بێخ و بناوانی کورد: باوەڕی خۆم تا ئەم شوێنە

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 14 دقیقه  1815 مشاهده

تا ئەم شوێنە کە ئێمە درێژەمان بەم باسە دا، هەموو قسەی ئەو مێژوونووسانە، یا ئەو ڕۆژەڵاتیناسانە بوو کە لەبەر چۆنیەتی سەرچاوەی کورد ناچار بووبوون بە باسکردنی غەیری کوردیش، کەم و زۆرێک قسەکانمان هێنان و نووسیمانن، هەر یەکە لە ڕێگەیەکەوە بۆی چوون و هەر یەکە قسەیەکیان لێوە کردووە و لە هەندێ شوێنا کە گۆیا زۆر ڕووناکیان کردبێتەوە، ئەو کوردانە کە ئیمڕۆژ و ئەو ڕۆژەش هەر بە کورد ئەناسرێن و ناسراون، ئەوان جیایانیان کردووەتەوە و بە ناوی «گۆران» لە کوردیانیان داپچڕیون! هەروەها هەندێکی تری وەکوو مامۆستا «ڕەشید یاسەمی» لەبەر ئەوە کە خۆیان کورد بوون، زۆر بە دڵسۆزی قسەیان لێوە کردووە و خۆیانیان پێوە خەریک کردووە، بەڵام لەبەر ئەوە کە ئارەزوویان لێ بووە کورد بکەن بە نەتەوەی ئێرانی - یا هەر بە ئێرانی - هێناویانە بە قسەی ڕواڵەت ڕەنگین باسەکەی خۆیانیان ڕازاندووەتەوە و لە ناوەندی باسەکەدا ئەڵێن: «چ دوژمنایەتییەک لەمە گەورەترە کە کورد لە نەتەوەی «جەمشید و فەرەیدوون و زەردەشت و کوورش و داریووش» لا بدەن و بیانکەن بە ڕۆڵەی «لاسیراب» و «ئانری داپی زیر»ی گۆتییا «تیگلات پلیسر» و «سارگۆن»ی ئاشووری و... هتد».

ئێمە نازانین «جەمشید» و «لاسیراب» یا «کوورش» و «سارگۆن» - کە هەر یەک لەمانە لاپەڕەی خۆیانیان پڕ کردووە و ڕۆیشتوون - چیان بۆ ئێمە بەجێ هێشت؟ چە شارستانی و بناغەیەکیان بۆ بەجێ هێشتین کە ئیمڕۆژ ئێمە لەناویا ڕابووێرین؟ چە دارێکیان بۆ ناشتین کە ئێستە لە سێبەریا بحەسینەوە؟ ئەم بێ یا ئەو بێ بۆ ئیمڕۆژی ئێمە هیچ جیاوازییەکی نییە. قسەیەکی کوردی هەیە ئەڵێ: «نان ئەو نانە ئیمڕۆ لە خوانە»، جا ناچارین بڵێین ئا ئەو کەسانە کە وا بوون کۆششەکەیان بۆ ئەوە بووە کە کورد بکەن بە نەتەوەی ئێرانی و هیچی تر، ئەوەندە هەیە ئێمە وەکوو لەمەودوا باسی ئەکەین ئەتوانین ئەوە بچێتە دڵمانەوە کە «پارس» لە نەتەوەی «کورد»ە، نەوەک کورد لە نەتەوەی پارس، دیارە ئەم دوو قسەیە جیایییەکی زۆر لەبەینیانا هەیە.

دیسان هەر ئەو کەسانە ئەڵێن: «هەندێ کەس لەسەر زەوی ئێراندا قەومێک دروست ئەکەن و کورد ئەبەنەوە سەر ئەو قەومە». ئێمەیش ئەڵێین: ئەو قەومە کە ئەو لای وایە دروست ئەکرێت! چار نییە ئەبێ پارسیش ببرێتەوە سەر ئەو قەومە. کە ئەمەمان وت، لام وایە ئەوانە ئیتر دان بەوەدا ئەنێن بڵێن: «ئەو قەومە کە تا ئێستە ئێمە ئەمانوت فەرز کراون وا نییە، بەڵکوو هەر لە ڕاستیدا هەبوون و هیچ دروستکراو نین». ئەمە ئەمان، ئینجا قسەیەکیش لە ڕۆژەڵاتیناسەکانەوە بکەین:

