نالی

(١٧٩٧-١٨٥٥)
از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 22 دقیقه  7005 مشاهده

لە ئاسمانی خەیاڵاتدا بازی بێ پەڕوا، لە زەوی و زاری نوکتەزانیدا سککەیەکی خۆش ڕەوا. زەوقی بە خاکی پاکی شارەزوور پشکووتوو، خۆیشی بە چەشمەزاری پڕ نیگاری کوردستان دڵ تەنیوو،!، شەیدا بە دوڕ و قسە و باسی بەرزەوە، زانا بە گەوهەری مەعنای جۆراوجۆری سەد تەرزەوە. هێندێ قسەی ڕەوان و گەوارا وەکوو ئاوی ساف، هێندێ وتەی ڕەق و قایم وەکوو تەلیسمی قاف، هێندێکی شووشە نەباتێکە پێی ئەڵێ «جیناس» ئەمە بۆ لاف!. ئاوی ژیانی شێعری لە بادەی تەبعی ڕەوانا خواردۆتەوە، دەمار و فیکری جوانی بە بۆنی باخچەی ئەدەب بووژاندۆتەوە، گیانی بە دەنگوباسی گەلێ عیلمی بەنرخ گەشاندۆتەوە، ئینجا بە نازەوە پێی ناوەتە مەیدانی شاعران و کەوتۆتە ڕەوەتەوە!.

ئەستێرە گەشەکەی ئاسمانی ئەدەبی کوردی «نالی» ناوی «خدر (خضر)» و کوڕی «ئەحمەدی شاوەیسی، ئاڵی بەگی میکایلی»یە، لە ساڵی «١٧٩٧»ی میلادی لە گوندی «خاکوخۆڵ» لە دەشتی «شارەزوور» هاتۆتە دونیاوە بەو جۆرە ژیانە کە لە پێش ١٥٥ ساڵدا لە شارەزوور هەبووە ئەویش گەورە بووە. پایەی بەرزی خوێندەواری لەو سەردەمەدا خوێندن و تەواو کردنی علوومی ئیسلامی بووە، بناغەی ئەمانەش لە پێشەوە خوێندنی قورئان و هەندێ کتێبی وردەڵەی فارسی بووە. نالی ئەمانەیان لە قوتابخانە پێ خوێندووە، ئینجا چووەتە فەقیەتی، لەم شار بۆ ئەو شار لەم دێ بۆ ئەو دێ گەڕاوە. ئەو شوێنانە کە زۆر تێدا مابووبێتەوە «سنە، سابڵاغ، زەردیاوای قەرەداخ، هەڵەبجە و سولەیمانی» بووە. لە قەرەداخ لەلای «شیخ موحەممەدی ابن الخیاط» خوێندوویەتی، لە سولەیمانی لە مزگەوتی «سەید حەسەن» لە لای مەلا عەبدووڵڵای ڕەش بووە. زۆرتر دەوری «موستەعید»ی لە خانەقای مەولانا خالید لە سولەیمانی ڕابواردووە هەروەها لە هەڵەبجە و سولەیمانی گەلێکیشی لەلای شێخ ئەوڵای «خەرپانی» خوێندووە، بووە بە مەلایەکی باش و ئینجازەی عیلمی وەرگرتووە.

کە لە قەرەداخ بووە «حەبیبە» ناوێک هەست و شعوور لە «نالی» ئەستێنێ و نالی ئەخاتە مەیدانی ئەدبیاتەوە و ئیلهامی شێعری پێ ئەبەخشێ، ئەیکا بە هاوسەری ژیانی خۆی؛ بەڵام وا دەرناکەوێ کە حەبیبەی تا دوایی ژیانی بۆ مابووبێتەوە، چوونکە ڕۆیشتنەکەی بۆ «حیجاز» و «شام» و لەوێوە بۆ «ئەستەمول» بە بێ ئەوە بێتەوە بە سولەیمانیدا وا پیشان نادا کە دڵی پابەندی دۆستی بوو بێت لە سولەیمانی دیسان بەڵگەیەکی تر نییە بۆ ئەوە کە «حەبیبە»ی لەگەڵ خۆی برد بێت لەو کاتەدا لە سولەیمانی دەرچووە. بەڵکوو ئەوە زۆرتر ئەچێتە دڵەوە کە لەگەڵی نەبوو بێت، چوونکە کاروانێکی وا دوور و درێژ و هەر ڕۆژێ لە شوێنێک، بۆ پیاوێکی بەستراوە بە پێوەندی ژنەوە هەڵناسووڕێت. زۆرتریش کە نەهاتووەتەوە بۆ سولەیمانی هەر لەبەر ئەوە بووە تماشای کردووە حەبیبەی نەماوە دۆستەکان و ئەربابی زەوقی خۆی کە لەگەڵیان ڕایبواردووە نەماون، سەڕای ئەمەش جەوری تورکان هەر زیادی کردووە ئیتر دڵخۆشییەکی شک نەبردووە کە ڕوو بکاتەوە بە سولەیمانیدا. بەڵکوو لەو بڕە شێعرەیدا کە ئەڵێ:

