مەلای جزیری

(١٤٠٧-١٤٨١)
از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 40 دقیقه  5689 مشاهده

گەوهەرێکی شەوچرا لە سەراوەردی شاخەکانی بەندەنی بەرزی «بۆتان»ەوە، سەمەندەرێکی بێپەروا لە بەراوەردی خانەکانی عەشقەوە و دوور لە سووتانەوە. شێخێ کە پیری بە بیری بەرزی پەری بووبێ هەر ئەو بووە، پیرێ کە شێخی لەبیری چاوی شۆخیگەری بووبێ هەر ئەو بووە، نموونەیەکی بەڕاستی لە لالەزاری غەرامیاتدا کە ئاوازی دەنگەکەی بولبولی چەمەن بێنێتە جۆش، عاشقێکی سەربەستی لە بارەگای مەهوەشانا کە سەمتووری شعرەکەی دڵ و دەماری یاران بێنێتە خرۆش. پێغەمبەری سەر دەفتەری شعری تەڕی غەرامی لە خاکی پاکی بۆتان، دڵ زیندووی بیندرێژی پەلهاوێژی دەریای تەسەووف لە مەرزی بەرزی کوردان، فیکری ئاوێنەیەکی بێگەردە بۆ سۆفییانی خواپەرست، هەستی شاوێنەیەکی سەر هەردە بۆ فەیلەسووفانی حەقپەرست.

بولبولی سەرچڵی ئەم داستانە ناوی «شێخ ئەحمەد و کوڕی شێخ مەحموود»ە، لە «جزیرا بۆتان» یا «گزرتا دوو قردو» هاتووەتە دونیاوە و هەر لەوێش مردووە. لاپەڕەی ژیانی «شێخ ئەحمەدی جزیری» زۆر تاریکە، پێویستە بە لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەیەکی دوور و درێژ. جا لەبەر ئەوە ئێمە لە پێشا دێنین ئەو قسانە کە لەبارەی هاتنەدونیای شێخەوە وتراوە، ئەیانهێنین و لێکیان ئەدەین، لەپاشا باوەڕی خۆیشمان دەرئەبڕین، لام وایە ڕەنگبێ ئەو وەختە ئەو پەردە تاریکە هەڵبدرێتەوە و دیمەنێکی ڕووناک بکەوێتە بەرچاو.

لە «القضبة الکردیة»ی دوکتۆر «بلچ شێرکۆ»دا ئەڵێ: «مەلای جزیری ناوی شێخ ئەحمەدە و خەڵکی «بۆتان»ە. لە ١١٦٠ی میلادی هەر لە جزیری بۆتان مردووە. شعرێکی زۆری هەر لە غەزەل، ئیلاهیات و تەسەووف هەیە». لە تاریخی کورد و کوردستان و مەشاهیری کوردی ئەمین زەکی بەگدا ئەڵێ: «مەلای جزیری ناوی شێخ ئەحمەدە و لە جەزیرەی «ئیبنو عومەر» لە نیوەی دوایی سەدەی شەشەمی هیجری لە دەوری «عمادالدین» حاکمی مووسڵدا ژیاوە». هەر وەها ئەڵێ لەپاش «جامی» هاتووەتە دونیاوە و دیوانەکەی خۆی بە دیاری ناردووە بۆ «خانی خانان» کە لە «تەورێزدا بووە». دیسان هەر لە مەشاهیردا قسەیەکی مامۆستا موحەممەد عەلی عەونی هەیە بە سەر شوێنەکەوە ئەڵێ: جزیری کە باسی شعری «سەعدی» و «جامی» و «حافظ»ی کردووە، ئەمە هی ئەو نییە و خراونەتە دیوانەکەیەوە!». ڕۆژەڵاتیناسی ڕووسی «مسیوئوگست یابا» لە کتێبەکەیا «قسە لە کوردەوە» ئەڵێ: مەلای جزیری خەڵکی جەزیرەی ئیبنوعومەرە، لە ساڵانی «٥٤٠-٥٥٦»ه لە دەوری عیمادەددین زەنگیدا ژیاوە». ڕۆژەڵاتیناسی ئەڵمانی «فون هارثمان» کە لە ١٩٠٤دا دیوانەکەی لە بەرلین چاپ کردووە و خۆی سەرەتاکەی بۆ داناوە بە ئەڵمانی، وە وێنەیەکی شێخیشی خستووەتە پاڵی وا دەرئەکەوێ باوەڕی هەر وەکوو باوەڕی ئەوانی ترە.

لە بابەت «مەلای جزیری»یەوە ئەم بەڵگانە هەیە، وە هەر کەس قسەیەکی لێوە کردووە؛ ئەمێنێتەوە سەر ئەوە کە ئێمە لەمانە بکۆڵینەوە بزانین ئەگەینە کوێ؟ وە ئەم تاریخانە بە چی دەرئەچین؟.

جارێ مەلا لە شعرێکی خۆیدا ئەڵێ:

گەر لوئلوئی مەنسوور ژ نەزمێ تە دەخوازی
وەر شعری ملێ بن تە بە شیراز چە حاجەت؟

ئەمە لێرەدا مەلا باسی ئەوە ئەکا ئەڵێ: «ئەگەر شعری نایابی غەرامیاتی من ببێ، تۆ چیت داوە لەوە کە بچیتە شیراز بە شوێن شعری حافزدا بسووڕێیتەوە!». ئەگەر تەماشای دەوری حافز بکەین ئەبینین ئەم شاعیرە لە ئاخروئۆخری دەوری پادشایەتی «سوڵتان ئەبووسەعید»ی کوڕی «سوڵتان موحەممەدی خودابەندە» کە لە بنەماڵەی «هۆلاکۆ» بوو- وە لە جۆشی پادشایەتی «ئیلکانی»یەکانا ژیاوە و لە ٧٩٤ هـ (١٣٩١ م) مردووە. لە دەوری ئەمدا بنەماڵەی عەباسییەکان لەملاوە لە بەغدا دەمێ بوو دوایی هاتبوو، چونکە ئەو لە ٦٥٦ هـ (١٢٥٧ م) بە دەست هۆلاکۆ بڕا بووەوە. لەولاشەوە دەوری «سوڵتان موحەممەد فاتیح»ی دیوە کە لە ٨٥٧ هـ (١٤٥٢ م) شاری «قسطنطنیە»ی گرت. ئێمە کە سەیری مردنی مەلای جزیری و حافزی شیرازی بکەین، بەپێی ئەو قسانە کە ئەوان وتوویانە مەلا لە ١١٦٠ م، مردبێت و حافز لە ١٣٩١ م، تەماشا ئەکەین مەلا ٢٣١ ساڵ لەپێش حافز مردووە، کە چی لەولاشەوە لە شعرەکانیا باسی حافزت بۆ ئەکا!. کە وا بوو شک لەوەدا نەمایەوە تاریخی ١١٦٠ ڕاست نەبووە و ئەبێ مەلا پاش حافز کەوتبێت، نەوەک هەر پاش کەوتن، بەلانیکەمەوە ئەبێ ٣٠ ساڵێک بەینیان بووبێ، چونکە تا حافز لەو دەورەدا شعری لە شیراز وتبێت و ئەم شعرانە گەیشتبێتە کوردەواری و هەموو کەس لێی تێ گەیشتبێت بە جۆرێکی وەها کە ناوی «حافظ»ی بڵاو کردبێتەوە، کەمتر لە سی ساڵی ناوێ! ماوەتەوە سەر ئەوە کە تۆ بڵێیت: بەڵکوو ئەو شعرەی شیرازییە کە مەلا ئەیڵێت، حافز نەبێت و شاعرێکی تری شیرازی بووبێت!. لە وڵامی ئەمەدا ئەڵێین: نە ئێستە ونە ئەو دەورەیە شعری هیچ شاعرێکی غەرامی شیرازی لە کوردەواریدا بڵاو نەبووەتەوە و نەزانراوە. تاقە شاعیرێکی شیرازی کە ناوی لە کوردەواریدا بووبێت هەر حافز بووە. ئەگەر «سەعدی» ش بێ، ئەویش هەر دیارە پێشتر کەوتووە، چونکە ئەو لە دەوری ئەتابەکەکانا وەکوو «سەعدی زەنگی» و «ئەبووبەکر»ی کوڕیدا ژیاوە، کە لە ٦٥٦ هـ (١٢٥٧ میلادی)دا بووە، هەر گەلێ پێش مەلا کەوتووە. ئینجا «جامی»، جارێ بێجگە لە قسەی مەلا خۆی، جامی کە ٨١٧ هـ (١٤١٣ م)، هاتووەتە دونیاوە، لە «٨٧٧ هـ ١٤٧٢ م»، لە ڕێگەی کوردەوارییەوە بەسەر «هەولێر»دا چووە بۆ حەج، وە لە ٨٩٨ هـ (١٤٩٢ م)، مردووە. لە کاروانی حەجەکەیدا لەو کاتەدا کە بە کوردەواریدا تێ پەڕیوە، لە باسی شعر و ئەدەبدا ئەڵێ:

