بێخ و بناوانی کورد: قسەی ئەوانی تر

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 13 دقیقه  1646 مشاهده

تا ئەم شوێنە بیروباوەڕی هەندێ لە ڕۆژەڵاتیناس و مێژووناسەکان بوو بەرانبەر بە کورد و ڕیشەی کورد، ئینجا هەندێکی تر بە جۆرێکی تر بۆی چوون، هەر چەندە هەر یەک ئەگرێتەوە، بەڵام بۆ ئەوە باسەکە بگات بە ئەنجام ناچارین قسەی ئەوانی تریش بخەینە بەرچاو، چونکە هیچیان خاڵی نین لە قازانج:

دوکتۆر «کۆنتناو»ی فەرەنسزی ئەڵێ: لە دەوروبەری هەزارەی چوارەمی پێش میلاد سەرەتا یەکەم لێشاوێکی کۆچ کردووەکان کە هاتوونەتە کێوەکانی زاگرۆسەوە، سەرەتای لافاوەکەیان وا دەرئەکەوێ لە جنووبی دەشتی «سیبرییە و ڕووسیە» وە بووبێت. زاناکان ناوی ئەم قەومەیان بە «ئازیانیک - ئاسیایی» داناوە بۆ ئەوە لە کۆچ کردووەکانی تریان جیا بکەنەوە. لە هەزارەی سێیەمی پێش میلاد دیسان دەستەیەکی تر هەر لەو شوێنە کۆچیان کرد و هاتنە کێوەکانی زاگرۆس و بە ناوی «ئاری» یا «هیندو - ئەورووپی» ناوبانگیان دەرکرد. ئەمانەی لەگەڵ دانیشتووەکانی پێشوودا لەپاش شەڕ و شۆڕێکی زۆر، ڕێکەوتن و ئینجا وڵاتی «بین النهرین» یشیان داگیرکرد. ئەم پەلامارەی ئەمان ئەوەیە کە لە بەڵگەکانی «بین النهرین»دا بە پەلاماری «گۆتی» و «کاسی» ناوی ئەبا.

لە لایەن کۆچکردنی دەستەی دووهەم کە «ئاری» یا «هیندو - ئەورووپی» بێ دیسان دوکتۆر «کۆنتناو» ئەڵێ: لە ناوەندی مەرکەزییەوە دوو هاتن هی دوو دەستە دەستی پێ کرد، یەکێکی ڕووی کردە ڕۆژاوا و چووە ئەورووپاوە، دەستەکەی کەش ناوچەی جنووبی بالقانی گرتەوە و چووە «یۆنان»ەوە.

جا ئێستە ئەگەر شوێن قسەی ئەو زانایانە بکەوین کە ئەڵێن «ماد» و «پارس»ەکان لە هەزارەی دووهەمی پێش میلادەوە هاتوونەتە ڕۆژاوای ئێران - کە زاگرۆسە - ناچارین کە بڵێین لەپێش ئەوانیشا دیسان ئارییەکان هیندوئەورووپی کۆچێکی تریان بۆ ئەم وڵاتە هەر کردووە، چونکە لە زمانی کاسییەکانا ڕەگەزی هیندوئەورووپی ئەبینرێ، وەکوو لە ناوی خواکان و پادشاکانیانا دەرئەکەوێ. گەلێکی تر لەو زانایانە کە لە شتیان کۆڵیوەتەوە ئەڵێن: هاتنی ئەم هیندوئەورووپییانە بۆ ئاسیای بچووک لە گۆشەی شیمالی ڕۆژەڵاتەوە بووە، واتە لە دەربەندی قەفقازەوە - کە کورتتر ڕێگەیەکە لە بەینی ئاسیای بچووک و وڵاتەکەی ئەوانا - دەستە زانایەکی تر ئەڵێن: «خێر، ئەمانە بە «بسفوور»دا هاتوونەتە ئاسیای بچووکەوە، ئەمە ئەو ڕێگەیەیە کە لەپاشا «گالات»ەکان پیایا هاتن».

