ئەدەبێکی ڕووتی کوردی

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 10 دقیقه  2341 مشاهده

کە ئەڵێین ئەدەبێکی ڕووتی کوردی، مەبەست ئەوەیە هیچ شتێکی تری تێکڵاو نەبووبێت و نەبێت. ئەدەبی قەومێک وەکوو تەماشای جوانی وشەکەی ئەکرێ، تەماشای بەرزی مەعناکەی زۆرتر ئەکرێ. نەوەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو ئەدەب تەنی مەعنایە، چونکە وشە بۆ مەعنایە. گەلێ وشەی وا لە هەموو زمانێکا هەیە لە ڕواڵەتا سەیر ئەکەی کە پیاو ئەیڵێت بە جوان دێتە بەرچاوی، بەڵام کە سەیر ئەکەی هیچ مەعنایەک نابەخشێ و بە پڕوپووچ دائەنرێ. شیعر بۆیە پێی ئەڵێن ئەدەب، چونکە مەعنای بەرز و خەیاڵی وردی تێدایە، کە وا بوو هەر شتێک ئەو بەرزییەی تێدا بوو، ئەوە ئەدەبە.

ئەدەبی کوردی لەپێش داهاتنی شیعردا لە ڕیزە قسەیەکدا کە لە زاری هەندێ پیاوی نەخوێندەواری دوور لە شارستانەوە دەرهاتووە و بەتەواوی لەگەڵ حەقیقەتدا یەک بووە، لەپاشا دەوری شیعری بە سەرا هاتووە -کە شیعر بەلای خەیاڵدا ئەڕوا- ئەمانە هەرکامی بگریت؛ چە ئەدەبی حەقیقی چە ئەدەبی خەیاڵی، هەر دوو لایان مانعا لە شعووری خاوەنەکەیان ئەدەنەوە کە ئەوانیش بوون بە ڕەنگی قەومەکە و دەنگ ئەدەنەوە.

ئەم قسەیە ئەوە بە ئێمە پیشان ئەدا کە ئەدەب بە جۆرێکی تێکڕایی تەعبیرێکی جوانە لە عاتیفە و لە ئارەزوو و لە شت. سەرەڕای ئەمانەش ئەو کەسانە کە لە کورددا پەیدا بوون و پاشماوەکەیان بۆ ئێمە بوو بە ئەدەب و ئەیگرین بە دەستەوە دوو جۆر بوون، جا چە خوێندەوار بووبێتن چە نەخوێندەوار قسەکەیان کەوتبێتە سەر کاغەز یا نەکەوتبێ جۆرێکیان هەر مەیلیان بەلای تەبیعەتەوە بووە، واتە: لە باسی گوڵ و ژیانی لادێ و زەوی و زار، لەوە بەو لاوە نەچوون، یەکێک لەم کەسانە ئەگەر ویستبێتی بە سەروباڵای شتێکدا بێت چی بە دڵا هاتبێ کە بە فیکری خۆی شایانی ئەو شتە بووبێت، وتوویەتی و تەعبیری لە خەیاڵەکەی خۆی داوەتەوە، بەرانبەر بەو شتەوە چە جۆرە وشەیەکی بۆی پەسەند کردبێت ئەوەی وتووە، ئیتر بە تەنگ ئەوەوە نەبووە کە ئەو کەسە گوێی لێ ئەگرێ یا ئەیخوێنێتەوە، لێی تێبگا یان تێنەگا. ئەو ئەوەندەی مەبەستە جڵەو بۆ خەیاڵ بەرەڵا بکا، با ئەو خەیاڵ و وشانە بەرزتریش بن لە مەوسووفەکەی هەر بە تەنگەوە نییە! ئەگەر سەیری ئەم قسەیە بکرێ، کابرا هیچ شتێکی لە عاتیفەوە نەنووسیوە یا نەوتووە، کە چی ئەشڵێ شتەکەم ئەدەبە و ئەدەبیش ئالەتێکە بۆ تەعبیردانەوە لە عاتیفە.