هەتا تۆم ئاشنا بوویت ئاشنا بووم
ئەمێستا موو بە موو ئەغیارە بێ تۆ
لە کن من باوجوودی ناس و ئەجناس
کەسی تێدا نییە ئەم شارە بێ تۆ
هەموو ڕۆژە لە تاو هیجرانی ئەمساڵ
تەمەننای مردنی پێرارە بێ تۆ

وا ئەگەیەنێ کە حەبیبە تەنیا دوو ساڵ لەگەڵ نالی بووە، چوونکە دەردەدڵی ئەوە ئەکا ئەڵێ؛ تا تۆ دۆست و ئاشنام بوویت هەموو کەسم بوو، ئێستە کە تۆ نەمای هەموو کەسم لێ بووە بە بێگانە. لەگەڵ ئەو هەموو مەردمەشا کە لەم شارە «سولەیمانی»دا هەیە هەر لەبەر ئەوە کە تۆ نەماوی کەسی تێدا نییە. لەبەر ئەو کۆچە کە ئیمساڵ تۆ کردت، داوای مردنی پێرار دەکەم، چوونکە پێرار لەبەر ئەوە بە تۆ شاد نەبووم هەموو دەمێک ئاواتی مردنم دەخواست، ئێستە کە تۆ نەمایت کەوتوومەتە داوا کردنی ئەو مردنە! دیارە کە نالی داوای مردنی کردووە لە وەختی خۆیدا بە هۆی ئەوەوە بووە کە حەبیبەی نەبووە، ئێستە کە بەتواوی لە دەستی دەرچووە ناچارە زیاتر داوای ئەو مردنە بکاتەوە.

بە پێی ئەمانە، من لام وایە بن دار ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان کە مەڵبەندی دیارە نازدارانە، بێشکەی حەبیبەی دڵخوازی نالیشە!. ئەمەش پێچەوانەی ئەو قسە نییە ئەگێڕنەوە ئەڵێن گۆیا لە ئەستەموڵ لە نالییان پرسیوە بۆچی بەم پیرییەش ئەوەندەت حبیبە هەر خۆش دەوێ؟ ئەویش وتوویە: کە «سەرچاوەی شێعروتن و ئیلهاماتمە» با ئەمەی وتبێت و حەبیبەشی لەگەڵ نەبووبێ. ڕاستە ئەو بۆتە سەرچاوەی ئیلهاماتی شێعری؛ لەمەوە دیسان ئەوەش هەر دەردەکەوێ کە نالی لە ئەستەموڵیش وەفای خۆی بەرامبەر بە حەبیبە هەر بەجێ هێناوە و هەموو جار سۆزی ئەوی لە شێعرەکانییا دەربڕیوە، بۆیە هەستیان پێ کردووە و قسەیان لەگەڵ کردووە.

ئینجا کە دڵخوازەکەی ئەکا بە نەمامی «گردی سەیوان» ئیتر هەوای بارەگای «کەعبە»ی ئەکەوێتە سەر لە «١٨٣٠»دا ئەچێ بۆ حەج و سولەیمانی بەجێ دێڵێ حەج دەکا و دەگەڕێتەوە بۆ «شام» چەند ساڵێک لەو ناوەدا ڕایبواردووە، هەوای مەڵبەندی ئەکەوێتە سەر، لە «١٨٣٤»دا قاقەزە بەناوبانگەکەی کە لە سەرەتاکەی ئەڵێ:

قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور
ئەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور

ئەنووسێ بۆ سولەیمانی کە وەڵامەکەی لە «سالم» وەرئەگرێتەوە تەماشا دەکا چەپگەردیی ڕۆژگار و ستەمی تورکەکان نایەڵن بچێتەوە بە خاکی سولەیمانیدا. لە «١٨٣٥» بارگە ئەپێچێتەوە دەچێ بۆ ئەستەموڵ لەوێ لەلای «ئەحمەد پاشای بابان» دەبێ، «عومەر ئەفەندی باباجان»یش لەو سەردەمەدا هەر لە ئەستەموڵ دەبێ، لەگەڵ گەلێ لە پیاوە کوردەکانی تر ژیانێکی خۆش و ئەدیبانەیان لە دیواخانی ئەحمەد پاشا ڕابواردووە هەموویان بە مامۆستا بانگیان کردووە لەمەوە دەگاتە بارەگای «سلطان عبدالمجید خان» تەنانەت سوڵتان لەگەڵ خۆی دەیباتەوە بۆ حەج و پێکەوە لە برامبەر «مەدینە» لە کەژاوەیەکدا دەبن «عبدالمجید» لە کەژاوەکەدا ڕاکشابوو مەزاری پێغەمبەر (ص) دەردەکەوێ ئەویش قاچی ڕووبەڕووی مەزاری پاک ڕاکشابوو بەڵام نەیزانیبوو کە گەیشتبوون. نالی ئەیەوێ تێی بگەینێ پڕکێشیش ناکا، کوتوپڕ ئەم شێعرەی بۆ دەڵێت و بۆی ئەخوێنێتەوە:

