکا. سالم لەم شعرەدا وردەکارییەکی سەیری نواندووە، لە لایەکەوە لەسەر ڕەوشتی شاعرەکان هێناویە ڕوومەتی ئەو دڵخوازەی کردووە بە مانگی چوارە لە کاتێکدا کە لە کەل سەر دێنێتە دەر، بۆیەش کردوویە بە مانگ بۆ ئەوە چاو بتوانێ سەیری بکا. لە لایەکی ترەوە ئەڵێ ئەو ڕوومەتە تەنیا بۆ ئەوە بتوانرێ تەماشای بکرێ مانگە ئەگینە ڕۆژە، کە دەرکەوت دیمەنی کورەی ڕۆژی هێنا بۆ ئەوە ئەو ناوە ڕووناک کاتەوە. بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە کە ئەڵێ:
[٢] هەر کە تۆزێ لە وێنەی پڕیشکەکەی دەرکەوت، لەشی من کە لە قاییمیدا وەکوو کێوی «توور» وایە سووتاندی، دیارە ڕۆژ شت ئەسووتێنێ، نە مانگ. دیسان ئەڵێ: ئاوێنەی دڵی من کە وێنەی ئەو دڵخوازەی تێدا دەرکەوت، ئای چەند قاییم و سەخت بوو کە توانی ئەرکی وەرگرتنی وێنەی ئەو دولبەرە بەرێ بەڕێوە و نەشکا!.
[٣] هەروەها سنگمکهشوێنی دڵمە، بهەوێ گرفتاربوونی بەدەست عەشقی ئەوەوە پارچەپارچە بووەتەوە و دەرمانەکەی وابە چاوی مەستییەوە. هەرکە سەیرێکی کردم لەبەر ئەوە کە وا ئەزانم ئەوە ڕووی دڵیتێ کردووم ئیتر چاک ئەبمەوە، بەڵام چون عەشقەکەم لەبەر ئەوە کە عاشق بەیەکێکی بەفێزبووم عەشقێک بخراپە بەختەکەشم هەروەهابەختێکیخراپە، ئەگینە یارم لایەکیلێئەکردمەوە.
[٤] جا ئەم یارەم کە لە ئەندەروون - حەرەمسەرا - هاتە دەرەوە دەستی ڕەقیبی لە دەستا بوو - کە شەرابە- بۆیە ئەڵێم شەراب ڕەقیبە، چونکە لام وایە من و شەراب هەر دوو عاشقی ئەو یارەین؛ من بە ڕوومەتی، ئەو بە لێوی! بەڵام ئەو گۆی هونەرەکەی خۆی دەرکرد و دەستی خۆی خستە ناو دەستییەوە بۆ ئەوە کە من بەداخەوە سەیریان بکەم!. لەم دیمەنە هەم خەمبارم هەم شادمانم؛ شادمانم چونکە مایەی کامەرانیم- کە یارمە - لە پشت پەردەوە دەرکەوت، خەمبارم چونکە ئەشکەنجەم بەرچاو کەوت کە ڕەقیبمە.
[٥] هەستام بچم بۆ نوێژ کردن و ئیتر تەوبە بکەم لە هەموو ئیش و کارێ، کە چی لە ڕێگەدا تەماشام کرد وا یارم خەریکە شەرابی عەشق و جوانی ئەفرۆشێ، پەشیمان بوومەوە و بام دایەوە بۆ لای ئەو!.
[٦] ئەم یارە بە عیشوەیەم زۆر سەیری هەیە، هەر خۆی لە من ئەشارێتەوە و خۆییم پیشان نادا، لای وایە جوبرەئیل ئایەتی «وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَىٰ جُيُوبِهِنَّ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّعربی » لە ئایینی ئیسلاما هەر بۆ من و ئەو هێناوە!.