پیرمردی بدیده‌ام ز جزیر
نیمە مردی بدیده‌ام ز حریر

ساغ بووەتەوە ئەم پیرەمێردە کە ئەو چاوی پێکەوتووە «مەلای جزیری» بووە، جا ئایا مەلا چووبێتە سەر ڕێگەی ئەو یا ئەو چووبێتە جزیر، ئەمە تۆزێ ونە، - هەر چەندە ئەوە زۆرتر ئەچێتە دڵەوە کە جامی چووبێتە جزیر - پیرەمێردەکەش «عەلی جەریری» بووە. جارێ ئەم شعرەی جامی کە لە ١٤٧٢دا بووبێت و مردنی مەل - وەکوو سەرچاوەکان ئەیڵێن - ١١٦٠ی م، بووبێت، ٣١٢ ساڵ بەینیە! واتە ٣١٢ ساڵ مەلا پێش جامی کەوتووە!. دەی ئەگەر ئەوەندە ساڵ ئەم پێشکەوتبێ جامی چۆن ئەڵێ پیاوێکی وام چاوپێکەوت؟!. کە وا بێ ئەبێ مەلا لە دەوری جامیدا بووبێت و بەلانیکەمیشەوە «٦٠ - ٧٠» ساڵێک عومری بووبێت، بۆیە جامی ناوی بە پیرەمێرد بردووە. زۆرتر لە ڕەوشتی زمانی فارسی و کوردیدا پیاو کەمتر لەم تەمەنە پێی ناڵێن پیرەمێرد، وە ژنیش لە «٥٠ - ٦٠» ساڵ کەمتر پێی ناڵێن پێرێژن. ماوەتەوە سەر ئەوە لە «مشاهیر الاکراد»دا ئەڵێ: «مەلا دیوانەکەی بە دیاری ناردووە بۆ خانی خانان کە لە تەورێز دانیشتووە». ئەم باوەڕەی لەوەوە وەرگرتووە کە مەلا دوو بڕە شعری هەیە، یەکێکیان سەرەتاکەی:

«ئەی شەهنشاهی موعەززەم حەق نگەهداری تە بی
سوورەی «اِنّا فَتَحناعربی» دەور ماداری تە بی»یە

وە ئەوی تریشیان:

«خان خانان لامع نەجما تە هەر پڕ نوور بی
کەشتییا بەختی تە ژێ بایێ موخالیف دوور بی»یە

وای بۆ دەرکەوتووە، چونکە مەلا ناوی خانی خانانی هێناوە، «خانی خانان» حاکمێک بووە لە تەورێز دانیشتووە. بەڵام من لەم فیکرەیە دوورم، جارێ ئەم خانی خانانە ئەگەر بووبێت، گەلێ گەلێ پێش مەلا کەوتووە و لە دەوری عیمادەددین زەنگی دابووە، مەلا بە ١٥٠ ساڵێک لەپاش ئەو هاتووەتە دونیاوە. دووهەم: ئەمە شەرت نییە هەر خانی خانانی وت ئیتر ئەو پادشای تەورێزە بێت. خانی خانان، ناوێک بووە لە شاعیرەکان داویانە بە پادشاکان، بەتایبەتی خانی خانان بۆ تورکەکانی عوسمانی بەکارهێنراوە. کە وا بوو من لام وایە بەپێی عادات و تەقالید ئەو بڕە شعرە کە سەرەتاکەی «ئەی شەهنشاهی موعەززەم حەق نگەهداری تە بی... هتد» مەبەستی پێی «سوڵتان حوسەین بایەقر»ە کە ئاخر خانەدانی تەیموورییەکان و ئەمانە لە ئێران لە «٨٠٧ هـ ١٤٠٣ م» تا «٩١٢ هـ ١٥٠٦ م»، پادشایەتییان کردووە، وە شەهنشا چە لەو دەورە و چە لە دوای ئەوەش لەبەر عەنعەناتی کۆن هەر بۆ پادشاکانی ئێران وتراوە... وە ئەو بڕە شعرەشی کە سەرەتاکەی «خان خانان لامع نەجما تە هەر پڕ نوور بی... هتد» یا بەرانبەر بە «سوڵتان موحەممەد فاتیح»ی عوسمانی دایناوە کە لە «٨٥٥ هـ ١٤٥٠ م» تا «٨٦٦ هـ ١٤٨١ م»، ئیدارەیەکی بەرزی حکوومەتی عوسمانی کرد. وەیا بۆ «سوڵتان بایەزید خان»ی دووهەم کە لە «٨٦٦ هـ ١٤٨١ م» تا «٩١٢ هـ ١٥٠٦ م»، ئیش و کاری هەڵسووڕاندووە. لە شێوەی شعرەکان وا دەرئەکەوێ کە پیرۆزبایی بێ بۆ یەکێک تازە لەسەر تەخت دانیشتبێت، کە وا بوو ئەبێ هەر بایەزید خان بووبێت. ئەمەش ئینکار ناکرێت کە پادشاکانی عوسمانی هەموو ناوی «خان» یان بووە. وە ئەگەر دابنێین بڵێین هەر ئەو ساڵەش مردووە، ٧٥ ساڵێک عومری بووە. لێرەدا شەرت نییە کە ئەم بڕە شعرە بۆ سوڵتانی عوسمانییەکان وتبێت، بەڵام ئەوەندە ئاشکرایە کە لە بەین ئەوان و تەیموورییەکانا دەرنەچووە. هەرلایەکیان بووبێت، مەلا ٧٥ ساڵێ ژیاوە. کە وا بوو مەلا بە جۆرێکی تەقریبی دوور نییە لە «٨١١ هـ ١٤٠٧یم»، هاتبێتە دونیا و وە لە «٨٦٦ هـ ١٤٨١یم»، مردبێت. ئەمە و شتێکی تریش: ناوی وشەی «مەلا» لە تاریخی «١١٦٠ی میلادی» و گەلێ دوای ئەوەش لە وڵاتی ئیسلامیدا هەر نەبووە، ئەم وشەیە لە لایەن «مەغوول»ەکانەوە کەوتە ئەموڵاتە. لە پەلامارەکەی «چەنگیز خان»ەوە بۆ «بوخارا» کە لە «١٢١٧ی م»دا بوو. تا گەیشتە پادشایەتی «ئەبوو سەعید» لە ١٣٣٥م ئیتردوایی هات، لە ماوەی ئەم ١١٨ ساڵەدا وشەی مەلا لە وڵاتەکانی عوسمانیدا - زیاتر لە غەیری عەرەبستاندا - بڵاو بووەوەوە، ئەویش لەبەر ئەوە بوو کە مەغوولەکان بە سەرۆکە ئایینییەکانیان ئەوت «لاما». ئەم وشەیە دەستکاری کرا و بوو بە «مەلا» و لە وڵاتی ئیسلامدا هەر بۆ سەرۆکی ئایینی بەکارهێنرا. تەنانەت ئێستەیش لە چین و لەناو بۆزییەکانا هەر بە سەرۆکی ئایینی خۆیان ئەڵێن «لاما». دەی ئەگەر «مەلای جزیری» لە ١١٦٠دا بووبێت ناوی «مەلا»ی لە کوێ هێناوە؟ کە ئەو وەختە ئەم وشەیە لە ئیسلامدا نەبووە!. ئەبێ ئەوەش بزانین کە وشەی مەلا عەرەبی نییە و ئەو مەعنایە کە لە عەرەبیدا بۆی لێ ئەدەنەوە هەمووی هەڵەیە!. بۆ ئەوەش کە هەندێ کەس ئەڵێن: «ئەو شعرانە کە لەبارەی سەعدی و حافز و جامیدا لە دیوانەکەی مەلادا هەیە، ئەوە نووسەر خستوویەتە ناوەوە!»، من لام وایە ئەگەر کەسێک زەوقی ئەدەبیب بێ و بێنێ ئەو شعرانە و شعرەکانی تری مەلا بخوێنێتەوە زۆر چاک بۆی دەرئەکەوێ کە ئەو شعرانە لە دەم مەلاوە دەرچووە و بەشی کەسی تری پێوە نییە.