ئەو شتانە کە قسە لە قەومی زاگرۆسەوە بکا لە هەموویان کۆنتر بەڵگەی «سارگۆن» پادشای «ئاکاد»ە، کە لە «٤٧٥ تا ٥٣٠»ی پێش میلاد پادشایەتی ئاکاد - جنووبی «بین النهرین»ی کرد و چوو بۆ جەنگی زاگرۆس. لەپاش داگیرکردنی وڵاتی «کازالۆ» کە لە ڕۆژەڵاتی دیجلەوە بوو، چوو بۆ ناوچەی «بەدرە» - کە ئەو سەردەمە «در» یان پێ ئەوت - گرتنی بەدرە ڕێی بۆ کردەوە بۆ ئەوە بچێت بۆ «ئیلام، لوڕستان و کوردستان». لە نووسراوەکەی سارگۆندا ناوی ئەم شوێنانە و ناوی «لوبدۆ» کە لە وڵاتی کەرکووکدا بووە و هی وڵاتی «لۆلۆبیۆم» و «گۆتیۆم» هەمووی هەیە. کە سارگۆن بەسەر چوو لەم ئاکادانە چەند پادشایەکی تر هاتنە ناوەوە، بەڵام لە ئاخردا ئەرکی وڵاتەکەیان پێ بەڕێنە برا تاگەیشتە «نارام سین». لێرەدا زاگرۆسییەکان ویستیان سەر لەژێر فەرمانی بپێچێننەوە، نارام سین هەستا لەپێشا وڵاتی «کازالۆ» و «بەدرە»ی داگیر کرد و چوو بۆ دەوروبەری «ئاڵتوون کوپری» بۆ گرتنی دەوڵەتی «شیموورووم»، ناوی ئەم دەوڵەتەش لە پارچە لەوحی پادشاکانی «ئوور»دا بینراوە.

«لۆلۆبی» یا «لۆلۆ» کە باپبرە گەورەی «لوڕ» دائەنرێن، ئەمانە قەومێک بوون کە لە «زەهاو، شارەزوور و سولەیمانی» دائەنیشتن، کۆنتر شتێک کە لە لایەن ئەمانەوە کە بەرچاو کەوێت، نووسراوەکەی «نارام سین» کە لە دەوروبەری ٢٥٠٠ ساڵ پێش میلادەوە نووسراوەتەوە. بەپێی قسەی «ژ، دومرکان» «شوتروک ناحونتە» پادشای هەرە بەدەستی ئەمانە لە ١٢٠٠ یپێش میلاد بەردەکۆنەکەی لە شاری «سیپ - پاری»ەوە بردە «شوش» و باسی سەرکەوتنی خۆی بە زمانی ئیلامی تێدا نووسیوە کە چۆن بەسەر لۆلۆیەکانا زاڵ بووە و تایفەی تریشی خستووەتە ژێر دەست خۆی!. لۆلۆییەکان لە زەهاو و شارەزور و سلێمانیەوە هەموودەم ئەچون ڕێباز کاروانی بابلیەکانیان ئەگرت و ڕێگەر بەینی کفر، کەرکووک و ئاڵتوون کوپریش هەر بەدەست خۆیانەوە بوو.

ناوی کۆنی زەهاو «پادیر» بووە، ئەم شوێنە جێگەی هەڵکەندنی نەخشەی بەناوبانگ «ئەنوبانینی» بووە. حاکمەکانی «لۆلۆیی» لە دەوری «نارام سین»دا لە گەروی قەرەداغ جەنگێکیان لەگەڵ لەشکرەکەی کرد و نارام سین شکاندنی، سەرگۆزەشتی ئەم سەرکەوتنەی خۆی لە داوێنی گەروەکەوە لەسەر بەردێک هەڵسکەندوە شوێنی ئەم دەربەندی «گەور - گاور»ە لەگەڵ قەرەداغە نزیک بە گوندی «سێوسێنان».

«گۆتی»: نارام سین لەگەڵ گۆتی بەکانا - کە ئەمانیش یەکێکی ترن لە قەومەکانی زاگروس - کەوتە شەڕەوە و لە دەست ئەمانەوە شکستی هێنا، ئەم گۆتی یانە لە باکوور و ڕۆژەڵاتی شارەزوردا بون. کە نارام سینیان شکاند پەلاماری لۆلۆییەکانیشیان دا، هەڕچەندە ئەوانیشیان شکاند بەڵام لەبەر ئەوە لە خۆیان بایی بوبوون لە ئاخردا هەر لە شارەزورا بەهۆی یەکێ لە نەوەکانی نارام سینەوە شکانێکی پیسیان بەسەر هات.

