ئەحمەدی خانی

(١٧٠٦-١٦٥٠)
از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 40 دقیقه  7726 مشاهده
قەڵەم کە نووسی نەخشی زەڕکەفتی
شەیدای دەنگی بوو کە وا ژنەفتی
چیرۆک نووسەکان تا بە هۆمیروس
لەبەر ئەو دەنگە بوون بە چیرۆکنووس
ئەو دەنگە، دەنگی نەوای «خانی» بوو
شمشاڵی گیانی نەوجەوانی بوو
بادەپەرستان سەرخۆشانی ڕاز
قەتارەی عاشق پۆلی چاو بە ناز
میر و شاریار، بەگزادەی دیار
فریشتە و پەری، ئاغە و جووتیار
ڕەواڵانی «مەم»، کناچانی «زین»
سەراپەردەکەی ئەمیر «زەینەدین»
چکۆ و عارف، ستی و تاژدین
حەیزەبوون بەکر، وەیشوومەی بە کین
ئەمانە هەموو کەوتنە خۆشخوانی
بە تیشکی فیکری «ئەحمەدی خانی»

پێغەمبەری شعری میللی و چیرۆکی لە خاکی بایەزیددا، سەرچاوەی ئەدەبی کوردی و باوەڕی کوردی لە کورد زەیدا. جەمالی تەبیعەت مەفتوون بە دووڕ و مەرجانی قسەی خاسی، شمشاڵ و نەسیمی فێنکی بەیان شەیدا بە لالەزاری باسی. لە دیوانی ئاشنایانی حەقپەرستیدا وەک گەلاوێژی گەش، لە هەیوانی زانایانی عیلم و هونەردا وەک بازی سەراوێژی چەش.

ئەستێرەی گەشی ئەم شوێنە ناوی «ئەحمەد»ە و وەکوو بیستوومە کوڕی «شێخ ئەلیاس»ە و لە عەشیرەتی خانیانی وڵاتی «بایەزید» و «بۆتانە»، لە ساڵی ١٠٦١ی هیجری لە شاری «بایەزید» هاتووەتە دونیاوە، وەکوو خۆی ئەڵێ:

لۆ ڕا کوو دما ژ غەیب فەک بوو
تاریخ هەزار و شێست و یەک بوو

کە بە میلادی ١٦٥٠ دەگرێتەوە.

بەسەرهات و ڕابوواردن و مردنی ئەحمەدی خانی زۆر تاریکە، هەر کە قسەیەکی لێوە کردووە، ئێمە ئەو قسانە لێرە ئەنووسین و لەپاشا ئاگاداری خۆیشمان ئەڵێین دوور نییە ڕاستیمان بۆ دەرکەوێ:

لە «القضیة الکردیە»ی «دوکتۆر بلەچ شێرکۆ»دا ئەڵێ: «شێخ ئەحمەد» داستانی «زینومەم»ی لە «١٥٩١»دا داناوە و لە «١٦٥٢»دا مردووە و لە «محیط المعارفی السلامیە»دا ئەڵێ: لەبەین «١٠٠٠ و ١٠٦٣»ی هیجریدا ژیاوە». ئەمین زەکی بەگیش لە «تاریخی کورد و کوردستان و مشاهیر الاکراد»دا هەر شوێن ئەم تاریخانە ئەکەوێت!. هەروەها لە ڕۆژەڵاتیناسەکان وەکوو «ئی فون لۆک» و «ئوسکارمان» و «هۆکوماکس» و «ڕۆجەر لیسکۆ»یش هەر یەکە و شتێکیان وتووە و هەموویش بە تەخمین و مەزەندە دایانناوە، دوور نییە لەم ڕووەوە لێکۆڵینەوەیەکی عیلمی بەتەواوی نەکرابێ بۆیە وا هەموویان دوورن لە یەک و دوو یان یەک ناگرنەوە!. جارێ قسەکەی «القضیة الکردیە» کە ئەڵێ دانانی مەم و زین لە «١٥٩١»دا بووە لام وایە ئەمە لەگەڵ ئەو مێژووەدا ڕێ ناکەوێ کە خانی خۆی لە داستانەکەدا ئەڵێ:

لۆ ڕا کوو دما ژ غەیب فەک بوو
تاریخ هەزار و شێست و یەک بوو
ئی ساڵ گەهیشتە چهل و چاران
وی پێشڕەوی گوناهکاران

واتە لە «١١٠٥»ی هیجری لە داستانی «مەم و زین» بووەتەوە. دەیدەی ئەم تاریخە ئەکاتە «١٦٩٣»ی میلادی، زیاتر لە سەد ساڵ بەینی دوو تاریخ ئەبێ!. ئینجا ئەڵێ لە «١٦٥٢»دا مردووە، مانای وایە ئەبێ ٦١ ساڵ پاش دانانی کتێبەکە مردبێت و بەپێی شعرەی خۆش لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا کتێبەکەی داناوە، ئەبێ بەم پێیە ١٠٥ ساڵ عومری بووبێت هەر چەندە دوور نییە پیاو بگاتە تەمەنی ١٠٥ ساڵی، بەڵام لەو لاوە کە سەیر ئەکەین لە کاتێکدا عومری ٤٤ ساڵ بووە، تاریخ «١٦٩٣» بووە. هینەکەی «میحط المعارف»یش کە ئەڵێ: لەبەین «١٠٠٠ و ١٠٦٣» هیجریدا ژیاوە لە هەر شوێنێک کە وترا فڵان لەبەینی ئەوەندە و ئەوەندە وا ژیاوە، زۆرتر مەعنای وایە کە تەواوی پەیدابوون و مردنی لەو بەینەدا بووە، نەوەک تۆزێکی زۆر کەم لە ژیانەکەی، دەی ئەگەر لەسەر ئەم قسەیە بێت، ئەبێ ئەحمەدی خانی هەموو ژیانی تەنیا دوو ساڵ بووبێت، چونکە ئەو کە لە ١٠٦١ هاتبێتە دونیاوە لە دوو ساڵ زیاتری بۆ نەماوەتەوە، ئەمەیش هیچ عەقڵێ نایسەلمێنێ.

قسەکەی ئەمین زەکی بەگیش لە «تاریخی کورد و کوردستان»دا شوێن قسەی «محیط المعارف» کەوتووە، لە «مشاهیر الأکراد»دا هینەکەی «القضیة الکردیە» ش باس ئەکا، خۆی بیروباوەڕێکی نییە، کە وا بوو وڵامی ئەو قسەیە وڵامی ئەویشە.

ئەمێنێتەوە سەر هی ڕۆژەڵاتیناسەکان، ئەوان هەموو لەسەر ئەو باوەڕەن، کە ئەحمەدی خانی لە سەرەتای چەرخێکەیەوە تا دوایییەکەی، و ئەو چەرخەش سەدەی حەڤدەیەمی میلادییە. یەکێک ئەڵێ: لە سەرەتای نیوەی یەکەمیەوە تا سەرەتای نیوەی دووهەم. تەنیا لەوەدا یەک ئەگرنەوە کە لەو سەدەیە دەرچووە. ئەمان هەرچەندە یەکیان نەگرتووە، بەڵام لە حەقیقەتەوە وا نەبێ زۆر دوور بن.

ئێستە لە هاتنە دونیای «ئەحمەدی خانی» بە پێی شعرەکانی خۆی گومانێک نەمایەوە کە لە چە مێژوویەکدا بووە و دەرکەوت کە بەتەواوی لە ساڵی ١٦٥٠دا بووە، ماوەتەوە سەر ماوەی ژیان ساڵی مردنەکەی. ئەمەیان، وەکوو گەلێکی تری تووش عەزیەت کردووە، بەوجۆرە منیشی تووش کرد؛ ئەو کتێب و شوێنانە کە تۆزێ لە ئەحمەدی خانییەوە ئەدوان، لام وایە هیچ نەمایەوە کە نەیپشکێنم و لێکی نەدەمەوە، سەیر ئەکەم هەموو پێچەوانەی یەکن. بە پرسیار کردن لەم و لەویش شتێکی وام بۆ دەرنەکەوت تا لە ساڵی «١٩٤٦»دا لە مەلایەکی پیرەوە شتێکم دەست کەوت و بۆم بوو بە بەڵگە، لەپاش ئەویش هەر چەندە خەریک بووم لەوە زیاترم بۆ ساغ نەبووەوە و دەستم نەکەوت. گۆیا بە پێی ئەو بەڵگەیە «طار خانی الی ڕبّە» مێژووی مردنی ئەحمەدی خانییە، کە بە حیسابی «ئەبجەد»ی هیجری ئەکاتە «١١١٨» کە بەرانبەر «١٧٠٦»ی میلادییە، ئێجگار کە لێکم دایەوە لەگەڵ ماوەی هاتنە-دونیاکەشیا لەوانەیە ڕێکەوێ، هیچ شکم نەمایەوە کە ئەم مێژووە مێژوویەکی ڕاستە و ئەبێ بە کلیلی دەرگای ئەو نهێنییە کە ساڵەهای ساڵە ڕۆژەڵاتیناسەکان و غەیری ئەوانیش بە شوێنیا ئەسووڕێنەوە.

