دەوری دووەم لە ئەدەبی کوردی

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 8 دقیقه  1879 مشاهده

تا ئەم شوێنە قسە لەو ئەدەبانەی کوردییەوە کرا کە بەپێی ڕەوشتی مەعنای ئەدەبەکە مێژووی ئەگەڕێتەوە بۆ پێش سەدەکانی ناوەڕاست و پێش ئیسلامەتی، بەتایبەتی لە باسی بەراورد کردنی ئەدەبی کوردی و غەیری کوردییەکەدا هەر شتێک کە لەوێدایە لە ئەدەبە پەخشانەکەی، ئەوە گومانی تێدا نییە کە بۆ ئەو مێژووە ئەگەڕێتەوە، بەڵام لەبەر هەندێ ئامانجی تایبەتی کتێبەکە، ئیش وا هاتە پێشەوە کە دەوری دووهەم و سێهەمی ئەدەبی کوردی دەوری یەکەمەکە کەرت ئەکا و لە نووسینا بیکا بە دوو پارچەوە، ئەمەش وا نەبێ زیانێکی زۆر بە سامانەکەی بگەیەنێ، چونکە تۆزێ لە دەوری ئەدەبی یەکەم تێگەیشتن و بەرکوڵێکمان لێ خوارد، لە پارچەکەی تریا بەتەواوی تێ ئەگەین.

لەم دەوری دووهەم و سێهەمەدا ئەدەبی شیعری هاتە پێشەوە، لە بندەست ئەمەوە ئەدەبی پەخشانەکەش لە دەوری سێهەمدا زیاتر باوی سەند و کەوتە ناوەوە؛ هەتا دەوری یەکەم بوو ئەدەبی پەخشان وەکوو ئەفسانەی لێ هاتبوو، لەم دوو دەورەدا، بەتایبەتی دەوری سێهەم لەو ئەفسانەوە بوو بە ڕۆژنامە.

دەوری دووهەم و سێهەم لەبەر ئەوە تان و پۆی یەکن، بوون بە تێهەڵکێشییەک لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە چونکە مێژووەکانیان دیارە با لەم کتێبەدا تێکڵاوی یەکیش بووبێتن، هەر ئاشکران و پیاو بە لێ وردبوونەوە لێیان تێ ئەگا، کە وا بوو ئەگەر لە نووسینیانا بەندیان بۆ دانەنرێ وا نەبێ زیانێکیان پێ بگا یا ئەوە بگەیەنێ کە دەورەکەیان تێک دراوە.

***

وتمان لە دەوری دووهەما ئەدەبی شیعری هاتە پێشەوە، لەپێش باسکردنی مەعنای شیعردا، جارێ با ئەوە بخەینە بەر چاو کە گۆیا ئەم زمانی کوردییە لە دەمدەمی داهاتنی ئیسلامەتیدا شیعری پێ وتراوە و شیعرەکانیش ماونەتەوە. ئەمەش بە قسە پارچە چەرمێک لەم ساڵانەی دوایییەدا لە ئەشکەوتەکانی «جێشانە» و «هەزارمێرد» ی سولەیمانیدا دۆزراوەتەوە، چەند شیعرێکی بە زمانی کوردی تێدا نووسراوەتەوە. گۆیا لەو سەردەمەدا کە عەرەب وڵاتی کوردەواری داگیر ئەکا و کوردستان ئەگا بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئەم شیعرانە چۆنیەتی ئەو دەورە ئەگێڕنەوە... ئەمەش یاسایەکی تەبیعییە هەر قەومێک چووە شوێنێک و ئەو شوێنەی گرت، دانیشتووانی شوێنەکە هەتا یەک دوو نەوە لەوانەیە عەنعەناتی پێشووی خۆیان هەر لەبیر ناچێتەوە، چە لە ڕووی ڕەوشتی ئایینییەوە چە لە ڕووی ڕەوشتی زمان و کۆمەڵایەتییەوە. جا لەبەر ئەمە ئەو شیعرانە وەکوو چۆن بەڵگەیەکە بۆ زمان و ئەدەبەکەی کوردی هەروەها ڕشتەیەکیشە بۆ ئایینی لەوە پێشیان!

