شوێنی کورد

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 8 دقیقه  2205 مشاهده

بەپێی قسەی «دائرة المعارف اسلامی» ئەبێ وڵاتی کوردوستان پارچەزەوییەکی بچووک بێت، جنووبی ڕۆژەڵاتی لە لوڕستانەوە دەست پێ بکا تا «مالتیە»، بەلای شیمالی ڕۆژاواوە. درێژایییەکەی ٦٠٠ میل و پانایی لە ١٢٠ تا ١٥٠ میل بێت. «میجەر فەردریک میلیچین» ئەڵێ: «وشەی کوردوستان لە زمانی کۆندا بەشوێنی کاردۆکییەکان ئەوترا لە وڵاتی حەکاری. لە جوغرافیای تاریخیدا وا دەرئەکەوێ کە وڵاتی «وان» لەناو حکوومەتی «ئەرمەن»دا بووە. کوردوستانی ناوەڕاست و جنووبی بە وڵاتی ئاشوور و هەندێ لە جەزیرەی بەینی «بین النهرین» ئەوترا. وەکوو چۆن بە گران سنوورێک بۆ «ئەرمەنستان» دائەنرێت، بۆ کوردوستانیش هەروەهایە. چونکە هەر یەک لەمانە بە هۆی ئارەزووی داگیرکەرەوە سنوورەکانیان دەستکاری کراوە. ئەرمەنیای کۆن لە شیمالەوە پاڵی دابوو بە ڕووباری «کوڕ» و کێوی «لازستان»ەوە، لە جنووبەوە بە کێوەکانی «توروس»، لە ڕۆژەڵاتەوە بە مێدیا، لە ڕۆژاواوە بە ناوچەکانی «سیواس، ئاماسیە و قەیسەری»یەوە. ئێستە کە وشەی «کورد» لە شوێنی ئەرمەن دانیشتووە چار نییە ئەبێ بڵێین شوێنی ئەرمەنە کۆنەکان ئێستە بووە بە هی کورد».

«کوردوستانی عوسمانی» لە شیمالەوە کێوەکانی «ئارارات» و وڵاتی «کورج» بوو، لە جنووبەوە بەغدا و دەوروبەری، لە ڕۆژەڵاتەوە ئێران، لە ڕۆژاواوە «لازستان» و وڵاتی ئاسیای بچووک بوو. دیارە ئەمە هەموو دەمێک لەوانە بوو تێک بچێت.

«ئەمین زەکی بەگ» ئەڵێ: بۆ ئەوە لە ڕاستی لە مەعنای کوردوستان تێبگەین پێویستە ئەو شوێنانە بزانین کە کوردی لێ دائەنیشێ و بە خۆیان ئەڵێن کورد و کوردوستان. تەماشا ئەکەین ئەم شوێنە لە شیمالەوە کێوەکانی ئارارات سنووری کورج ئەگرێتەوە، واتە ئەو ناوچەیە کە درێژایی ڕۆژەڵاتەکەی ٤٣/٠٢ ئەوەندەیە، کە ئەمە وڵاتی فارس ئەگرێتەوە. ئەگەر خەتێک لە فارسەوە بکێشین و بچێت بەسەر «ئەرزوڕۆم، ئەرزنجان، دەرسیم، خەرپووت» هەتا «دیاربەکر» لەوێوە بە درێژایی ڕووباری «دیجلە» بۆ کێوی «حەرمین»دا ئەم خەتە ئەبێتە سنوورێکی ڕۆژاوا بۆ کوردوستانی عوسمانی. بەڵام سنووری جنووبی بۆ کوردوستان ئەبێتە «کێوی حەمرین»؛ لێرەدا کورد و عەرەب تێکڵاو ئەبن. سنووری ڕۆژەڵات بۆ کوردوستانی عوسمانی ئەو زنجیرە کێوانەیە کە کەوتوونەتە بەینی ئێران و عوسمانی و بوون بە سنوور.

«ئەولیا چەلەبی» کە گەڕۆکێکی بەناوبانگی عوسمانییە و لە ١٠٦٦ هـ گەشتێکی بە کوردوستاندا کردووە ئەڵێ: سنووری شیمالی بۆ کوردوستان وڵاتی «ئەرزوڕۆم»ە، لەوێوە کوردوستان دەست پێ ئەکا و بەسەر «وان، حەکاری، جەزیرە، عیمادیە و دەرتەنگدا» تا ئەگاتە بەسەرە».