[٧] ئای دوێنێ لە بارەگای دڵدا چە کۆڕێکی خۆش و گەرم بوو!:
دڵبەر شەرابی عەشقی ئەگێڕا و «سالم»یش دڵی بوریانی- کە سووتاوی ئەو عەشقە بوو - کردبووی بە مەزە و بە کۆڕەکەدا ئەیگێڕا!. بەڕاستی لێرەدا سالم لە بەلاغەت و فەلسەفەو تەشبیهـ و غەرامیاتدا تۆپی هونەری لەو مەیدانەدا بە گورجی و چالاکی فڕاندووە. سالم لە مەیدانی فەلسەفە و تەسووفدا کە ئەسپی خۆی تاو ئەدا، لات وا ئەبێ کە تاقە سوارێکی ئەو مەیدانەیە و بە بیرێکی ورد و بە شعوورێکی خەڵوەتنشینی، هەموو کەلێن و قوژبنی پشکنیوە، بەڵێ پشکنیویەتی و کتوپڕ دێتەوە و ئەڵێ:
سالم لێرەدا زۆر قووڵ ڕۆیشتووە، ئێمە تەنیا لە دوو شعر، لەم بڕە شعرەی ئەکۆڵینەوە لەپاش وردبوونەوە ئەوانی تریشی پێ دەرئەکەوێ. یەکمیان «لەبەر تەعمیری... هتد»
ئەڵێ: لەبەر ئاوەدانکردنەوەی ئەم جیهانە وێرانەیە بوو کە بەهەشت کرا بە شوێنی کۆشکی پادشاهی «ئادەم»؛ لەبەر ئەوە بوو کە دونیا ئەبوایە ببوایە، بەڵام وێران بوو بە خراپە کردن و درۆزنی، بە چاندنی تووی ناکۆکی و خوانەناسی، بە بچڕانی شیرازەی ئیسڵاح لە هەموو شتێکدا، ئەو، ئەو ئەرکەی خرابووە سەر کە دونیا ئاوەدان کاتەوە بە نەهێشتنی ئەمانە و گۆڕینەوەیان بە چاکە. بەڵێ پادشایەکی پایە بەرز بوو لەو شوێنەدا، بەڵام لەبەر ئەوە ئەو ئەرکەی پێ هەڵنەگیرا، ماوەی ئەو پادشاهییەی زۆر نەبوو، خێرا لەوێ هەڵیانگرت و خستیانە ئەو وێرانەیەوە کە ئەوەڵ جار تەمای ئەویان پێ بوو ئاوەدانی کاتەوە.
لەپاڵ ئەمەدا شاعر لە شعرەکەدا مەجازێکیشی بەکار هێناوە، ئەڵێ: لەبەر ئاوەدانکردنەوەی ئەم لەشە وێرانەی منە بوو - وێرانە بوو لەبەر ئەوە کە یارمی تێدا نەبوو - دڵم کە بەهەشتە بوو بە مڵکی ئادەم کە یاری خۆشەویستمە؛ دڵم بەهەشتە، چونکە ئەگەر توانی بە خەیاڵ وێنەی ئەو وەربگرێت ئەوەندە خۆش و کەیفخۆش بوو وەکوو بەهەشتی لێ هات!. بەڕاستی یار لەوێدا پادشایی و فەرمانڕەوایی خۆی کرد، بەڵام داخەکەم ماوەی زۆر نەبوو، چونکە نەیویست زۆری تێدا بمێنێتەوە، نەویست نە دڵم ببێ بە بەهەشت بە هۆی مانەوەی خەیاڵی ئەوەوە تێیدا، وە نە لەشم ئاوەدان ببێتەوە بە هۆی فەرمانڕەوایییەکەیەوە لە هەموو شعوورێکما!