چۆنیەتی ڕابوواردن و ژیانی ئەحمەدی خانی وا نەبێ لە لایەن گومبوونەوە شتێکی لە ناودارەکانی کورد گەڕابێتەوە، وەکوو چۆن زۆرتر لەوان ناوونیشان و ڕابوواردن و جەوهەری خۆیانیان لەگەڵ لەشەکەیانا بردووەتە خاکەوە، ئەمیش هەروا بووە. بە پێ بپرسین و تەقالایەکی زۆر کە دەماودەم گێڕاویانەتەوە ڕابوواردن و بەسەرهاتی ئەحمەدی خانی گۆیا بەم جۆرە بووە:

شێخ ئەلیاسی باوکی بە گەلێ ساڵ پێش هاتنەدونیای ئەحمەد لە شاری «بایەزید» دانیشتووە، بەڵام ئاشنایەتی لەگەڵ عەشرەتی خانیان هەر بەرنەداوە و لە بایەزیدیش هەر ماڵە گەورە بووە. لە «١٦٥٠» ئەحمەد دێتە دونیاوە، نازداری باوک و تاقانەی دایک ئەبێ. بە ڕێ و شوێنی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند لەژێر چاودێری باوک و خوڵامی بەرماڵا لە پێڕۆکەییەوە ئەگاتە سەر ڕێگەی قوتابخانە، ئەنرێتە خوێندن، ڕێگەی ئەو سەر قوتابخانە و هی ئەم سەری دیوەخانە، لە قوتابخانە دەرزی زانایی، لە دیوەخان دەرزی دانایی وەرئەگرێت. تا گەورەتر ئەبێ پایەی خوێندنی بەرزتر ئەبێ، ئەچێتە ناو فەقێیان بۆ دەرزی عەرەبییان. بەرزتر[ین] خوێندن لەو دەورە ئەوە بووە یەکێک بۆی ڕێ کەوێ بچێتە فەقیەتی و دەرزی «صرف» و «نحو» و «بلاغە» و «اصول» بخوێنێت. ئەحمەد ئەمەی بۆ ڕێک ئەکەوێ هەر لە بایەزید ئەچێتە مزگەوتی «مرادیە». لە پاشماوەیەکمانەوە لە مزگەوتەکانی بایەزید و دەورووبەریا، ڕوو ئەکاتە «ئورفە، ئەخلات و بتلیس»، ئەگەڕێ شیرەی گوڵی شوێنیان ئەمژێ، لە هەر لایەک ئەبێ عالەمێکی بەناوبانگ هەیە بۆ وەرگرتنی عیلم و زانیاری، ڕووی تێئەکا، ئەڵێن سەری لە میسریش داوە. لە ئاخرا کە ئیجازەی عیلم وەرئەگرێت ئەگەڕێتەوە بایەزید و خەریکی دەرزوتنەوە ئەبێ، عالمێکی بەناوبانگ و شارەزای هەموو عیلمێک بووە، بە فەرمانی شاهانە چووەتە «بابی عالی»یش لە ئەستەمبوڵ.

«شێخ ئەحمەدی خانی» وەکوو دەماودەم ئەیگێڕنەوە پیاوێکی گردەپیاو بووە. سەری لە چاو لەشیا گەورەتر بووە، چاوەکانی بچووک و گەش بوون، ڕیشی تۆپ بووە ڕەشی زۆری تیاما بوو، دەنگی نێر و بەرز بووە، زۆر کەم تووڕە بووە، دڵتەڕ بووە، ئەم دڵتەڕییەی لە ئاخردا ڕایکێشاوە بۆلای تەسەووف، لە جلوبەرگدا کۆک بووە، مێزەری خڕی سپی لەسەر ناوە، بۆزووی دیاربەکری نایابی لەبەر کردووە، ئەڵێن زۆریش هەوەسی لە ڕاو و شکار بووە، کە چووە بۆ ڕاو جلی ڕاوی لەبەر کردووە، سوارچاک و بە دەس و نەقام بووە، ئەڵێن: پاڵەوانیش بووە، هەمووجار جیملاسکی ئەکرد، پیاوێکی بەڕێز و بەدەسەڵات بووە لەناو مردما، دوو جێگەی هەبووە: یەکێکی عیلمی، یەکێکی بنەماڵەیی، هەروەها پیاوێکی دیندار و خواپەرستێکی وا بووە کە سۆزی مەعنەوییاتەکەی کاری کردووەتە هەموو کەس. بەم جۆرە ڕائەبوێرێ تا لە ١٧٠٦ لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا کۆچی دوایی ئەکا و هەر لە بایەزید ئەنێژرێ، گۆڕەکەی ئێستەیش هەر مەزارە.

مایەوە سەر ئەوە کە ئایا چە هێزێک بووبێت وا ئەحمەدی خانی خستووەتە هۆش و فیکری شعرەوە؟ لەگەڵ ئەوەدا ئەو دەورە و ئەو شوێنە کە ئەوی لێ بووە پەردەی تاریکی کۆنەپەرستی وەکوو شەوەزەنگ هەموو لایەکی گرتبووەوە. لە لایەکەوە بیروباوەڕی دار و بەرد و پەرستنی مەزارەکان، لە لایەکەوە زەبر و زەنگی تورکەکان، بۆ ژێردەستەکانیان، بەتایبەتی بۆ کوردان کە نەیەڵن سەر دەربێنن لە قوڵاخی خۆیان، لە لایەکی تریشەوە چەوسانەوەی فیکر و هۆش لەبەر ئەو هەموو ژاراو و تاڵاوە کە وەکوو لێڵاوی باراناوی بەهار بە هەموو لایەکدا هاژەی ئەکرد، کە چی سەرەڕای ئەمانە ئەحمەدی خانی بەم جۆرە خۆی باوێژێتە مەیدانەوە. بەڵێ، تەبیعەتی شعر بۆ کورد وا نەبێ شتێکی بەڵاجەوی بێ، کورد بە مادەرزادی شاعرە، چونکە شوێنەکەی و ئاوەکەی و هەواکەی ئەمەی پیشان ئەدا!. سەرەڕای ئەمەش ئەحمەدی خانی ئاوازی شعرەکانی شێخ ئەحمەدی جزیری و فەقێ تەیران و مەلا باتی و عەلی حەریری وەکوو دەنگی شمشاڵ کاری لە هەموو دەمارەکانی کردووە و لە نیوەی شەودا بە خرۆشی ئەو دەنگەوە ئاوازی سۆزی گەیشتووەتە ئاسمان دیمەنی هەموو وڵاتی بۆتانی کردبوو بە کانیاوی فیکر و خەیاڵێکی وەها کە هەموو وڵاتی سۆران بە ئەردەڵان و موکریان و بابانەوە لوێچ لوێچ لێی هەڵێنجن و بیکەن بە نۆشی شاعرەکانیان!.

