بێخ و بناوانی کورد: «دەستەی دووهەم: مێدییەکان و بەردەستەکانیان»

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 12 دقیقه  1357 مشاهده

«هۆڤی ڕۆنبس» و «هنری پریستید» دوو مێژونووسی بەناوبانگن، ئەڵێن: ئەو قەومە دراوسێیانە کە جنسەکانیان گەلێک لێک نزیکە هەندێ جار بە «ئاری» ناو ئەبرێن، ئەمانە پەلێکن لە قەومەکانی «هیندو - ئەورووپی» کە لە دەوروبەری ٢٥٠٠ ساڵ پێش میلاد لە وڵاتەکانی ڕۆژەڵات و شیمالی ڕۆژەڵاتی «دەریای قەزوێن» دائەنیشن، ئەمانە هەندێکیان بە کشتوکاڵەوە خەریک ئەبوون، بەڵام بە تێکڕا هەر وەکوو لە دەوری بەردیندا بن وانە، مەگەر هەندێکی کەمیان نەبێ کە گەیشتوونەتە دەوری «کانی - مەعدەنی»، بێجگە لەوە کە مەڕوماڵاتیان بەخێو ئەکرد، لەباری تریشدا کەمەکێک هەر پێشکەوتوو بوون، لە ماڵاتا ئەسپیان زۆر پێ خۆش بوو، بەڵام نووسین هەر فێر نەبوون. هەندێ لەم ئارییانە چوون بۆ هیند، لەوێدا کتێبێکی پیرۆزیان بە زمانی «سانسکریتی» پێکەوە ناو ناویان نا «ڤیداس». ئەم کتێبە لە لایەن ژیانی سەرەتایی ئەمانەوە ئاگاداریی باشی تێدا هەیە. هەروەها هەندێکی تر لەم ئارییانە ڕوویان کردە ڕۆژاوای جنووبی و دەشتی «ڕاڤدین» و لەوێدا مانەوە. دوو شەعبەکەی «ماد - مێد» و «پارس - پارسای» لە هەرە بەهێزی ئەم دەستەی دووهەمن. هەروەها «پریستید» ئەڵێ: ناونانی «هیندو - ئەورووپی» بە ئاری هەڵەیەکی زلە کە تا ئێستا بڵاو بووەتەوە، ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو وشەیە کە «ئێران - ئێرانی» لێ وەرگیراوە، بەسەر عەشایری شاخەکانی ئێراندا بوتری، ئەو عەشایرانە کە بەشێکن لەو قەومانە کە هیندوئەورووپییان بەسەرا بڕاوە.

١- «مێد»: ئەم قەومە لە قەومەکانی هیندوئەرووپین، واتە «ئاری». لە سەدەی نۆیەمی پێش میلاد لە ڕۆژەڵاتی دەریای قەزوینەوە «وڵاتی باختەریانە» وە چوونەتە ڕۆژاوای شیمالی کێوەکانی ئێران، واتە وڵاتی «مێدیا»، وردە وردە دەسەڵاتیان بەسەر دراوسێکانیشیانا پەیدا کردووە، لە دوایی هاتنی سەدەی هەشتەمی پێش میلاددا حکومەتێکی سەربەخۆیان دامەزراند و قەومی «پارسای»شیان خستە ژێر دەست خۆیان و شاری «هکمتان» «هەمەدانی کۆن» یان دروست کرد و کردیان بە پایتەخت.

مامۆستا سایس ئەڵێ: مێدییەکان ئەو عەشایرە کوردانە بوون کە لە ڕۆژەڵاتی وڵاتی ئاشوور دائەنیشتن و سنووری خاکەکەیان تا جنووبی دەریای قەزوین ئەڕۆیشت، زۆرتر ئەم قەومە لە لایەن لۆغەت و زمانەوە ئەچوونەوە سەرهیندوئەرووپی و لە لایەن ڕەگەزەوە ئەچوونە سەر ئاری.

