ژمارەی کورد: لە ڕاستیدا
تا ئەم شوێنە لە بابەت ژمارەی کوردەوە ئەو قسانەمان کرد، کە زۆرتر ڕۆژەڵاتیناسەکان و مێژوونووسەکان لەگەڵی خەریک بوون، ئەوە بوو هەندێ جاریش ئەو حکوومەتانە کە کوردیان تێکڵاوە تۆزێک لێوە دواون. ئەمێنێتەوە سەر ئەوە کە بزانین ئایا لە ڕاستیدا ژمارەی کورد ئەوەندەیە یان نە؟
لێرەدا باسەکە وای هێنا کە قسەکەم ببێ بە باسێکی تاریخی ڕووت، لەبەر ئەوە ناچارم ئەوەی ئەمانەتی تاریخی و عیلمییە بیپارێزم خۆم لابدەم لەو دەمارە کە کوردم و گۆیا قسە لە باسێکی کوردەوە ئەکەم، بەڵکوو - وەکوو فیکری خۆم وام کردووە - خۆم بە پیاوێکی بێگانەی بێلایەنگر داناوە و ویستوومە لەم باسە بکۆڵمەوە و ئەوەی زەوق و عیلم وەرینەگرێ نەیڵێم. جا بەو بۆنەوە ئەڵێم:
«یەکەم»: کورد لە نەتەوەی ئاری و لە پاشماوەی ئەو کەیانە بەرزەی «ماد»ە کە زمان و قەڵەمی هەموو قەومێک دان بە بوونی ماد دائەنێ، لام وایە ئەگەر بڕوا بەوە نەکا کە کورد لە نەتەوەی ئەوانەیە شتێکی ڕقەبەری لەگەڵ دەمارا ئەکا! شانازی بەوە ناکەم کە کورد خاوەنیکەیانی ماد و دەورێکی بووە، یا گەلێ جار لە لاپەڕەی مێژوودا حکوومەت و ئەماڕەتی هەڵسووڕاندووە، بۆیە نایکەم، چونکە «نان ئەو نانە ئیمڕۆ لە خوانە». لەگەڵ ئەوەش «وَتِلْكَ الْأَيَّامُ نُدَاوِلُهَا بَيْنَ النَّاسِعربی» ئادەمیزاد مادام بەستراوە بە یاسای گۆڕانەوە، ئەبێ هەموو دەرێک ببینێت. بەڵام ئەوەندە ئەڵێم: هەر لە دەوری ڕقەبەری ڕۆمان و فارسدا تا ئەگاتە دەوری حکوومەتی عوسمانی، تا ئەگاتە چنگ هاوێشتنی ڕۆژاوایییەکان لە جەرگی ڕۆژەڵاتدا؟ کورد بەردێکی قۆچەقانێ «قەڵماسک» بووە و بەم و بەو دادراوە. ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە دیسان هەمووجار کراوە بە دوو بەردی هەڵمات هەر بە یەکا دراوە! نە تاریخ و نە بەڵگە هیچیان ئینکاری ئەمە ناکەن! دەی قەومێک لە بەرەبەیانی تاریخەوە ئەمە بەشی بووبێ، ئایا چۆن ئەبێ نەتوێتەوە؟ بێگومان تەنیا کوردە خۆی لەبەر ئەم هەموو پەلارانەدا ڕاگرتووە و لەناو ئەو شاخوداخانەدا بەبێ کەس زمان و قەومییەت و عەنعەناتی خۆی پاراستووە.
«دووهەم»: تا ئاخروئۆخری سەدەکانی ناوەڕاست، نەوەک کورد، بەڵکوو هیچ قەومێک ژمارەیەکی ڕێکوپێکی نەبووە، ئەوپەڕی ئەوە بووە یەکێک چێوێکی ئەگرت بە دەستەوە و وەکوو مەڕ سەربازەکانی ئەژمارد! ژمارە تەنیا بۆ سەرباز بووە. تێکڕا مەردم بە جۆرێکی ڕاستی ژمارەیان نەکراوە.