ڕاستە شعری شاعرەکانی بۆتان هەر ئەوەندەیە تەلی عاتیفەی ئەحمەدی خانییان بزواندووەتەوە، یاخود بەتایبەتی شێخ ئەحمەدی جزیری بە ڕۆحێکی لاهووتی یا دەنگێکی ناسووتی هەر ئەوەندە پاڵی بە ئەحمەدی خانییەوە نا کە خۆی باوێژێتە کۆڕی سەراپەردەی شاعرانەوە؛ بەڵام ئایا ڕۆحی میللەت و نەوای قەومییەتەکەی لەکوێ هێنا؟ لەو سەردەمەدا کە ڕۆم و عەجەم نەوەک تەنیا چوار چمکی خەیاڵی کورد، بەڵکوو هەمووی ئاسۆی کوردیان وەکوو ژێی کەوان هێنابووەوە یەک و کوردیان بە بەردی جەور چەوسانەوە مۆڵ دابوو، وەکوو خۆی ئەڵێ:

ئەڤ ڕۆم و عەجەم ب وان حەسارن
کرمانج هەمی لە چار کەنارن

وەیا دەردەدڵ بکا لە دەست بەخت و لەبەر تەخت، وەکوو ئەڵێ:

ئەمما ژ ئەزەل خودێ وسا کر
ئەڤ ڕۆم و عەجەم ل سەر مە ڕاکر

وە لەو دەورەدا چۆن کەوتە سەر ئەو شعوورە؟ کە بڵێت:

گەر دێ هەبوا مە سەر فرازەک
ساحێب کەرەمک، سوخەن نەوازەک
نەقدی مە دبوو بە سککە مەسکووک
نە دما وەهە بێ ڕەواج و مەشکووک

وەیا چۆن گەیشتە ئەو ئاسمانە بەرزە کە بە دوو چاوی دڵ و دیدە تەماشای کورد بکا و لە گەورە و بچووکیان تێ بگا و بڵێ:

جوامێری و هیممەت و سەخاوەت
میرێنی غیرەت و جەلادەت
ئەو خەتمە ژ بۆ قەبیلێ ئەکراد
وان دانە بە شیر و هیممەتێ داد

کە چی لەگەڵ ئەوەش کە وا بن، بە چاوی گریانەوە بڵێت:

ئەز مامە د حیکەتێ خودێ دا
کرمانج د دەوڵەتا د نێ دا
ئایا بە چە وەجهـ مانە مەحرووم
«بِالجُملَە» ژ بۆ چە بوونە مەحکووم؟

ئەم کارەساتی ئەحمەدی خانییە من لام وایە نە پەری بزواندوویەتەوە، نە فریشتە خۆی پیشان داوە، نە دڵی خۆی لەبەر باوەشێنی ئەگریجەی چاوکاڵانا دیوە، نە وێنەی خۆی لە گۆنای ئاڵی ڕەواڵانا چاوپێکەوتووە!. بەڵکوو دۆستی دڵخوازی ئەو، سەرەتا بێجگە لە دیمەنی وڵاتەکەی تەنیا دیوانی شاعرەکانی پێش خۆی بووە، چۆن دەنگی کەمانچە کار ئەکاتە سەر دڵ، بۆیەش کار ئەکا چونکە ئەو تەلە دەماری گیانلەبەرێک بووە کە گیانی ئەو گیانلەبەرە لە عالەمی ئەڕواحدا لەگەڵ گیانی ئەم گوێگرەدا - کە خاوەن دڵەکەیە ڕاز و نیازێکیان پێکەوە کردووە، ئێستە ئەو ڕاز و نیازە دێنێتەوە فیکر، شعریش بەو جۆرە کار ئەکاتە سەر دڵ، نەوەک تەنیا دڵ، بەڵکوو کار ئەکاتە سەر هەموو دەمار، بۆیەش کار ئەکا چونکە شعر ڕاستەوڕاست دەنگی عالەمی ئەڕواحە و لە مێشکی خاوەنەکەیا کە شاعرە ئەزرنگێتەوە، لەوێوە ئەچێتە دڵیەوە و دەنگ ئەداتەوە، ئەکەوێتە سەر زمانی و بڵاو ئەبێتەوە.

جا لەبەر ئەمە شعری ئەوان بوو بە سەرچاوەی ئیلهامی شعری، ئەمێنێتەوە سەر میللەت و قەومییەتەکەی.

ئاشکرایە، هەتا هێزی گووشین زیاتر بێتە قین زووتر ئەقەومێ، هەتاهێزی گووشین زیاتر بێ دەنگی ئەو تەقەیە زۆرتر بەرز ئەبێتەوە، هەتا بای پێچەوانە زۆرتر بێدەنگی گڤە گڤەکە قاییمتر ئەبێ. منداڵ یا کەسێکی تر هەتا لێیدەیت دەنگی گریانەکەی زیاتر ئەڕوا، ئەگەر ئەم هێزانە هیچیان نەبوون، نە دەنگی تەقین و نە دەنگی گڤە و نە دەنگی گریان بەر گوێی کەس ناکەوێ. زۆر و ستەم و چەوسانەوە لەو دەورەدا کە ئەمانە کارەساتێکی غەیرە تەبیعین گەیشتوونەتە پایەیەک کە عاتیفەی ئەحمەدی خانییان بە جۆرێکی وا گووشیوە ئەو دەنگانەی لێوە پەیدا بووە، ئەو دەنگانەی کە ناڵەی خۆی کۆمەڵەکەی بووە.

ڕەنگبێ بوترێ: ئەگەر عامیل بۆ بزواندنەوەی عاتیفەی شاعرێکی وەکوو ئەحمەدی خانی ئەو جەور و ستەمە بوایە کە لەو دەورەدا ڕووی کردبووە ئەو شوێنە، خۆ وا نەبێت شاعریش هەر ئەحمەدی خانی بووبێت، بەڵکوو لە دەوری ئەودا و لەپێش ئەویشا گەلێ شاعری تر هەبوون، بۆچ هیچیان دەروونیان نەهەژا؟! بۆچ هیچیان ئەو کارەساتانە کاری تێنەکردن تا ئەوانیش بە جەورەکەی ئەو وەکوو بولبول بکەونە نەواخانی و ڕاز و نیاز؟!. ئێمەیش ئەڵێین: ئاشنایەتی ڕۆحی دوو جۆرە: جۆرێکیان پەیوەنە بە شکڵەوە [و] شوێن شکڵەکە ئەکەوێ کارێکی بە ماددەکەوە نییە، وەکوو یەکێکی ئارەزووپەرست چۆن ئەگەر چاوی بە ئینسانێکی شکڵ جوان کەوت بۆ جێبەجێکردنی ئارەزووەکەی دڵی لێ ئەچێ، کە ئەو ئینسانە جوانییەکەی بەسەر چوو، ئەمیش دڵی لەسەر لائەچێ و دڵی ئەچێ لە یەکێکی تر و هەر بەم جۆرە پێوە ئەڕوا. ئەمە وا نەبێ کابرا دڵی لە ماددەی جوانی چووبێ، بەڵکوو دڵی لە شکڵی جوانی چووە، ئەگەر دڵی لە ماددەکە بچوایە ئەو جەوهەرەی ماددەیە لە ئینسانەکەی ئەوەڵدا هەر ماوەتەوە، ئەوەندە هەیە شکڵەکەی تێک چووە. بۆیەش ئەڵێن هەر ماوەتەوە چونکە ماددە نافەوتێ. بەڵگەی ئەم قسەیەمان ئەوەیە کە کابرایەک دڵی ئەچێ لە یەکێک، یەکەکە بەڵێ لە سەرەتادا جوانە، بەڵام لە ئاخرا زەمان، کەڕ و کوێر و پیری ئەکا، کە چی کابرا ئەو دڵلێچوونە، کە دڵی لێ چووە هەرماوەتەوە لەگەڵیا و بەڵکوو زیاتریش ئەبێ. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە دڵی لە ماددەکەی چووە و ماددەکەشی تێدا ماوەتەوە، بۆیە دڵلێچوونەکەی ئەمیش ماوەتەوە.

ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە دڵێک کە پەیوەند بوو بە ماددەی شتێکەوە با لە ڕواڵەتدا هەزار تەنگوچەڵەمەشی بەسەردا بێت، ئەو پەیوەندبوونە کە پەیوەند بووە، مومکین نییە لێی ببێتەوە و بنووسێ بە شتێکی ترەوە. دڵێک کە پەیوەند بوو بە ماددەی جوانی ژنێکی تایبەتییەوە با هەزار جار چەرمەسەری کابرا بدەن کە دڵی لێی ببێتەوە و دڵی بچێ لە ماددەی جوانی مانگ، یا گوڵێک، هەر هەست بەو چەرمەسەرییەش ناکا و هەر لای وایە هیچی بەسەر نەهاتووە، وەکوو مناڵێک دڵی ئەچێ لە سێوێک و ڕکی لێ ئەگرێ و ئەیگرێ بە دەستەوە، هەر چەندە لێی ئەدەن سێوەکەی لە دەست نابێتەوە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەوەندە دڵی لەو سێوە چووە هەست بە ئازاری لێدانەکە ناکا، ئەگەر هەستی پێ بکردایە، خێرا سێوەکەی لە دەست ئەبووەوە!.