دووهەمیان: «خەمیری خاکی من... هتد»: ئەڵێ: لە سەرەتاوە کە خوا ویستی ئادەم دروست بکا جوبرەئیلی خستە سەر ئەم دونیایە لە هەر سووچێکەوە مستێ خۆڵی هەڵگرت و بردی کردی بە کۆگایەک، لەپاشا فەرمانی دا بە دەریاکان، دەریای تاڵ و شیرین، سوێر و خۆش، هەڵمیان بەرز بووەوە بوو بە پەڵە هەورێک، پەڵە هەورەکە لەتاو گووشینی توێ توێیەکانی هەوا، دەستی کرد بە گریان و چەند دڵۆپە فرمێسکێک کە لەو ئاوە خۆش و ناخۆشانەوە پێکەوەی نابوو هەڵیڕژاند. ئەو بارانی فرمێسکە کەوتە سەر گڵەکەی ئادەم و بوو بە قوڕ، لەپاشا ئادەم بوو بە ئادەم. سروشتی من کە لە نەتەوەی ئادەمم، لەو تۆزە قوڕەوە پەیدا بوو کە ئاوەکەی لە هەڵمی دەریا سوێر و ناخۆشەکەوە پێک هاتبوو!. جا لەبەر ئەوە زەمانی پیری و جوانی و منداڵیم هەر کام تۆ بیگری هەر بە ناخۆشی و خەم و ئەندووهـ گۆش کراوە!. دیسان لەم شعرەوە دەرئەکەوێ کە سالم لە هیچ پەردەیەکی ژیانی خۆی ڕازی نەبووە و هەمووی لەژێر باری غەمدا ڕابوواردووە.
سالم لەو بڕە شعرەیدا کە دوو شعری سەرەتاکەی ئەڵێ:
تەشبیهـ و وردەکارییەکی زۆر باڵای بە پێی دڵی پەژارەی کردووە، هێناویە شتومەکی دەریای هەموو ئامادە کردووە بۆ ئەوە لێی بپەڕێتەوە و ڕزگاری ببێ لە دەرد و ئەندووهی ئەو ژیانە کە تێدایە، لەگەڵ ئەم هەموو تەقەلایەش هەر ڕزگاری نەبووە، ئەڵێ:
چاوم لەبەر لافاوی فرمێسک بووە بە دەریایەک و دڵم گەمیە بچکۆلەیەکە بەسەریەوە، گەمیەوانەکەیشی مەردمە، مەبەستی بەو مەردمە دۆستێکی تایبەتییە کە بووە بە هۆی ئەم سەرلێشێوانەی و بەم جۆرە دەستەجڵەوی دڵی گرتووەتە دەست. غەمەکەم کە نەهەنگێکی ترسێنەرە بەو تەکانانە کە ئەیدا شەپۆلێک- کە پەژارە و ئەندووههـ پەیدای کردووە. لەنی لەنگەری ئەم نەهەنگەش جەفا و جەورە، کە ئەمانەی پێک هێنا پێویستە شتومەکێک لەم کەشتییەدا ببێ، ئەڵێ:
بازرگانەکە لەم کەشتییەدا ئاهـ و هەناسەی پڕ ئێش و دەردە، چیت و کووتاڵەکەی لەشمە کە بە بایا ئەدا، گیانیشم کە چیت و کووتاڵ نەما ئەبێ بە کاروانچی، بار ئەکا و ئەڕوا!. دەسا خوایە چارێکم بکە، چونکە ئەوانە هەنگی غەم خەریکە کە شتی دڵم نوقم ئەکا، قەراخی دەریاش دوورە، ئەم کەشتییە ناتوانێ بیگاتێ و خۆی ڕزگار کا. بە کورتی دڵ کەوتووەتە ناو ترس و لەرزی بەڵاوە!. لێرەدا ئەوەی شایانی بیری شاعرێکی دونیادیدە و خەیاڵباز و فەلسەفەچی بێ، نەیتوانی وە خۆی لە دەست سالم ڕزگار کا، وە بگرە لەوانەیە هەر تەنیا سالم توانیبێتی بەم هەموو تەشبیهانە کاروانێکی خەیاڵی و دەریایەکی خەیاڵی دروست بکا و بەو جۆرە بیەوێ لێی بپەڕێتەوە.