بەڵێ، ڕاستە ڕۆژەڵاتیناسەکان خزمەتێکی زۆری مەردمیان کردووە، بەتایبەتی خزمەتیان بەرانبەر بە ئێمە لە لایەن ڕەگەز و زمانەوە شایانی سوپاسە؛ ئێمە ئەمەمان لەبیر ناچێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش زۆر گرانە پیاو لە زمانێکی غەیری زمانەکەی خۆیدا هەر چەندە شارەزا بێ و ببێ بە وەستا تیایا هەر وەکوو کوڕی ئەو زمانەی لێ نایە، چونکە گەلێ نهێنی هەیە مەگەر بە زەوقی خاوەن زمان و بە پەروەردەکردنی زمانی منداڵی ئاشکرا ببێ و بزانرێ، ئەگینە بۆ یەکێکی تر نە وەک زۆر گرانە، بەڵکوو هەر هەڵناهێنرێت.

جا ئەو کەسانە کە بێگانە بوون و لە بابەت کاروانەکەی خۆیانەوە شتێکیان نووسیوە و ناوی کوردیشیان تێ خستووە، یا ڕۆژەڵاتیناسێک بوون کە ویستوویانە باسی شوێنان لە باری عیلمی و ئابوورییەکی هێمندا بکەن، بۆ ئەوە کە دەست بدا پاشەڕۆژ قەومەکەی خۆیان لە باری ئابووریدا کەڵک لە قسەکانیان وەربگرن، یاخود کابرا نە گەڕۆکێکی هەرەگەرد و نە عالمێکی پایەبەرز بووە، بەڵکوو خۆی لە خۆیەوە بۆ هەر شتە و بۆ هەر شوێنە شتێکی ڕووبازاڕی بینیوە و لەسەری ڕۆیشتووە و ئیتر نەیتوانیوە بەتەواوی لێی بکۆڵێتەوە. جا ئێمە سەیری هەر کام لەم سێ کەسە بکەین، ئەبینین ئەو شتەی وتوویانە یا نووسیویانە بەتایبەتی کابرای یەکەم و سێیەم - وا نەبێ سەرەنجامێک بدەن بە دەستەوە، یا شعوورێکی ساف بەرانبەر بەو شوێنە بنوێنن. ئەوەندە هەیە دەستەی دووهەم - کە لە ڕۆژەڵاتیناسەکانن - لەبەر ئەوە ئامانجێکی عیلمییان لەگەڵا هەبووە، قسەکانیان زیاتر جێی باوەڕە خاڵی لە کەڵکلێوەرگرتن نییە. کە وا بوو قسەی ئەمانەیان - با لە سەدا دەیشی قسەی خۆی بێ - پیاو ئەتوانێ شتی لێ دەربێنێ، بەو بۆنەوە ئێمەیش هاتین لە باسکردنی سەرچاوەی کورددا ئەو ڕۆژەڵاتیناسانە کە قسەیان لێوە کردووە زۆرتر قسەکانیانمان هێنا و نووسیمانن، بەڵام هێشتا بە پوختی نەگەیشتینە مەبەست. ئینجا منیش ئەمەوێ بیروباوەڕی خۆم بە ئاشکرا و بەبێ لایەنگەری لەباری کورد و سەرچاوەی کورددا دەربڕم، بۆ ئەوە ئەم گەنجینەیە هەروا بە قوفڵلێدراوی نەمێنێتەوە.

من ناڵێم بیروباوەڕەکەم لە سەدا سەد ڕاستە، بۆیە ناڵێم، چونکە ئادەمیزاد خاڵی نییە لە هەڵە و لە کەم فیکری، قسەکانی منیش فیکرییە کە لە ڕووی بەراوەردی هەندێ فیکری ترەوە دەرمبڕیوە. زۆر نزیکە چەوتی تێدا هەبێ، ئامادەم بۆ بەرەنگار بوون، بەڵام بە نووسین، نەوەک بە قسەی ڕووتی گوێی ئاگردان؛ چونکە شت کە نووسرا لە ئاخرا ڕاستە کە دەرئەکەوێ، لەپاش خۆیشم هیوادارم ڕۆڵەکانی کورد ئەگەر ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە من لە بیروباوەڕەکانما بە هەڵە چووم، بە چاوی لێبووردن لێم ئەبوورن و ڕاستییەکی ڕاستتر ئەخەنە بەرچاو نەتەوەکەیان.

