بابە تاهر

(٩٣٥-١٠١٠)
از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 13 دقیقه  2433 مشاهده

ڕەند و دێوانە و قەلەندەر، خواناس و پارێزگار و هەردەگەڕ، بە سۆزی عەشقێکی مەعنەوی کوورەی دەروونی لە گڕدا بوو، لە یادی دۆستێکی نهێنی دەمارەکانی لە خرۆشدا بوو، شەیدای بارەگای یەزدان، هەردەگەڕێ چۆڵ و بیابان، هاونیازی ڕۆژانی چڕستانی «دەماوەند» و هاوڕازی شەوانی دیمەنی «مەیمەند». گاهێ لالەزاری زەوی بارەگای بوو، گاهێ جریوەی ئەستێرەی ئاسمان شەوچرای بووە، ڕۆحی لە لەوەڕزاری ئەڕواحدا لە هەموو گوڵێکی مژیوە. دەمێ لە دونیا دوور بە دوور بووە، دەمێ لە ئاهەنگ ڕووبەڕوو بووە، تاوێک لە دەشتی تەفکیردا سەرگەردان بووە، کاتێک لە کۆڕی عەوداڵانی خواناسیدا مەی گێڕی مەعریفەت بوو. هەندێ جار خۆی ون کردووە، هەندێ جاریش ونبووی دۆزیوەتەوە، هەناسەیەک دەروێشێکی نادان بووە، بەینێکیش شێخێکی مەلەوان بووە، زەمانێک نەزانێکی پەککەوتوو بووە، دەورانێکیش زانایەکی گەوهەرناس و دوڕناسێکی بێوێنە بووە!

«بابە تاهر» شاعیرێکی کوردی سەدەی سێهەمی هیجری بووە، بەپێ هەندێ بەڵگەی تاریخی، دەورەی «ساحیبی کوڕی عیباد» و «ئیبنی سینا»ی فەیلسووفی دیوە، کە ئەمانە لە زەمانی حکوومەتی «بویە» یەکانا ژیاون، ئەم چوار خشتەکییەی کە ئەڵێ:

مو ئان بەحرەم کە دەر زەرف ئامەدەستەم
مو ئان نوقتە کە دەر حەرف ئامەدەستەم
بە هەر ئەلفێ ئەلف قەدی بەر ئایۆ
ئەلف قەدم کە دەر ئەلف ئامەدەست

کە مەتەڵێکی گرانە و میرزا «مەهدی خان» لەسەر حیسابی «ئەبجەد» لێکی داوەتەوە، گۆیا هاتنە دونیای بابە تاهر دەرئەخا لە «٣٢٦هـ - ٩٣٥م» دا. وە لە «٤٠١هـ - ١٠١٠م»دا مردووە، وە ئەمەی لە «المجلَە الجمیعە الاسیویّە»دا لە «بەنگال» بڵاو کردووەتەوە. لێکدانەوەکەشی گۆیا بەم جۆرەیە:

وشەی «الف قد =٢١٥» کە ئەمە لەگەڵ وشەی «بحر-دەریا» یەک ئەگرێتەوە، وەکوو چۆن لەگەڵ وشەی «طاهر» یشدا هەر یەکە. کە «الف قد=٢١٥» بخەینە سەر «الف =١١١» ئەکاتە «٣٢٦». وە ئەم ژمارەیە لەگەڵ وشەی «الف = هەزار» یەک ئەگرێتەوە، کە حینجە بکرێ ئەبێ بە «ها، زا، الف، را» وە لای وایە تا «٤٠١»ی هیجری ژیاوە.

بابە تاهر هەر لە «هەمەدان» مردووە، گۆڕەکەی گومەزێکی بچووکی پەڕپووتی بەسەرەوەیە، لەسەر تەپۆڵکەیەکە کە ناوی «بن بازار»ە وە لە شیمالی ڕۆژاوای شارەکەوەیە، گۆڕی دڵخوازەکەیشی «فاتمە لیرە» لەگەڵ فاتمەناوێکی تر و میرزا عەلی نەقی کەوسەری کە ئەمانیش لە دەروێشەکانی بوون، لەوێدان.