وەکوو هەندێ لە ڕۆژەڵاتیناسەکان ئەڵێن: زمانی مێدی ئەم زمانی کوردی ئێستەیە بووە، وەیا ئەم لۆغەتی کوردییە بناغە بووە بۆ ئەو «ئێران قەدیم». هەندێکی تر لە زاناکانی مێژوو ئەڵێن: لەپاش بڕانەوەی دەوڵەتی مێدی، هەندێکیان بەتەواوی وەرگەڕانە سەر قەومی «پارس - فارس»، هەندێکیشیان لەبەر دراوسێتی لەگەڵ قەومی کورددا بوون بە کورد. بەپێی ئەم قسەیە شەعبی «پارثی»یش لەبەر ئەوەی تێکڵاوی دوو شەعبەی کورد و فارس بوون، ئەوانیش لەناو ئەوانا تیاچوون. ئەم نزیکییەش کە ئێستا لە مابەینی کوردی و فارسیدا ئەبینرێ، ئەوە سوراخێکە لە تێکڵاوبوونی ئەو دوو شەعبە ئارییە کە «مێدی» و «پارثی»ن.

«سیرولسن»یش ئەڵێ: «کوردەکان لە نەتەوەی مێدییەکانن». بەپێی ئەمانە شەعبی مێدی سەرچاوەیەکی زۆر نزیکە لەم دەستەی دووهەمەدا بۆ قەومی کورد.

٢- «نایری - نەهری»: ئەم قەومە لەپێش ئاخر کۆچەکەیانا لە کوردستان دائەنیشن، ڕاستە بەڵگە کۆنەکان شتێک لەمانەوە ناڵێن، بێجگە لە هی دەوری ئاشوورییەکان کە گۆیا ئەمانەی مەبەستە، وا دەرئەکەوێ ئەم عەشرەتە لە دەوری گەلێ کۆنەوە دوو قەومەکەی «سووبار» و «گوتوو»ی دروست کردووە. ئەو گوند و عەشرەتانە کە ئێستا لە ناوچەی «نیری - نەهری» دان لە وڵاتی «شەمدینان»، دوور نییە لە پاشماوەی ئەم «نایری»یانە بن. «مینۆرسکی» وەکوو «تورودانگین»ی ڕۆژەڵاتیناس ئەڵێ: ناوچەی «نایری» یا «هوبشکیا» ئەمە شیو و دۆڵەکانی «بۆتان»ە و ئەم بەشی ڕۆژەڵاتی نایرییە لە وەختی خۆیا دەوڵەتێکی سەربەخۆیان دروست کردووە. «میجەرسۆن» ئەڵێ: ئەگەر تەماشایەکی دەوری «گۆتی»یەکان بکەین کە لە بەینی سەدەکانی ١٥و١٢ یپێش میلاددا ئەژیان، ئەبینین ئەم نایرییانە -کە پێش مێدییەکان کەوتبوون- لە کوردستانی ناوەڕاستدا ژیانێکی باشیان ئەکرد و دەسەڵاتێکی واشیان هەبوو کە ترس و لەرزیان خستبووە دڵی دراوسێکانیانەوە. هەر ئەم قەومە بوو لەپاشا ناوەکەی گۆڕا و بوو بە «کورد». ئەم وڵاتی نایرییە لەو دەورەدا لە حەوزیی ناوەڕاست لە ڕووباری «زاب»ی گەورەوە دەستی پێئەکرد تا سەرچاوەی ڕووبارەکە. مێدییەکان کە حکوومەتەکەیان تیاچوو بەرەبەرە ڕوویان کردە ئەم شوێنە و ئێرەیان ئاوەدان کردەوە.

٣- «کاردخۆی»: لێرەدا دوو بیروباوەڕ بەرانبەر بەم قەومە کە «گەزەنەفۆن» لە گەڕانەوی ١٠ هەزار کەسەکەیدا لە ٤٠١ یپێش میلاد تووشیان بووە هەیە:

یەکەم: وشەی کاردخۆی وشەی گۆتی کۆنە و بە هۆی دوورکەوتنەوەی زەمانەوە تێکچووە و بووە بە کاردخۆی. تەنانەت بە هۆی ئەم دوورکەوتنەوە لە دەوری «توکولتی - نیراری» پادشای ئاشوور بە «کوتی» و «کورتی» ناو ئەبرا. لە لێکدانەوەکەی ڕۆژەڵاتیناس «درایڤر» وا دەرئەکەوێ ئەم هەموو وشە و ناوانە چە «کورتی» و چە «کاردا» کە دوو قەوم بوون لە دەوری «ئاراد - نانار» پادشای «لاگاش» - هەموو هەر ناو بوون بۆ ئەم شەعبی کوردی ئێستەیە زەمان گۆڕیونی. ئەگەر ئەم قسەیە وا بێت ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێ کە کاردخۆییەکان پاشماوەی گۆتییەکانی کۆنن و هیچی تر.