شتێکی تر سێهەم، هەر یەک جەڕ و مەنگەنەیە و هەر یەک هێزی هەیە، نارنجۆکێکی ئەخەیتە بەر، هەر کە تۆزێ هێزی گەیشتێ ئەتەقێ، کە چی پارچەلۆکەیەک گرتمۆڵکە ئەکەیت و ئەیخەیتە بەری هەر چەند هێزی بخرێتە سەر هیچ وەکوو خۆی ئەمێنێتەوە؛ ئەمە ڕوو لەوە ئەکاتەوە کە شتەکە خۆی ئەبێ قابلیەتی تەقینی ببێ، ئەگەر نەیبێ با هەزار گووشین و کارەساتیش ببێ هەر بە هیچ دەرئەچێ!.

ئەو شاعرانە کە لە دەوری ئەحمەدی خانیدا یا لە پێش ئەودا بوون، یا شکڵپەرست بوون یا ماددە پەرست، ئەوانەیان کە شکڵپەرست بوون هێز و پێزێک لە شعرەکانیانا نییە، وەکوو گەلێ شاعری شکڵپەرستی تری دوای خۆیان. بۆیە هێزی نییە چونکە شعر یان لەبەر ئارەزووپەرستی بۆ شکڵی دیمەنێک وتووە، شعریان لەبەر شعر وتووە نە وەک لەبەر فەن!. ئەوانەشیان کە ماددە پەرست بوون، بەڵێ شعرەکانیان بۆ فەن و هونەرە وەکوو وترا ئەو کە ڕۆحی ئاڵا بە ماددەیەکی تایبەتییەوە، ئیتر هەموو عالەمی لێ ئەبێزرێ، تەنیا ئەو ماددە تایبەتییە نەبێ کە وەکوو تیشکی ڕۆژ لەو تاریکستانییەدا گزنگی بۆ ئەدا، بێجگە لەوە شتێکی تر ناناسێ و نایێ بە دڵیا کە شتێکی ترهەیە. وە لەبەر ئەوەش کە ڕۆحەکەی ئاڵاوە بەو شتەوە ئیتر مومکین نییە دەست لێ هەڵگرتنی.

یەکێکی وەکوو «مەلای جزیری» ڕۆحی پەیوەند بووە بە ماددەی «سەلما»یەکی تایبەتییەوە، کە ماددەی ئەو سەلمایە گزنگێکە لە نووری ماددەیەکی حەقپەرستییەوە، تازە لەومەیدانەدا عەوداڵ بووە، با هەزار کارەساتی تر یا تێوەژەندنی تر ڕوو بدا، دەرچوونی لەو مەیدانە نە بە ئەقڵی خۆیا دێت نە بە ئەقڵی یەکێکی تردا!.

یەکێکی وەکوو ئەحمەدی خانی جارێ شکڵپەرست نەبووە، کە ماددەشی پەرستووە ڕۆحەکەی لەپێش عالەمی لەشەکەیدا ئاڵاوە بە ماددەی میللەت و قەومییەتەوە. کە لەشەکە بوو بە قەفەزی ڕۆحەکەی و کەوتە عالەمی شکڵ و وێنەوە، ئەو سۆزەی عالەمی ئەڕواحەی تازە کردەوە. لەبەر ئەوە قابلیەتێکی ڕاستەوڕاستی تێدا بوو قابلیەتەکەشی پەیوەند بوونی ڕۆحەکەیەتی بەو ماددە تایبەتییەوە کە ئەو جەور و ستەم و کارەساتانەی بینی، وەکوو لافاوی ئاوێکی لێڵ ئەهات بەسەر خۆی و قەومەکەیا، کەوتە ئەو سۆز و گودازەوە کە دەنگەکەی وەکوو دەنگی زرنگەی زەنگ لە گوێچکەی ئەوە بە نەوەی کورددا دەنگ ئەداتەوە!. جا لەبەر ئەم شتانە کە باس کرا ئەحمەدی خانی کەوتە بازاڕی شعر و قاپییەکی دەریای تەبیعەتی بۆ کرایەوە.

بەڵێ «خانی» لە دەورووبەری ١٦٨٣ لە «نەوبەهار» کە فەرهەنگێکی کوردی و عەرەبییە بووەتەوە، بەڵام وا نەبێ ئێجگار ئەمەیان بووبێ کە قەڵەمی نووسەرەکانی لە باری ئەحمەدی خانیدا خستبێتە کار، وە یا نامیلکە شعرییەکەی کە بە ناوی «عقیدە الایمان»ەوە دایناوە و ٧١ شعرە، ناوی ئەوی بەرز کردبێتەوە. بەڵکوو ئەوی زۆر ناڵەی ئەحمەدی خانی بەرز کردووەتەوە داستانە بەناوبانگەکەی «مەم و زین»یەتی، کە وا کارەساتی ئەو داستانە ئاگرێکی کاریگەری لە دڵی خانیدا کردووەتەوە بۆ ئەوە «خانی» برێتە ڕیزی شاعرە هەرە گەورەکانی عالەمەوە لە دوو شتدا: لە باری چیرۆکدا، لە باری نیشتمانیدا. سەرچاوەی ئەم داستانە لە دەورووبەری ١٣٥٠ی میلادیدا «امیر زین الدین» ناوێکی کورد هەبوو کە دوور نییە شوێنی دانیشتنی لە دەورووبەری خەلیجی ئەسکەندەروونە بووبێت و فەرمانڕەوایی بەسەر هەموو وڵاتی بۆتانا کردبێت دووکچی پەری ئامێزی هەبووە، یەکی «ستی»، یەکی «زین» دوو پەریزادی وڵاتی بۆتان، یا جووتە فریشتەی خاکی کوردان بوون، یەکی لە سەر دارەکانی ئەمیر زەینەددین، «ئەسکەندەر» ناوێک بووە، ئەم ئەسکەندەرە سێ کوڕی بووە: «تاژدین، چەکۆ، حیفۆ» ئەمانە هەر یەکی پاڵەوانی مەیدان و شێری بێشەی «بۆتان» بوون. «تاژدین» دەستەبرایەکی دڵسۆزی خەمخۆری ئەبێ «مەم»ی ناو ئەبێ کە لە بنەماڵەیەکی بەرزی وڵاتی «ئالان» ئەبێ مەم و تاژدین شەو و ڕۆژ لە ڕاو و شکارا لە گوند و لە شارا، لە باخچە و کەنارا پێکەوە ئەبن و بەبێ یەک هەڵناکەن.

