بێخ و بناوانی کورد: باوەڕی هەندێکی تر لە ڕۆژەڵاتیناسەکان بەرامبەر بە کورد

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  1571 مشاهده

دیسان بۆ زیادە ئاگاداری بیروباوەڕی چەند کەسێکی تر لە مێژوونوسەکان لە لاین ئەوەوە کە «کورد» لە نەتەوەی «ماد»ەکانن بە کورتی ئەنووسین:

١. «ٲ - سون»: لەبەر ئەوە ئاشنایەتییەکی هەیە لەبەین زمانی ئێستەی کورد و زمانی مێدیەکانا - ئەو زمانەیان کە زەردەشت کتێبەکەی خۆیی پێی نووسیەوە - لای وایە مێدیەکان کورد بوون.

٢. مامۆستا «سایس» ئەڵێ: مێدییەکان کورد بوون و لەو قەومە ئاریایییەکانن چە بە ڕەگەز چە بە زمان، وەڵاتەکەیان کەوتبووە ڕۆژەڵاتی وەڵاتی ئاشوور و تا جنوبی دەریای قەزوێن ئەڕۆیشت.

٣. «حەسەن پیرنیا - مشیرالدوله» لە کتێبەکەیا «ئێرانی کۆن» ئەڵێ: لۆغەتی مێدی ئەگەر زمانی کوردی ئێستە نەبێ بناغەیەتی.

٤. «دائرة المعارف»ی بریتانی ساڵی ١٩٢٩ ئەڵێ: مادەکان دەوڵەتەکەیان تیاچوو و تێکڵاوی کوردەکان بوون و بوون بەکورد.

٥. کتێبێک لە بارەی قەومەکانی هیند و جرمانی ئاسیەوییەوە لە ١٩٣٤ لە لایەن «هانس کونتر» دەرچووە ئەڵێ: «کوردەکان لە مادەکانن و ئەمانە هەندێکیشیان فارس بوون و هەر بوون بە کورد» هەر لەسەرچاوەی ئەم کتێبەوە دانراوێیکی فەرەنسەزی هەیە کە هی «زیوروفسکی»یە و ناوی کتێبەکە «قەوقاس و قەوقاسییەکان»ە. لەوێدا ئەڵێ: «کوردەکان لە نەتەوەی مێدییەکانن».

٦. «لووشان» ئەڵێ: «کوردەکان لە جینسی سپیپێستەکانن؛ مێدی و فارسەکانی ئەووەڵ پێشان ئەدەن و لە ئەورووپای شیمالییەوە هاتوون. سەختی وڵاتەکەیان پاراستوونی و هەموو نیشانەیەکی ئارییەتییان تیا ماوە و بە خۆیانیان ئەوت «ئاریر». کە لەگەڵ فارسەکان بوون بە یەک، واتە کە کوورش وڵاتەکەیانی گرت ئەو وەختە هەستیان ئەکرد بە شعووری قەومی و ئەڵهای کەیانێکی ئازادیان ئەکرد.