جا ئەم جۆرە کەسانە ئەگەر نووسەر بن پێیان ئەڵێن: «نووسەری ئیبتیداعی» یا بە کوردی بڵێبن: «نووسەری سەربەخۆ». یا داهێنەر. جۆرەکەی تریان ئەوەیە هەر بەلای گەمە و گاڵتە و بەلای پیاهەڵوتنا (هیجادا) چووە، ئەیەوێ ئەدەبەکەی ببێ بە ئەدەبێکی فێرکەر و خاوێنکەرەوە، ئەیەوێ باسی ژیانی ناو شار بکا نەوەک هی لادێیی. وە باسەکەی لەگەڵ شتەکەدا زۆرتر ئاشنایەتی هەیە تا لەگەڵ دڵی خۆیدا، وە ئەگەر خوێندەوار بێت و شتێک بنووسێت ئەیەوێ شتەکەی ببێ بە دەرز و ئەقڵی تێدا بکا بە حاکم. ئەم جۆرەش دیسان ئەگەر نووسەر بن پێیان ئەڵێن: «نووسەری ئیتیباعی» یا بە کوردی بڵێین: «نووسەری شوێن هەڵگر». لەسەر ئەم قسەیە زۆرتر لە کوردیدا ئەو کەسانە کە ئەدەبەکەیان پەخشان (نَثر) بووە، جا کەوتبێتە سەر کاغەز یا نەکەوتبێ ئەدەبی ئیتیباعییە. ئەو کەسانەش کە شیعر بووە ئەدەبێکی «اِبتداعيعربی»یە.

ئینکار ناکرێ کە ئەدەبی پەخشان لە دەورێکی کۆنەوە لەناو کورددا هەبووە، با نەشنووسرابێتەوە، دەماودەم هەر گێڕاویانەتەوە. ئەمەیش کە ئەیڵێین وا نەبێ ئەدەبی چیرۆکی یا پەندی پێشینان بێت، چونکە چیرۆک داستانێکی مەیلەو ئەفسانەیە، ئەگونجێ بناغەیەکی هەر نەبووبێت و دەست هەڵبەست بێت، پەندی پێشینانیش ڕیزە ئامۆژگارییەکی کورت کورتن کە هیچیان بیست وشە پڕ ناکەنەوە. بەڵام ئەم ئەدەبی پەخشانە شتێکی واقیقییە، هەم مەعناکەی بەرزە و هەم وشەکانی جوانە، هەم پەردەی دەورەکەیش ئەگێڕێتەوە. بۆ نموونە ئێمە لەم شوێنەدا ئەدەبێکی پەخشان -کە هیچ یەک لەوانەی پێشوو نەبێت- ئەیخەینە بەرچاو:

«جارێک سێ کابرای کورد ئەچن بۆ شوێنێکی دوور بۆ کاسبی، چەند ساڵێکیان پێ ئەچێ و هەر یەکە سی دراوی ئەو دەورە پەیدا ئەکەن و ئەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. دونیا زستان ئەبێ، شەوێ ڕێیان لەو زستانە ئەکەوێتە گوندێک وئەبن بە میوانی ماڵێک. زۆر ماندوو ئەبن، دوویان خەویان لێ ئەکەوێ، یەکێکیان هەر چەندە ئەکا لەبەر پەژارە خەوی لێ ناکەوێ. هەڵئەسێ ئەچێتە گوێی ئاگردانەکە کە خاوەن ماڵەکە ڕیشە سپییەکەی شۆڕ کردووەتەوە بە سەریا ئەمیش وەکوو ئەو کزۆڵە ئەکا! گەلێ دائەنیشێ هیچیان دەنگ ناکەن. دواجار میوانەکە ئەڵێ: «قسەیە بە چەند؟» ئەڵێ: «بە دە پارە!» کوڕە لەبەری گران ئەبێ، لەپاشا زۆر تامەزرۆی قسە ئەبێ، ئەڵێ:

«مامە ئەوە دەپارە و قسەم بۆ بکە!» پارەکەی لێ وەرئەگرێت و پێی ئەڵێ: «کەسی مامی، ئەگەر دونیا زستان بوو، بەفر لە زەویدا بوو، ڕێت کەوتە شوێنێک و شەو تیا مایتەوە، بەیانی کە هەستایت دونیا سامانە و هیچ هەور بە ئاسمانەوە نییە، بەڵام کزەبای دێت، ئەگەر دەریشیان کردوویت نەکەی لەو ماڵە دەرچیت، تا کزەباکەی بەسەر ئەچێت!» ئەمەی وت و بێدەنگ بوو. کوڕە وتی: «مامە قسە بکە» ئەویش وتی: «کەسی مامە من قسە بە دراو ئەکەم، دە دراوم بدەرێ تا قسەت بۆ بکەم» کوڕە چاری نەما دە دراوی تریشی دایە، ئینجا وتی: «کەسی مامە، تا قسەیەک لێت نەپرسن خۆت لە خۆتەوە وڵام مەدەرەوە» و بێدەنگ بوو، کوڕە وتی: «مامە قسە بکە» ئەویش وتی:

«کەسی مامە من هیچ قسەیەک بەبێ پارە ناکەم، پارەم بدەرێ تا قسەت بۆ بکەم!» کوڕەش تەنیا دە پارەی پێ مابوو ئەویشی دایە و ئینجا وتی:

«کەسی مامە، کە شتێکت چاو پێ کەوت و بەر دڵت نەکەوت لە خۆتەوە ئاگر مەگرە تا ئەچیتە بنج و بناوانیەوە». ئەمەی وت و بێدەنگ بوو! کوڕە وتی: «مامە قسە بکە» ئەویش وتی: «پارە بدە»، وتی: «نیمە» وتی: «دە هەستە بچۆ بنوو!» هەستا چووە سەر جێگەکەی خۆی و نووست. بەیانی لەگەڵ هاوڕێکانیا هەستا و کەوتنە خۆیان، کە چوونە دەرەوە کوڕە سەیری کرد بەفر لە زەویدایە و بەستوویەتی، دونیا ساماڵە و کزەبایەکی تیژیشی دێت. بە هاوڕێکانی وت: «من نایەم ئێوەیش مەڕۆن»، لێیان بوو بە مڕومشت؛ ئەم ئەڵێ نەڕۆین ئەوان ئەڵێن بڕۆین ڕۆژ لەمە خۆشتر نابێ. کوڕە فیکری کردەوە و وتی: «من ئەم قسەمە بە پارە کڕیوە، ئێوە کە دانانیشن و ئەرۆن ئارەزووی خۆتانە من نایەم...».

ئەوان لێیان دا ڕۆیشتن و ئەم مایەوە، کابرای ڕیشسپی هات بە لایەوە و وتی: «ڕۆڵە ئەوە بۆچ نەڕۆیشتیت؟» ئەویش وتی: «مامە، قسەم بە پارە کڕیوە!» وتی: «باشە کەسی مامە...» زۆری پێ نەچوو هەورە چڵکنەیەکی هێنا و کردی بە کڕێوە و تۆفێک، چاو چاوی نەئەبینی! کوڕە حەو ڕۆژ لەوێدا مایەوە و ڕێی لێ گیرا. ڕۆژی هەشتەم دونیا خۆشی کرد و ماڵاویی کرد و لێیدا ڕۆیشت. زۆر نەڕۆیشت سەیری کرد وا هاوڕێکانی لەوێدا سەرما ڕەقی کردوونەتەوە! پارەکەیانی لە پاخەڵ دەرهێنا، وتی: «با بیبەمەوە بۆ ماڵ و مناڵەکەیان» ئەو ڕۆژە تا ئێوارە ڕۆیشت، شەوی بەسەرا هات، ڕێی کەوتە کاروانسەرایەک، لەوێدا مایەوە و نووست. لە نیوەشەوا چرپەچرپ و دەنگەدەنگ پەیدا بوو. هەر بە ڕاکشانەوە چاوی هەڵبڕی سەیری کرد وا چەند زەلامێک هەر یەکە کۆڵێکی گرانیان پێیە و هاتن. خانچییەکە خێرا هەستا چووە ئەو لاوە دەلاقەیەک لە سووچی ژووری کاروانسەراکەدا بوو، هەڵیبڕی، زەلامەکان بە کۆڵەکانیانەوە چوونە ئەوێ، ئەمیش دەلاقەکەی لەسەر داخستنەوە و هاتەوە سەر جێگەکەی خۆی نووستەوە.