لەسەر قسەی ڕۆژەڵاتیناسەکانی وەکوو «مینۆرسکی، دوکتۆر ڕۆسۆ، سیرگون مالکولم، هاسل، گوانین» و «ئەمین شەرەفەددین بتلیسی» یش، هەموو وڵاتی «لوڕستان، کرماشان، ئەردەڵان، موکری، جنووبی ڕۆژەڵات و نیوەی بەشی جنووبی ئازەربایجان» هەموو کوردە، هەروەها هەرێمی «خووی، سەڵماس، ورمێ و ماکۆ» یش.

بە جۆرێکی تر: تێکڕا وڵاتی کوردوستان ئەم شوێنانەی داگیر کردووە: لە ڕۆژەڵاتەوە پاڵ ئەدا بە ئێرانەوە، یانێ لە خووزستانەوە دەست پێ ئەکا بۆ عیراقی عەجەم و هەمەدان و زەنگان و تەورێز تا ئەگاتە ڕووباری ئاراس لە قەوقاسی جنووبی. لە ڕۆژاواوە ئەگاتە «ئایەنە» و «سیواس» و پاڵ ئەدا بە «ئانادۆڵ»ەوە. لە شیمالەوە ئەگاتە قەوقاس و لوای «لازستان». لە جنووبی شەرقی و جنووبەوە ڕیزە خەتێکە لە خووزستانەوە دێت و ئەگاتە «کێوی حەمرین» و بۆ «کێوی سەنجار» لە دەشتی شام و لەوێوە بۆ «گردداغ» تا ئەچێتە سنووری ئەسکەندەروونەوە.

 

ئەم کوردوستانە کە بەم جۆرە باس کرا ئەبێ بە سێ بەشی گەورەوە:

١- «کوردوستانی ڕۆژەڵات» کە «ئازەربایجانی ڕۆژاوا» و وڵاتی «سنە» و «لوڕستان» ی گەورە و بچووکە.

٢- «کوردوستانی شیمالی» کە وڵاتی «خەرپووت، دیاربەکر، وان، بتلیس، ئەرزوڕۆم»، بەشێ لە وڵاتی سیواس و ناوچە شاخاوییەکان لە وڵاتی «فارس، ئەردەهان» و «قەرەداغ» لە قەوقاسی جنووبی.

٣- «کوردوستانی جنووبی» کە وڵاتی «سولەیمانی، کەرکووک، هەولێر، مووسڵ» تا «بەدرە» و «مەندەلی» وهەندێ لە لیوای «دیالە»یە بەتەواوی «خانەقینە» وە.

پانایی ئەم کوردوستانە بەپێی یادداشتێ کە بە دەستەوەیە «٥٣٠٠٠٠» کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.

شارەکانی کوردوستان:

لە ئێران: «هەمەدان، کرماشان، سنە، سەڵماس، خووی، سابڵاغ، سەقز، بانە، سەردەشت، شنۆ، بیجاڕ، ورمێ، میاندواو، کرند، سونگور».

لە عراق: «سولەیمانی، کەرکووک، هەولێر، ئامێدی، زاخۆ، دهۆک، ئاکرێ، ڕەواندز، گۆیە، پێنجوێن، هەڵەبجە، خانەقی، کفری، زڕباتیە، بەدرە، مەندەلی».

لە تورکیا «ماکۆ، بایەزید، دیاربەکر، قارس، ئەرزوڕوم، وان، بتلیس، ئەرزنجان، دەرسیم، جەزیرەی ئیبنوعومەر «العزیز»، ماڵتە، مەرعیش، ئورفە، ئەخڵات، مووش، ماردین، خوزات، مەعدەن، باشقەڵا»

لە هەر سێکیانا بێجگە لەمانە شوێنی تریش هەیە.