ڕۆژێ لە ڕۆژان سەری ساڵی نەورۆز ئەبێ، زەوی ڕایەخی سەوزی خۆی ڕائەخا، شاخ و چیا سەرپۆشی بەفر لائەدا، دار و دەوەن گوارەی گۆپکە لە گوێ ئەکەن. دەنگی هاژەی کانی و سەرچاوە ئەبێتە سەمتوور و سازی ئەو ناوە، هەوای فێنکی ئاسمان تێکەڵ ئەبێ بە بای بەری بەیان. میر زەینەددین بە خۆی و بارەگای ئەهلی شارەوە بۆ ئەو سەیرانی جەژنی نەورۆزە ئەچنە دەرەوە. «مەم و تاژدین» لە سەرچاوەیەکدا «ستی» و «زین» یان لەناو پۆلی کەنیشکانا بەرچاو ئەکەوێ، ئاگری عەشقی «تاژدین» لە دڵی «ستی»دا و هی «مەم» لە دڵی «زین» بەر ئەبێ. نەمامی باڵای ستی لە دڵی تاژدیندا و نیگاری ئاڵوواڵای زین لە دڵی مەمدا نەخش ئەگرێ، ماوەیەک بەم جۆرە ئەڕوا، لەپاشا دێنە سەر خوازبێنی دوویار بۆ دوو دڵدار. زەماوەندی «ستی» بۆ «تاژدین» قاپیی خەم بۆ «مەم» ئەکاتەوە. «بەکر مەرگەوڕ» م کە قاپچی بارەگای میر بوو، لێیان ئەبێتە شمڵیشەڕ و ئەکەوێتە کار بۆ ئیشی ناهەموار، «میر و مەم» لەسەر دڵخوازیی ئەو بۆ مەم ئەکەونە شەترەنج، دیسان «بەکر مەرگەوڕ» دەست ئەکاتەوە بە فێڵ و بەفڕ، ئاگری زین لە دڵی مەمدا بڵێسە ئەسێنێ و پەژارەی مەم لە دڵی زیندا پەرە ئەسێنێ. میر لێیان تێئەگا، بە دوو زمانی بەکر مەم ئەکەوێتە گۆشەی زیندانی تاریکەوە، زین لە تاوی مەم ئەکەوێتە باخچەیەکی تاریکەوە. ستی و تاژدین، عارف و چەکۆ ئەکەونە ڕەزم بۆ ڕزگاربوونی مەم. بەکر ئەکەوێتە دوو زمانی. لە ئاخری کارا میر پەشیمان ئەبێتەوە، کە ئەچنە سەروەخت مەمەوە، مەم ئەوا لە عەشقی زینا گیانی کردووە بە گیانبازی و ناردوویە بۆ مەزاری عاشقان، ئەیهێنن بە تەدارکەوە ئەینێژن. زین ئەچێتە سەر گۆڕەکەی و بەسەریا ئەکەوێ، کاتێ کە سەری لێ ئەدەن سەیر ئەکەن گیانی ئەویش پەروازی کردووە بۆلای گیانی مەم! لەشەکەی لەتەنیشت مەمەوە ئەنێژن. تاژدین لە ئاخ و داخی ئەم کارەساتا بەکر مەرگەوڕ لەبەین گۆڕەکەی هەردووکیانا سەر ئەبڕێ، خوێنەکەی ئەبێ بە چقڵێک لەبەینیاندا سەر هەڵەدا، نەیهێشت لە گۆڕەکەشا یەک بگرن!. ئەڵێن ئێستەش هەموو ساڵێ ئەو چقڵە سەر هەڵئەداتەوە!.

ئەم داستانە کە «ئەحمەدی خانی» بە ٢٦٦١ شعر ئەگێڕێتەوە، بەرزتر داستانێکی کوردییە کە تینووانی مەیدانی ئەدەبی و نیشتمانی و چیرۆکی و مەلحەمیی پێ تێراو کردووە و ناوی «ئەحمەدی خانی» لە ڕیزی «هۆمیرووس»ی یۆنانی و «فیردەوس»ی فارسیدا لە لاپەڕەی تاریخی کورددا هێشتووەتەوە. ئەم داستانە لەپێش ئەحمەدی خانیدا دەم بە دەم وەکوو چیرۆکی گوێ ئاگردان لە دیوەخانەکانا بە چیرۆک ئەیانگێڕاوە و قاڵبێکی ڕێکوپێکی نەبووە. نەبوونەکەشی لەبەر ئەو سەرلێشێواوییانە بووە کە کورد هەیبووە وەکوو خانی خۆی باسی ئەکا. ئینجا ئەم هێنای و خستیە ئەم قاڵبەی ئێستەیەوە. ئێمە چەند پارچەیەک لەم شعرانە ئەیخەینە بەرچاو بۆ ئەوە بزانین مێژووی ئەدەبی کوردی چە کەڵکێک لەم ئەدەبەی خانییەوە وەرگرتووە؟ یا ئەحمەدی خانی چە پایەیەکی لە ئەدەبیاتی کوردیدا بووە؟

خانی لەم داستانەدا دوو پەردە پیشان ئەدا: یەکەم پەردەی نیشتمانی و قەمی، دووهەم پەردەی چیرۆکی و قەسەسی. لەسەر ئەم ڕەوشتە هێناویە کتێبەکەی لەسەر ٩٥ باس داناوە. هەر باسێکی کردووە بە بەندێک، هەر بەندێ لە ١٠ شعر کەمتر و لە ٩٧ شعریش زیاتر نییە. سەرەتای باسی بە ستایشی خوا و پێغەمبەر ئەکاتەوە، لێیان ئەپاڕێتەوە و داوای لێبووردنیان لێ ئەکا. چوار بەند هەر لەگەڵ ئەم ستایشانەدا خەریک ئەبێ، لە بەندی پێنجەم و شەشەمدا باسی کورد و بێچارەیییان ئەکا ئەڵێ: لەبەر ئەوە خاوەنێکی ئەدەبییان نەبووە، هەموو داستانی قارەمانی و ڕاز و نیازی ئەدەبییان تیاچووە و نەماوەتەوە، وەکوو گەلێ پیاوی شاسوار و ناوداریشیان هەروەها ڕۆیشتوون بەبێ ناوونیشان بەسەر چوون!. ئەڵێ: کورد ئەگەر خزمەتی ببوایە زمانەکەی وانەبێلە زمانەکانی تر کەمتربێونرخیلەوان هەرزانتر بێ، وەکوو ئەیگێڕێتەوە و ئەڵێ:

ساقی تۆ ژ بۆ خودێ کەرەم کە
یەک جورعەی مەی د جامێ جەم کە
دا جام بە مەی جیهان نما
هەر چەند ئیرادەیە خویا بت
***
قەت مومکینە ئەڤ ژ چەرخ لەولەب
تالیع ببتن ژ بۆ مە کەوکەب
بەختێ مە ژ بۆ مەرا ببت یار
جارەک ببتن ژ خواب هوشیار
ڕابت ژ مە ژێ جیهان پەناهەک
پەیدا ببتن مە پادشاهەک
***
گەر دێ هەبووا مە سەر فەرازەک
ساحێب کەرەمەک سوخەن تەوازەک
نەقدی مە دبوو بە سککە مەسکووک
نە دما وەهە بێ ڕەواج و مەشکووک
***
گەر دێ هەبوا مە پادشاهەک
لایەق بدیا خودێ کولاهەک
***
غاڵب نە دبوو ل سەر مە ئەڤ
ڕووم نە دبوو نە خرابەی د دەستبووم
***
ئەما ژ ئەزەل خودی وسا کر
ئەڤ ڕووم و عەجەم ل سەر مە ڕاکر
نامووسە ل حاکم و ئەمیران
تاوان چییە شاعر و فەقیران؟
***
ئەز مامە د حکمەتی خودێ دا
کرمانج و دەوڵەتا دنێ دا
ئایا بە چە وەجە بوونە مەحرووم
«باالجمله» ژ بۆ چە بوونە مەحکووم؟
***
ئەم ڕووم و عەجەم بووان حەسارن
کرمانج هەمی ل چار کەنارن
هەردوو تەرەفا قەبیلێ کرمانج
بۆ تیرێ قەزا کرینە ئامانج
گۆیا کو ل سەرحەدان کلیدن
هەر تایفە سەددێکن سەدیدن
ئەڤ قولزوم ڕووم و بەحرێ تاجیک
هندێ کۆ بکن خرووج و تەحریک
کرمانج دەبن بە خوون مولەتتەخ
وان ژێک ڤدکەن میسالی بەرزەخ
جوامێری و هیممەت و سەخاوەت
میرێنی و غیرەت و جەلادەت
ئەو خەتمە ژ بۆقەبیلی ئەکراد
وان دانە ب شێر هیممەت و داد
هندێ ژ شجاعەتێ غەیوورن
ئەو چەند ژ میننەتی نەفوورن
ئەڤ غیرەت و ئەڤ عولووێ هیممەت
بۆ مانیعێ حەملێ بارێ میننەت
لەو پێکڤە هەمیشە بێ تفاقن
داییم ب تەمەڕڕود و شقاقن
گەر دێ هەبووا مە ئیتتیفاقەک
ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک
ڕۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمیان ژ مەرا دکر غولامی
تەکمیل دکر، مە دین و دەوڵەت
تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت
تەمیز دبوون ژ هەڤ مەقالات
مومتاز د بوون خودان کەمالات