***

لەپێش کردنەوەی باسەکەدا پێویستە ئەوە بڵێین کە هەندێ کەس ئەڵێن: کۆنتر خاکێک کە ئادەمیزادی تێدا کۆ بووەتەوە «خووزستان - ئیلام» و «بین النهرین»ە. جارێ «زاگرۆسمکان» - کە شوێن و مەڵبەندی کوردە - و ئیمڕۆژ کەوتووەتە ڕۆژاوای ئێران و ڕۆژەڵاتی تورکیا و شیمالی عێراقەوە، لەبەر ئەوە لە وەختی خۆیدا شوێنێکی بە پیت بووە دانیشتووانی وڵاتی بابل و ئاکاد و سوومەر، چونکە وڵاتەکەی خۆیان بێ خێروبێر بووە، ویستوویانە زاگرۆسییەکان بخەنە ژێر چنگ خۆیان، بۆ ئەوە لە پیتی وڵاتەکەیان کەڵک وەرگرن، بەم بۆنەوە هەموودەمێک لە چنگەپرچێدا بوون. گەلێ جار ناوی دانیشتووەکانی زاگرۆس وەکوو «گۆتی، کاسی، ئامادا و پارسوا» لە نووسراوەکانی ئەوانا بەرچاو ئەکەوێت.

لە لایەن بناغەی نژادی ئەوانەوە زاناکان ئەبن بە دوو بەشەوە: بەشێکیان ئەڵێن: هەندێ لەمانە وەکوو ئامادا و پارسوا بەبێ قسە «ئاری» ن. بەشێکیان ئەڵێن: ئاری بوونی هەندێ لەمانە وەکوو گۆتی و کاسی تۆزێ وردبوونەوەی ئەوێ. جا لەبەر ئەوە کە ئەم دوو بڕوایە لەبەینیانا پەیدا بووە، ناوی ئەمانەیان هەموو ناوە قەوقاسی. گۆیا لە زەمانێکی زۆر کۆنەوە لە کێوەکانی قەوقاس و زاگرۆس ماونەتەوە و ژیاون. دیسان دەستەیەکی تر لە زانایان ناوی ئەم قەومانەیان بە «تایفەی زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس» ناو ناوە. دەستەیەکی تر پێیان ئەڵێن: «ئازیانیک». مەبەست لەم هەموو قسانەش هەر ئەو قەومەیە کە لە زمانی پێش تاریخ و پێش پەیدابوونی ئارییەوە لە یەکێ لە شوێنەکانی ئاسیاوە کۆچیان کردووە و چوونەتە کێوەکانی زاگرۆس. سەرەڕای ئەوە کە ئەگونجێ ئاریش بن، بەڵام تا بەڵگەیەکی قاییم نەبێت ئێستە هەر لەژێر ناوی قەوقاسییا ئازیانیک یا قەومەکانی زاگرۆس ناوی ئەبەین.

سەرچاوەی مێژووی تێکڕای ئادەمیزاد زۆر تاریکە، بەپێی ئەو بەرد و شتوومەکە کە دووهەزار ساڵێک پێش میلاد کەوتوونەتە بەرچاو لە دەوری شارستانی یەکەمی ئادەمیزاددا تاقیکراونەتەوە، گۆیا دووسەد هەزار ساڵە ئادەمیزاد لەسەر زەوی پەیدا بووە، وە بگرە هەندێک ئەڵێن نیوملیۆن ساڵە. ڕەگەزێکە ئەوەندە ساڵ لە تۆپێکی وەکوو زەویدا پەیدا بووبێ، ئایا چە عەقڵ و زمانێک ئەتوانێ دان بەوەدا بنێ کە سەرچاوەی ڕوون بکاتەوە؟! با ئەم خاک و ئێسقانە لێک بکاتەوە کە هەموو بستە زەوییەک دوور نییە بە مێشکی هەزاران کەس پڕ بووبێتەوە و لەگەڵیا تێکڵاو بووبێت؟! لەگەڵ ئەوەش خوێندن و خوێندنەوە لەناویانا زیاتر لە ٦٠٠٠ هەزار ساڵ نییە.

کە وا بوو هەر قەومێک یا هەر نژادێک بیەوێ شوێنی زۆر کۆنی باوباپیری خۆی یا قەومێکی تر ڕوون بکاتەوە، بێجگە لە تەخمین و بەراوەردێکی عەقڵی، ناتوانێ بە بەڵگەیەکی ئاشکرا بەم ئامانجەی خۆی بگا. بەڵکوو هەر دەمێکی بۆ بەرێ لە ناڕاستییەوە گەلێ نزیکترە لە ڕاستی! بەم بۆنەوە ئێمە و غەیری ئێمە لە بابەت ڕەگەز و نەژادی کوردەوە - و بگرە غەیری کوردیشەوە - ناتوانین لە ٣٥٠٠ ساڵ پێش میلاد بەولاترەوە بڕۆین، دیسان دوور نییە ئەم ژمارەشە هەر خاڵی نەبێ لە تەخمین.