دووهەم: ئەم شەعبی کاردخۆیە دوور نییە ئەو وەختە هاتبێنە کوردستان کە مێدی و فارسەکان کەوتوونەتە شوێنەکانی خۆیان تیایانا نیشتەجێ بوون. وەیا لەپاش ئەم وەختە بووە کە ناوەڕاستی سەدەی حەوتەمی پێش میلاد ئەگرێتەوە، کە هاتویشن و وردە وردە دەسەڵاتیان بەسەر عەشایرەکانی کوردستانا پەیدا کردووە لەپاشا بوون بە یەک. ئەم قسەشە ئەچێتە دڵەوە، زۆر نزیکە ئەمانە ڕوویان کردبێتە کێوەکانی ئێران و تیایا نیشتەجێ بووبێتن، بۆیەش نزیکە، چونکە عەشایرێکی زۆری کورد لە دەوری ساسانییەکانا لە ئێراندا هەبوون. وەکوو «سیرسیدنی سمیث»یش ئەڵێ: کە ئەم عەشایرانە لۆغەتی تایبەتی خۆیانیان هەبووە و سەربەخۆ بووە، هیچ پەیوەندێکی بەسەر لۆغەتی فارسییەوە نەبووە، چونکە ئەم کۆنترە لە فارس.

لەسەر باوەڕی یەکەم ئەم کاردخۆییانە لە نەتەوەی ئەو گۆتییانەن کە وڵاتی سوومەر و ئاکادیان داگیر کرد و لە قەومەکانی زاگرۆسەوە سەرەوخوار بوونەتەوە. لەسەر باوەڕی دووهەم لە ڕەگەزی هیندوئەرووپی دائەنرێن، هەر وەکوو مێدی و فارسەکان. بێجگە لەمەش لە مابەینی ئەو عەشرەتانەدا کە شەعبی کوردییان پێک هێناوە، هەندێ هۆزیان تێدا هەیە کە بەڵگەکانی کۆن باسیان ئەکا، وەکوو ئەوەی مامۆستا «اولمستید» ئەڵێ: تیرەیەک هەبوون کە پێیان ئەوتن «موسری»، ئەمانە ڕیشەی ئەم عەشرەتی «موسری - مزووری» ئێستەیەن، هەنووکەش وەکوو دەورەی «سناخریب» لە لێواری ڕووباری «خازر» دائەنیشن.

خولاسە کورد لە نەتەوەی دەستەی یەکەم بێ، واتە قەومەکانی زاگرۆس بن کە سەرچاوەکەیان قەوقاسییە و لەپاشا بە هۆی لافاوی کۆچکردنەوە لە دوو سەدەی هەشتەم و نۆیەمی پێش میلا و بوون بە ئاری، وەیا هەر ڕاستەوخۆ لە نەتەوەی دەستەی دووهەم بن، واتە ئارییەکی بێخەوش «هیندوئەرووپی» وەکوو زۆرتر لە مێژوونووسەکان هەروا ئەڵێن. ئەوەی گومانی تێدا نەبێ ئەوەیە: بیروباوەڕەکەی دەستەی یەکەم کە «کورد قەومێکی زۆر کۆنە»، ئەمەیان باوەڕێکی بەهێزە، لەگەڵ ئەوەش هێشتا هەر بەتەواوی ساغ نەبووەتەوە، پێویستە بە هەندێ لێکۆڵینەوەی تر.