سقن تەرکی ئەدەب دەر بارگاهی مستەفا دەربوو
نەزەرگاهی ئیلاهی جلوەگاهی کیبرییا دەربوو

سوڵتان کە کوێی لەمە دەبێت قاچی هەڵدەکێشێتەوە و شێعرەکەی نالی زۆر پێ خۆش دەبێ «سقن»: زینهار، ئاگادارەوەبە

بەڵگەیەکی وا دەست ئێمە نەکەوتووە کە نالی لە ئەستەموڵ ژنی هێنابێ. بەو ژیانی ڕەشپۆشی و خەرقەپۆشییە ڕای دەبوێرێ تا لە ١٨٥٥ی میلادی وەکوو هەموو نەمامێکی ئەم گێتییە لە دیواخانی بادە نۆشاندا دادەنیشێ و شەرابی مردن لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا لە مەیگێڕی گەردوون وەردەگرێ و دەیخواتەوە و لە گۆڕستانی «أبا أیوب انصاری»دا ئەنێژرێ و بۆ هەتاهەتایی سەری نوستوویەتی دەنێتەوە.

لە پێش ئەوەدا بچێنە سەر باسی شێعرەکانی «نالی» پێویستە ئەوە بزانین کە «مەلا خدر» لەبەر زمانی کوردی بووە بە شاعر، بۆیە ناوی خۆی لە شێعردا ناوەتە «نالی» کە ئەمە گەورەتر شتێکە بۆ شاعرێکی کورد لەو سەردەمەدا هەست بەوە بکا کە ناوی شێعری کوردی بێ.

وشەی «نالی» لە زمانی کوردیدا بە سێ مەعنا هاتووە، لە هەر سێکیانا لامەکەی لامێکی زلە: یەکەمیان - کە مەبەستی شاعرە - «نالی» کە، کە لە «ناڵە» وە هاتووە و بۆ غائیبە، وەکوو ئەمە کە لەو شێعرەیدا دەردەکەوێ کە ئەڵێ:

ئەکەم ناڵە ناڵێ «من سِقای قیانە
سقی هل شفی مِن ناڵە» نالی بدردە؟

دووهەمیان «ناڵێ» واتا ئەو قسەیە ناکا و نایڵێت گۆیا مەلا خدر لەبەر زمان پاراوی لە بازاڕی شێعردا ناوی خۆی بەپێچەوانە ناوە «ناڵێ = يسكتعربی» ئەم جۆرە شتانە لە عیلمی بەلاغەدا هەیە و پێی ئەڵێن «تَسميَةُالشَّي ءِ بِاسم صَدِّةعربی»

سێیەمیان لە «ناڵ» ناڵی کەوشەوە هاتووە واتە: ناوی خۆی نابێتە نالی کەوشی دۆستی هامڕازی. مەلا خدر وەنەبێ ئەمەشیانی مەبەست بێ مەبەست نەبوونەکەی لەبەر ئەوە نییە کە پێی سووکە خۆی بکا بە نالی کەوشی دڵخوازی، بەڵکوو ئەگەر یاری بەم بارەدا بیگرێتە خۆی ئەم زۆری پێ خۆشە، چونکە ئەم کە بەوە ڕازی بێ بڵێ:

سەر بەردەبازی ڕێتە، تەن تەختەبەندی جێتە
دڵ مەیلی خاکی پێتە، ڕۆح ماڵی خۆتە، بیبە

سەری بکا بە بەردەبازی ڕێگەکەی بۆ ئەوە جارجار پێی پێدا بنێ، ئەبێ چۆن ئەوەی پێ خۆشتر نەبێ کە خۆی بکا بە نالی کەوشەکانی و هەموو دەم لەگەڵی بێ؟. ئەوەندە هەیە هیچ بەڵگەیەک بە دەستەوە نییە کە ئەمەیانی مەبەستە. کە وا بوو ناوی ڕاستی و دروستی شعری مەلا خدر «نالی»یە کە کە یەکەمیانە و- نابێ بە لامی بچووک بوترێ.