***

بە نەژاد و خوێن و ڕەوشت و عەنعەنات، ساغ بووەتەوە کە کورد قەومێکی ئارییە و سامی نییە، «ئاری لە ئاریاسەوە هاتووە، بە مانا بەرادەر» عالمە نەژادشناسەکانی ئەورووپا وەکوو «ئوژن پیتار» و «سوولاک» و «ڤون لووشان» گەلێک بەم باسەوە خۆیان خەریک کردووە و لێیان کۆڵیوەتەوە. ئەمێنێتەوە سەر ئەوە ئایا سەرچاوەی ئەم ئارییانە سەرەتا لە کوێدا بووە و لە کوێوە هاتووە؟ بۆ ئەم باسە وردبوونەوەیەکی ورد و قووڵی ئەوێ. جا بەو بۆنەوە لەپاش موتاڵایەکی زۆر و پشکنینی کەلێن و قوژبنی گەلێ شوێن، ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە:

ئارییەکان لە ٣٥٠٠ ساڵ پێش میلادەوە لە جنووبی ڕووسیاوە بەسەر شیمالی قەوقاس و دەریای ڕەشدا بەرەو خوار بوونەتەوە و هاتوون بۆ دەوروبەری ڕۆژاوای ئاسیا. دوور نییە ئەم کۆچکردنەیان لەبەر بێ لەوەڕی ب ۆماڵاتیان و زۆر بوونی ژمارەی خۆیان بووبێت، کە ئیتر لەوێدا جێیان نەبووبێتەوە. هەر کە بزووتوون و هاتوون، بوون لە دوو بەشەوە: بەشێکیان ڕوویان کردە ئەورووپا و قەومەکانی ئەوێیان لێ دروست بوو، بەشێکیان هەر لە دەشتەکانی جنووبی ڕووسیاوە هاتوونەتە ڕۆژاوای ناوەڕاست و ڕۆژاوای نزیکیەوە تا جنووبی هیند چوون. ئەم بەشەیان کە بەرەو بوونەوە لە تورکستانی ئیمڕۆی ڕووسیادا خۆیان گرتەوە و ماوەی هەزار ساڵێک و لەپاشا ڕوویان کردە جنووبی ئێران؛ ماوەیەکی باشیش لێرەدا مانەوە، ئینجا بوون بە دوو ڕێچکەوە: ڕێچکەیەکیان بەسەر هیمالایادا چوون بۆ هیند و لە «پەنجاب»ی ئێستە گیرسانەوە و نەتەوەی هیندیان دروست کرد، ڕێچکەیەکی تریان بە ناو بانی ئێراندا بڵاو بوونەوە و بە ئێرانی ناویان دەرکرد. دوور نییە هاتنی ئەمانە بۆ ئێران ٢٥٠٠ ساڵ پێش بگرێتەوە.

ئەم ڕێچکەی دووهەمە پەرەی سەند و زۆر بوون، هەندێکیان لە دەشتەکانی ئێراندا جێگیر بوون و بە پارسی ناسران. هەندێکیشیان بە ڕەوشتی کۆچەرایەتی کەوتنە شاخەکانی زاگرۆس و وەکوو ئەو شاخانە پەل پەل بوونەوە و «لۆلۆ، گۆتی، کاسی، مانای، کاردۆش، خالدی، کاردۆها و ماد» یان لێ پێک هات و هەر یەکە بۆ خۆیان دەورێکیان گێڕا، هەر چەندە بە ژیانی کۆچەرایەتی مابوونەوە، بەڵام دەوری حکوومەتایەتییان هەڵئەسووڕان؛ تەنانەت گەلێ جاریش پەلاماری دەشتەکانی ئێران و وڵاتی ئاشووریشیان ئەدا. دور نییە ئەم تیرەی «لۆلۆ»یە سەرەتا بە «لۆلۆ» ناویان دەرکردبێت و لەپاشا بەرە بەرە ناوەکەیان گۆڕابێ تا هاتووەتە سەر «ماد». مەبەست بە کۆچەری لێرەدا تەنیا ئەوەیە کە دانیشتووی کێوەکان بوون، چونکە ئەوانەی لە دەشتەکانی ئێرانا مانەوە وردە وردە نیشتەجێ بوون و لەشار و لادێکاندا دامەزران. وەکوو بەرچاومان ئەکەوێ ئەم ڕێچکەی دووهەمەش بوون بە دوو بەشەوە؛ قەومەکانی زاگرۆس، دانیشتووی دەشتەکانی ئێران. لەناو هێنەکانی دەشتی ئێرانا «پارس» هەڵکەوت -کە هەخامەنشییەکان ئەچنەوە سەر ئەوان - لەناو هێنکەی زاگرۆسیشدا «ماد» هەڵکەوت. کە کوردەکان ئەچنەوە سەر ئەوان .