یەکەم شتێک کە پشتی ئەدەبیات و مێژوو و پیاوانی عیلمی کوردی شکاندبێت نەنووسینیان بووە؛ ئەوە بووە هەرکەسە هاتووە بە هەر جۆر ژیانی ڕابوواردبێ کە مردووە ژیان و ناوەکەشی لەگەڵ گۆڕ بردووەتە گۆڕەوە. سا ئەگەر ناوونیشانێک لە یەکێک بەجێ مابێ هەر ئەوە بووە دەم بە دەم گێڕاویانەتەوە، لەمە زیاتر بەڵگەیەکی تر بە دەستەوە نەبووە. جا ئێمەیش لە بابەت ژیانی مەلای جزیرییەوە تا ئەم شوێنە براوردێک بوو کە لە کون و قوژبنی مێژووی ترەوە وەرمانگرت؛ لە ئێستە بە دواوە بۆ چۆنیەتی ئەو ژیانە کە ڕایبوواردووە لەپاش کۆششێکی زۆر بە دەماودەم ئەمەی خوارەوەمان دەست کەوت و لە تەنیشت ئەمەوە دیوانەکەشی یارمەتیمان ئەدا بۆ ڕوونکردنەوەی هەندێ لاپەڕەی ژیانی، بەتایبەتی ئەو دیوانە دەستخەتە کە بە خەتی «عبدالقادر علی عمادی» لە ساڵی ١٣٣٨ی هیجری لە شاری «عمادیە» نووسراوەتەوە و ئێستا لەلامە:

وەکوو وترا، مەلا ناوی ئەحمەد و کوڕی شێخ موحەممەدە، لە ساڵی ١٤٠٧ی میلادی لە شاری جەزیرە لە عەشرەتی «بوختی» هاتووەتە دونیاوە. شێخ موحەممەدی باوکی مەلا، لە بنەماڵەیەکی شێخی بەرماڵی بووە. بەپێی ڕەوشتی ئەو دەورە حەزی بە خوێندەواریش کردووە. لەپێشا خۆی دەرزی ئەحمەدی کوڕی دائەدا، لەپاشا بۆ قوتابخانە، لەوێوە بۆ فەقییەتی.

شێخ ئەحمەد بۆ خوێندن هەموو ناوچەی جەزیرە و هەکاری و دیاربەکر و عیمادیە گەڕاوە، لە خوێندندا زۆر زیرەک و پێشکەوتوو بووە، لە فارسیدا دەستێکی باشی بووە، لە عیلمە عەرەبییەکانا بەتایبەتی «بدیع» و «بیان» و «اصول» سەرامەدی دەوری خۆی بووە، تەنانەت ئەڵێن لەو وڵاتەدا هیچ فەقێیەک نەیتوانیوە لە ڕوویا بوەستێ. لە ئاخرا لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا لە گوندی «سترباس» لە دیاربەکر لەلای مەلا تاها ناو ئیجازەی عیلمی وەرئەگرێت و چەند ساڵێک لە گوندی سرباهەر لە دیاربەکر ئەبێ بە مەلا. لەپاشا سەرێک لە «حەسەن کەیف» ئەدا و ماوەیەکیش لەوێ ئەبێ. تا لە دیاربەکر بووە تەدریسی زۆری کردووە و گەلێ ئیجازەی داوە، لەپاشا حاڵەتی عەشقی سەری پێ کێشاوە بەلای تەسەووفەوە و لە کەڵکی تەدریسی ئەخا، حاڵەتی دێوانەیی ئەگرێت ڕوو ئەکاتەوە بۆ جەزیرە تا لە ساڵی ١٤٨١دا هەر لە جەزیرە لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا ئەمرێت و ئەنێژرێت، گۆڕەکەی ئێستایش مەزاری دڵسووتاوانە. مەلا وەکوو دەماودەم ئەیگێڕنەوە، یا لە هەندێ شتدا وێنەیەکی خەیاڵی هەبێ پیاوێکی سوور و سپی کەڵەگەت، بەلای باریکیدا ڕوانیویەتی، ئەڵێن لە تافی گەنجیدا لە هەموو لایەک ناوبانگی دەرکردبوو؛ چاوڕەشی گەورە و برژانگ درێژ، برۆی پڕ، لووتی باریک، دەموچاو پان، لە جلوبەرگدا پەرداخ بووە. لە دەوری فەقییەتیدا بۆزووی زاخۆی ئەکرد بە چۆخەوڕانک و دەستووری ئەو وڵاتە نەخشی لێ ئەدرا و لەبەری ئەکرد، جامەدانەی ئەبەست بە سەرەوە. ڕانکی ئەو وڵاتە دەستووری ڕانکی «سۆران» نییە، بەڵکوو هەر وەکوو پانتۆڵی ئێستە وایە، بەڵام ئەم بە بەنەخوێنە نەوەک بە دوگمە. ئەمە جلوبەرگێکی تایبەتی کوردەوارییە؟ دوور نییە هەر ئەمڕانکوچۆخەی وڵاتی بۆتانە بووبێت و ئەورووپایییەکان دەستکارییان کردبێت و کردبێتیان بە چاکەت و پانتۆڵ!. مەلا لە دواییدا کە جوانی ئەگۆڕێتەوە بە پیری جلەکانیشی ئەگۆڕێتەوە بە جلێکی تر: کەوای درێژ، مێزەری سپی، ڕیشی ڕەش بە ڕیشی سپی درێژ تەنگی بە ناوکی هەڵچنێوە. لە قسەکردندا زۆر زۆر زمانپاراو بووە، تەبیعەتی ئاچوخ و بێپەروا بووە، لەناو مەردما خۆشەویستیی هەموو بنەچەیەک بووە، قەلەندەری و هەردەگەڕی پێ خۆش بووە. مەلا لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا لە گوندی «دیرهان» لە «حەسەن کەیف» ئەبێ، لەو سەردەمەدا یەکێ لە فەقییەکانی ئیجازە وەرئەگرێت، زەماوەند و هەڵپەڕکێ و ئیجازە ئەبێ، «سەلما»ی کچی «مەلیک کامیل» - کە ئەم مەلیک کامیلە لەو سەردەمەدا لە لایەن میرزا شاهڕوخ کوڕی ئەمیر تەیمووری گورکانییەوە ئەمیری ئەو وڵاتە بووە - لەسەر تەلارەکەوە تەماشای هەڵپەڕکێی فەقێیان ئەکا، مەلایش لە هەڵپەڕکێکەدا ئەبێ و چاوی بە کچە ئەکەوێ و پابەندی عەشقێکی بێوێنە ئەبێ. ئاگری عەشقی سەلما لە هەموو دەمارێکی مەلادا کار ئەکاو ئەیخاتە عالەمی شعرەوە، ئەیخاتە عالەمێکەوە کە بە بێ ئیختیار بانگ بدا بە دونیادا و بڵێ:

شۆخوشەنگێ، زوهرە ڕەنگێ، دڵ ژ من بر، دڵ ژ من
ئاورین هەیبەت پلنگێ، دڵ ژ من بر، دڵ ژ من

دیسان ئەڵێ:

ئیرۆ ژ حوسنا دیم دوڕێ، دیسان هیلاک و سەرخوشین
ڕەمزی دڤێ شیرین سوڕێ، سۆهتم بە پێتا ئاتەشین

کاری لە کار ئەترازێ، لە عالەمی پەنامەکییەوە ئەکەوێتە عالەمی ڕاز و نیازەوە، بە ناچاری بانگ ئەکا و ئەڵێ:

دلبەرێ ئیرۆ سەحەر ئاڤهتە جەرگی من دوو دۆخ
یەک ل سینە، یەک ل دڵدا لەو ژ من تێن ئاخ و ئۆخ
خوون ژ دڵ جۆجۆ ڕەوان تێ وەک عەقیقی ئەرغەوان تێ
ل ژ دەست سەلوا جوان تێ، ئەو شەپالا شەنگ و شۆخ

ئەم ئاگرە کە "سەلما" لە دڵی مەلادا کردیەوە بڵێسەی بە تینی تا ئاخر هەناسە مایەوە، مەلای لە عالەمی غەرامییەوە خستە عالەمی تەسەووف و ئیلاهیاتەوە. مەلای وا لێ کرد

کە دەست لە دونیا بشوا و ئاوارەی پەیکەری خەیاڵات بێت، وای لێ کرد لە ئاخر هەناسەی ئەو ژیانەیا کە ئیتر هیوای چاوپێکەوتنی سەلمای بڕا بە بەریدی سەبادا ئەم شعرەی بۆ بنێرێ:

«بالمعلی» جان فزانا، ڤی مە بینت جارەکی
«بالدعا بلغ تحیاتی بسلما یا برید»