نازکی و نەرمی و سواری شعری نالی نموونەیەکی زۆر بەنرخە بۆ بازاڕی ئەدەبیاتی کوردی؛ ئایا دیمەنی لالەزارەکانی کوردستان؟ یا ڕابوواردن و ئاهەنگی لەگەڵ دۆست و هاوڕێکانی؟ ئایا هێزێکی کارەبایی حەبیبەی دڵخوازی ڕۆح و گیانی؟ ئەمانە هەر کامیان بووبێتن بە سەرچاوەی ئیلهامی شعری نالی، نالییان گەیاندووەتە کۆشکی سەربەرزی. چونکە هەر یەک لە مانە شایانی ئەوە هەن کە تەبعی نالی لە خاک و خۆڵی «خاکوخۆڵ»دا بەخێو بکەن و بە ئاوی هەست و گەشە و سۆزەوە ئاوی بدەن تا ئەبێتە نەمامێکی زومڕووتی کە دێتە بەر، گوڵ و گەوهەر لە شام، لە حیجاز، لە کوردستان ئەخاتە دەر، کە وا بوو شعری نالی هەمیشە بەهارێکە کە هەمیشە بەهارە.

لە تەبیعەت و قسەی نالیدا ئەوە زیاتر دەرئەکەوێ کە لە سەرەتاوە حەبیبەی دڵخوازی ئیلهامی شعری پێ بەخشیبێ. حەبیبە هەر چەندە لە دڵی من و تۆد اجوان نەبووە، بەڵام لە دڵی نالیدا کارەبایەک بووە کە هەموو وردە دەمارێکی بزواندووەتەوە و خستوویەتە سەر ئەوە کە نێشی بە نۆش تێبگا، وە تەنیا تاپۆیەکی جوانی نەبێ هیچ شتێکی تر لە حەبیبەدا نەبینێ وەکوو خۆی ئەڵێ:

پێم دەڵێن مەحبووبە خێل و قیچە مەیلی شەڕ دەکا
خێل و قیچە؟ یا ترازووی نازی نەختێ سەر دەکا؟!

ئەڵێ: مەحبووبەی من ئەمانە هیچیان نییە کە ئێوە ئەیڵێن، بەڵکوو ئەو دوو چاوەی -کە نازی لێ ئەبارێ- جارجار تۆزێ سەر ئەکا و یەکێکیان لەبەر ناز گرانتر ئەبێ!

نالی بەوەوە نەوەستاوە کە بڵێ مەحبووبەی من خێل نییە، بگرە بە جۆرێک ئەم خێلنەبوونەی باس کردووە و گەیاندوویەتە ئەو پەڕی نزاکەت؛ چاوی کردووە بە ترازوو - بۆیە ئەڵێم «چاو»، چونکە خێلی و قیچی لە چاودایە - وە خەریکە نازی پێ ئەکێشێ، لەو کاتەدا کە ئەو نازە ئەفرۆشێ کاتی سەیرکردنی - یەکێکیان نەختێ بە عیشوەتر هەڵدێنێتەوە!. ئەڵێ: مەردم ئەمەیان لێ کردووە بە خێلی و قیچی، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە من ئەیڵێم.

نالی بەم یارە تاقانەیە شاد ئەبێت، بەڵام هەر ترسی ئەوەی هەیە کە لێی بتۆرێت، پێی ئەڵێ:

دەستم لە گەردنی خۆت هەڵمەگرە ئەی حەبیبە
وە بزانە خوێنی خۆمە یا مننەتی ڕەقیبە!

ئەڵێ: نەکەی دەستم لە گەردنی خۆت بکەیتەوە، چونکە تۆ ئەبێ وا بزانی یا هەر من شەیدات بووم، یا بێجگە لە من کەسی تریش هەبووە، ئەگەر هەر من بووم، من کوژراوی ڕێی تۆ بووم، کوژراو ئەبێ خوێنی بدرێ. خوێنی من ئەوەیە کە پێم دراوە- دەست لە مل کردنەکەتە - ئەگەر خۆ هەر منیش نەبووم، ئەم دەستگەیشتنەم بە گەردنت منەتی لە ڕەقیبەوەیە لە ڕقی ئەو وا دڵت بۆ من نەرم بووە، ئەگەر ئەو نەبوایە وات لەگەڵ من نەئەکرد. کە وا بوو بە هەر بارێکدا بێ بازاڕت گەرمە و بەم ئیشەت گەورەیی خۆت ئەنوێنی. نالی لە باسی دڵبەریا سەرئەکەوێ، ئاوازی وردەکاری و بەلاغەتی دەنگ ئەداتەوە و ئەڵێ:

لە دوگمەی سینە دوێنێ نوێژی شێوان
بەیانی دا سفیدەی باغی سێوان
لە ترسی تەلعەتت ڕۆژ هەر وەکوو شێت
بە ڕووزەردی هەڵات و کەوتە کێوان
دوو چاوی من کە وا سەیری سروشکن
دەپێون ئاوی بەحری خوێ بە پێوان
مەکە لۆمەی پەشێوی دڵ کە ئەمشەو
پەشێواوە لەبەر پەرچەم پەشێوان
شەرابی لەعلی ڕوممانی لە «نالی»
حەرامە بێ مەزەی ماچێکی لێوان

