وشەی کورد

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  5070 مشاهده

ئەوە بوو لە «دەستەی دووهەم: مێدییەکان و بەردەستەکانیان»دا وترا وشەی «کاردخۆی» وشەی «گۆتی» کۆنە و دوورکەوتنەوەی زەمان وای لێ کردووە، تەنانەت سەردەمێک بەم «کاردخۆی» یانە ئەوترا «کوتی» و «کورتی». ئەمەشمان بۆ دەرکەوت کە «گۆتی»یەکان یەکێک بوون لە قاومەکانی زاگرۆس. «استرابون»ی یۆنانی کە باسی «ئاتروپات - ماد» کانا قسە لە وڵاتەکەیانەوە ئەکا ئەڵێ: «شیمالی وڵاتەکەیان وڵاتێکی کوێستانە و هەندێ قەومی کوێستانی تێدایە وەکوو «کادۆسی، ئەمردەکان، تاپوورەکان و کورتەکان». مەبەست بەم «کورت» انە «کاردخۆی»یە.

دیسان یۆنانییەکان هەموودەم بە دانیشتووی وڵاتی «بۆتان» و «دوورگەی ئیبن وعومەر» یان ئەوت «کردوخۆی»، گۆیا وشەی «خۆی» بەلای ئەرمەنییەکانەوە بۆ «جەمع» بوو وشەکە بەتەنیا «کردو»ە. بەپێی قسەی «مینۆرسکی» لە ئینسکلوپیدیای ئیسلامدا مێژوونووسەکانی یۆنانی ئەم ناوەیان لە کابرایەکی یۆنانی بیستووە لەو وەختەدا کە «تیگران»ی دووهەم پادشای ئەرمەنستان لە سەدەی یەکەمی پێش میلاددا وڵاتی «کردوخۆی» گرت و پادشاکەی کوشت و لە ١١٥ی پاش میلاد ئەمیرێک لە «کردوئین» ڕاست بووەوە. ئەوەندە هەیە سەرکەوتنی ئەرمەنییەکان لەم ناوچەیەدا شتێکی وا نەبووە کە کار بکاتە سەر قەومییەتەکەیان.

«گەزەنەفۆن» شاگردی «سوقرات»ی یۆنانی لە گەڕانەوەی دە هەزار کەسەکەیا لە ٤٠١ی پێش میلاد ئەڵێ: بە وڵاتی «کردوک»ەکانا تێپەڕین، گۆیا ئەم ناوەی لە ئەرمەنییەک بیستووە و «ک» لە ئەرمەنیدا بۆ «جەمع»ە و لە شوێن «خ» دانیشتووە، کە «ک» کە لابەین «کردو» ئەمێنێتەوە.

مێژوونووسەکانی عەرەب وشەی کورد لە «بقردی» یا «بقردا» وە ئەزانن. یا ئەڵێن: کوردی کوڕی مردی کوڕی سەعسەعەی کوڕی هەوازن»، یا «کوردی کوڕی عومەری کوڕی مزیقیاء»، یا «کوڕی عامری کوڕی ماءالسماء». «طبری» و «یاقووتی» و «ابن اثیر» وا ئەڵێن. مەسعوودیش هەندێ جار ئەڵێ کورد لە نەتەوەی کوردی کوڕی ئەسفەندیاری کوڕی مەنووچهری پێشدادییە». هەندێکیش ئەڵێن: کورد لە «گورد»ە، و گورد بە مانای پاڵەوانە.

ئیتر هەر کەسێ بە جۆرێ قسەی لە وشەی «کورد»ەوە کردووە. ئاخر لێکۆڵینەوەیەک کە ئێمە لەبارەی وشەی کورددا کردمان بیروباوەڕمان هاتە سەر ئەمە کە:

وشەی کورد هەر ئەو «کردوک» و «کردوئین» و «کردوخۆی» یا «کاردخۆی»یە کە «گەزەنەفۆن» و «استرابون» تووشیان بوون، ئەمە ڕەوشتێکە لە کۆنەوە هاتووە، هەر قەومێک ویستبێتی ناوی قەوم یا شوێنێکی تر بێنێت بەپێی زەوقی زمانەکەی خۆی ناوەکەی وتووە، واتە زمانەکەی ئەو وشەیە بە چە جۆرێک بەلاوە سووک بووبێت بەو جۆرە وتوویەتی، یۆنانییەکان بەوە کە لە ئەرمەنییان بیستووە «کردخۆی» - جا ئایا ڕاست بووبێ یا درۆ - هەر بەو جۆرە لەسەری ڕۆیشتوون، دیسان گەزنەفۆن کە گوێی لە کردوک بووە، هەروا پێوە چووە، دەردەکەی ئیسترابوون کە لەسەر کردوئین ڕۆیشتووە. تاریخ ساغی کردووەتەوە و ئەیشیکاتەوە کە مەبەست بەم هەموو وشانە قەومی کورد بووە، بەڵام لە وتنەکەیدا بە هەڵە چوون.