گەلێ ئەفسانەی سەیر سەیر ئەگێڕنەوە لە عەشقی مەلا بەرانبەر بە سەلما!. یەکێک لەوانە ئەڵێن: عەشقی مەلا کارێکی وای کرد هەموو کەس پێی زانی، ناحەز چوونە لای «مەلیک کامیل» و پێیان وت: چۆن ئەبێ مەلایەکی کەس نەناس بەم جۆرە دڵی بچێ لە کچی تۆ و ناوی تۆ و کچی تۆ لە هەموو عالەما بزرنگێنێ!؟ مەلیک مەلای گرت و حەپسی کرد و بە کوشتن ترساندی، مەلا لە حەپسا عەشقەکەی هەر زیاتری ئەکرد. لەپاشا بە مەلیکیان وت: ئێستە کە ئەڵێن عەشقی مەلا بەرانبەر بە سەلما عەشقێکی حەقیقییە، بێنە تاقی بکەرەوە، ئەگەر وا بوو هیچ ئەگەریش وانەبوو بیکوژە!. مەلیک هات سەلمای ناردە کێوێک و لەپاڵ تاشەبەردێکی گەورەدا داینا و مەلایشی ناردە ئەوێ، خۆی و چەند کەسێک لە دوورە خۆیانیان لێدا گرتن، مەلا کە چاوی بە سەلما کەوت دەستی کرد بە گریان و کەوتە شعر خوێندنەوە، سەلما هەر ئەچووە تەنیشتیەوە ئەو هەر لێی دوور ئەکەوتەوە. سەلما پێی وت: مەلا چەند ساڵە ئەم دێوانەیییەت بۆ من بەسەر هاتووە؟ ئەوا من لە تەنیشتتەوەم!؟ مەلا وتی: تۆ نیت و زریکەیەکی کرد کڵپەی سەند، کە چوونە سەری بووە بە قەقنەس و سەلماش هەر لەو شوێنەدا مرد. هەندێکی تر ئەڵێن: کارەسات جۆرێکی تر بووە، هەر چەندە سەلما خۆی لێ نزیک ئەخستەوە ئەو هەر دوور ئەکەوتەوە و سەیری ئەکرد و شعری ئەخوێندەوە، لەپاشا مەلیک هات ناوچاوانی ماچ کرد و وتی: سەلمات لێ مارە ئەکەم، مەلا کە ئەمەی بیست دەشتی گرتە بەر و ڕۆیشت، تا ما دێوانە بوو، لە ئاخرا بەو عەشقەوە سووتا و بەو ئاگرەوە لە دونیا دەرچوو!.

دیسان ئەڵێن: جارێک باوکی سەلما بە مەلا ئەڵێ: ئەوا سەلمات ئەدەمێ، هەستە بچۆرە مووسڵ شتومەکی زەماوەندی بۆ بکڕە، ئەویش پارەیەکی زۆر هەڵەگرێ و ئەچێتە مووسڵ و گەلێ شاری تریش ئەگەڕێ و هەروا بە دەست خاڵی ئەڕواتەوە. ئەڵێن: بۆچ هیچت نەکڕی؟ ئەڵێ: هەر چەندە گەڕام شتێکی وام دەست نەکەوت کە بۆ سەلما بشێت!.

ئایا ئێمە لەم سەدەی بیستەمە ئەبێ بە چە چاوێک تەماشای شعری مەلا بکەین؟ کە لە دەمدەمەی سەدەی پانزدەهەمدا هاتووەتە کایەوە؟ ئایا دەنگی تەلی سۆزی سەدەی بیستەم گوێمان ئەزرنگێنێتەوە بۆ ئەوە بەرەو پاش ئاوڕێ بدەینەوە؟ با کارەبایەکی نهێنی لە سەدەی پانزەدەهەمدا خۆی داگرتووە و هەموو هۆشی ئادەمیزادی سەدەکانی پاش خۆی ڕائەکێشێتەوە؟ بۆ ئەوە بە دەنگی پیانۆ بەبێ بیانوو، لە ژوورێکی دوور لە بێگانە و نزیک لە یەگانە هەموو دەمارەکانمان وەکوو وێنەی چلچرای سەر شەپۆلی ئاو لە شەوێکی مانگەشەودا بەبێ سزا بکەونە نزا!. لام وایە ئەمەی دوایییانە، دیارە ئەمەیانە، چونکە ڕاکێشانی کارەبای ڕۆحی گەلێ بەهێزترە لە کارەبای ماددی، چونکە کە ماددە خۆی نەما ئەویش نامێنێ، بەڵام ڕۆحی بەشێکە لە ماددەی «عناصر»، تیاچوونی بە تیاچوونی کەونە، تا کەون ببێت ئەویش هەیە، تا گیان لە وەچەوەچەی گیانلەبەرا ببێت، ئەویش هەیە. سەدەی پازدەهەم مادام کارەبای نەفسییەتی مەلای تێدا هەڵکەوتووە بە دەنگی پیانۆی شعری، نەوەک دڵی زانایانی شعری ئەو، لە سەدەی بیستەمدا، بەڵکوو لە سەدەی سێیەم و پاش ئەوەش ڕائەکێشێتەوە بۆ ئەوە لەو ژوورەدا بەو دەنگە سەرخۆش و بەو ڕەنگە ڕووگەش ببن!. کە وا بوو مەلا پێغەمبەری سەدەی پازدەهەمی شعر بوو لە کوردیدا!. شعری مەلا زەنگێکی دەنگدار بوو لە سەدەی پازدەهەمدا وەکوو دەنگی بەینی دوو شاخ کە ئەم ئەیداتەوە بەو و ئەو بە ئەو، ئەمیش هەتا دونیا پێشتر کەوێ دەنگی لە بەینی دوو لێواری سەدەکانا زیاتر دەنگ ئەداتەوە!، ئەمەشیان دیسان هەر بۆ عالەمی کوردی.

ئینجا بکەوینە سەر باسی ئەوە بزانین ئایا ئەو شعرانەی مەلای جزیری کە ئەم شۆڕشەیان خستووەتەوە چە پایەیەکی لە ئەدەبیاتی کوردیدا هەیە؟ وە چە هێز و پێزێکی بە لالەزاری وشە و میرغوزاری مەعنا داوە؟.

مەلا دێ بە باسکردنێک کە سەر تا پای ئیعجاز و بەلاغەت بێ، باسی ئەو یارە خۆشەویستەی ئەکا کە سەرچاوەی ئەم ئیلهاماتەیەتی و ئەیکا بە پەردەیەکی ئاورێشم بە تانوپۆی خەیاڵی خۆی ئەیتەنێتەوە و ئەڵێ:

[١] من دی سەحەر، شاهێ مەجەڕ، لەبسێ د بەر، مەخموور بوو
ئەو دیم، زەڕی سوڕ موشتەرێ، یاڕەب پەری یا حوور بوو؟
[٢] حووری وەشە، شیرین مەشە، کاکول ڕەشە، خال حەبەشە
خالێن دقەر، میسکی تەتەر، نازک بەشەر کافوور بوو
[٣] نازک، لەتیف، گەردن خەفیف، لبسی شەریف، کێخمە و قەدیف
من دی ب وەخت، ئەو نیک بەخت، ئیرۆ ل تەخت، فەغفوور بوو
[٤] فەغفوور سوڕە، سیما دوڕە، هەیبەت پڕە، پڕ دڵ گڕە
ئەو هاتە مەش، من چوومە هەش، دڵ من ژ عەشقێ فوور بوو
[٥] دڵ بوو گڕی، زایا بەری، لازم هەری، دی ئەو زەڕی
من دی گەلەک، ئەو سوڕ مەلەک، وەک مەشعەلەک پڕ نوور بوو
[٦] دیم فەنەرە، خاڵ عەنبەرە، بۆ ماوەرە، لەب شەکەرە
ئەو مەی پەرست، مەشها و مەست، جاما د دەست، فەرفوور بوو
[٧] مەی بەر کەفێ، مەشها و سەفێ، سۆزا دەفێ، دا قەرقەفێ
حوسنا ل دیم، وەسفا نەشیم، هەر چی دە بیم، ژێ دوور بوو
[٨] دا من سرووش، وەر مەی بنووش، زەوق و خرووش، لەو چووم ژ هووش
ژی عیشەوەیا یار بوو خویا، ئەو نە ژ مەیا ئەنگوور بوو
[٩] من دی بە خواب، ئەو ماهتاب، دا دڵ کەلاب، جوهتی غوراب
دڵ شەویشاند، خوون لێ ڕشاند، خۆش هەر ڕشاند؟ تێک هوور بوو
[١٠] هور کر جەسەد، قەوسی سەمەد، تیر دان کەبەد، داد و مەدەد
جەرحان ژ نەو، خوون دایە کەو، عیشقا مە لەو مەشهوور بوو
[١١] لەو یەک نەسەق، من تین سەبەق، نوورا بە حەق، دا دڵ شەفەق
شیرین لەبێ، دیم کەوکەبێ، لێ بەندە بێ دەستوور بوو
[١٢] دلبەر سەحەر، دا من نەزەر، خەجلیم ژ بەر، لێ ئەو قەدەر
زانیم، کەوا، ئەو مەهـ ڕووا، وەک «لُوْلُوْ»ی «مَنثور» بوو
[١٣] پاش فیرقەتێ، زۆر موحبەتێ، مەهـ تەلعەتێ، چووم حەزرەتێ
وەسڵا حەبیب، من بوو نەسیب، مەلعوون ڕەقیب ڕەنجوور بوو
[١٤] جاما زەلال، خەمرا حەلال، یاری شەپال، دا من بحال
عیشقا غەدار، سوهتی ستار، ناڤ مە وە یار، سەد سور بوو
[١٥] شاهی چەڤین غەم ژی ڕەڤین، ماری شەڤین ئیساند ئەڤین
دەرد و بەلا، وین چوون هەلا، عومرەک «مەلا» مەهجوور بوو
[١٦] پڕ من زەجر، دیتن هەجر، ما بوو ئەجر، سوبح و فەجر
شەمعا مە هەلبوو سەد مەحەل، منت مە دل مەسروور بوو
[١٧] ئیحرام مەبەست، ئەسوەد بە قەسد، یار هاتە مەست، ئەز چوومە دەست
جوهتی حەبەش، تیردان بوەش، حەجا مە خوەش مەبروور بوو
[١٨] یار وەعدە دا، بە عەین خودا، دەربامە دا، چین پەردە دا
دەسپیدەیێ، چووم وەعدەیێ، کوو ژ بادەیێ، مەخموور بوو
[١٩] وی کاکولێ، چینن دلێ، قەلبێ «مەلێ» داڤ دانە لێ
داڤا دلان، ناڤ سونبولان، سەرسور گولان، مەنقوور بوو