کە ئەم گۆتی بانە کەوتنە «بین النهرین» خەڵکی شوێنەکە زۆریان بێز لێ ئەهاتنەوە، لەمانەش ئێجگار بابلیەکان چونکە ئەوان خۆیان بە یاسازان و شارستانی ئەزانی ئەیانوت ئەم گۆتی یانە دەشتەکین!. دور نییە چوونی ئەم گۆتی یانە بۆ «بین النهرین» لەبەر ئەوە بووبێت کە هیندوئەورووپیەکان لە باکوور و ڕۆژەڵاتەوە پاڵیان پێوە نابن. گۆتییەکان لە پاش «١٢٥» ساڵ دەستیان لە بابل بەرەڵا بوو، لەپاشا لە ناوچەی زاگرۆسدا بوون بە دەرەبەگی و هەر کە بۆ خۆی؛ وەکوو ئەوە لە شیمالەوە لە نزیک زاگرۆس «ئوربیلۆم» «هەولێری ئێستە» بوو بە دەوڵەتێک، لە جنووبی هەولێر دەوڵەتی «هارش» کە «تووزخورماتوو»ی ئێستەیە.

«کاسی»: یەکێکی تر لە قەومەکانی زاگرۆس کاسییەکانن کە لە شیمالی ئیلامەوە چوونەتە «بین النهرین»، لە دەوروبەری ٢٤٠٠ ساڵ پێش میلاد، بەڵگەیان لەم شیمالی ئیلامەوە بەجێ هێشتووە. زاناکان زمانی ئەم کاسییانەیان لە زمانەکانی قەوقاسی داناوە. مەبەست لە قەوقاسیش زمانی دانیشتووی کێوەکانی زاگرۆسە؛ هی ئەو دەورەیان کە گومانێک لە ئاری بوونیانا نییە. لە گەلێ شتدا ئەو کاسییانە ئاشنایەتی فیکرییان لەگەڵ قەومەکانی هیندوئەرووپیدا بووە، وەکوو ئەوە کە «ئەسپ» یان پەرستووە و بە تیشکی خوایان زانیوە. ئەم بڕوایە بڕوای قەومەکانی هیندوئەورووپی بووە، بە پێچەوانەی بابلییەکان، ئەمان گوێیان بەم جۆرە فیکرانە نەداوە.

یەکێک لە سوراخی دەسەڵاتی هیندوئەورووپی بەسەر کاسییەکانا وشەی «بوگاش-بوغاش»ە کە بە مانای خوایە، ئەم وشەیە لە زمانی «ئەسلاو»ەکانا «بوگر - بغو»، لە هی «فرووگی - فریژی»یەکانا «باگایو»، لە فارسی کۆندا «بوغ» بووە؛ کە ئەم بناغەیە لە وشەی «بغداد» و «بغپور» و «ئازەر فروغ بوغ»دا هەر دیارە و ماوەتەوە. لە لەقەبی پادشاکانی ساسانیدا بە مانای خوا و خواوەندگار هاتووە. یەکێ لە پادشاکانی کاسیناوی «بوگاش»ە کە بە مانای خوایە.

لە سەرەتای باسەکەی دوکتۆر کونتناوەوە تا ئەم شوێنە مەبەستمان هەر ئەوە بوو کە بە پێی ئەو شتانە کە لە بەڵگەکانی «بابل» و «ئیلام» و «ئاکاد»دا دەست ئەکەوێ، چۆنیەتی دانیشتووانی کێوەکانی زاگرۆسمان بۆ دەرکەوێ. ئەوەندەمان بۆ دەرکەوت کە لە هەزارەی سێیەمی پێش میلاد و بەڵکوو پێشتریش قەومێک لەم کێوانەدا ژیاون کە زمان و ئایین و ڕەوشتێکی سەیریان بووە، بەڵام کەس بناغەی ڕەچەڵەکەکەیان تێنەگەیشتووە. ئەوەندە هەیە بەپێی ئەم زمانانە کە ئێستە هەیە دەرکەوتووە کە «سامی» نەبوون، ئیتر ئایا کەی و لەبەر چی لەو شوێنە دوورە دەستی ئاسیاوە هاتوونەتە ئەم کێوانە؟ ئەمەیان تۆزێ ونە! هەندێ لە زاناکان بە «ئازیانیک» یان داناون، هەندێکی تر بە «ئاری»، لەپاشا لەبەر ئەوە کە هێشتا بەڵگەیەکی ڕێکوپێکیان لە بارەیانا چنگ نەکەوتووە، پێیان وتوون قەوقاسی، واتە دانیشتووانی ئەو کێوانە کە سەرەکانیان ئەگەنە قەوقاس، بەڵام چاکتر ئەوەیە کە هەر ناو بنرێن بە قەومی زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس، واتە مەردمی دانیشتووانی ئەم کێوانە.