بەڕاستی لێرەدا نالی ئاوازی وەسیایەتی لە مەیدانی بەلاغەت و وردەکاری شعردا دەنگ ئەداتەوە. چونکە ئەڵێ: لەو کاتەدا کە نوێژی شێوان ئەبێ، تاریکاییدا دێت کە چی بە پێچەوانەی ئەوە کە تۆ دوگمەی سوخمەی سەر سنگت ترازاندبوو و باخی سێوان -کە سنگ و مەمکتە- وەکوو ڕۆشنایی بەیانیان چۆن لەناو شەودا دەرئەکەوێ و شەوە کە ڕووناک ئەکاتەوە و ئەیکا بە ڕۆژ، سنگ و مەمکەی تۆیش ئەو کارەساتەی گێڕا و تاریکایی شەوەکەی کرد بە ڕۆژ!. وە ڕۆژیش بۆیە کتوپڕ هەر لەو وەختەدا ئاوا بوو، کە ڕوومەتی گەشی تۆی چاوپێکەوت، ئەوەندە شەرمەزار بوو، لە ترسا هەڵات و خۆی گەیاندە کێوەکان بۆ ئەوە خۆی بشارێتەوە!. ئەو ڕوومەت و سنگ و بەرۆکەت لەو لاوە ئەوەی کرد، لەم لاشەوە منی بەو دەردە برد کە هەر ئەبێ لە تاوت بگریم و هەر دوو پیاڵەی چاوم ببێ بە کۆتکەی پێوان، بۆ پێوانی ئەو فرمێسکەم ئەڵێی دەریای خوێیە!، لۆمەشم مەکە کە ئەم فرمێسکە زۆرەم هەڵئەڕێژم، چونکە پەشێوی ئەگریجە و زوڵفەکەت لەسەر ڕوومەتتا وای پەشێو کردووم بێجگە لە قوڵپی گریان هەڵڕژاندنی فرمێسک هیچی ترم لە دەست نایە!

ئەو دوو پەشێوییە کە نالی هێناویانی و کردوونی بە بەرانبەرییەک، زۆر سەیرن، یەکێکیان لە ئەوپەڕی نازکیدایە کە پەشێوی زوڵفە، زوڵف کە پەرشوبڵاو بووەوە زۆر جوانە. یەکێکیان پەشێوی دڵە کە پەشێوی دڵیش لە هەموو شت ناخۆشتر و ناشیرینترە!.

ئەو لێوە ئاڵانەت کە لە ڕەنگ و کاریگەریدا شەرابە؛ لە ڕەنگا ئاڵە وەک شەراب، لە کاریگەریشدا سەرخۆشکەرە وەک ئەو. چۆن پیاو کە شەراب بخواتەوە سەرخۆش ئەبێ، ئەمیش هەروەها کە پیاو تەماشای بکا سەرخۆش ئەبێ. جا تەماشاکردنی ئەو شەرابی لێوانەت لە «نالی» حرامە، تا ماچی لەگەڵ نەبێ و ماچەکە نەبێ بە مەزەی! مەزەی شەرابی خواردنەوە چوالە و فستەقە، مەزەی تەماشاکردنی شەرابی لێوی تۆ ماچە، خواردنەوە بەبێ مەزە نابێ!

مەگەر هەر نالی توانیبێتی بەو جیناس و وردەکارییە باسی ئەو زۆڵفە بکا کە ئەڵێ:

ئەو سیلسیلە ئەو میشکی خوتەن نێوی براوە
پڕ پێچ و شکەن خەم بە خەم و حەڵقە کراوە
لاولاوە کە لاولاوە بە ئەم لاوە کشاوە؟
یا یاسەمەنی خاو بە ڕووی ڕۆژە ڕواوە؟

ئەڵێ: ئەو زنجیرەیە کە لە ڕەشی و بۆنخۆشیدا ناو نراوەتە میسکی خوتەن و پێچپێچ و لوول و کڵافە کراوە و بەسەر یەکا کەوتووە، ئەوە ئایا زوڵفە؟ یا لاولاوە و لەوبەری ڕوومەتەوە کەوتووەتە ئەم بەرەوە، چونکە لاولاو هەڵەچێ و خۆی ئەئاڵێنێ بە نەماما. واتە:

باڵای ئەمیش نەمامێکە لاولاوی زوڵفی بەمبەر و بەوبەرا خۆی تێ ئاڵاندووە! یا، یاسەمەنێکی تازەیە کە لە ڕوومەتی وەکوو ڕۆژ یا ڕواوە و بەسەریا پەخش بووەتەوە؟...