ماوەتەوە سەر ئەوە ئەم شیعرانە کە من لێرەدا باسی ئەکەم و هێناومە بۆ بەڵگەی شیعر و ئەدەب و زمانی کوردی لە دەوری دووهەمی ئەدەبی کوردیدا، ناتوانم بچمە ژێری و بڵێم بوونەکەی ڕاستە یا ڕاست نییە، چونکە نە خۆم ئەو پارچە چەرمەم دیوە کە ئەم شیعرانەی لێ نووسراوەتەوە، وە نە لە قسەی ڕۆژەڵاتیناسێکیشدا بەر چاوم کەوتووە. بەڵکوو تەنیا قسەیەکە مامۆستا «ڕەشید یاسەمیشخص» لە لاپەڕەی ١٢٩ی کتێبەکەیا «کورد» باسی ئەکا، ئەویش بەبێ ئەوە بیگەیەنێتەوە بە کەسێک یا بە سەرچاوەیەک. قسەکە هەر ئەوەندەیە ئەگەر ئەم پارچە چەرمە بووبێت، هونراو و زمانێکی زیاتر لە هەزار و دووسەد ساڵی کورد بە ئێمە پیشان ئەدا. شیعرەکان ئەمەیە:

هورمزگان ڕمان، ئاتران کژان
وێشان شاردەوە گەورەی گەورەکان
زۆر کار ئارەب کردنە خاپوور
گنای پاڵەیی هەتا شارەزوور
شن و کنیکان وە دیل بشینا
مێرد ئازا تلی وەڕووی هووینا
ڕەوشت و زەردشترە مانوە بێکەس
بزیکا نێکا هورمز وە هەویچ کەس

واتە: «مزگەوتەکان وێران کران و ئاگرەکان کوژێنرانەوە. مزگەوتی ئەو وەختە مەبەست مزگەوتی ئێستە نییە، بەڵکوو پەرستشگا و ئاتەشکەدەی زەردەشتی مەبەستە. خۆیان شاردەوە گەورە گەورەکان. زۆرداری و جەوری عەرەب وێرانیان کرد. دێهاتی کرێکارەکان تا ئەگاتە شارەزوور. ژن و کچەکانیان بە دیل برد. پیاوی ئازا تلی ئەدا لەناو خوێنا. ڕەوشتی زەردەشت بە بێکەسی مایەوە. بەزەیی نایەتەوە ئاهوورامەزدا بە هیچ کەسێکا». دیسان هەر بە قسەی مامۆستا ڕەشید یاسەمی گۆیا یەکێک لە موغانەکانی زەردەشت لە هەورامان بووە ناوی «پیری شالیارشخص» بووە. کتێبێکی لە شوێن بەجێ ماوە ناوی «ماریفەت و پیری شالیار»ە. ئەم کتێبە بەند بەندە، زۆرتری ئامۆژگاری و قسەی نەستەقە. لەبەین هەموو بەندێکا ئەڵێ:

گۆشت جە واتەی پیرشالیار بۆ
هۆشت جە کیاستەی زانای سیمیار بۆ

واتە: «گوێت لە قسەکانی پیری شالیار بێت و هۆشت بە نووسراوەی زانای سیمیارەوە بێ -کە زەردەشتە-».

جا لە بەندەکانا ئەڵێ:

داران گیانداران جەرگ و دڵ بەرگن
گایێ پڕ بەرگن، گایێ بێ بەرگن
کەرگ جە هێڵەن، هێڵێ جە کەرگەن
ڕواس جە ڕواس، وەرگی جە وەرگەن

واتە: «دارەکان گیانیان هەیە، جەرگ و دڵیان ڕیشە و بەرگە... هەندێ کار بەرگیان هەیە و هەندێ کار بێ بەرگن -مەبەست بە بەرگ گەڵایە-... مریشک لە هێلکەیە و هێلکە لە مریشکە... ڕێوی لە ڕێوییە و گورگ لە گورگە...»

لە بەندێکی تریا دیسان ئەڵێ:

وەروێوە وارۆ وەروە وەرێنە
وەڕێسە پڕیۆ چوار سەرێنە
کەرگێ سیاوە و هێڵێش چەرمێنە
گۆشڵێ مەمڕیۆ دوێ بەرێنە

واتە: «بەفرێ ئەبارێ بەفر خۆرە. گوریس کە بیچڕی چوار سەری هەیە. مریشکی ڕەش هێلکەی سپییە. دێزە کە بشکێ -مەبەستی ئەوەیە کە بنەکەی لێ ببێتەوە- دوو دەرگای لێ پەیدا ئەبێ».