«ماد»ەکان دەوڵەتێکی زۆر بەدەسەڵاتیان هەبووە، تەنانەت لە دەورەی «هوەخشەترە» دووهەم پادشای بەهێزی ماد پارسەکان بەتەواوی کەوتنە ژێر چنگی ئەمانەوە، بەڵام کە هەخامەنشییەکان هاتنە کایەوە ئیتر دەوڵەتی ماد ئەو دەسەڵاتەیان نەما و ڕوویان کردە کزی.

ئێستە مەبەست ئەوە نییە حکوومەت هەبووە یا نەبووە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە لەپاش لەناوچوونی حکوومەتی ماد وا نەبێ شەعبەکە لەناو چووبێت، بەڵکوو ئەو شەعبە بەرە بەرە هەر مایەوە و خۆی پاراست و بە دەوروبەری کێوەکانی زاگرۆسدا بڵاو بوونەوە تا گەیشتە سەر کوردی ئیمڕۆژ. کە وا بوو دەرکەوت کە «کورد» لە نەتەوەی «ماد»ە و «ماد»یش قەومێکی ئاری بوون. ئەگەر لەم ڕێگەوە بۆی بچین ئەوا قەومی کورد لە باپیرە گەورەیانەوە لەگەڵ قەومی فارسدا یەکیان گرتەوە وەکوو لەگەڵ هینددا بوون بە یەک، خۆ ئەگەر لە ڕێگەیەکی ترەوە بۆی بچین ئەڵێن:

سەرەتا کە ئارییەکان لە کلکەی شاخەکانی قەوقاسەوە هاتن بەم دیوا ئەو بەشەیان کە ڕووی کردە هیند ئەوان لەوێ بوون بە هیندی، بەشەکەی تریان کە لە کێوەکانی زاگرۆس مانەوە لەپاش ئەو کە ماوەیەک بە ژیانی کۆچەرایەتی ڕایانبووارد وردە وردە هەندێکیان ڕوویان کردە دەشتەکانی ئێران و لەوێدا نیشتەجێ بوون و دەستیان کرد بە شار دروست کردن و بوون بە شاری و بەرە بەرە، ڕەوڕەوەی تاریخ ڕەنگی ژیانی گۆڕین و قەومی فارسی لێ پێک هات. لەسەر ئەم قسەیە کورد بناغەیە بۆ فارس و فارس ئەسڵەکەی کوردە جا ئیتر تیرە تیرە بوونەوە لەمان لۆلۆ و کاسی ماد پێک هات و لەوان پارس هەخامەنشی و ساسانی دروست بوو ئەمە شتێکی ترە. ئەوەندە هەیە فارسەکان بە هۆی نیشتەجێبوونیان لە لادێ و شارەکاندا و هەڵسوکەوت قسە تێکڵاوکردنیان بە غەیری قەومی خۆیانەوە - کە ئەمە لە پێویستی تەبیعەتی شارنشینییە - زمانە ڕاستەقینەکەی خۆیانیان گەلێ گەلێ تێکداوە و ئێستە بە جۆرێ قسە ئەکەن بە دەگمەن ئەچێتەوە سەر شێوەی پارسی و مێدییەکان - کە ئەمانە ڕیشەی هەر دوو زمانەکەن - بەڵام کوردەکان لەبەر ڕێکەوتنی مەڵبەندی و کۆچەرایەتی و شاخنشینی دوورتر بوون لە قەومی بێگانەوە کەمتر تێکڵاویان بووە بە تێکڵاوبوونێکی وەها کە کار بکەنە سەر تێکدانی زمانەکەیان - مەگەر لە دەورەی ئیسلامیدا نەبێ کە هەندێ وشەی عەربی بە هۆی ئاشنایەتی ئایینیەوە تێی کەوت - بەم جۆرە بەبێ تێکدان و دەستلێدان زمانەکەی خۆیانیان پاراست و هێشتەوە، ئەوانە گەر سەرڕشتە و زانیارییان لە لایەن زمانناسینەوە هەیە بە ئاشکرایەکی زۆر ئاشکرا ئەزانن کە زمانی کوردی چاکتر و پۆختەتر ئەگونجێ لەگەڵ زمانی باپیرەگەورەکانیاندا کە ماد و پارسە، بەتایبەتی لەگەڵ سانسکریتی و کتێبەکەی زەردەشتدا.