پاکژی ئەم شعرانە ئەڵێ:

[١] من لە دەمدەمەی بەیانا پادشای مەجەرستان، کە یاری خۆشەویستمە، چاوم پێ کەوت، لە جلوبەرگی مەخمەڵدا. ڕوومەتی وەکوو ئەستێرەی موشتەری ئەدرەوشایەوە، خوایە، ئەو پەری بوو یا حۆریی بەهەشت؟.

[٢] یاری من لە وێنەی حۆریدایە، ڕوومەتی چەند جوانە، کاکۆڵەکانی ڕەشە و خاڵی وەکوو زەنگی وایە. خاڵەکانی میسک ئامێزە وەک میسکی تەتەر، پێستی جوان و نازک و سپییە وە کوو کافوور!.

[٣] نازکێکی نازک، گەردنێکی باریک، جلوبەرگەکەی جلی پیاوماقووڵان بوو کە تافتە و قەیفەیە. من چاوم پێ کەوت لەو وەختا، ئەو چاک بەختە ئیمڕۆ لەسەر تەخت بوو وەکوو فەغفوور «ناوی پادشای کۆنی چینە».

[٤] دوڕڕ و کاسەی چینی لە ڕوومەتیا بوو، هەیبەتێکی زۆر و دڵێکی قاییمی هەیە. کە ئەو هاتە ڕێکردن من لە خۆم بوردمەوە، دڵی من لە عەشقا جۆشی خوارد و فوارەی کرد!.

[٥] دڵ توایە وە و دازایییە خوارەوە، ئەبوا وای لێ بهاتایە مادام یاری زێڕینی چاوپێکەوت. بۆیەش ئەبوا وا بوایە چونکە من گەلێ جار چاوم پێ کەوت، ئەو وێنە مەلائیکەیە، وەکوو مەشخەڵان پڕنوور بوو!.

[٦] ڕوومەتی وەکوو فەنەرە «چرا» خاڵەکانی عەنبەرە، بۆنی، بۆنی گوڵاوە، لێوی شەکەرە. ئەو مەی-پەرستەی سەرخۆشی مەیە جوانە جامەکەی دەستی فەرفووری بوو.

[٧] ئەو مەیە کە لەسەر دەستیەوە بوو زۆر موشتەها و ساف بوو، مەیەکی وا بوو سۆزی دەفی دا بە شەراب. ناتوانم باسی جوانی یارەکەم بکەم و پێم ناکرێ تاریفی بکەم، چونکە هەر شتێک بڵێم ئەو لەوەوە دوورە و زیاترە.

[٨] بانگ کرام وەرە مەی بخۆرەوە بۆ ئەوە جۆش و خرۆشێکت ببێ، بە گوێم کردن و لە هۆش چووم. ئەمەم کە بە سەرا هات لەبەر ناز و عیشوەی یار بوو نەوەک لەبەر ئاوی ترێ - کە شەرابە -.

[٩] من لە خەوا ئەو ماهتابەم چاوپێکەوت، دڵمی دایە بەر قولاپی جووتە قەلەکەی چاوی. دڵی تێک دا - دڵی من - خوێنی لێ دەرهێنا و برینداری کرد، جوان جوان هاڕییەوە و وردی کرد!.

[١٠] لەشی ورد کرد «لەشی من» دوو کەوانەکە «کە برۆیەتی» کردی بە تیر و دای لە دڵ، هەی داد و بێداد. برینەکان سەرلەنوێ ئەکولێنەوە لەبەر ئەوە عەشقی ئێمە بەناوبانگ بوو.

[١١] بە یەک جۆر و لەسەریەک لەسەریەک بۆ من دێن نوور، بەڕاستی ڕێی ڕووناک کردەوە. ئەمانە هەموو هین لێ و جوانێکی ڕوومەت ئەستێرەیەک بوو، بەڵام بۆ ئەم بەندەیە هیچ دەستوور و فەرمانێک نەبوو.

[١٢] دڵبەر لەبەینا سەیرێکی کردم تەرێق بوومەوە زۆر زۆر؛ چونکە زانیم کە ئەو مانگڕووە وەکوو لوئلوئی پەخشوبڵاو وابوو.

[١٣] لەپاش جیا بوونەوەی ئەو مانگڕووە و خۆشویستنێکی زۆری چوومەوە لای. وەسڵی ئەو بوو بە بەشم، جا با ڕەقیبی مەلعوون بۆ خۆی هەر دڵگران بێ.

[١٤] جامی زەڵاڵ لە شەرابی حەڵاڵدا یاری شۆخ و شەنگم خێرا دای بە من. عیشقی ستەمکار سووتانی پەردi لەبەین من و یاردا، کە ئەو پەردانە سەد شوورە بوون.

[١٥] شای چاوان خەمیان ڕفان، ماری شەو حوببی وەستان، دەرد و بەڵا هەلاتن، زەمانێک مەلا دوور کەوتەوە لەم ئێش و ئازارە.

[١٦] من بوو بووم بە هێلانەی زەجر و دووری، تۆڵەیەکم کە بۆ مابووبێتەوە بەیان و بە شەبەق بوو. شەمعی ئێمە لە سەد لاوە هەڵ بوو، سوپاس بۆ خوا دڵ زۆر کەیفخۆش بوو.

[١٧] ئیحراممان بەست بۆ ڕەش «حجرالاسود» یار سەرخۆش بوو، من بێهۆش بووم. جووتەقولەکەی دوو زوڵفی بوون بە تیر و خۆیان بۆ هاویشتم، حەجەکەمان بە پوختی قەبووڵ بوو!.

[١٨] یار وەعدەی چاوی خۆی بە ئێمە دا کە چی قاپی لێ داخستم و پەردەی چین چینی دادایەوە. لە بەیانا کە چوومە سەر وەعدەکە سەیرم کرد لەبەر بادە بە سەرخۆشی کەتووە.

[١٩] کاکۆڵ و ئەگریجەکانی دڵ ئەچننەوە، داوی بۆ دڵی مەلا داناوە. داوی دڵان لەناو گوڵ و گوڵە سەر سوورەکانا بوو کە ناوەکانیان هەڵکنرابوون.