ئەم پیری شالیارە ئەو پیری شالیارە نییە کە لە ئاخروئۆخری سەدەی پێنجەمی هیجریدا بووە و لەگەڵ «عەبدولقادری گەیلانیشخص»دا هاوچەرخ بوون. ئائەم پیری شالیارەش هەر لە هەورامان بووە و لە خەوا پێغەمبەری دیوە و موسوڵمان بووە، لەپاشا ناوبانگی موسوڵمانی دەرکردووە و لەگەڵ عەبدولقادردا ئاشنایەتی ڕۆحییان پەیدا کردووە. بەڵکوو ئەمەی ئێمە ئەیڵێین گەلێ پێش ئەو کەوتووە. لێرەدا ئەم قسانەی پیری شالیار وەکوو بۆ ئەوە ئەشێ کە باسی ئایینی پێشووی کورد بکا بۆ ئەوەش ئەبێ کە ئەدەبێکی کوردی لە دەوروبەری هەزار ساڵی لەمەوپێشتر بۆ ئێمە ئەگێڕێتەوە. مایەوە سەر ئەوە کە یەکێک بڵێت: هەورامان یەکێکە لەو شوێنانە کە هەندێ لە ڕۆژەڵاتیناسەکان ناویان بە «گۆران» ئەبەن و گۆیا کورد نین! ئێمەیش ئەوە بوو لە باسی کورددا وتمان ئەم قسەیە هەر لە بناغەدا هیچ بنچینەیەکی نییە، چونکە کورد و گۆران هەر یەکن و هیچ جیاوازییەک لەبەینیانا نییە. ئەتوانی سەیری باسی پێشووەکانی ئەم کتێبە بکەیت.

***

ئێمە لە باسی «مێژووی ئەدەب»دا ئەوە بوو وتمان: «مەبەست عیلم و زانینێکە کە باس لە چۆنیەتی لۆغەت و زمان و شتی جوانەوە بکا». دەی بەپێی ئەم قسەیە ئەگەر ڕاستت ئەوێ دەوری ناوەڕاستی ئەدەبی کوردی زۆر تاریکە، چونکە لە دەوری یەکەمدا چیرۆک و ئەفسانەکانمان بۆ بوو بە بەڵگە، کە کەوتە دەوری دووهەم دەوری شیعر داهات، لەم دەورەدا ئەدەبی شیعری کوردی وەکوو ئەدەبی وشە و مەعنای ئەورووپا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پەردەی تاریکی بەسەرا کشا، بۆیەش ئەمە ڕووی دا چونکە وشەی عەرەبی بە هۆی ئایینەوە کەوتە ناوەوە و کەوتە شیعرەوە، وشەی شیعر زۆرتری بوو بە وشەی عەرەبی، هەر چەندە مەعنا مایەوە، بەڵام جەوهەری ئەدەبی زمانەکە تێک درا؛ ئەدەبی پەخشان کەم بووەوە ڕەنگ و بۆیەکی نەما -کە ئەڵێم نەما مەبەستم ئەوەیە لەسەر وشەی ساغی کوردی، ئەگینە مەعنا هەبوو، بەڵام بە کوردی پەتی نەئەهاتە ناوەوە- هۆنراوە کە زمانی خەیاڵ بوو زاڵ بوو بەسەر پەخشانا کە زمانی ئەقڵە.

لەگەڵ ئەمەشدا ئینکاری ئەوە ناکرێ کە لەبەین زمانەکانی ڕۆژەڵاتدا ئەوەی بە بێوەیتر مابێتەوە لە دەست زمانی عەرەبی لە هەموویان زیاتر زمانی کوردییە. چونکە سەرەڕای ئەوە کە زمانی قورئان نیشت بە سەر زمانەکانەوە، وە سەرەڕای ئەوە کە لەم ماوە درێژەدا هەر لەژێر چەپۆکدا بووە لە چاو زمانەکانی تردا گەلێ گەلێ بە پاکژیتر و خاوێنتر ماوەتەوە -دیارە ئەمە شانازییەکی زۆر گەورەیە بۆ زمانی کورد- گەلێ لە زمانەکانی ڕۆژەڵات کە خاوەن کەیان و دەوڵەتیش بوون لە خۆ پاراستنا هەر نەگەیشتوونەتە زمانی کوردی.