بابە تاهر شاعیرێکی کورد و لە بنەماڵەی «لوڕ»ە. وەکوو لەم چوار خشتەکییەدا بەتەواوی شێوەی زمانی خۆیمان بۆ دەرئەبڕێت:

دلی دیرم عشقت گیج و ویجە
موژە بەرهەم زەنەم خوونابە ڕیجە
دلی عاشق بەسانی چووب تەڕ بی
سەری سووجە، سەری خوونابە ڕیجە

واتە «دڵێکم هەیە کە لە عیشقت گێژووێژە، برژانگ بەیەکا بنێم خوێن ئەڕژێ. دڵی عاشق وەکوو شووڵی تەڕە، سەرێکی ئەسووتێ، سەرێکی خوێناو هەڵئەڕێژێ» چۆن داری تەڕ کە ئەیخەیتە سەر ئاگر لە سەرێکیەوە ئەستووتێ و لە سەرێکی تریەوە ئاو و زینچکاو دەرئەدا، دڵی منیش وایە.

بەڵام لەبەر ئەوە کە ڕەندێکی دێوانە و دەروێشێکی بێپەروا بووە، هەموودەم ئارەزووی ئەوەی کردووە ئەو شێعرانە کە ئەیڵێ تێکڵاویان کا بەو شێوانەوە کە دەنگی ئەیانگاتێ. وەکوو لەم چوار خشتەکییەوە ئەمەمان بۆ دەرئەکەوێ:

نەوای ناڵەی غەم ئەندووهـ[تە] زۆنۆ
عەیار قەلبی خالس بۆتە زۆنۆ
بۆرە سووتە دلوون گەرد هەم ئاییم
کە قەدری سووتەدل، دلسووتە زۆنۆ

واتە: «دەنگی ناڵەی خەمخۆر تۆ ئەیزانی، پارسەنگی دڵی بێ خەوش بۆتە ئەیزانی. وەرە با هەموو دڵسووتاوەکان لە لای یەک کۆ ببینەوە، چونکە قەدری دڵسووتاو، دڵسووتاو ئەیزانێ.» تەماشا ئەکەی لێرەدا «نەوا» فارسی، «تە=تۆ» بۆتانی، «زۆنۆ» پشتکۆیی، «بۆرە» لە «بەوە ئەیرە»ی لوڕی، «بۆتە» کرمانجی، ئەمانەی هەموو لەم دوو شێعرەدا کۆ کردووەتەوە، لەمەوە ئەوە بۆ ئێمە دەرئەکەوێ کە نەفسییەتی «بابە تاهر» ویستوویەتی لەناو هەموو هۆز و تیرەیەکی کورددا پەلبڵاو بکاتەوە بۆ ئەوە بتوانێ ئەو دەروێشی و بیروباوەڕی ئەوای لەسەر بووە، لەناویانا بنج داکوتێ و هەموویان باوەشی بۆ بگرنەوە و بە دڵ بچنە ژێریەوە.

دیسان لە بندەست ئەمەشەوە شێوەی ئەدەبیاتی فارسی وا نەبێ لە دەسە بەردابێ، وەکوو لەم بەیتەیدا دەر ئەکەوێ کە ئەڵێ:

بە خنجر گَر درارند دیدَگانم
بە آتش گَر بسوزند استخوانم
اگر بَر ناخُنانم نَی بکوبند
نَگیرم دل ز یار مهربانم

لەم شێعرانەوە دەوری سۆزی تافی جوانیش دەرئەکەوێ کە دڵخوازی خۆشەویستی هەموو شتێکی لەبیر بردووەتەوە، تەنانەت ئەگەر پارچە پارچەش بکرێ هەر ئەوەندە دڵی لەلای یاری میهرەبانیەوە بمێنێتەوە دەربایسی هیچی تر نییە!.

دوکتۆر «سەعید خان» ئەڵێ: «پیاوێکی گاوری کورد ئەڵێ: کە بابە تاهر چەند شیعرێکی بە شێوەی «گۆران»ی پەتی داناوە و ناردوویە بۆ «حەق»ەکان بۆ ئەوە کە لە بیروباوڕی یەک بگەن، وە ئەوانیش بخاتە سەر ئەو ڕێگەیە کە خۆی لەسەری بووە». داخەکەم ئێمە ئەو شێعرانەمان چنگ نەکەوت.