***

ئەوانەی لە مێژووی کۆنیان کۆڵیوەتەوە بۆیان دەرکەوتووە کە یەکێ لە هۆی هەرە بەهێزی کۆچکردنی قەومێک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر ئەوە بووە کە لە پشتەوە پاڵەپەستۆ نراون ناچار بوون بە کۆچکردن و بۆ پێشەوە ڕۆیشتن. بەتایبەتی لە باسی کاسییەکانا ئەم تەخمینە زۆرتر ئەخرێتە کار، چونکە لە دەوری ئەوانا قەومێکی تازە لە زاگرۆس پەیدا بوون، پێیان ئەوتن «هیندو - ئەورووپی». ئەمانە لە سەرەتای هەزارەی دووهەمی پێش میلاد لە دەشتەکانی «تورکستان» و شیو و دۆڵەکانی شیمالی «قەوقاس» و «دەریای خەزەر»ەوە هەستان و هاتنە زاگرۆسەوە و بوون بە دوو بەشەوە.

بەشێکیان ڕوویان نا بۆ جنووبی ڕۆژەڵات و چوونە «هیند»ەوە و دانیشتووەکانی ئەوێیان خستە ژێر دەست خۆیان و زمانێکی تازەیان بڵاو کردەوە و ناویان نا «سانسکریتی». بەشەکەی تریان کە تۆزێ بچووکتر بوون - ڕێگەی ڕۆژاوای زاگرۆسیان گرت و لە هەوارگەی کاسییەکان نزیک بوونەوە و لەگەڵ ئەوانا بە جۆرێک تێکڵاو بوون کە بە پەرستنی «سوریا - خوای هەتاو» و «مارووت - خوای تاعوون» و «بوریا - خوای تۆفان» لێیانەوە فێر بوون. هەروەها ئەوەشیان لە زاگرۆسییەکانەوە وەرگرت کە لە باتی «گا» و «کەر» کەڵک لە ئەسپ ببینن، چونکە ئەم بۆ جەنگ بەکەڵکترە.

***

ڕۆژەڵاتیناسی بەناوبانگ «میجەرسۆن»یش لەسەر باسی ئەم چۆنیەتی کوردە بیروباوەڕێکی هەیە، لەبەر ئەوە خاڵی لە کەڵک لێ وەرگرتن نییە، بە کورتی و کورتکراوەیی قسەکانی ئەویش ئەخەینە پێش چاو کە ئەڵێ:

«مەبەست بە وڵاتی «نایری» تەنیا شیمالی ڕووباری «زاب»ی سەروو نییە، بەڵکوو ئەوەیە کە «تیگلات پلیسر» و نەتەوەکانی ناویان بۆ دانابوون و ئەیانوت: نایری ئەو قەومەن کە لە دەوروبەری سەرچاوەکانی دیجلە و فوڕاتدا دائەنیشن و لە شیمالی «نیفاتس» واتە «دیاربەکر، خەرپووت، دەرسیم» و کێوەکانی «بتلیس» و «تورووس»دا ڕائەبووێرن کە ئەم وڵاتانە لە ٤٠١ی پێش میلاد «کوردوئی»یەکانی تێدا بینراوە و تیایانا دانیشتبوون.

لەو تاریخەوە ئیتر کوردستان بووە بە نیشتمانی قەومێکی کۆنی دەستلێنەدراو و خاوەن زمانێکی سەربەخۆ. بەڵکوو ئەم قسەیەشمان ئەوەیە: ئەو سەردەمە کە قەومە ئارییەکان کۆچیان کرد و شوێنەکانی خۆیانیان بەجێ هێشت و ڕوویان کردە «فارس» و «مێدیا» و هەندێ شوێنی ئەورووپا، قەومی کوردیش شوێنەکەی خۆی بەجێ هێشت و ڕووی کردە کێوەکانی کوردستان و کردیان بە شوێنی خۆیان. تەنانەت ئێستە ئێمە - کە قەومی ئینگلیزین و لە نەتەوەی سەکسوونین - لە باووباپیرمانا لەگەڵ کورددا یەک ئەگرینەوە و ئەبین بە خزم. خوێنی قەومی کورد تێکڵاوی خوێنی هیچ قەومێکی تر نەبووە، ڕەگەز و خوێنی خۆی لە هەموو دەورێکا پاراستووە و هەموودەم هۆشی بە زمانەکەی خۆیەوە بووە، نەیهێشتووە هیچی تری تێکڵاو ببێت، کە دوو حوکمەتەکەی مێدی و فورس دوایییان هات و فارسک ەوتە ژێر دەست «پرس - ئەشکانی»یەکانەوە، مێدییەکان پەنایان بردە کێوەکان و بەناوی «کوردوئی» واتە «کوردی» ناونران، ئیتر تاریخیان بەم ناوەوە ناسرا.

