ژیانی کۆمەڵایەتیی کورد

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  3254 مشاهده

کورد دوو بەشن: «کۆچەری»، «دێهاتی و شاری». کۆچەرییەکان بەرە بەرە هەر کەم ئەبنەوە و ئەبن بە نیشتەجێ. وەکوو «میجەرسۆنشخص»یش ئەڵێ: یاسای دەرەبەگی هەر باوی هەیە، ئاغا و بەگ و سەیید - شێخ - لەگەڵ شێخی تەریقەت، ئەمانە زۆرن. زەوی و بەراو هی بەگ و ئاغایە، جووتیارەکان «مسکین» یان پێ ئەڵێن، خۆیان زەوییان نییە مەگەر لە هەندێ شوێنی کەما نەبێ.

کورد زۆر ئازان بۆ جەنگ کردن، ئارەزووی تەواویان لە تفەنگچێتی و ڕاو و شکار هەیە، لەبەر ئەوە هەوای سافیان پێ خۆشە و حەز بە دەشت و دەر ئەکەن، ڕقیانە لەژێر دەستەیی، تەبیعەتیان سەربەخۆیی ئەوێ، کە قسەیەکیان کرد هەر ئەو قسەیە، تەنانەت مەسەلێک هەیە ئەڵێ: «کورد وتی نەء، هەر ئەو نەیە». کۆچەرییەکان گەرمیان و کوێستان ئەکەن.

گەورەی کورد سێ جۆرە: «خان، بەگ، ئاغا» خان ئەوەیە کە دەسەڵاتی لە ناوچەی خۆی تێپەڕ کا و شوێنی تریش بگرێتەوە. بەگ دەسەڵاتی بەسەر ناوچەی خۆیا و تۆزێ زیاتر. ئاغا هەر لە ناوچەی خۆیا. «شێخ»یش هەیە کە ئەمە دەسەڵاتی بەسەر ڕەمەکی مەردما ئێجگار زۆرە.

کورد هەمووی موسوڵمانە، هەندێ یەزیدی نەبێ کە لەسەر ئایینی کۆنی کورد ماونەتەوە، موسوڵمانەکان هەمووی شافیعی مەزهەبن، بێجگە لە هەندێ شیعە نەبێ. تێکڕا کورد پایەی قەومی بەلاوە لە هەموو شت گەورەترە. «سەیید» کە ئەگەر حیسابی بکەیت ئەبێ لە ئەولادی ڕەسووڵ بێت و عەرەب، کە چی عەنعەناتی قەومیی هەموو شتێکی لەبیر ئەباتەوە هەر کورد نەبێ، کوردایەتی لەناو کورددا لەڕاستیدا لەپێش هەموو شتێکەوەیە. هەرایەک لەبەین دوو تیرە یا دوو کەسدا پەیدا ببێ سەرۆکەکان ئەیبڕنەوە، کە دوژمنی خۆیانیان بە زەبوونی دی ئیتر لێی ئەگەڕێن.

کورد ئیشی سووکی زۆر ڕق لێ ئەبێتەوە، نەفسی بەرزە، بەقنیات و بوردەبارە، بۆ پایەی دونیا زەبوونی وەرناگرێت، تێکڕا کورد زیرەک و بە قابلیەتن، زوو فێری زمان و پیشە ئەبێت، وڵاتی خۆی زۆر خۆش ئەوێت، تەنانەت خۆی لەسەر ئەدا بە کوشت، بڕیارێکی دا لەسەری ئەڕوا، با نەیشیبێ هەر حەز بە نانبدەیی و بەخشندەیی ئەکا، خزم دۆستە، چەند بەلایەوە خۆشە کە ئەڵێ «من کوردم». ئاشقی ئەدەب و شیعر و دەنگە، موزیقای زۆر خۆش لێ دێت، کە یەکێکیان مرد ئەیلاوێننەوە؟ لە وەختی گیاندەرچوونەکەیا ئەو کەسە ئیشی چی بووە شتومەکی ئیشەکەی لەلای سەریەوە دائەنێن، ئەگەر تفەنگچی بووبێت تفەنگ، ئەگەر گەلەدار بووبێت گاڵۆک، ئەگەر کشتوکاڵی کردبێت داس، ئەگەر میرزا بووبێت قەڵەم و دوێت. خوێندەواری لەناو کورددا زۆر کەمە، ئەم نەخوێندەوارییە شوورەیییەکی زلی لێ پەیدا کردوون، کە هەندێ جار تاک تاکێکی ئەبن بە خۆخۆر، لەگەڵ ئەم نەخوێندەوارییەش زوو فێری شت ئەبن، زۆریش بە تەنگ شوورەییەوەن، بێگانە پەروەریشن -غەریبدۆست- سەگ ڕائەگرن.

ژن لەناو کورددا بە تێکڕایی پایەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە، خاوەن ماڵە، ماڵ بەخێوکەرە، میوان پەروەرە. کە پیاو لە ماڵا نەبوو بەدەم میوانا ئەچێت و خزمەتی ئەکا، ئیشکەر و کۆچ و بار بەرییکەرە، شان بە شانی مێردەکەی کۆشش ئەکا، لە کۆچ کردن، لە جووت، لە کێشە، لە تووتن، لە باخ و ڕەز بەخێو کردن، ژنی کۆچەر و لادێیی شۆڕەسوار و تفەنگچیشن. ژن لەناو کورددا داوێن پاکە، ئەگەر ئیشی خراپەی لێ ڕوو بدا ئەیکوژن، لە هەندێ شوێنا نەبێ ژن سەربەخۆیییەکی تەواوی هەیە لە شووکردنا، دڵداری ئەکا بۆ ئەوەی مێردی پێ بکا. ڕەشبەڵەک ئەکەن، وشەی «زینا» لە زمانی کوردیدا نییە، ئەمە ئەوە پیشان ئەدا کە داوێن پیسییان لەناوا نییە.