لێرەدا ئەچێتە سەر بەندی شەشەم پێنج شعر ئەڕوا و ئەڵێ:

دا خەلق نەبێژن کو ئەکراد
بێ مەعری فەتن، بێ ئەسڵ و بونیاد
ئەنواعی میللەل خودان کتێبن
کرمانج تەنێ دبێ حسێبن
***
گەر دێ هەبوویا مە ژی خودانەک
عالی کەرەمەک لەتیفە دانەک
عیلم و هونەر و کەمال و ئیزعان
شعر و غەزەل و کیتاب و دیوان
ئەڤ جینس ببال باوی مەعموول
ئەم نەقد ببا ل نک وی مەقبوول
من دێ عەلەما کەلامێ مەوزوون
عالی بکرا لیان گەردوون
بیناڤە ڕحا «مەلێ جزیری»
پی حەی بکرا «عەلی حەریری»
کەیفێک وە بدا فەقێ تەیران
حەتتا ب ئەبەد ب مایە حەیران
چبکەم کو قەوی کەسادە بازاڕ
نیتن ژ قوماشڕا خریدار
***
کرمانجییە سەرف بێگومانە
زێڕ نینە ببین سپیدمانە
سفرێ مە سۆرە ئاشکارە
زیڤ نینە ببین کو کەم عەیارە
نەقدێ مە مەبێژە کەم بەهایە
بێ سککەیێ شاهـ شەهڕەوایە
گەر دێ ببوا بە زەربێ مەنقووش
نە دما وەهە بێ ڕەواج و مەغشووش
***

پاکژی ئەم شعرانەی خانی ئەڵێ:

مەیگێڕ لەبەر خوا بماندەرێ، یەک قوم بکەرە جامی جەمەوە، بۆ ئەوە تا جامە کە بە مەی هەموو دونیای تیا دیار بێ، هەر شتێک ئێمە ئارەزووی ئەکەین باوابێت. ئینجا باسی ئەوە ئەکات کە بە هۆی ئەم مەیەوە هەموو شتێکی بۆ دەر ئەکەوێ و ئەڵێ:

ئایا ڕێ ئەکەوێ لەم چەرخی دۆڵکەیییەدا ئەستێرەی ئێمە لە بورج سەر بێنێتە دەر؟. بەختی ئێمە ببێ بە یارمان، جارێک ئاخۆ ببێ لە خەو هۆشیار بینەوە؟ هەستێ لەم جیهانەدا بۆ ئێمە پشتیوانێک پەیدا ببێ لە ئێمە یا بۆ ئێمە پادشایەک؟ بۆ ئەوە شیری هونەری ئێمە دەرکەوێ و بزانرێ نرخی قەڵەممان ئاشکرا ببێت و دەردمان دەرمان بکرێت و عیلممان برەوێکی ببێ؟

ئەگەر ببوایە بۆ ئێمە سەرفەرازێک، خاوەنکەرەمێک و نرخی قسەزانێک. نەقدینەی ئێمە ئەبوو بە دراوی سک کە لێدراو، ئەئاوا بەبێ ڕەواج نەئەمایەوە. مەبەستی ئەوەیە کە قسەی جوانی کوردی هەر چەندە بێ خەوش و پاک و پوختە کە چی لەبەر بێ خاوەنی ئاوا بێ ناز ماوەتەوە. ئەگەر ببوایە بۆ ئێمە پادشایەک، ئەگەر ڕەوای بدیایە خوا بۆ ئێمە کڵاوێک مەبەستی تاجی پادشایەتییە واتە: ئەگەر کەسێکی وا لە ئێمە هەڵبکەوتایە تاج و تەختێکی ببوایە و خەمی ئێمەی بخواردایە، زاڵ نەئەبوون بەسەر ئێمەدا ئەم ڕۆمە، نەئەبووینە وێرانەی بەردەستی بایەقوش. وا لات نەئەبووین و نەئەکەوتینە ژێر دەست هەموو کەس. بەڵام هەر لە سەرەتادا خوا وای کردووە، ئەم ڕۆم و عەجەمەی بەسەر ئێمەدا هێناوە. بڵێبن چی زێر دەستەیی ئەوان هەر چەندە نەنگە، بەڵام دەسەڵات لە دەست ئێمەدا نییە، ئەمە شوورەیییە کە بۆ حاکم و ئەمیرەکان، تاوانی شاعر و هەژاران چییە؟. ئینجا دێ بە باسی ئەوەدا کە دونیا وەکوو «بووکە» وەفای نییە و دیسان ئینسان ئەتوانێ بە چاکە و چاکە کردن هەموو شت بێنێتە دەست، لەپاشا ئەڵێ:

من لە حیکمەتی خوا سەرسامم، کرمانج «کورد» لە دەوڵەتی دونیادا، لەبەر چی بێبەش بووە؟ بە کورتی بۆچی بوونە ژێر دەستە؟ لەگەڵ ئەوەشا هەموو ئازا و پاڵەوانن هەر میرێکیان لە سەخا و دەسەڵاتدا ناوبانگی دەرکردووە، کە چی ئەم ڕۆم و عەجەمە بەوانەوە پارێزراون، ئەمان بوون بە پەرژین، کرمانج هەموو کەوتوونەتە چواردەوریان و ئەیانپارێزن. هەر دوو لایان ئەم دوودەستەی کرمانج «کورد»ەیان بۆ تیریقەزا کردووە بە ئامانج. گۆیا ئەمانە لەسەر سنوورەکان بۆیان بوون بە کلیل! هەر تایەفەیەکیان سەددێکی قاییمن بۆیان. ئەم دەریای ڕۆم و تاجیکە «دەریای قەزوین» هەر کە تیاچوون و بزووتنەوە، کرمانج لەناو خوێنا ئەتلێنەوە، لەوێ داوا دەکەن لەشەکانیان وەکوو تەپۆڵکەی لێ بێ. واتە: کورد هەر کە ویستیان تۆزێ ببزوونەوە ئیشێکی وایان بەسەر دێنن کە دەریای ڕۆم و قەزوێن بە خوێنیان سوور ببێ، لەشەکانیشیان لەو شوێنەدا ئەوەندە بکەوێ بەسەر یەکا دریاکان لە یەک جیا بکاتەوە و ببێ بە تەپۆڵکە لە ناوەڕاستیانا!. ئینجا باسی ئازایەتی و جوامێری کورد ئەکا و ئەڵێ:

جوامێری و هیممەت و نانبدەیی، پیاوەتی و ئازایەتی و دڵقاییمی، ئەمانە هەموو بڕاون بە باڵای کورددا، ئەوان داویانە بە شێر هیممەت و داد. هەندێکیان دوورن لە منەت و شاباشی کەس هەڵناگرن، ئەو غیرەت و ئەم بەرزی هیممەتە بوو کە کردیە کارێ نەیەڵێ منەتی کەس هەڵگرن!. بەڵام داخەکەم لەبەر ئەوە کە هەمیشە پێکەوە ناڕێکن، هەموو دەم وا دووبەرەکێ و ناکۆکی ڕووی تێکردوون!. ئەگەر ئێمە هەمانبوایە ڕێکوپێکی و ئیتتیفاقێک، تێکڕا پێکەوە سەرمان بۆیەکێک دابنەوانایەت، ڕۆم و عەرەب و عەجەم گشتیان، بە هەمووانەوە ئەبوون بە ڕخوڵانی ئێمە؛ ئیتر پێکەوە ئایین و دەوڵەتمان ئەبوو، هەروەها عیلم و حیکمەتمان دەست ئەکەوت، دیار ئەبووین لەناو حەو ئیقلیمدا، سەر بەدەرەوە و خاوەن هۆش و بیر ئەبووین.