نالی لە باری «تشبیه» و «جناس» و «لف و نشر»دا کەم کەس توانیویەتی دەستی ئەوی ببێ. لەو بڕە شعرەیدا کە سەرەتاکەی ئەڵێ:

عاشقی بێ دڵ دەناڵێ مەیلی گریانی هەیە
بێ شکە هەورەتریشقە تاوی بارانی هەیە

دڵی عاشقی کردووە بە هەور، چۆن پەیدابوونی هەور لە هەڵمی ئاوەوەیە بە خۆی گەرمای ڕۆژەوە، عەشقیش لە شۆڕشێکی لەشەوە ئەبێ بە هۆی گەرمایەکی مەعنەوی مەعشووقەوە، هەورەکە کە توندتر بوو ئەگرمێنێ و باران هەڵئەڕێژێ، عەشقەکەی ئەمیش کە تونتر بوو بارانی فرمێسک هەڵئەڕێژێ بە گرمەگرمی سۆزەوە!. جا لەو شعرانەدا ئەڵێ:

ئاسمانی حوسنی مەحبووبم لە ئەبرۆ و زوڵف و ڕوو
دوو هیلال و دوو شەو و دوو ماهی تابانی هەیە

لێرەدا لەسەر قاعیدەی بەلاغە دوو هیلالەکەی بۆ دوو برۆکە، دوو شەوەکە بۆ دوو زوڵفەکەی ئەملاو ئەولای، دوو ماهی تابانەکەشی بۆ دوو گۆناکەی بردووەتەوە. مەبەستی بە «ڕوو» دوو گۆنایەتی نەوەک ڕوومەتی. نالی بەم جۆرە لە وڵاتی سولەیمانیدا شۆڕشێکی تازەی خستە ناو ئەدەبیاتی کوردییەوە و دەروازەیەکی گەورەی خستە سەر گازی پشت بۆ ئەو کەسانە کە شەیدا و تینووی ئەدەبیاتی کوردی و عیباراتی ڕەنگینی کوردین، ئێجگار لەو بڕە شعرەیدا کە سەرەتاکەی ئەڵێ:

گوڵبەنی قەدت لە قوببەی سینە غونچەی گرتووە
غونچە بەم شیرینییە قەت نەیشەکەر نەیگرتووە

بەڕاستی سۆز و ئەدەبیات و جوانی عیباراتی دەربڕیوە، هێناویە باڵای نەونەمامی یاری عیشوەداری کردووە بە دارێک کە گوڵی گرتبێ و لە گۆپکەی سەر سینگیەوە غونچەی دەرکردبێ - کە گۆپکەی مەمکیە - جا ئەڵێ: غونچەی وا تام و بۆن خۆش قامیشی شەکر نەیگرتووە، غونچەی قامیشی شەکر شیرینییەکی تێدایە کە نەشئەکەی هەر سەر زارەکییە، بەڵام غونچەی مەمکی تۆ هەم جوانی دیمەنەکەی، هەم شیرینی شیرەکەی هێزێکە بۆ چاو و خواردنەوەیەکی ڕۆحییە بۆ هەموو شعوورێکی ئادەمیزاد!

نالی لەو بڕە شعرە بەهارییەکەیدا کە سەرەتاکەی ئەڵێ:

گەرمی و تەڕی بەهارە کە پشکۆ کوژایەوە
پشکۆی گوڵ ئاتەشینی بە نەسیم بوو گەشایەوە

ئەو بەداعەت و جوانییە کە ئەو کردوویەتە کار، مەگەر هەر لە دەست نالی هاتبێ کە: گوڵی سووری داری سەوزی بەهار بە بای نەسیمی بەیانیان بێنێتە پێکەنین، وە لە هەوای تۆزێ گەرم و مەیلەو تەڕی کەوتنی پشکۆ، پشکۆی ئاگری بۆ تۆفی سەرمای زستان بکوژێنێتەوە!. جا ئەو بڕە شعرەی بەڕاستی داوێکی بەلاغەتە و نایەتەوە بۆ ئەو کەسانە کە مەفتوونی نەو بەهاری ئەدەبیاتن بۆ ئەوە پێوە ببن!

بەڵێ، ئەڵێن لە شاعرەکانی عەرەب «ابو تمّام» لە شعردا لانکەی دروستکردنی «استعارە» و پەیداکردنی مەعنای ورد و ئارەزووی «جیناس» و پێکهاتنی سیفەت بووە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ نالی ئێمەدا بخرێنە دوو تاکی ترازووەوە، بێگومان شایەن بەلای نالیدا گەلێ ئەڕوا!