بابە تاهر لە سەرەتای ژیانیا دڵی بە عیشقی دیمەنی مانگڕووەکانی هەمەدان و لوڕستان پشکووتۆتەوە، جوانی و ڕەوشتیان و شۆخوشەنگی باڵا عەرعەریان سۆزێکی دێوانەیییان خستۆتە کەللەیەوە، لەناو ئەوانەدا «فاتمە» ناوێک بە دووچاوی مەست و ئەبرۆی هیلالیەوە بە دەنگدانی ئیمڕۆژ و سبەی، کوورەی دڵی بابە تایەر دێنێتە جۆش و ئەبێتە هۆی ئەوە کە قاپیی شێعری لێ ئەکرێتەوە و ئەڵێ:

دوو چەشمانەت پیالەی پوڕ ز مەی بی
خەراجی ئەبروانت مولکی ڕەی بی
هەمی وەعدە کونی ئیمڕۆز و فەردا
خودا دانە کە فەردای تۆ کەی بی

ئەم شۆڕشە لە کەللەیا تەم و بوخار ئەکا و بە هەموو لایەکدا ئەیڕەتێنێ، دێوانەی ئەکا و بە چۆڵ و هەرددا بەڕەڵای ئەکا و ئەیخاتە سارای دەربەدەری و بێ جێگەیی، ئیشی وای لێ دێ کە ئەڵێ:

مو ئان ڕەندەم کە نامەم بی قەلەندەر
نە خوون دیرەم، نە موون دیرەم، نە لەنگەر
چو ڕووز ئایەد بگردەم گێردێ گیتی
چو شەو ئایەد بە خشتی وا نەهەم سەر

واتە: «من ئەو ڕەندە بێ پەروایەم کە ناوم قەلەندەرە، نە خوان «سفرە»یەکم هەیە نانی لەسەر بخۆم، نە شوێنێکم هەیە ستاری تێدا بگرم، نە کەسێکیشم هەیە پشتیوانم بێ و لەنگەرم بگرێت، کە ڕۆژ هات بە دەور جیهانا ئەسوڕێمەوە، کە شەو هات خشتێک ئەخەمە ژێر سەرم و ئەنووم».

بابە تاهر ماوەیەک بەم جۆرە ڕایئەبوێرێ، لەپاشا ئەو دڵەی کە فریشتەی سەر زەوی هۆشی لێ سەندبوو، سەودای عەشقی ڕاستەقینە شاباڵ ئەکێشێ بەسەریا و لە دەست کەمەندی ماهڕوان ڕزگاری ئەکا، ئێنجا ڕوو ئەکاتە ئەو مەیدانە کە نووری خوای تێدا بڵاو بووەتەوە، لەو دەشتەدا بە سۆزی عەشقی یەزدان ئەسووڕێتەوە و لە هەموو سووچێکی ئەم ئەرز و ئاسمەنەدا بێجگە لەو، کەسێکی تر نابینێ، وەکوو ئەڵێ:

بە دەریا بنگەرەم دەریا تۆ وینەم
بە سەحرا بنگەرەم سەحرا تۆ وینەم
بە هەر جا بنگەرم کووهـ و دەر و دەشت
نیشان ئەز ڕووی زیبای تۆ وینەم

واتە: «لە دەلیا و وشکانیدا، لە چۆڵ و بیاباندا، بێجگە لە تۆ هیچی تر نابینم...» ماوەیەکیش لەو هەردە بە هەردەیەدا ئەسووڕێتەوە، دەمار و گۆشت و پێستی لە زەریای خواناسیدا بەتەواوی نەرم ئەبێتەوە، لەوێوە ئەکەوێتە عالەمێک خۆی بە مەلێک دێتە بەرچاو کە هەموو جیهان لەژێر پێیدایە، وە لای وا ئەبێ کە زاڵ بووە بەسەر هەموو شتێکدا و بەڵام دیار نییە، وە وا ئەزانێ ئەگەر بێت و خۆی بنوێنێ هیچ نییە خۆی لەبەر پلاریا بگرێت، وەکوو ئەڵێ:

موەم ئان ئازەرین مورغی کێ دەر حال
بسووجە عالەم ئەر بەرهەم زەنەم بال
موسەووەر گەر کەشەد نەقشەم بە دیوار
بسووجە عالەم ئەز تەئسیری تیمسال