کە چووە سەر بەندی شەشەم باسی ئەوە ئەکا ئەڵێ: «خانی» بۆیە ئەم داستانەی وا هۆنییەوە و خستیە سەر دوڕڕ و گەوهەری زمانی کوردی تا وەکوو مەردم نەڵێن کە: کورد هیچ نازانن و بنچینە و بناغەیەکیان نییە. دیسان تا وەکوو نەڵێن: هەموو قەومێ خاوەن کتێبن، کرمانجی تەنیا نەبێ حیسابێکیان نییە!. ئینجا ئەڵێ: مەردم ئەڵێن: کورد «کرمانج» عیشقێکیان بۆ خۆیان نەبووە و هیچ شتێکیان نەکردووە بە ئامانج و هەروا بە خۆڕایی سووڕاونەتەوە. بەڵێ، ئەمە ئەڵێن، بەڵام وا نەبێ وا بن، وا نەبێ بێ عیلم و عیشق و بێ کەماڵ بن، ئەوەندە هەیە بێ خاوەنن بۆیە وا بەم جۆرە بەرچاو ئەکەون. ئەگەر ببوایە بۆ ئێمە خاوەنێک، پایە بەرزێک، قەدر شناسێک، عیلم و هونەر و کەماڵ و بڕوا، شعر و غەزەڵ و کتێبی دیوانی شعر، ئەمانە هەموو لەلای ئەو باو بوایە، ئەم نەقدینانە لەلای ئەو ڕەواجی ببوایە، چاودێری عالمە قسەزانەکانی بکردایە، پایەیانی بەرز بکردایەتەوە بۆ سەر گەردوون، بیهێنایەتەوە گیان «ڕۆح»ی مەلای جزیری، ناوی عەلی حەریری پێ زیندوو بکردایەتەوە، سۆزێکی بدایە بە فەقێ تەیران، سۆزێکی وا هەتا دونیا دونیا بوایە سەرسام بوایە، بڵێم چی خۆ کەسێکی وا نەبوو وا بکات؟ کە مادام نەبوو:

چی بکەم ئەوا بەم جۆرە بێ بازاڕییە، هیچ کاڵایەک خڕیداری نییە. ئینجا لێرەدا بە بێ بازاڕی هونەر و جەوهەردا ئەڕوا و باسی ئەوە ئەکا کە بە جۆرێکی تێکڕایی لەم دەورەدا عیلم و جەوهەر باوی نییە و پووڵ و پارە شوێن هەموو شتێکی گرتووەتەوە و هەموو چاکەیەکی لە فیکر بردووەتەوە، سەرەڕای ئەمەش:

وا مەزانن نەختینەی ئێمە بێ نەرخە، بەڵکوو بەبێ سکەی پادشاهیش هەر لە برەودوایە. بەڵام ئەوەندە هەیە ئەگەر بهاتایە ئەم نەختینەی ئێمەیە نەخشی لەسەر بوایە، ئاوا بەم جۆرە ناڕەوا و پڕ خەوش نەئەبوو!.

لەپاشا باسی ئەوە ئەکا کە ئەمانە هەموو بێبەختین بۆیە وانە؛ ئەگەر بەخت لەگەڵ ئێمەدا یار بوایە، وامان بەسەر نەئەهات. ئینجا باسەکە ئەبڕێنێتەوە و ئەچێتە سەر بەندی حەوتەم کە سەرەتای داستانە چیرۆکییەکەیە و لەوێوە دەست پێ ئەکا بناغەی داستانی دڵخوازی بە شعری تەڕ و تازە دائەمەزرێنێ و قەڵەمی بەلاغەت ئەخاتە کار تا ئەگاتە بەندی ٢٢ کە بنچینەی شادیکردنی «ستی» و «تاژدین» ئەبێ، لەوێ باسی ڕێکەوتنی «میر زەینەدین» و «تاژدین» ئەکا و ستایشی ئەو بارەگایە ئەکا کە چۆن بۆ ئەم ئاهەنگە ڕازێنراوەتەوە و ئەڵێ:

کێشا وی ب مەجلیسا خۆ خوانەک
گۆیا کرە فەرش ئاسمانەک
قورسێ مەهـ و میهرێ ئاسمانی
ئینان تە دەگو بجای نانی
ئەڤ لەنگەریێ د زیڤ و زێڕین
شبهەت فەلەکێ د ژۆر ژێرین
هەر سەحنێ مەزن میسالێ بورجەک
سەرپۆش ل سەر ژرەنگ دورجەک
هەر تەبسی و کاسەیێک د فەغفوور
یەک ئەختەری پڕ «ضیا» یێ پڕ نوور
جەدی و حەمەلێ د ئاسمانی
بریان و کەبابێ میهمانی
هەر کاسە و تەبسیک یەک ئەنبار
سوور شار شەبیهێ نەفسێ ئەممار
ئەنواعێ تەعام چەرب و شیرین
ئەلوانێ غەزا و نوقڵێ ڕەنگین
ڤان مەشرەبە و ئەیاغێ چینی
دەوران دکرن ب نازەنینی
سەیارە سیفەت بکەت وە سەیران
هەرچی کو ددی دمایی حەیران
نارنج و تورنج و نار و لیمۆ
نەوباوەیێ شاخسارێ مینۆ
ڤانیز و نەبات و قەند و شەککەر
ماوەرد و زەباد و میسک و عەنبەر

خانی ئەیەوێ ئەو باسە بکا کە بڵێ میر زەینەدین:

ڕای کێشابووە دیوەخانی خۆی خوانێک، خوانێکی وا گۆیا ئاسمانی کردبوو بە ڕایەخ. پارچەی مانگ و ڕۆژی ئاسمان، ئەمانە تۆ ئەتوت لە شوێن نان دایاننابوون! ئەم لەنگەرییە زیو و زێڕانە، وەکوو چەرخی فەلەکی خوارەوە لەسەرەوە ئەیاننواند!. مەعناکەی پێچەوانەیە و بەلاغەتێکی عیلمیبەیانی تێدایە، ئەمە وەکوو «ابوحنیفە کأبی یوسف» وایە. هەر کاسەیەکی گەورە وەکوو بورجێک وابوو، سەرپۆشیان لەسەر بوو بە ڕەنگی دەستە بوخچە، وە یا فوتووی عەتری کچان. هەر سینی و کاسەیەکی فەغفووری، وەکوو ئەستێرەی تیشکدار و بریسکەدار. کارژۆلە و بەرخی ئاسمان- مەبەست بە کارژۆلە و بەرخ ئەوەڵ مانگی زستان و ئەوەڵ مانگی بەهارە، «جەدی» و «حەمەل» ناوی ئەو دوو مانگەیە و لە تافەتی نوواندوە بووبوون بە کەبابی و بریانی میوان!. هەر کاسە و قاوەسینییەک یەک عەنبار بوو، دیمەنیان ئەوەندە جوان بوو وەکوو نەفسی پیس واتە: چۆن نەفسی خراپە پیاو هەڵەخڵەتێنێ و بایی ئەکا، ئەوانەش بەو جۆرە پیاویان بایی ئەکرد بۆ ئەوە پەلاماریان بدا. سوور «دیمەن، شار»: جوانی و مەنزەرەی جوان، هەموو جۆرە خواردنێکی چەور و شیرین، ڕەنگاوڕەنگ قاوەڵتی و نوقڵی ڕەنگین، ئەو پەرداغ و کاسە چینییانە، ئەگێڕران بە جوانی و نازەنینی، وەکوو ئەستێرەی گەڕۆک کەوتبوونە گەڕان، هەر کەسێ کە ئەیبینی سەرسام ئەما. نارنج و تورنج و هەنار و لیمۆ تازە پێگەیشتووی باخی چیاکان. «ڤانیز» جۆرە نوقڵێکە و نەبات و قەند و شەکەر، گوڵاو و عەتر و میسک و عەنبەر.