نالی دوو ڕێچکەی گرتووە: یەکێ عیلم، یەکێ ئەدەبیات، ئیتر گوێی بە هیچی تر نەداوە. بەتایبەتی ڕێچکەی شێخایەتی و تەریقەت، وا نەبێ ئاشنایەتییەکی لەگەڵا بووبێت، بەڵکوو هەندێ جار قسەی وای کردووە کە بۆنی ڕێنەکەوتنی لێ هاتووە، وەکوو لەو بڕە شعرەیدا کە لە کردەوەی شێخێک هەندێ ئەدوێ و لەپاشا ئەڵێ:

نالی سەرت لە گونبەدەکەی خانەقا ئەکا
لایێ پڕە لە مەشعەلە، لایێ [پڕە] لە مەشغەلە

نزاکەتی نالی و زمانپاکی لێرەدا دەرئەکەوێ، ویستوویەتی لە باری شێخایەتی بکۆڵێتێوە، بەڵام لەپێشا خۆی ششتووەتەوە، ئینجا وتوویە مەسەلەکەی خانقا وەکوو تۆ وایە!. ئەڵێ: کەللە و مێشکت وا نەبێ ساف بێ و هەر خەریکی یەک شت بێ، لایەکی پڕە لە چرا و نووری دیانەت بۆ ئەوە بیکا بە داو بۆ ئەو لاکەی لەباری ئیشی دونیاییدا. لەگەڵ ئەمەدا نابێ وا بێ، پیاو نابێ دین بۆیە بگرێ تا ڕاوی دونیای پێ بکا. ئەڵێ ئیش و کاری خانەقا و شێخیش ئاوایە!. نالی کە لە سولەیمانی دەرئەچێ کتوپڕ کە چاو ئەکاتەوە خۆی لە بەرانبەر ئەو کاروانەوە ئەبینێ کە ڕووبەڕووی بارەگای قیبلەی موسوڵمانەکان و کۆشکەکەی دەستکردی ئیبراهیم ئەڕۆن. شعووری کە تا ئەو وەختە هەر لەبەر بیستنێکی دوور بە دوور ناڵەیەکی بە سۆز و زاری لێوە ئەهات و پەڕی خەیاڵاتی تەنیا لە ئاسمانی کوردەواریدا ئەو خۆشخوانییەی ئەکرد ئەبێ بە مینایەکی بێگەرد، وێنەی بارەگا و کاروانانی ڕێگەی ئەو بارەگایە و عاشقانی ئەو ئایینسەرایە وەکوو ئاوێنەی بەری مانگ لەو مینایەوە دەرئەکەوێ. ئەویش بە هەموو سۆز و گودازێکەوە لوێچ لوێچ لە دەریای بەلاغەتیدا هەڵئەینجێ و ئەیڕێژێنێتەوە بەسەر وڵاتە دوور لێکەوتووەکەیدا!. لەو بڕە شعرەیدا کە سەرەتاکەی ئەڵێ:

ئەلا ئەی نەفسی بوومئاسا هەتا کەی حیرس و وێرانە؟
لەگەڵ ئەم عیشقبازانە بڕۆ ئازانە بازانە

تەنیا مەعنای ئەم شعرە لوێچێکە لە دەریای ئەو غەزەڵەی. لوێچێکە، چونکە ئەڵێ: ئەی نەفسی دوور لە ئاوەدانیی مەعریفەت و یاخی لە کۆڕی خواناسان وەکوو کوندەبووی دڵکراوە بە کەلاوەی وێرانە! تا کەی ئەم تەماع و وێرانەپەرستییە؟!. تاکەی ئەم دوورکەوتنەوە و بە پارێزییە لە عاستی زانینی حەقایەق و خواپەرستی؟! هەستە بەبێ وەستان لەگەڵ ئەم عاشقانی بارەگای وەحدەتناسانەدا بڕۆ، بە تیژی برۆ هەر وەک باز، بڕۆ بۆ ئەوە لەو ئاوی مەعریفەتی حەقپەرستیدا زاخاوی خۆت بدەیتەوە بۆ ئەوە ببیت بەو نەفسانە کە لەگەڵ نووری بریسکەداری کردگاردا تێکەڵ و ئاشنا ئەبن بە هەموو نهێنییەک!. جا تەنیا بەم شعرە لەو غەزەلەدا ئێمە ئەتوانین نەفسییەتی نالی لەباری تەسەووف و حەقپەرستی و شەیدابوون بە گوڵستانی خواناسیدا بێنینە دەست، ئیتر با باسی ئەوانی تریشی نەکەین!. هەروەها بڕە شعرە «موستەزاد»ەکەشی کە سەرەتاکەی ئەڵێ:

ئەی تازە جوان، پیرم و ئوفتادە ئەوا کەوتووم تا ماوە حەیاتم
دەستێ بدەرە دەستی شکستەم کە بەسەر چووم قوربانی وەفاتم