 

ئێمە کە تەماشای ئەم شعرانە و مەعنای ئەم شعرانە ئەکەین، خێرا ئەکەوینە عالەمێکەوە، لەوێدا تەنیا ڕۆحییەتێکی غەرامی نەبێ کە لە بۆتەی زێڕینی وشەی ئیعجازدا داڕژاوە، هیچی ترمان بەرچاو ناکەوێ، گەلێ کەس کەوتوونەتە عالەمی غەرامەوە، گەلێ کەس چاوی چاوکاڵان لە گۆشەی سیاماڵانا کاری تێ کردوون، یا بووە بە گەوهەرێک بۆیان بۆ ئەوە کە تیشکەکەی لەبن دەریاکانا شتی بەنرخی پێ بدۆزنەوە!، بەڵام نەوەک ئەوان و نەوەک مەلا!. مەلا شێوەی جۆرە غەرامێکی سەدەی پازدەهەممان پیشان ئەدا کە ئایەتی جەمال لە بناغەی وشەکانی لە بنچینەی تیایا سەرسامە. ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە گۆیا عولەمای بەلاغە تەنیا ئەو عیلمەیان هەر بۆ مەلا داناوە، وە یا مەلا دەستی عولەمای «بەدیع» و «بەیان» و «مەعان»ی ڕاکێشاوە بۆ سەر زەوقی خۆی و دەرزی داداون کە ئەبێ «جِناس، تَلمیح، بَدیع، تَشبیە، استعارە، مَجاز، کنایە، اِطناب، وایجاز» لەو وەرگرن و نابێ کەسی تر دەست بۆ ئاسمانی خەیاڵ و خەیمەگای غەرام درێژ بکا، تەنیا ئەو نەبێ!

بەڵێ ڕاستە ئەم شعرانە تەونێکە تان و پۆکەی وشەی عەرەبی و کوردییە، بەڵام ئێمە نابێ ئەوە لە دڵ دەرکەین کە وانە بێ لە دەوری مەلادا تەنیا مەلا عەرەبی بەکار هێنابێ. بەرزیی مەلا لەوەدایە کە دەوری عەرەبییەت گەیشتبووە چڵەپۆپە کە چی مەلا لەو ڕێچکەیە لایدا و عەرەبی بە کوردی ڕازاندەوە. ئەمە و دیسان ئێمە لەو دەورەدا سەیری مەعنا ئەکەین نەوەک وشە، ئەگەر یەکێ بەراوەردی عەنعەنات و وشە و مەعنای ئەو دەورە بکا - کە بە هەر زمانێک وترابێ - زۆر زوو ئەکەوێتە ئەو باوەڕە کە مەلا مەشخەڵانێکی هەڵگیرساندووە بۆ ئەوە عولەمای ئەدەبی عەرەبی زەنگیانەی لەبەر بهۆننەوە، وە بۆ ئەوە ئودەبای کوردی شوێن ڕچەکەی مەلایان بۆ ببێ بە شاڕێگە و لە عالەمی بێگانەدا مەلایان بۆ ببێت بەو سیمورغە کە ئاوی ژیانی ئەدەبییان لەپشت کێوی قافەوە بۆ دێنێت کە وا بوو مێژووی ئەدەبی کوردی بە درێژایی زەمان کوڕنووش بۆ ئەو تاپۆیە ئەبا کە هەیکەلی زێڕینی مەلایە و پێغەمبەری ئەدەبی سەدەی پازدەهەمیەتی.

***

مەلا لە باوەڕی خۆیدا پەردەی غەرام دائەداتەوە و بە جۆرێکی زۆر ورد ئەچێتە پارێزی تەسەووف و عەشقی حەقیقییەوە، داوای ناسینی خوا لە بادەی ئازمایشدا ئەکا و بە شەرابی مەعنەوییات ڕوبابی دڵی ئەخاتە لەرزە و ئەڵێ:

[١] ئەوەل کو یار دامە یەک زەڕڕەیەک عینایەت
قسمەت مە خەمر و جامە، د دەفتەرا هیدایەت
[٢] حوسن و جەمال جانان نادێرتن تۆ پایان
هەرچی نەبت بیدایەت، ئەسڵەن نهین نیهایەت
[٣] فەیزا علووم و حیکمەت جاما سەدەف کو گیرا
مە ژ دەست موغبەچان دێت و موسحەف و بە ئایەت
[٤] عارف هەتا نەنۆشێ مەی ژ دەست مەیفرۆشێ
غائیب نەبوو ژ هۆشێ، پەیدا نەکر ویلایەت
[٥] گوناهـ و زوهد و تاعات هەڵناگرت خەرابات
کە سێ بڤی دەرێ دت دڤێ بکت ڕیعایەت
[٦] عیشقی ژ هەردوو چەشمان ئەوەل د دل ئەسەر کر
لێ زەڕڕە زەڕڕە ئاخر سووتن کرە سیرایەت
[٧] «شاکی السّلاح» هەردەم ب کوشتنا ملێ دێت
گازندەیا ژ کێ کم، بە کێ بکم شکایەت؟
[٨] جاما ژ دەست شاهید ژەنگی ژ دڵ د شووتن
پیری موغان ژ ڕەندان وە وە دکر ڕیوایەت
[٩] ئەتوار عیشق و مەستی، ئەسرار بوتپەرستی
تەقریر سەد ڕیوایەت ناکت ژ بۆ کیفایەت
[١٠] «لِيَطمَئِنَّ قَلبيعربی» ، «عَين اليقينعربی» د بەخشێت
«عینالعیان» دڤێتن کافی نهین دیرایەت
[١١] گەر میر و پادشاهی مویک لنک «مەلایی»
نادم بە مولک عالەم، «بِاللّهعربی» یەک عینایەت

واتە:

[١] لە ئەوەڵەوە کە یار «خوا» دای بە ئێمە تۆزێ عینایەت و چاودێری، بەشی ئێمە مەی و جام بوو لە دەفتەری هیدایەتدا.

[٢] جوانی و جەماڵی جانان پایانی بۆ نییە، هەر شتێ ئەوەڵی نەبێ ئاخریشی بۆ نییە.

[٣] بە ئایەت و بە قورئان سوێند ئەخۆم ئێمە بەهرەی علووم و حیکمەتمان چاوپێنەکەوت مەگەر لەسەر دەستی بەچکە موغانەکان، یا ئەو کوڕانە کە لە مەیخانەکاندان.

[٤] پیاوی زانا تا نەنۆشێ مەی لە دەستی مەیفرۆش، لە هۆش خۆی ناچێ و ویلایەت پەیدا ناکا.

[٥] گوناح و زوهد و عیبادەت، مەیخانەکان ئاشنایەتییان لەگەڵیانا نییە، یەکێکە هاتە ئەم قاپییەوە ئەبێ تەماشای یاسا و ئوسوول بکا.

[٦] عەشقێ کە لە دووچاوەوە سەری هەڵدا لەپێشا کار ئەکاتە دڵ، لەوەوە وردە وردە ئەتەنێتەوە بۆ لەش و ئەیسووتێنێ.

[٧] بە چەکی ڕووتەوە هەمووجار بۆ کوشتنی مەلا دێت، بانگیکێ بکەم و پەنا بەرکێ بەرم و شیکایەت لای کێ بکەم؟.

[٨] جامێکە لە دەستی شاهید «یار» بێت ژەنگی دڵ ئەشواتەوە، پیری موغان لە ڕەندانی خەراباتەوە ئاوای ئەگێڕایەوە.

[٩] باسی عیشق و سەرخۆش و نهێنی بوتپەرستی، ئەگەر سەد تۆمار و دەفتەری بۆ پڕ بکەیتەوە هێشتا بەش ناکا!.

[١٠] ئایەتی «لِیَطمَئِنَّ قَلبی» پایەی «عَینالیقین» مان پێ ئەبەخشێ، بەڵام ئەوەی ئێمە ئەمانەوە «عینالعیان»ە، ڕیوایەت کردن بە کەڵک نایە.

[١١] ئەگەر میر بێت و ئەگەر پادشابێت، لەلای مەلا وەکوو یەک وایە، سوێندم بە خوا بێ بە هەموو موڵکی دونیای نادەم تۆزێ چاوێری خوا.