سالم تا ئێستا خۆی دابوو بە دەم بای هەوەسکارییەوە، جار جار ئەوە بوو لە مەیدانی فەلسەفە و تەسەووف و وردەکاریشدا چالاکانە ئەسپی خۆی تاو ئەدا. ئەم دەشتانەی هەموو بڕی تا گەیشتە ئەو مەیدانە کە نیشتمانپەروەر و مێژوونووسەکان ئەسپ و قەڵەمی خۆیان تیایا ئەخەنە کار. ئایا سالم ئەتوانێ لەو مەیدانەشدا گۆی هونەر دەرکا؟. من لام وایە سالم لەو چەرخە و لەو شوێنەدا کە تیایا ژیاوە بلیمەتێکی ئەو مەیدانە بووە، چونکە دێنێ کارەساتە بەناوبانگەکەی «عەزیز بەگی بابان» لەگەڵ ڕۆمییەکانا بە ٨٥ شعر ئەیخاتە شریتێکی سینەماوە؛ لە کۆشکی شاری سولەیمانیدا ترووسکە لە هەموو ڕووناکییەک ئەبڕێت و ئەم ئەو شریتەت بۆ ئەخاتە سەر مەکینەی قسە کردن . تۆ هەم چاوت لە بگرە و بەردەی نەبەردی پاڵەوانان ئەبێت، هەم گوێت لە شریخ و هۆڕی تۆپ و تفەنگ!. کە وا بوو سالم لە تەنشت ئەوەوە کە بوو بە مێژوونووس دڵیشی لە ڕووی شعوورێکی قەومییەوە بوو بە نیشتمانپەروەر و بوو بە پسپۆڕێکی «تمثیل - لاسایی» ش. تەماشا ئەکەی سەرەتای کارەساتی شۆڕش بەم دوو شعرە ئەکاتەوە و ئەڵێ:
دەردەدڵ و لانە تێکچوونی خۆی و مەردم باس ئەکا، تا وای لێ دێ ئەڵێ:
لەپاشا دێ بە باسی گڵۆڵەلێژی بەرەی باباندا و کوژاندنەوەی شەمعی نگینیان و چەپگەردیی ڕۆزگاری چەپگەرد بەرانبەر بەوان و بە کوردان لە دەست کارەساتی تورکان؛ ئینجا ئەڵێ:
پیایا ئەڕوا تا ئەگاتە سەر باسی ناوشاری سولەیمانی، لەوێدا ئەڵێ:
هاڵوهەواڵی ناو شار باس ئەکا، کە کێ چی ئەکا و چی بە کێ دراوە؟ شیرازەی ئیش و کار چۆن لەبەر یەک هەڵپچڕاوە. ئەوانەی ناساز و ناهەموارن هاتوونەتە پێشەوە، ئەوانەی خاوەنی شوێن و پایە بوون، سەرەکانیان لەو ناوەدا هەڵئەخاتەوە. ئەمانەش هەموو کارەساتی ڕۆمی بوو، چونکە:
هەرا و هووریای کوردان و تورکان لە گەڕەکی چوارباغ دەست پێ ئەکا و ڕۆمییەکان دێن بە گژ ڕۆستەمەکانی کورددا، بەڵام چی ئەکەی لەوە کە نگین خەوی لێکەوتبێ؟ ئەگینە:
لەپاشا ئەڵێ: عەزیزبەگ
ئینجا ئەڵێ:
چەند جوانە ئەو شعرانەی کە ئەڵێ:
لەپاشا باسی پێکهاتنی کورد و تورک ئەکا، یەکە یەکە ناوی هەندێ کەس دێنێ و داخەدڵی ئەوە ئەخوا کە چۆن لەناو شاری سولەیمانیدا ئەودەریای خوێنە هەستاوە! ئەڵێ:
ئایا بێجگە لە سالم کەسی تر وتوویە؟:
ئینجا عەزیز بەگی بابان ئەلاوێنێتەوە و باسی هەتیوی شارەزوور ئەکا و دوایی شعرەکانیبەوە دێنێ ئەڵێ:
لەمانەوە هەموو بۆمان دەرکەوت کە نەفسییەتی «سالم» نەفسییەتێکی غەرامی، فەلسەفی و نیشتمانی بووە لەگەڵ ئارەزوویەکی زۆر بەرزدا. دیوانی شعرەکەی لەلایەن «کوردی» مەریوانییەوە لە ساڵی ١٩٣٣ی میلادی لە چاپخانەی «اَیتام» لە بەغدا بۆ جاری یەکەم لە چاپ دراوە.