وێنەیەکە بۆ ئەو ڕاز و نیازە کە لە مەدینە بەرانبەر بە مەزاری لالەزاری پێغەمبەری پایەبەرزیەوە لە دڵی بوریانەوە دەریئ-ەبڕێ. کە ئەگەڕێتەوە بۆ شام لەوێ بیری مەڵبەندی تازە ئەبێتەوە بە قەسیدە ٤٢ شعرییە بەناوبانگەکەی کە سەرەتاکەی ئەڵێ:

قوربانی تۆزی ڕێتم ئەی بادی خۆش مروور
ئەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور

وڵاتی سولەیمانی بەسەر ئەکاتەوە، کە ئەزانێ چوونەوە سەرناگرێ، ڕاستەوڕاست ئەچێ بۆ ئەستەموڵ!. نالی، گەلێکی شانازی بەوەوە کردووە کە کوردە و بە کوردی شعری وتووە، وەکوو ئەڵێ:

تەبعی شەککەرباری من کوردی ئەگەر ئینشا ئەکا
ئمتیحانی خۆیە مەقسوودی لە عەمدەن وا ئەکا
با لە مەیدانی فەساحەتدا بە میسلی شەهسوار
بێ تەئەممول بەم هەموو نەوعە زبانی وا ئەکا
کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆکوردییە
هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تابیعی مەعنا ئەکا

ئەڵێ: تەبیعەتی شەکەرڕێزی من کە بە کوردی شعر دائەنی، بۆیە وایە چونکە خۆی بە کورد ئەزانێ و بۆ ئیمتیحان بە دەسەنقەس وا ئەکا، ئەڵێ بزانم ڕاستە کوردم. ئەگەر کورد بم وەکوو سوارچاک لە مەیدانی زمانپاراویدا تاو ئەدەم، چونکە هەر کەسێ لە زمانی خۆیدا شاسوارێ کە. لەپاشا ئەڵێ کەس بە وشەکانم نەڵێ: جا ئەمە چییە کوردییە و خۆی کوردییە؟ چونکە هەر کەسێ ژیر بێ چاو لە مەعنا ورد ئەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا نالی لە زمانی عەرەبی و فارسیدا هەر بەو جۆرە مەیدانداری کردووە و دیوانی شعری داناوە، وەکوو خۆی ئەڵێ:

فارس و کورد و عەرەب هەر سێم بە دەفتەر گرتووە
نالی ئەمڕۆ حاکمی سێ مڵکە، دیوانی هەیە

یانێ: خاوەنی سێ زمانە و دیوانی شعری لە هەر سێکیانا هەیە. نالی لەپاش ئەوە سولەیمانی بەجێ دێڵێ، ئەو شعرانە کە لە دیاری بێگانە وتوونی، هەندێکی وەکوو باسکرا ماونەتەوە تا ئەگاتە ئەستەموڵ، بەڵام لەوانەی ئەستەموڵی هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ مانەوەیان کە کەوتبێتە وڵاتی کوردەواری، ئەوەندە هەیە لەوێوە جارێک بە قەسیدە ٧ شعرییەکەی کاغەزێک ئەنووسێ بۆ یەکێ لە هاوڕێکانی قەرەداغی لە «زەردیاوا» ئەم شعرەشی بە دیاری تێدا ئەنووسێ:

دڵی نالی کە ئەنیسی قەرەداغە ئێستەش
داغی «سەرچاوە» و «دێوانە» و دار و دەوەنە

لەگەڵ ئەوەش ئەو ژیانە کە ئەو لە ئەستەموڵ لەگەڵ ئەدیب و زاناکان چە لە دیوەخانی «ئەحمەدپاشا» و چە لە دەرەوەیدا ڕایبوواردووە، بێگومان بە پێی تەئسیری شوێن و داخی دوورکەوتنوەی لە وڵات، ئەبێ دیوانێکی گەلێ بەرزتری لێ بەجێ مابێ و کەوتبێتە لای بەرەی ئەحمەدپاشا. ئەو دیوانە کوردییەی کە لە وڵاتی سولەیمانیدا بڵاو بووبووەوە بۆ جاری یەکەم لە «ئاغستوز»ی ١٩٣١ی لە چاپخانەی «دارالسلام» لە بەغدا لە لایەن «کوردی» مەریوانییەوە لە چاپ دراوە، بەڵام گەلێکی واش ماوەتەوە کە ئەو چنگی نەکەوتووە و لە دیوانەکەدا چاپ نەکراوە. لە ١٣٢٧ی شەمسی واتە ١٩٤٨ی میلادی بۆ جاری دووهەم لە لایەن عەلی موقبیل سەنەندجی لە چاپخانەی بەهرامی، وە بۆ جاری سێیەم لە لایەن گیوی موکریانییەوە لە ١٩٦٢ لە هەولێر چاپ کراوەتەوە.