واتە: «من ئەو باڵندە ئاگرینەم کە دەم و دەست بسووتێ ئەم جیهانە ئەگەر باڵ بەیەکا بدەم. تەنانەت وێنەگر ئەگەر وێنەم لە دیوار بکێشێ، هەموو عالەم ئەسووتێ لەناو کاریگەری ئەو وێنەیە». «موەم = منم»، «ئازەرین = ئاگرین»، «بسووجە = ئەسووتێ»، لە بەیانی ڕۆژێکی تۆفدا کە سەر لەسەر سەرینی نووستوێتی بەرز ئەکاتەوە تەماشا ئەکا نووری مەعریفەتی خوا هەموو دەمارەکانی ئەبزوێنێ، لە هەموو دەریایەکی خواناسیدا مەلەوانێکی بیندرێژە، ئەڵێ: «بە نەزانی نووستم بە زانایی هەستام». ئێنجا ئەبێ بە ئامۆژگاریکەرێکی دڵسۆز، بە شێخێکی پڕ سۆز، بە فەیلەسووفێکی ڕاستەقینە و بانک بە دونیادا ئەدا و ئەڵێ:

مەکون کاری کە بەر پاسەنگت ئایۆ
جیهان با ئین فەراخی تەنگت ئایۆ
چو فەردا نامەخواهان نامە خواهەند
تۆ نامێ خود ببینی نەنگت ئایۆ!

واتە: «ئیشێکی وا مەکە بەرد بێتە بەرپێت، دونیا بەم فراوانییە لە تۆ تەنگ ببێ و لە هیچ لایە جێت نەبێتەوە. ئەگەر سبەینێ نامەخوازەکان نامەتیان ویست، تۆ ناوی خۆت ببینی شەرمەزار ببیت!».

دیسان بە دەروێشەکانی ئەڵێ:

شەبی تاریک و سەحرا پڕ خەتەر بی
دەر ئین ڕاهـ ڕۆشنایی کەمتەرەک بی
شەبی تار و بیابان دوور و مەنزل
خۆشا ئانان کە بارەش کەمتەرەک بی

«کەمتەرەک: کەمتر» ئەڵێن: فەلسەفەس نەفسییەتی بابەتایەر گەلێ گەلێ جیاوازە لەگەڵ هی «عومەر خەییام»، عومەر خەییام بە دوو چاوی سەیری عالەم دەکا و لە هەر دووکیان ئەکۆڵێتەوە و لە عاستی هەر دووکیان ڕێگەی بێ پەروایی گرتووەتە پێش؛ بەڵام بابەتایەر چەندە لەم عالەمەدا بێ پەروایە، ئەوەندە لە عالەمەکەی کەدا بە پارێز و زۆر بە وردبینی ڕووی دڵی مەردمی تێ ئەکا، کە چی ئەم دوو بەیتەی کە ئەڵێ:

مو ئان ڕەندەم کە کە عیسیان پیشە دیرەم
بە دەستێ جام و بە دەستێ شیشە دیرەم
ئەگەر تۆ بێ گوناهی ڕەو مەلەک شۆ
مو ئەز «حەوا» و «ئادەم» ڕیشە دیرەم

واتە: «من ئەو ڕەندەم کە بێ فەرمانی پیشەمە، دەستێکم پیاڵەکەی تێدایە و دەستێکیشم شووشەکە. ئەگەر تۆ هیچ گوناحێکت نییە بچۆ ببە بە فریشتە، من ئەمە میراتمە کە لە باوە ئادەم و دایە حەواوە بۆم ماوەتەوە و ڕیشەی لەوێوە داکوتاوە». هەر ئەو بیروباوەڕەیە. بەڵام وا نییە، ئەمەش هەر یەکێکە لە فەلسەفەکانی بابەتایەر، چونکە ئەڵێ:

من دێوانەیەکم کە بێ فەرمانی لە باوە ئادەم و دایە حەواوە بۆم بەجێ ماوە، چۆن ئەوان بێ فەرمانی خۆیان کرد، منیش کە لەوان بم بە تەبیعەت هەر ئەبێ وا بکەم! کە وا بوو ئەم بێ فەرمانییە لە شەراب و بادەدا بەجێ دێنم، تۆ ئەگەر خۆت بەبێ گوناح ئەزانی ڕاستەوڕاست بگۆ ببە بە فریشتە، چونکە فریشتە لەو ڕەگەزە نییە کە منی لێ بووم، ئەوەندە هەیە ئەو شەراب و بادەیە کە تۆ بە بێفەرمانی ئەزانی من بە فەرمانبەرداریی دادەنێم، چونکە شەرابەکەم خواناسییە لە بادەی حەقپەرستیدا ئەیخۆمەوە بۆ ئەوە بچمە ڕیزی ئەو باوک و دایکەم کە کاتێ بێفەرمانی خوایان کرد بە ڕیازەتی نەفسی، خۆیان گەیاندە ئەو لالەزاری بەهەشتە کە هەتاهەتایی تێیدا ئەئێننەوە؛ ئەگەر ئەو نافەرمانییەیان بەسەرا نەهاتایە ئەو مانەوە هەتاهەتاییەیان چنگ نەئەکەوت، منیش لەوانم و ئەو شوێنەم ئەوێ. تۆ کە ئەتەوێ خۆت بەبێ گوناح بزانی، دیارە ناتوانی ئەو ئەرکی ڕیازەتە بەڕێوە بەری، کە ئەمەت پێ نەکرا، بچۆ وەکوو فریشتە چۆن ماوەیەک ئەمێنن لەپاشا بەبێ ئەوە لە بەهەشتدا بمێننەوە سەریان تیا ئەچێ، تۆیش وا بە، کە وا بوو تۆ بۆ بەهەشت دروست نەکراوی تەنیا بۆ تیاچوون دروست کراوی، یەکێ ئەگەر گەنجی بوێ، ئەبێ ڕەنج بکێشێ.

لەسەر قسەی «ف. مینۆرسکی» «حوسەین وەحید دەستجردی ئەسفەهانی» نووسەری گۆڤاری «ئەرمەغان»ی فارسی دیوانێکی بابەتایەری لە ١٩٢٧دا بڵاو کردووەتەوە کە ٣٦٥ چوار خشتەکییە. لەمانە سێ دووبەیتی ڕۆژەڵاتیناس «هرون ئالن» دۆزیویەتەوە و وتوویەتی هی بابەتایەرە، وە ٦٢ بەیتیشی حوسەین وەحید خۆی لەم لا و لەو لا کۆی کردووەتەوە، ئەوانی تریشی لەپێشا بە دەست مەردمەوە بووە. جا لە تازەکانا بابەتایەر گەلێ جار ناوی خۆی و کێوی «ئەڵوەند» و «مەیمەند» دێنێ، سۆز و خۆشەویستیی خۆی بەرانبەر بەو دوو کێوە دەرئەبڕێ. لەمەوە دەرئەکەوێ کە بابەتایەر بەپێی ئەودەورەیە لەدوای خواناسی خۆشویستنی مەڵبەندی لە هەموو شت بەلاوە گەورەتر بووە.

ناوبانگسەندی بابەتایەر بەم ناوە لەبەر ڕەوشتێکە کە لە کوردەواریدا باوە، لەناو کوردەکانا یەکێک ئەگەر شێخ بێ یا لە بنەماڵەی شێخ بێ، لەبەر ڕێز لێگرتن و خۆشەویستی پێ ئەڵێن: «بابە فڵان» وەکوو «بابە شێخ، بابە ڕەسووڵ، بابە عەلی» بابەتایەریش وایە.

دوایی بە سەرگوزەشتی بابەتایەر دێنین بەم دوو بەیتەی کە بەتەواوی زمانەکەی خۆیمان بۆ دەرئەبڕێ و پێشمان ئەڵێ: من لەپاش تاقیکردنەوەیەکی زۆر بۆم دەرکەوت کە گوڵ و وەنەوشە و ژن پشتیان پێ نابەسترێ، چونکە دوژمنێکیان هەیە کە ڕوومەت و ئاڵ و واڵایانە و نایەڵێ لە بۆتەی مانەوەدا قاڵ ببنەوە تا ببن بە هاوڕاز و جێی ڕازونیاز:

بەنەوشەی جۆکەناران هەفتەیە بی
ئەڵاڵەی کۆهساران هەفتەیە بی
مونادی مەیکەرن شەهرۆ بە شەهرۆ
وەفای گولعوزاران هەفتەیێ بی

واتە: «وەنەوشەی گوێی جۆگەکان هەر حەفتەیەکە، گوڵاڵەی کوێستانەکان هەر حەفتەیەکە. جاڕچی شار بە شار هەر بانگ ئەکا، ئەڵێ: وەفای ڕوومەت گوڵان «ژن» ئەویش هەر حەفتەیەکە»!