«سێهەم»: کە ئەو دەورە بەسەر چوو، لەم ڕۆژەڵاتەدا فارس و عوسمانی -کە زۆربەی کوردیان تێ کەوتبوو- جارێ بێجگە لەوە کە سەر ژماری تەواوی خۆیشیان بۆ ڕێک نەئەکەوت، لەبەر ئەوە کە بوونی ڕاستیی کورد پیشان نەدەن هیچ وەخت حەقیقەتیان دەرنەبڕیوە، ئەمەش بە هۆی ڕاونان و برسێتی و چەوسانەوە و ئاژاوەشەوە خۆیشیان ڕۆژ بە ڕۆژ هەر لە کورتییان ئەدا.
«چوارەم»: ئەوەیە کە ئێستەش هێشتا بە جۆرێکی ڕاستی و بێ گیروگرفتی، نە لە ئێران و نە لە تورکیا سەرژماریی ڕاستەقینە نەکەوتووەتە دەست، عیراقیش دیارە تووشی ئەو دەردە هەر بووە. - بەڵکوو ئەم ئامار دەستکەوتنە بەڵایەکە و تووشی هەموو ڕۆژەڵات بووە.
«پێنجەم»: ئەو سەرژمارانە کە کراوە بێجگە لەوە کە ڕاستی پیشان درابێ یا نەدرابێ ئەو ئەندازەیە کە وەرگیراوە دیسان هەر دوور بووە لە حەقیقەتەوە، ئەمەیان ئۆباڵ ناچێتە ئەستۆی کەس، تەنیا هەر هی کورد خۆی نەبێت!
لەپێش داهاتنی سەربازیی ئیجباریدا سەرژمار بە تێکڕا ئەوەندە گوێی نەئەدرایە، کە یاسای سەربازی داهات، تۆزێ دەستیان لێ بزواندەوە، بەڵام لێرەدا هەرچی عەشایر هەبوو چە تورک، چە فارس، چە عەرەب، خۆیان لێ ئەدزییەوە بەتایبەتی کورد. ڕەمەکی کورد یا دەوارنشینە یا دێهاتنشین، لە کاتی نووسینا جارێ دەوارنشینەکان بە هۆی گەرمیان کوێستانکردنەوە ئەوە زۆرتر هەر ناوی نەئەهاتە دەفتەرەوە، ئەویشی بهاتایە نیوە ونیوەچڵ بوو. لادێکانیش لە سەدی شەستی زیاتر خۆی پیشان نەئەدا. من خۆم کوردم و کەم شوێن ماوە لە کوردەواری چە لە کۆچەری، چە لە لادێیی نەگەڕابێتم ئەو کارەساتەم نەبینیبێ، نەوەک هەروا بە بینینێکی ڕواڵەتی، بەڵکوو بە بینینی کەسێک کە بیەوێ لە ئیش تێبگا.