 

کوردوستان وڵاتێکی شاخاوییە، هەتا بەرەو شیمال و ڕۆژەڵات بچێت هەر بەرز ئەبێتەوە و تا ئەگاتە کێوی ئارارات کە نزیکەی پێنج هەزار پێ بەرزە، وردە وردە کە ڕوو بکاتە جنووب و جنووبی ڕۆژاوا نزم ئەبێتەوە، کێوەکانی شیمال هەموو جەنگەڵستان و شیو دۆڵە پڕیەتی لە کانی و ئاو و دێهات. کێوەکانی ڕۆژاوای - زیاتر ئەوانەی بەسەر سنووری ئێران و تورکیادایە - بێدارستان و بەردەڵانن. ئینجا هەتا بەرەو کوردوستانی ڕۆژەڵات بڕوا دەست ئەکاتەوە بە دارستان. کێوەکان بە زستان هەموو سەرپۆشی بەفر ئەدەن بە سەرا، تەنانەت دەشتەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژەڵاتیش ئەگرێتەوە، لە زۆر شوێنا شەش مانگ بەفر لە زەوی دایە. بە هۆی باران و بەفرەوە زۆرتر ڕووبارەکانی ڕۆژەڵاتی ناوەڕاست و خواروو لەو پێک دێت، سەرچاوەی «دیجلە» و «فورات» و ڕۆخانەکانی تریان لە کێوەکانی شیمالییەوە هەڵئەقوڵێت، سەرچاوەی «قەزل وەزان» و «سیروان» و «ئەڵوەند» و «قەرەسوور» و «کەرخە» و «ئاودێز» لە کێوەکانی ڕۆژەڵاتیەوەیە. ئەمانە هەموو ئەڕژێنە خەلیجی فارسییەوە. تەنیا «ئاراس» و «قەزەل وەزان - سفیدڕوود» نەبێ، ئەچنە دەریای قەزوینەوە. هەموو وڵاتی کوردوستان -چ کێو و چە دەشت- پڕیەتی لە کپ «کان»، هینەوت، ئاسن، ئاڵتوون، زیو، گۆگرد، بەرد، قەڵایی، چیمەنتۆ، پۆڵا، لەحیم، گەچ، قسڵ، دەرماناوی هەموو جۆرە و گەلێ شتی تریش.

کوردستان لەگەڵ ئەوەشدا کە شاخوداخە لەپێش هەموو شتێکدا شوێنی کشتوکاڵ و ماڵاتە. بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە هەواکەی سازگارە باخ و بێستان و هەموو جۆرە داری بەبەری تێدا هەیە.

لە کشتوکاڵا ئەمانەی هەیە: گەنم، جۆ، برنج، پەڕشە، گەنمەشامی، زوڕات، هەرزن، نۆک، نیسک، ماش، کونجی، فاسۆلیا، لۆبیا، تووتن، لۆکە، پەتاتە، چەوەندەر، پیاز، سیر، تەماتە و گەلێ شتی تر.

لە مێوەدا ئەمانەی هەیە: ترێ «بە هەموو چەشنەکەیەوە»، گوێز، سێو، بەهێ، هەنجیر، هەنار، هەرمێ، قەیسی، قۆخ، توو، چوالە، فنق، زەیتوون، هەڵووژە، گێڵاس، باڵووک، مێوژ، سرینچک، خرما، باسووق و گەلێ شتی تر.

لە ماڵاتا ئەمانە بەخێو ئەکرێن: «ئەسپ، ئێستر، کەر، گا، گامێش، مەڕ، بزن». ئەو شتانەی کە ئەینێرنە دەرەوە: «تووتن، لۆکە، خوری، مەرەز، مازوو، بەڕوو، گزگل، گەزۆ، هەنگوێن، گوێز، مێوژ، چوالە، ڕۆن، پەنێر، هەموو جۆرە پێستێک، کەتیرە، دۆشاو، مۆم، گیاسالمە، ماڵات» و گەلێ شتی تریش.

لە پەلەوەرا: «مریشک، مراوی، عەلیشیش، قاز» بەخێو ئەکەن. بۆ ڕابووردنیش «کۆتر، تاوس، باز، کەو».

لە ئیشوکارا: «جۆڵایی، قاڵی و بەڕەکردن، بۆزوو، زەڕنگەری، تفەنگسازی، خەنجەرسازی، دارتاشی، سەڕاجی» و گەلێ شتی تریش ئەکەن لەگەڵ جووت و گا و گەلەداریدا.