کە تەماشایەکی لاپەڕەی شیمالی ڕۆژاوای ئاسیا بکەین ئەبینین هەموو دەم لەبەر «ئاشووری، فارس، یۆنان، ڕۆمان، عەرەب، مەغوول و تورک» شوێنی ئاژاوە و خوێنڕشتن بووە و وەستان و بەربەرەکانێکردنی قەومی کورد بۆ ئەمانە لە بەربەرەکانێکردنی هەموو شەعبێکی تر زیاتر بووە و هەموودەم کۆششی ئەوەیان کردووە کە خوێن و ڕەگەز و زمانەکەیان بە پاک و پوختی بهێڵنەوە، لە ڕاستیشدا ئەم ڕەوشتە کە کورد هەیبووە کەس ناتوانێ ئینکاری بکا». هەروەها «میجەرسۆن» ئەڵێ:

«ئەم کێو و دەشتانە کە کەوتوونەتە شیمالی ڕێگەی «ڕەها - مووسڵ»ەوە لە بەرەبەیانی تاریخەوە شوێنی ئادەمیزاد بوون، سنوورێکی تەبیعی و سیاسی بوون، کە شیمالی «بین النهرین»ی لە جنووبی جیا کردووەتەوە. ئەمەیش لەوەدا ئەیزانین کە لە ١١٠٠ لە دەوری پادشایەتی «تیگلات پلیسر»دا کێوی «تورعابدین» کە ئەو وەختە پێیان ئەوت «نیفات» بووبوو بە سنووری شیمالی وڵاتی ئاشوور. لەپشت ئەم سنوورەوە وڵاتی «نایری» بوو کە هەمووجار «تیگلات پلیسر» کۆششی داگیرکردنی ئەکرد. لەپاشا ناوی وڵاتی نایری بوو بە کوردوئی کە ئەمە ڕاست «کوردین» یا «کورد» ئەگرێتەوە. لەمەوە بۆمان دەرئەکەوێ کە قەومی کورد لە بەرەبەیانی مێژووەوە ڕەگەزەکەی ئارییە و هاتوونەتە ئەم وڵاتە.

دیسان وەکوو لاپەڕەی تاریخ پیشانمان ئەدا، لەشکری گەلێ لە قەومە گەورەکان وەکوو: «یۆنان، ڕۆمان و پرس» هەموودەم ناچار بوون بەوە کە لەبەردەم ئەم کێوانە و لەسەر بزێوی دانیشتووەکانی، ڕوو بکەنە دەشتەکانی جنووب، چونکە هەر ئەم کێوانە پیشانمان ئەدەن کە لووتی گەلێ لە قەومەکانی ڕۆژەڵاتیان شکاندووە، لەو کاتەدا کە ویستوویانە شاڵاویان بۆ بەرن. تەنیا قەومی ئاشووری یەکەم قەوم بووە کە توانیبێتی بچێتە وڵاتی نایری یا کوردوئین، ئەمەش ئەمە ناگەیەنێ کە دانیشتووانی ئەم شوێنە لە قەومی ئێستەی کورد پاشکەوتووتر بوون بۆ ئارەزووکردنی سەربەخۆیی و ئازادی. قەومە بەهێزە داگیرکەرەکان لە ڕەوڕەوی تاریخدا گەلێکیان کۆشش کردووە بۆ ئەوە کە ئەم قەومی کوردە بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، بەڕاستی چۆن تەقەلاکەی ئەوان بۆ ئەم ئامانجە پیاو ئەخاتە بەڵاجەوییەوە، ملنەدان و بەربەرەکانییەکەی ئەمان گەلێ گەلێ پیاو سەرسامتر ئەکا. بێجگە لەمەش هەر ئەم کوردە لە ڕووپەڕەی ڕۆزگاردا زۆر شتی وایان بەجێ هێشتووە کە ڕۆژەڵاتیناس و مێژووناسەکانیان هەمووجار بە خۆیانەوە خەریک کردووە!

کورد سەر بۆ کەس دانانەوێنێ و ملکەچی کەس نابێ، هەموودەم حەز بە بەرزبوونەوە و پێشکەوتن ئەکا، بستە زەوییەکی بە خۆڕایی نادۆرێنێ، زۆر زۆر بێزی لە ڕەوشتی ئەو قەومانە هاتووەتەوە کە ویستوویانە داگیری بکەن، بۆ ئەوە کە ئاگاداری کەیانی قەومی و زمانی ئاری خاوێنی خۆیان بکەن، گەڕان و سووڕانەوەیان لە شاخ و چیای وڵاتەکەی خۆیانا پێ خۆش بووە، جا قەومی وا دوایی نایەت و دوایی پێ ناهێنرێت.