ئەمین زەکی بەگ ئەڵێ: «لەگەڵ ئەو باوەڕەشدا کە ئەڵێ: کورد لە ناوەڕاستی سەدەی حەوتەمی پێش میلادەوە هاتوونەتە کوردستان، من لام وایە باوەڕێکی قاییم نییە، بە پێچەوانەی قسەکەی مامۆستا «سپایزر» و خەڵکی تریش کە ئەڵێن سەرچاوەی کورد ئەو دانیشتووە ئەسڵییانەن کە لە کێوەکانی زاگرۆس، وەیا هەر ئەو دانیشتووە کۆنانەن کە لە کوردستانا دانیشتبوون، ئەم باوەڕە بەهێزە و زۆرتر ئەچێتە دڵەوە».

دیسان «ئەمین زەکی بەگ» قسەی ڕۆژەڵاتیناسەکان و «سپایزر»یش ئەخاتە ناواخنی باوەڕی خۆی و ئەڵێ: «ئەمە ڕاستە کە کورد لەسەر زمانی قەومەکانی تر گەلێ ناوی هەیە، بەڵام ئەمە ئەوە ئەگەیەنێ کە هەر یەکە ناوی قەومێک بووە و جیا بووە لەوی تر، بەڵکوو لەوانەیە بەپێی زەمان هەر قەومێک کە هاتووە ناوی «کورد»ی بە شتێک بردووە، بەڵکوو ئەوە کە سوومەرییەکان پێیان ئەوتن: «گۆتی، جۆتی، جۆدی» ئاشووری و ئارامییەکان ئەیانوت: «گۆتی، کورتی، کارتی، کاردۆ، کارداکا، کاردان، کارکتان، کارداک»، ئێرانییەکان ئەیانوت: «کورتیو، سیرتی، کوردراها»، یۆنان و ڕۆمان پێیان ئەوتن: «کاردسوی، کاردخۆی، کاردۆک، کردوکی، کردوخی، کاردویکای»، ئەرمەن ئەیانوت: «کوردوئین، کورچیخ، کورتیخ، کرخی، کورخی»، عەرەبیش ئەیانوت: «کوردی، کاردۆی، باکاردا، کارتاویە، جوردی، جۆدی».

***

سەیر ئەکەی ئەم هەموو ناو و گۆڕانە لە پاشەرۆکی تەبیعەتی شێوەی قەومەکانەوە بووە، نەوەک لەبەر ئەوە کە ئەمانە چەند قەومێکی جیا جیا و عەشایری تێکڵاووپێکەڵاو بووبێتن، تەنانەت ئەم ناو گۆڕانە ئێستەش هەر هەیە، وەکوو ئەوە کە عەرەب ئەڵێ «بندقیە»، لاتین ئەڵێ: «ڤنیسیا»، تورک ئەڵێ: «وەندیک»، هەروەها وشەی «ماد» پارسەکان «مادا»، ئاشووری «ئامادا»، یۆنان «مد»ی پێ ئەڵێن.

هەروەها هەندێکی تر لە ڕۆژەڵاتیناسەکان ئەڵێن: «ئەم هەموو ناوە کە بۆ کورد هەیە وا نەبێ هیچیان لە هیچیانەوە دوور بن، بەڵکوو هەموویان لێکەوە نزیک و پێکەوە بەستراون، جا یا هەموو بەسەر هەموو قەومی کورددا وتراوە، وەیا هەر یەکە بۆ عەشرەتێک وتراوە، چونکە کورد گشتی عەشایر بووە و زۆر زۆریش بوون».

هەندێکی تر لە ڕۆژەڵاتیناسەکان ئەڵێن: «شەعبی کوردی لە ناوەڕاستی سەدەی حەوتەمی پێش میلادەوە هاتوونەتە کوردستان». ئەگەر ئەم قسەیە ڕاست بێت، دوو خراپە ڕووی تێ ئەکا: یەکەم: ئەمانە کە کۆچیان کرد و هاتنە کوردستان، چۆن جێنشین بوون؟ دووهەم: چۆن توانیان قەومی نیشتەجێی شوێنەکە بخەنە ژێر دەست خۆیان؟ لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتی کوردستانە ڕێ نەکەوتووە چۆڵ بێت هەتا وەکوو قەومێکی لابەلایی بێت و بە ئاسانی بتوانێ تیایا دانیشێ!