ئێمە کە چاو بەم فەلسەفەگێڕییەی مەلادا ئەخشێنین ئەبینین کابرا بە جۆرێ خۆی لە دەریای تەسەووف و عەشقێکی ڕاستەقینەدا نوقوم کردووە مەگەر هەر لە دەست دوڕناسانی ئەو دەریا بێ پەیە هاتبێت، ئەگینە نیمچە مەلەوان ناتوانێ، با هەزار شان و قۆڵیش بکوتێ، بگاتە لێواری ڕزگاری، ئەمەش ڕاستە وایە چونکە ئەو خۆی بە ئاشکرا ئەڵێ:

مەعشووقی ڕاستەقینە کە نووری بارەگای یەزدانە سەرەتا، کە تۆزێ لای لە ئێمە کردەوە کەوتینە ڕیزی ئەو کەسانە کە ناویان لە دەفتەری ڕزگاربوونا نووسراوە و لە کوڕی سەرخۆشانی ئاشنای بارەگای یەزدانیدا بە بادەی تاقیکردنەوە شەرابی «مَعرِفَةُاللّە» مان نۆش کرد، بووین بە یەکێ لەو کەسانە کە لە عالەمی ماددەوە کەوتنە عالەمی مەعنەوییات، کەوتینە ئەو عالەمەوە کە قاپی نووری بارەگای کردگارمان بۆ کرایەوە و پەردە لە ڕووی کار لادرا، هەر چەندە تەماشامان کرد ئەو پەڕی ئەو نوورەمان بەدی نەکرد، چۆنی بەدی ئەکەین؟ شتێک کە سەرەتای نە لە عالەمی ماددەوە، نە لە عالەمی ئەڕواحەوە دیار نەبێ، بێگومان سەرەکەی تری هەر بە جارێ دیار نابێ. ئیتر بەبێ پەروا بووین بە پەروانەی ئەو نوورە کە تیشکێک بوو لە زاتی پاکی خوا و بوو بە خۆشەویستێکی ڕاستەقینەمان، وا نەبێ من ئەم ئیشەم سەربەخۆ کردبێت، بەڵکوو کە چوومە کۆڕی بادەنۆشانەوە سەیرم کرد کۆگا کۆگا حیکمەت و زانیاری لەوێدا مەخشەڵانیەتی، تەماشا ئەکەم ئەمە هەموو لەو کەسانەوە بەرز ئەبێتەوە کە بادەگێڕی ئەو کۆڕەن، ئەوانەش هەموو نەونەهاڵانی مەیخانەی حەقپەرستین و بە جامی ئیخلاس و دڵپاکی شەرابی حەقیقەتی وەحدانییەت بڵاو ئەکەنەوە، لەززەتی ئەو شەرابە سەرخۆشی ئەکردم بۆ ئەوە کە زیاتر لەو مەیخانەیە و لەو نەونەهاڵانە نزیک بکەمەوە!، بۆیەش وام ئەکرد چونکە ئەوانە کە ئارەزووی حەقپەرستییان لە سەردایە تا شەرابی حەقیقی لە دەست ئەو مەیفرۆشە حەقیقییانە -کە شارەزای جەمالی وەحدانییەتن- وەرنەگرن و نەنۆشن لە عالەمی ماددە دوور ناکەونەوە و ناکەونە ئەو عالەمەوە کە هەموو نهێنیی کەونیان وەکوو ڕۆژ بۆ دەرکەوێ و ناکەونە دەریای مەعنەوییاتەوە و ناچنە ڕیزی ئەو پادشایانە کە بە چاو لە یەک نانێک ئەم پەڕ و ئەو پەڕی دونیایان بۆ ڕوون ئەبێتەوە.

بارەگای کۆڕی سەرخۆشانی خواناسان وا نەبێ پیاو بە گوناح یا بە عیبادەت دەستی کەوێ، چونکە ئەو شوێنە شوێنێک نییە ببێ بە جەزای ئەو کەسانە کە لە گوناح دوور کەوتوونەتەوە. تۆڵە ئەوەیە بە ئەندازەی کردەوە بێت، تۆڵەی ئەو کەسانە کە لە خراپە دوور کەوتوونەتەوە هەر ئەوەیە کە خوا بیانبەخشێت، ئەو شوێنە کە دانیشتووەکانی لە لەززەتێکی ئەبەدیدان، ئەمە تۆڵەی کردەوە نییە، بەڵکوو زیادە میهرەیانییەکە کە خوا لەگەڵ هەندێ کەسیا ئەکا، جا ئەو کەسە کە ڕوو ئەکاتە ئەو قاپییە و بە تەمای ئەوەیە بچێتە ژوورەوە و بە لەززەتی نووری خودا شاد ببێ، نابێ بۆ بوونەکەی عیبادەت بکا و بۆ نەبوونەکەی گوناح، چونکە شوێنەکە شوێنی عیبادەت و گوناح نییە، بەڵکوو تەنیا هێلانەی میهرەبانی خوایە.

بەڵێ ڕاستە سەرەتای عیشق لە تیشکی دووچاوی ڕواڵەتەوە ئەتەنێتەوە بۆ لەش و ئەیسووتێنێ، بەڵام ئەمە وا نەبێ کارەساتی هەموو مەعشووقێک بێت، ئەوە تەنیا لە دەست ئەو مەعشووقە حەقیقییە دێت کە سەرەتا لە هەیکەلی نووری دووچاودا دەرئەکەوێ. جا ئەگەر یەکێک توانی ئەو ئەرکە بەڕێوە بەرێ و خۆی لەبەریا ڕاگرێت ئەوا ڕزگاری ئەبێت، خۆ ئەگەر نەیتوانی، وردە وردە ئەتەنێتەوە بۆ دڵ و بۆ لەشی تا بە جارێ ئەیسووتێنێ و ئەیخاتە ناو ڕیزی گومڕاهانەوە.

من لەملاوە ئەمە کارەساتمە، لەو لاشەوە نەفسێکی پیسم لەگەڵایە، ماددیاتی بە فیکری خۆی بۆ ڕازاندوومەتەوە، وە بە فیکری من بۆی کردووم بە خەنجەرێکی ڕووت و بەو خەنجەرە پەلامارم ئەدا بۆ ئەوە لە لەززەتی مەعنەوییات بێ بەشم بکا و لە دەشتی سەرگەردانیدا بمسووڕێنێتەوە!. جا کە نەفسێکی وام لەگەڵا بێت نازانم ئایا ئەگەر پەنا نەبرمە بەر بارەگای وەحدانییەت و بانگ لەو نەکەم، هاوار بۆ کێ بەرم و شکات بخەمە بەر کێ؟ ناچارم هەر ئەبێ پەنا بەرمە ئەوێ بۆ ئەوە هەر کە نزیک بوومەوە بتوانم بە هۆی ئەو کەسانەوە کە لە سێبەری عەرشی خوادا بە جەلالێکەوە ڕاوەستاون و هەندێ لە ئاوی مەعریفەتی حەقیقیم دەست کەوێ و وەسوەسەی شەیتانی و نەفسانی بەو ئاوە بشۆمەوە و خۆم پاک کەمەوە. سەربەخۆش ئەمەم نەکردووە و نایکەم، پیری سەرخۆشی ئەو ڕاوێژەم بۆ ئەکا، ئەو هەر ئەوەندە ئامۆژگارییەکە ئەکا، ئەگینە من لەبەر ئەوە هێشتا لە بۆتەدا قاڵ نەبوومەتەوە، ناتوانم نە باسی عیشق بکەم و نە باسی زانینی سەرخۆشانی ئەو مەیدانە بکەم، چونکە نە من و نە ئەوان هیچی لێ نازانین؛ من لێی نازانم چونکە هێشتا نەکەوتوومەتە ناویان، ئەوانیش لێی نازانن چونکە لەززەتی ڕواڵەتی نوورەکە وای سەرخۆش کردوون لە حەقیقەتەکە هیچ تێنەگەیشتوون! دەی کارەساتێکە ئەمە بێ چۆن بە هەزار تۆمار و دەفتەریش ئەنووسرێتەوە؟!.

ئێمە خۆ نەچووینە ڕیزی ئەو کەسانە یا یەکێ لەو کەسانە کە خوا پێی وت: «اَوَلَم تُوْمِنْعربی» ئەویش وتی: «بَلي وَ لكن لَيَطْمَئِنَّ قَلْبيعربی» ؛ بەڵێ، بەڵام بۆ ئەوە دڵم دامرکێتەوە. جا ئەو دڵ دامرکاندنەوەی ئەوان یەقین و بڕوایەکیان بۆ دروست ئەکا، ئەوا ئیبراهیمی خەلیل بوو، پێغەمبەری خوا بوو، ئێمە بەندەیەکی شەرمەزارین تا بە چاوی خۆمان شت نەبینین بە گێڕانەوە بڕوا ناکەین، ئێجگار بۆیەش واینە، چونکە نەفسمان پاک نەبووەتەوە! کە وا بوو ئەبێ ئێمە بۆ ئەوە کۆشش بکەین کە سەربەخۆ بگەین بە بارەگای وەحدەتپەرست و خۆمان بخەینە کۆڕی سەرخۆشانی وەحدەتپەرستنەوە، ئەگینە بە گێڕانەوە بڵێن شت هەیە، ئەمە دادێکمان ناداتێ!.

من کە «مەلا»م ئەگەر بگەمە ئەو پایەیە کە خوا لایەکم لێ بکاتەوە، ئەوە هەموو عالەمی مەعنەوییاتم ڕوون ئەبێتەوە، دەست لە دونیا ئەشۆم و هەمووم بەلاوە هیچە، کە گەیشتمە ئەو پایەیە، پادشاهی و هەژاری، ئەمیری و ڕەجاڵیم بەلاوە یەکە و وەکوو یەک دێتە بەرچاوم، چونکە هەموویان بەو عونسورە ئەزانم کە لە من خراپتر ئاتاجی لوێچێکن لەو دەریای مەعریفەتی خوایە!.

