بێخ و بناوانی کورد: یەکبوونی کورد و گۆران

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  1380 مشاهده

ئەمێنتەوە سەر ئەوە هەندێ کەس لە زاناکانی ڕۆژاوا کە لە قەومی کوردییان کۆڵیوەتەوە و باوەڕێکی تریان دەربڕیوە و وتوویانە: لە وڵاتی کوردەکان هەندێک هەن وەکوو لوڕ، هەورامی، و هتد. ئەمانە لە ڕەگەزی کورد نین و پێیان ناڵێن کورد، بەڵکوو ئەمانە «گۆران»ن. ئەم قسەیە ئەوەندەی تر پیاو لە باوەڕی ئەو زانایانە ئەخاتە سەرسامییەوە! چونکە ئایا بە چی و لە کوێ ئەمەیان بۆ دەرکەوت. ئایا بە چی قسەکەی خۆیانیان بردە سەر کە ئەمانە قەومێکی غەیری ئاری و مێدی بوون و لە دەورێکی زۆر کۆنەوە هاتوون لە وڵاتی کوردەکاندا نیشتەجێ بوون؟ بێگومان لە وڵامی ئەم پرسیارە لام وایە یا بێدەنگی یا بێ هێزی پرسیار ئەبێ بە وڵامیان!.. جا بۆ ئەوە چە ئەوان و چە ئەو کسانەش کە ئەکەونە شوێن ئەم فکرەی ئەوان بەتەواوی ئەم باوەڕەیان لە دڵ دەرچێ و لێی پەشیمان ببنەوە ئەڵێن:

بێجگە لەوە ئەگەر ئەو کەسانە کە پسپۆڕن لە نژادشناسیدا بێن و بەتەواوی لە خوێن و ئەندام و جومگە و چاو و مووی ئەمانە - کە ئەوان پێیان ئەڵێن گۆران و بە غەیری کوردیان دەرئەکەن - ورد ببنەوە و سەیریان بکەن - وەکوو کردوویانە - لە ڕووی یاسایەکی عیلمییەوە ئەو هاوارە ئەکەن کە ئەمانە کوردن و لەگەڵ ڕەگەزی کوردا چە لە کۆن و چلە تازەدا هیچ جیاوازییەکیان نییە و زمان و ڕیشەی زمانەکەشیان هەر یەکە، دیسان بێجگە لەم قسەیەش من خۆم لەم باوەڕەدام و ئەڵێم:

ئەمانە کە ئەوان پێیان ئەڵێن «گۆران» و لە کوردیان جیا ئەکەنەوە هەر کوردن و هیچ جیاوازییەک لەبەینیانا نییە، ئەوەندە هەیە پەیدابوونی ئەم ناوە بۆیان هەر کوردەکان خۆیان لە بەرەبەیانی ژیانی کۆچەرایەتییانەوە بۆیان داناون و تا ئێستا ماوەتەوە. ئەمەش بەم جۆرە:

لەناو قەومی کورددا بە تێکڕا ئەم ڕەوشتە بووە و هەیە: کە «کورد» بەو کوردانە ئەڵێن کە دەوارنشین و کۆچەرین و گۆرانیش بەو کوردانە ئەڵێن کە شارنشین و لادێنشینن. لە سەردەمێکا کە نیشتەجێیی لە کورددا نەبووە ئەم ناوەش نەبووە، لەپاشا وردە وردە ئەو بەشەیان کە دەستیان دایە دانیشتن لە شار و لادێکاندا بەشە کۆچەرییەکان ناوی «گۆران» یان بۆ دانان و ئەم وشەیە من لام وایە بناغەکەی وشەی «گۆڕان»ە لەبەر ئەوە زۆر کەوتووەتە سەر زمانەوە بووەبە «گۆران» گۆیا بەشی کۆچەرییەکە لەبەر ئەوە بەشەکەی تر پشتیان لە ژیانی کۆچەرایەتی هەڵکرد پێیان وتن «گۆڕان» یانێ لەسەر ڕێوشوێنی ئێمە لایان دا. ئەمە باوە کەت ێکڕای کورد بە کۆچەری ئەڵێ «کورد» تەنانەت لە لای عەرەبیش هەر باوە کە تێکڕای عەرەب بە عەرەبە کۆچەرەکانیان ئەڵێن عەرەب. ئەگەر بەپێی قسەی ئەو زانایانە بێ وشەی «عەرەب» بۆ ئەو عەرەبە دەشتەکییانە ئەو مەعنا کە لە وشەکە وەرئەگیرێت ئەبوایە نەیدایە بە دەستەوە و یا بە لادێنشین و شارنشینەکانیان نەوتایە «عەرەب» لەگەڵ ئەوەش وا نییە.

مەسەلەی جیاوازیی هەندێ لە شێوە قسە کردنی ئەم کورد گۆرانانش ئەمە وا نەبێ ئەوە پیشان بدا کە ڕەگەزەکەیان جیایە، بەڵکوو ئەمە پێهاتی دانیشتن و کۆچەرایەتی و ناوچەی قسە کردنە کە ئەمە لە هەموو قەومێکدا ئەم جیاوازییە کەمە لەبەین شێوەی قسەکردنی دانیشتووەکانیانا ئەبینرێ، نەوەک هەر لەبەین کۆچەری و نیشتەجێیدا، بەڵکوو لە بەین شێوەی قسەکردنی دوو گوند بەتەنشت یەکەوە یا دوو شار، بگرە لە هەندێ شوێنا لەبەین دوو گەڕەک کە لە شارێکدا و لە قەومێکدا ئەبینرێ. دەی ئایا ئەکرێ ئەم جیاوازیی شێوەیە لەبەین ئەو دوو گەڕەکە یا ئەو دوو گوندەدا بکرێتە هۆی جیاوازیی ڕەگەزەکەیان؟!