«ئەمین زەکی بەگ» ئەڵێ: لەسەر باوەڕی من ئەتوانین خراپەی یەکەم بەوە لابەرین بڵێین: ئەمانە کە لەو تاریخەدا هاتوونەتە کوردستانەوە، پاشماوەی ئەوان بوون کە زووتر هاتبوون، ئەمان کە هاتن لەبەر ئەوە کە لەگەڵ هینەکانی پێشوودا خزمایەتییان هەبوو بە سووک و ئاسانی ڕێ کەوتن. ئەگەر ئەم باوەڕە وەربگرین خێرا ئەوەمان ئەچێتە دڵەوە کە سەرچاوەی قەومی کورد «گۆتی، لۆلۆ، کاسای، مێد، نایری» بووە. بەڵام لابردنی خراپەی دووهەم نەختێ گرانە، چونکە نەخشەی «اثنوگرافی» قەومە کۆنەکان کە لە کتێبی ڕۆژەڵاتیناس و پسپۆڕەکانا بەرچاومان ئەکەوێ، شوێنی «کوردوئین» یا «کاردویکای»یەکانمان پیشان ئەدا کە گۆیا ئەوانە قەومێکی تازە هاتوون و لە ناوچەیەکی بچووکدان. لەمانەش وەکوو نەخشەی «سیر مارک سایکس» کە سەدەی شەشەمی پێش میلاد نیشان ئەدا ئەڵێ: ئەم ناوچەیە لەبەین دیاربەکر و سەرچاوەکانی «زاب»ی گەورەدایە کە پانی و درێژییەکەی تا ١٨٨ی پێش میلاد، هەر وەکوو خۆی مابووەوە.

نەخشەی بەرگی ٣ی کتێبەکەی «کامبریک - تاریخی کۆن» چۆنیەتی سەدەی شەشەمی پێش میلاد دەرئەخا، ئەڵێ: ناوچەی «کوردوئین» لە ڕووباری «بطمان»ەوە بووە تا جنووبی «دەریاچەی ورمێ» کە ئەمە وڵاتی بۆتان و شیمالی کێوی جوودی ئەگرێتەوە کە چی ئەو ناوچەیە کە پێی ئەڵێن «کوردوئین» دەیەکی ئەو وڵاتە نابێ کە قەومە کۆنەکانی کوردستان داگیریان کردبوو. خۆ ئەگەر بڵێین قەومی کوردوئین زۆر بچووک بوون، جا قەومێک ئەوەندە بچووک بووبێت چۆن ئەتوانێ لە ماوەی دوو چەرخ و نیودا زاڵ ببێ بەسەر ئەو هەموو قەومانەدا کە لە خاکی کوردستانا بوون؟ لەگەڵ ئەوەشدا ئەبینین دەوڵەتێکی وەکوو ئاشوور چەند جار لەگەڵ ئەم قەومانەدا جەنگی کردووە و هیچی بە هیچ نەکردووە! دیسان «گەزنەفۆن» خۆی ئەڵێ: «لەو کاتەدا کە لە "ئاشووریە" گەڕامەوە بۆ "تەرابزوون"، تووشی پەلاماری کوردوئینەکان بووم». ئەم قسەیە ئەوەمان بۆ دەرئەخا کە قەومی کورد لە ئاخری سەدەی پێنجەمی پێش میلاد، وا نەبێ تەنیا هەر ئەو ناوچە بچووکەی داگیر کردبێ کە کەوتووەتە جنووبی «وان»ەوە، بەڵکوو هەر لە سەرچاوەی «زاب»ی گەورەوە داگیری کردووە تا ئەگاتە لێواری دەریای ڕەش. دیارە ئەمە بەڵگەیەکی ترە بۆ ئەوە کە شەعبی کوردی وانەبێ شەعبێکی تازە بووبێتن هاتبێتنە کوردستانەوە، بەڵکوو لەپێش سەدەی حەوتەمی پێش میلادیشەوە هەر لەوێ بوون، بە ناوێکی تر ناویان بردوون.