وشەی کورد لە بناغەدا لە «گۆت»ەوە هاتووە، گۆتەکان ئەوە بوو یەکێ بوون لە قەومەکانی زاگرۆس و پێش مادەکان کەوتبوون. کە کەوتە دەوری پادشایەتی «توکولتی - نیراری» - پادشای ئاشوور - ناوی «گۆت - گۆتی» بوو بە «گۆت - گۆتی» و «کورت - کورتی». ئەو تێکدانەش هەموو دوورکەوتنەوەی زەمان وای لێ کرد. دیسان لەپێش ئیسلامدا بە کورد ئەوترا کورت، بەتایبەتی لە کارنامەی ئەردەشیری بابەکاندا کە باسی جەنگی ئەردەشیر و کورد ئەکا، لەمابەینی سەدەی شەشەم و حەوتەمی پێش میلاددا وشەی کوردی بە زمان و خەتی پەهلەوی بە کورت نووسیوە و ئەم کورد بە «کورت» کردنەش لەبەر نزیکی شوێنی دەنگی «ت» و «د»یە، وەکوو ئەو نزیکییە ئێستەش لە کوردیدا هەر ماوەتەوە بە جۆرێکی وا کە گەلێ جار «ت» ئەکرێبە «د» و «د»یش ئەکرێبە «ت»، وەکوو ئەڵێ: «تێم، دێم». یا «گرتی، گردی». تەنانەت ئێستا مەسەلەیەک لە کوردیدا هەیە کە کوردەکان دائەنیشن لەبەین یەکدا و باسی کورد دێتە پێشەوە، بە تووڕەیییەکەوە ئەڵێن: «کورد کورتە» م، هەر چەندە ئەوان لەو کاتە مەبەستیان ئەوەیە کە کورد لەبەر ئەوە زۆر فیکر لە شت ناکاتەوە، تیایا سەر ناکەوێ و کورتی ئەهێنێ. بەڵام ئەهلی عیلم و فیکر مەعنای وا لێ ئەدەنەوە ئەڵێن: کورد کە لە کورت وەرگیرابێ و «کورت»یش بە زمانێکی کوردی یانێ درێژ نییە و بێ پشووە و ئیشەکەی لەمە چاتر نابێ. ئەمەش بەڵگەیەک بوو کە وشەی «کورد» لە «کورت»ەوە وەرگیراوە و «کورت»یش لە «گۆت» و گۆتیش ناوی ئەو قەومەی زاگرۆس بووە. ئەمەش پێچەوانەی ئەوە نییە کە وترا کورد لە مادە، چونکە مادەکان کە سەرکەون ئەچنە سەر «گۆت - گۆتی».

ئەمێنێتەوە سەر «کردوخۆی» کە وشەی «خۆی» نیشانەی جەمع بوو، ئەم نیشانەیە کە لابرا «کردو»ی ئەمێنێتەوە، لەگەڵ «کردوک»ەکەی گەزنەفۆندا یەک ئەگرێتەوە، ئەمیش «ک» کە بۆ جەمعە. «کاردخۆی» ش هەر «کردوخۆی»ە و «بۆر»ی کافەکەیان بە «سەر» خوێندووەتەوە. وردە وردە ئەم «سەر»ە بووە بە «أ» و ئیتر بەو جۆرە هاتووەتە خوارەوە تا وای لێ هاتووە «أ»ەکە بووە بە ناواخنی وشەکە لەگەڵ ئەوەشدا وا نییە.

کە وا بوو ئەو «و» وە کە لە ئاخری «کردو»دا هەیە ئەسڵییە و لە نووسیندا کە خرایە پاڵ وشەی «ستان» واتە «جێ» ئەبێ بنووسرێ، یانێ بنووسرێ «کوردوستان».