***

مەلای شاعیری ئێمە وا نەبێ هەر مەی نۆشی بادەی غەرام بێت، یا سەرخۆشی کۆڕی تەسووف بووبێت و هیچی تر، بەڵکوو کە دێتە باسی «اِلهیّات» و فەلسەفەوە، لە لایەکەوە ئەتخاتە جەرگەی کۆڕی فەیلەسووفەکانی یۆنانەوە، لە لایەکەوە ئەتهاوێژێتە ئەو کۆنگرەیەوە کە عالمەکانی ئیسلام و غەیری ئیسلام تیایا کۆ بوونەتەوە و هەموو باس و خواسێکیان هەر «اِلهیّات» و فەلسەفەی ئیلاهییاتە، وات لێ ئەکا ئەڵێ مەلا بۆ هیچ دروست نەکراوە تەنیا بۆ فەلسەفەی ئیلاهییات نەبێ. بۆیەش ئەمەت پیشان ئەدا، چونکە ئەبینێ تۆ وا لەو مەیدانەدا بێپەروایت، یا سەرخۆشی ماددەیت یا دەسخۆشی نەفسیت، سەری ڕائەوەشێنێ و پێت ئەڵێ:

«اللّە، اللّە» تۆ د عومرێ خو کو جارێک نە بهی
چە سەدا تێت ژ ڤێ گونبەد دەووار «حدوث»
تۆ ژ پێش پەردەی وەهمی وەرە دەر دا ببهی
چە نەوا تێت بە سەد نەغمە ژ ئەوتار «حدوث»
«حال» و «مستقبل» و «ماضی» د خودا هەر سێ یەکن
سوبح مەوجوودە بە عەین خو دایڤار «حدوث»

پێت ئەڵێ: تۆ بۆچ ئەوەندە سەرخۆشی ماددەیت و ڕواڵەتپەرست؟ کەون با زۆر کۆنیش بێت شتە وردەکانی ئەوەمان پیشان ئەدا کە دوروشتەکانیشی هەر لە عالەمی نەبوونییەوە هاتوونەتە عالەمی بوون، تۆ بۆچ ئەبێ جارێک هۆشت بە بەرخۆتا نەیەتەوە؟ بۆ ئەوە کە ببیەت لەم گومەزە شینەدا هەر دەنگێک کە دێت بانگی تیاچوون ئەکا، بانگی ئەوە ئەکا کە مەوجووداتی عالەم هەموو حادیسە، ئەم پەردەی وجوودە کە کێشراوە بەسەر تۆدا سێبەرێکی ڕووتە. جارێک لەژێر ئەم پەردە وەهمییەوە سەرێک بێنە دەرەوە بۆ ئەوە ئەو دەنگانەت گوێ لێ بێ کە لە تەلی دڵی زانایان، یا ئەو کەسانەوە کە لە حەقیقەتی وجوود و عەدەم تێ گەیشتوون، بانگی هۆشیار بوونەوەت ئەکەن؛ بانگی ئەوەت ئەکەن کە عالەم بۆ تیاچوون دروستکراوە نەوەک بۆ مانەوە. ئەم شتە ڕواڵەتییانە کە تۆ ئەیانبینیت یا ئەم پەردە جۆراوجۆرانە کە هەڵەدرێنەوە و دەمێک ڕابردوو، دەمێک ئێستە و دەمێک زەمانی داهاتووت پیشان ئەدەن، ئەمانە با لە ڕواڵەتیشا جیا بن لە حەقیقەتا یەکن، لەو حەقیقەتەدا کە «حدوث»ە، لە حدووسدا هەموویان عونسورێکی هاوبەشن، ئەو بەیانییە کە تۆ بەرچاوت ئەکەوێ و بە مەوجوودی دائەنێیت، هەر ئەو بەیانییە پەردەیە کە لەو ئێوارەیە کە بەجێت هێشت و بوو بە «حادث» ئەمیش عەینی «حدوث» پیشان ئەدا.

***

تا ئەم شوێنە ئێمە لە باسی مەلای جزیرییەوە دواین. ئەگەر لەم لایەنەوە خەریک بین گەلێ تۆماری ئەوێ و هێشتا بە تەواویش ناگەینە حەقیقەتی نەفسییەتی مەلا. ئەوەندە هەیە ئەتوانین ئەوە بڵێین کە: مەلا لە سێ پەردەدا خۆی پیشان ئێمە دا، پەردەی غەرام، پەردەی تەسەووف، پەردەی ئیلاهییات و فەلسەفە، لەمانەدا «شێخ ئەحمەدی جزیزی» سەرامەدی دەوری خۆی و پاش خۆیشی بووە، بۆیەش ئێستەش هەرلە وڵاتی جزیز و بۆتانا شعرەکانی شەوچەرەی دیوەخانی ڕەواڵان و شێخ و مەلایانە؛ بەزم هەڵگێڕی هەڵپەڕکێی و سەر شەخسانە، زەم زەمەی کۆڕی جومعە و ئاهەنگی فەقیەکانە.

شێخ ئەحمەد وەکوو چۆن شاعیرێکی کوردی بووە، هەروەها بولبولێکی فارس و نەواخوانێکی عەرەبیش بووە.

مەلا دیوانێکی بەرز و باڵای هەیە، ڕۆژەڵاتیناسی ئاڵمانی «فوون مارتن هارثمان» لە ١٩٠٤ لە بەرلین بە «لیتوگراف» چاپی کردووە خۆیشی سەرەتایەکی بە ئاڵمانی بۆ داناوە. گۆیا یەکێ لەو نوسخانە کەوتبوونە لای «ابا نستاس کەرمەلی» لە بەغدا، کتێبخانەکەی لەپاش خۆی بوو بە هی «مەکتەبەی ئاساری قەدیمە» هەر لە بەغدا، من گەلێ کۆششم کرد کە ئەو نوسخەیەم بەرچاو کەوێ، داخی گرانم نەمدی، لەگەڵ ئەوەش مامۆستا «گورگیس عەواد» مودیری مەکتەبە کۆششێکی زۆری بۆ کردم، لەپاشا وەکوو بۆمان دەرکەوت کتێبەکانی «اب» هەر شتێکی بە زمانی فەرەنسزییە لە «دەیر»ەکەی خۆیا ماوەتەوە و لە کەڵکی ئیستیفادە کەوتووە.

نوسخەیەکی تر لە لایەن «موحەممەد شەفیق ئارڤاسی حوسەینی»یەوە لە ئەستەمبوڵ لە «١٣٤٠ هـ ١٩٢٢م» بەم پیتانە لە چاپ دراوە. لە ڕووی نوسخە ئەڵمانییەکە نوسخەیەکی دەستخەتی مامۆستا «موحەممەد عەلی عەونی» لێ وەرگیراوە و ئێستە لە کتێبخانەی «دارالکتب المصریە» دایە لە قاهیرە لەژێر ژمارە «١٤٠/١١٢» لە بەشی فارسیدا. دوو نوسخەی تر دەسخەت هەر لای مامۆستای ناوبراو هەیە یەکێکیان لە ساڵی ١٣٢٢ی هیجری لە شاری جەزیرە لە لایەن عەبدوسسەلام کوڕی موراد کوڕی عەبدوسسەلامەوە نووسراوەتەوە. یەکێکی تریان لە ساڵی «١٩٤٥ - ١٩٤١» لە بەغدا نووسراوەتەوە. بێجگە لە چاپەکە، دەستخەتەکەشی لای من هەیە کە «عەبدولقادر» کوڕی عەلی عیمادی لە ١٣٣٨ی هیجری لە عیمادییە نووسیویەتەوە. جیاوازییەکی کەم لەبەین ئەم نوسخەدا ئەبینرێ، وەکوو چۆن لەپاش و پێشکردنی هەندێ «قَصائِد»دا ئەم جیاوازییەش هەر هەیە.

من لە چاپکردنی ئەم لاپەڕەیەدا بووم کە چی داخی گرانم کتوپڕ پێیان وتم وا مامۆستا «موحەممەد عەونی» لە خەستەخانەی «ئەسکەندەرییە» لە ڕۆژی ١٩٥٢/٧/٤دا کۆچی دوایی کرد.

ئەو خەریک نە چۆڵ شام عەدەمدا
من نە کەربەلای سارای ماتەمدا
ئەو یەزید مەرگ وە ئەسیربەردە
من زادەی زیاد خەم پاقیر کەردە

ئاواتی هەر دوو لامان چووە گڵ!.