بەم جۆرە باسی ئەو شایی و دیوەخانی شایی و بانگێشتنی زەماوەند ئەکا کە قەڵەم لە باسیا کۆڵە و مەگەر هەر شاعرێکی وەکوو ئەحمەدی خانی بتوانێ کورەی مانگ و ڕۆژ تەشبیهـ بکا بە خڕ نان و باسی دەوری و بایەی زێڕ و زیو بکا و خواردنیان تیا بێ و سەریان داپۆشرا بێ و بیانکا بە سەندووقچەی بچکۆلەی کچان کە عەتری تێ ئەخەن و سەری دائەخەن!. مەگەر هەر ئەو بتوانێ جەدی وحەمەل کە دوو بورجن و ناوی کارژۆلە و بەرخیشن، بیانکا بە کەباب و بوریانیی ئەم زەماوەندە و گڵاس و تۆنگەی بلوورین بگێڕێت و ئاوی سافیان تیایا بدرەوشێتەوە و هەموو جۆرە میوەیەک ئامادە بکا و بە هەموو جۆرە بۆنخۆشییەک دیوەخان گوڵاوپاشی بکا. لەپاش ئەمانە پێوە ئەڕوا تا ئەگاتە بەندی ٢٩ کە ڕاز و نیازی «مەم»ە لەگەڵ «مۆم» و ئەڵێ:

[١] مەم شەمع دکر ژ بۆ خۆ دەمساز
کەی هەمسەر و هەمنشین و هەمڕاز
[٢] هەر چەندی بسوهتنی وەکی من
ئەما نە بە گوهتنی وەکی من
[٣] گەر شبهەتێ من تە ژی بگو هتا
دێ من بە خۆ دڵ قەوی نسوهتا
[٤] دەردی من و تە ژیک ب فەرقە
ئەو فەرق ژ غەرب تا ب شەرقە
[٥] مەشریق تڤی ئاگرێ تە زاهر
مەغریب ئەز و باتنێ من ئاگر
[٦] دائیم د سژت مە ڕشتەیی جان
تە ناسژتن ب غەیری ئەزمان
[٧] پەهتی من ل سەر د دڵ پەڕنگە
جانی مە د گەل پرنگی جەنگە
[٨] شەوقەک تە ل سەر سەری دیارە
سەودایێکە سەرسەری دیارە
[٩] ئەو شەوق ژ بۆ تە ڕا زبانە
ئەڤ پەهەت ژ بۆ مە ڕاز یانە
[١٠] پەهتا ژ دڵی مە داییە سەر سەر
حوکمێ د کەتن ل بای سەڕسەڕ
[١١] هەرچەندێ ب شەڤ دمینی بێدار
سبحان دنڤی حەتا ڤە ئێڤار
[١٢] ئێڤار و سەحەر ب ڕۆژ ئەگەر شەڤ
ئەز هەر د سژم وە سا ل سەر هەڤ
[١٣] گەهـ گاهـ ژ دەست دڵێ بریندار
ناچار د بوو ژ جان بێزار

واتە:

[١] مەم ڕووی ئەکردە مۆم و بۆ خۆی ئەیکرد بە هاودەم، ئەیوت ئەی هاوسەر و هاونشین و هاوڕاز.

[٢] هەر چەند بە سووتان وەکوو منیت، بەڵام بە وتن و قسە کردن وەکوو من نیت.

[٣] ئەگەر وەکوو من تۆیش بهاتیایە وتن، ئیتر مندڵم بۆ خۆم نەئەسووتا.

[٤] دەردی من و تۆ لە یەک جیایە، ئەو جیاوازییەی بەینیان لە ڕۆژاوایەوە تا ڕۆژەڵات.

[٥] ڕۆژەڵات تۆیت و ئاگرەکەت دیارە، ڕۆژاوا منم و دەروونم ئاگرە.

[٦] هەموو دەم ئێمە ئەسووتێین، کە ئەشسیووتێین ڕشتەی گیانمان ئەسووتێ. تۆ ناسووتیت تەنیا زمانت نەبێ.

[٧] ڕووناکی و شەوقی لەسەر دڵ ژیلەمۆیە، گیانی ئێمە لەگەڵ ئەو ژیلەمۆیە لە جەنگدایە.

[٨] ڕووناکییەک تۆ لەسەر سەرتەوە دیارە، سەودایەکی ڕواڵەتی ساویلکەیییە دیارە.

[٩] ئەو ڕووناکی و شۆڵەیە بۆ تۆ زمانە، ئەم ڕووناکییە بۆ من زیانە.

[١٠] شۆڵە لە دڵی ئێمەدا کەوتە سەرەوە و دای لەسەر، فەرمان ئەکا بە بای سەڕسەڕ کە خۆشتری کا.

[١١] هەر چەندە بە شەو بە ئاگاداری ئەمێنێت، بەڵام ئێواران ئەنویت هەتا ئێوارە.

[١٢] ئێوارە و بەیانی، ڕۆژە ئەگەر شەو، من هەر ئەسووتێم بەو جۆرە لەسەریەک.

[١٣] هەندێ جار لە دەستی دڵی بریندار ناچار ئەبم و بێزار ئەبم لە گیان!.

 

سەیر ئەکەیت بە چە جۆرە فیکرەیەکەوە هاتووەتە ناوەوە و چۆن ئەم گلەیی و بناشتیی بەینی مەم و شەمە دەرئەبڕێ؟ وە چۆن بە شعری تەڕ و تازە هەستێکی دڵبرینداری مەم باس ئەکا؟.

ئەمانە چەند پەردەیە بوون لە شعری ئەحمەدی خانی لە داستانی «مەم و زین» دا. مێژووی ئەدەبی کوردی لە بابەت وشەوە قسە لەم شعرانەوە ناکا، چونکە زۆرتر لە وشەکانی وشەی زمانێکی غەیری کوردییە و بەرانبەر بە ئەدەبی ساغی کوردی، وە نەبێ نرخێکی وای ببێ، بەڵام لە لایەن مەعنا و شعووری شاعرەوە ئەتوانین لێی بدوێین و شعووری شاعرمان بۆ دەرکەوێ:

ئەم شعرانە وا بە ئێمە پیشان ئەدەن کە ئەحمەدی خانی بەرزتر شاعرێکی کوردە لە هەموو ئەم چەرخانەدا کە هاتووە، لەوەدا کە هەست و شعووری قەومییەتی کردووە لەو دەورە تاریکەدا. لەوەدا کە باری چیرۆکی ڕازی قەومی کردووە بە ڕێچکەی ئەدەبی کوردی. لە هەر دوو ئەم ڕێگەیەدا پێشەنگی کاروان بووە و پێشڕەوی هەموو شاعرانی کورد بووە، بەتایبەتی ئیمڕۆژ کە نرخی چیرۆک ئەزانرێ!. ئەحمەدی خانی بە پێی ئەو زرووفی شوێن و وەختە کە کوردی تێدا بووە، وە بە پێی ئەو پەردەی عەقڵییەتە کە لەسەریانا بووە، ناتوانین بڵێین کەمتر بووە لە «هۆمیرووسی» یۆنانی خاوەنی «ئەزیسە و ئوزیسە». جا لەبەر ئەمە ئەحمەدی خانی بە خۆی و «مەم و زین»یەوە ئەستێرەیەکی هەرە گەشی زۆر بەرزە لە ئاسمانی ئەدەب و ئەدەبیاتی کوردەوە و نامووسی تەبیعی هێشتوویەتەوە.

ئەوەی من ئاگام بەسەریا بێت ئەم «مەم و زین»ە لە ساڵی ١٣٣٧هـ (١٩١٩م)، بۆ جاری یەکەم بەم تیپانە لە «ئەستەمۆڵ» چاپ کراوە. لە ساڵی ١٣٦٥هـ (١٩٤٧م)، بۆ جاری دووەم لەسەر حیسابی «بەشیر شێخ حەسەن هاشمی» لە چاپخانەی «ئاراس» لە «حەڵەب» چاپ کراوەتەوە. هەروەها لە لایەن «پیرەمێرد» یشەوە کراوە بە شکڵی ڕیوایەت و هەر چەندە مێژووی چاپی نەنووسیوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٥ لە چاپخانەی «ژین» لە سولەیمانی لە چاپی داوە.

لە ئەورووپایییەکانیش ئەوانەی شەرحیان لێ کردووە: یەکەم: ڕۆژەڵاتیناس «ئی سوسان» لە ساڵی ١٨٩٠. دوویەم: «فون لۆکوک» لە ١٩٣٠. سێیەم: «ئوسکار مان» لە «٩-١٩٠٦». چوارەم: «هۆگوماکس» لە ١٩٢٦. لە ١٩٣٦ یشدا کۆمەڵەیەک لە شەرح و شعری مەم و زین لە «ئەریڤان» دەرچووە. لە ١٩٤٢دا ڕۆژەڵاتیناسی فەرەنسزی «ڕۆجەرلیسکو» بە زمانی فەرەنسزی شەرحێکی لێ کردووە و لەژێر ناوی «چیرۆکی مەم و زین هی خاوەنەکەی ئەحمەدی خانی» لە چاپخانەی بەیرووت لە چاپی داوە.