جا ئەم هەموو شتانە هۆی ئەوەن کە کورد تا ئێستا بەڕاستی سەرژماریی نەخراوەتە پێش چاو. بەڵام کورد ئەگەر لە خۆی بپرسیت سەرژمارت چەندە؟ - نەوەک کوردێکی خوێنگەرم، بەڵکوو یەکێ لە ڕەمەکی مەردم - ئەمە دێت بە زمانیا کە ئەڵێ: «دە دوازدە ملیۆنە» ئایا ئەمەی لە کوێی وەرگرتووە؟ لەگەڵ ئەوە کە سەرژماری ڕاستەقینە نەکراوە و بە هۆی نەخوێندەواری و کۆچەرایەتیشەوە ئاگای لەم حیساب و ژماردنە نەبووە! وڵامی ئەم قسەیەی ئەو هەر ئەوەیە کە لە باوکێ، یا لەسەر کۆمار، یا لە ئاغەکەی، یا لەسەر عەشرەتەکەی بیستووە کە خێڵ، یا گوندەکەیان، یا فڵان عەشرەت ئەوەندە کەسن. ئەم عەشرەت بۆ ئەو عەشرەت، ئەم دێ بۆ ئەو دێ و ئەم شار بۆ ئەو شار گێڕاویانەتەوە. کە لێکیان داوە نزیکی ئەو ژمارەیە کردووەتەوە، ئیتر بەم جۆرە پابەندی ئەم مەفکوورەیە بوون. ئەمەش تۆزێ ئەچێتە دڵەوە، چونکە کورد کە زۆرتری کۆچەری و لادێیی بێ و گەرمیان و کوێستانی کردبێ هەموودەم هەرا و بگرەیان لەبەین یەکدا بووبێت، ناچار بوون بەوە کە بزانن خۆیان چەندن و بەرانبەرەکەشیان چەندە؛ نەوەک لەبەر ئەوە فیکرەی ژماردنی تێکڕایی کوردیان بووبێت، بەڵکوو تەنیا هەر لەبەر عەشرەتەکەی خۆیان و بەرانبەریان. کارەسات هەر جۆر بوو بێت مەفکوورەی دە دوازدە ملیۆنی لەمەوە هاتووە. بەڵام ئێمە لەمە بگەڕین بچینە سەر حەقیقەت:
عیراق:
ساڵی ١٩٤٧ی میلادی حکوومەتی عیراق بۆ ئەوە دانیشتووانی عیراقی بەتەواوی بۆ دەرکەوێ کۆششێکی زۆری کرد بۆ ئەم مەبەستە، بە جۆرێکی وەها کە بڵاوی کردەوە ڕۆژی ١٩/١١/١٩٤٧ چە لە شارەکانا چە لە لادێکانا چە لە دەوارنشینەکان، مابێ کەس لە ماڵ دەرچێت، بۆ ئەوە بیاننووسن. لە ڕاستیدا کۆششێکی باش کرا، ئەو ڕۆژە بەپێی ژمارەیەکی ڕەسمی هەموو کەسی عیراق نووسرا. لە دواییدا بە پێنج ملیۆنێک دەرچوو.
بەڵام لە پاداشی ئەم هەموو کۆششەدا ئایا هەموو دانیشتووانی عیراق نووسرا؟ نە! ئەمە نەوەک تەنیا من ئەیڵێم، بەڵکوو زۆر کەس ئەزانێت! نەنووسرانەکەش هەندێکی لەبەر ئەوە بوو مەردمەکە خۆیان لێ دزییەوە، هەندێکیشی لە فیکر ئەچوونەوە. من خۆم یەکێک بووم لەو کەسانە کە نەنووسران، لەگەڵ ئەوەش لە بەغدا بووم -کە پایتەختە- و هیچ پێچەوانەی یاسایشم نەکرد، یانێ لە ماڵ دەرنەچووم، کە چی کەس نەهات. لەپاشا هەر لە بەغدا زۆر کەسی تر بەو جۆرە نەنووسران!
ئەمە حاڵی بەغدا کە مەرکەزی حوکمە! ئایا ئەبێ حاڵی لادێکان چە شیمال و چە جنووب، بەتایبەتی کۆچەرەکان چۆن بووبێت؟! لەپاشا کە چوومە بنجوبناوانیەوە زیاتر لە نیو ملیۆنێک لە عیراقدا نەنووسراوە و سەری کردووە! و بەپێی ئاماری ڕەسمی نیسبەتی کورد لە عیراقدا بیست لە سەدە، بەم بۆنەوە کوردی عیراق ملیۆنێکە، ئیتر بێجگە لەوانە کە نەنووسراون.
تورکیا:
مەسەلەی ئامار لە تورکیا و لە ئێران وا نەبێ لە هی عیراق ڕێکوپێکتر بێت لە لایەن ڕەسمییاتەوە؟ بەڵام لە لایەنی ترەوە شک نییە کە عیراق باشترە و کردەوەی عیراق لەسەرخۆترە.
نیسبەتی کورد لە تورکیا ٢٥%ە، ئەگەر دەفتەری حکوومەتی تورکی، یا پیاوەکانی تورک دان بە کوردی تورکیادا نەنێن، ئەو شوێنە پان و درێژە کە کوردی لێ دائەنیشێ و ئێستە کەوتووەتە بەر حکوومەتی تورکیا، دانی پیا ئەنێ. واتە: لە ماکۆ و بایەزیدەوە تا ئەگاتە ئەسکەندەروونە و قاپی حەڵەب، دانی پیا ئەنێ. جا کە وا بوو ئەگەر دانیشتووانی تورکیا بە پێی ئاماری ساڵی ١٩٥٠ نۆزدە ملیۆن بێت، کوردی تورکیا چوار ملیۆن و حەوسەد و پەنجا هەزارە «٤،٧٥٠،٠٠٠» ئەمە بێجگە لەو هۆیانە کە چۆن هاتوونەتە ڕێی عیراق بۆ نەنووسینی تێکڕایی، هاتوونەتە ڕێی تورکیاش. ئەم کارەساتی بێ ڕێکوپێکی نووسینە، کارەساتێکە بۆ هەموو ڕۆژەڵات. شەعبێکە نەزان و نەخوێندەوار بوو لەم ڕووەوە حکوومەت هیچی لەگەڵ پێ ناکرێ. ئەگەر یەکێک تەماشای وڵاتی کوردەکان بکا بە تورکیادا و تەماشای ئەو کوردانە بکا کە ئێستە تیایا دانیشتوون، ئیتر ئەو قسەیە نرخێکی نابێ کە تورکەکان ئەڵێن: «کورد لە تورکیادا نییە».
ئێران:
هەر چەندە لەم دەوری دوایییەدا سەرژمارییەکی تازە لە ئێران نەکراوە بۆ ئەوە بزانرێ ژمارەی دانیشتووەکانی چەندە، بەڵام بەپێی ئاماری ساڵی ١٩٣٩ ژمارەی دانیشتووانی ئێران گەیشتووەتە ١٧ ملیۆن.
نیسبەتی کورد لە ئێراندا ٢٣%ە. بێگومان دەفتەری ئێران ڕەنگە وا نەڵێت، بەڵام بە درێژایی بەینی «ڕۆخی خەلیجی فارس» و «ورمێ و میاندواو» تا ئەگاتە «خووی و سەڵماس» و پڕیی ئەم ناوچانە، ئەمەمان بۆ دەرئەخا کە چەندە کورد لەم شوێنەدا دانیشتووە، ئیتر ئەمە بێجگە لەو کوردانە کە لە شارەکانی وەکوو تاران و شیراز و کرمان و خوراسان دانیشتوون. جا لەبەر ئەمە «٣،٩١٠،٠٠٠» کورد لە ئێراندا هەیە.
ئینجا شوێنەکانی تر وەکوو سووریا، ڕووسیا، بەلووچستان و هیندستان.
کە وا بوو ژمارەی کورد بەم جۆرەیە:
کوردی عیراق | ١,٠٠٠,٠٠٠ | |
کوردی تورکیا | ٤,٧٥٠,٠٠٠ | |
کوردی ئێران | ٣,٩١٠,٠٠٠ | |
کوردی ڕووسیا «قەوقاس» | ٢٥٠,٠٠٠ | لەسەر قسەی مامۆستا موحەممەد عەلی عەونی. |
کوردی بەلووچستان | ٣٠٠,٠٠٠ | لەسەر قسەی «دایرة المعارف اسلامی» بەرگی ١ لاپەڕەی ٦٣٠ |
کوردی هیندستان | ٤٨,١٠٨ | لەسەر قسەی «دایرة المعارف اسلامی» بەرگی ١ لاپەڕەی ٦٣٠ |
کوردی سووریا | ١١٥,١١٠ | |
هەمووی | ١٠,٣٧٣,٦٠٨ |