بەیانی ڕۆژ بووەوە و نەبووەوە کوڕە سەیری کرد وا لە دوورەوە هەندێ سوار بە چەکەوە بە تاو ڕوویان کردە ئەم کاروانسەرایە و دەوریان دا و دوو کەسیان هاتنە ژوورەوە و ڕوویان کردە خانچییەکە و وتیان: «ئیمشەو خەزنەی پادشا بڕاوە، شوێن پێمان هەڵگرتووە تا ئێرە، ئێستە کێ هاتووەتە ئەم شوێنە و کێ نەهاتووە؟» خێرا کابرایەکی تر کاروانچی لەوێ بوو و هەڵیدایە و وتی: «شەوێ دەنگەدەنگێک لێرە هات ئەم کابرایەش هەر ئەوەندە ئاگای لێ بوو خانچییەکە وتی: «هیچ نەبووە و کەس نەهاتووەتە ئێرە، ئەم کابرایە درۆ ئەکا». سوارەکان گەلێ گەڕان هیچیان دەست نەکەوت، کابرای کاروانچییان گرت، تێروپڕیان لێ دا و باڵیان شەتەک دا و وتیان: «ببێ و نەبێ ئاگات لێیە» هەر چەندە فەریادی کرد هیچ کەڵکی نەبوو. ئینجا کە لەم هەراهەرایە بوونەوە چاویان بە کوڕە کەوت، وتیان: «تۆ ئیمشەو چیت دیوە و چیت نەدیوە؟» ئەویش هاتە قسە و هەر چێکی بەر چاو کەوتبوو بۆی گێڕانەوە، ئەوانیش چوون دەلاقەکەیان هەڵچڕی، زەلامەکانیان بە کۆڵەکانیانەوە هێنایە دەرەوە و گەلێ شتی تریشیان هێنا کە هەمووی دزیەتی بوو، وە ئەم خانچییەش دز دەسەک بوو بۆیان! باڵیان بەست و لەگەڵ کابرای کاروانچی و دزەکان و هەموویان دایە پێش و کوڕەشیان لەگەڵ خۆیان برد و چوون بۆ لای پادشا. هەموو کارەساتەکەیان بۆ پادشا گێڕایەوە، پادشا ئەوانی خستە بەندیخانە و پارەیەکی زۆریشی دا بە کوڕەکە و بەرەڵای کرد. کوڕە چوو لەم پارەیە دیارییەکی زۆری بۆ ماڵ و مناڵی کڕی و بەرەو ماڵ بووەوە. ڕۆیشت، ڕۆیشت تا چووە ئاوایییەکەی خۆیان، شەو بوو گەیشتە جێ، لە دوورەوە سەیری ماڵەکەی خۆیانی کرد، قوتیلە چرایەکی تیا ئەسووتا، تەماشای کرد وا کوڕێکی تازەپێگەیشتوو سەری خستووەتە سەر ڕانی ژنەکەی و سەری ئەدۆزێ، جارجاریش ماچێکی ئەکاتەوە! کابرا بەرچاوی تاریک بوو، شیرێکی پێ بوو لە کەلانەکەی دەرهێنا و بڕیاری ئەوەی دا هەرکە چووە ژوورەوە بەبێ قسە بە شیرێک ژنەکەی و کابرا بکوژێت. زۆر زۆر بە پەلە چوو تا نزیک بووەوە، لەوێ هۆشێکی پیا هاتەوە و قسەی کابرای ڕیشسپی فیکر کەوتەوە و پەشیمان بووەوە. شیرەکەی کردەوە بە کەلانەکەیا و بە پێکەنینەوە چووە ماڵەوە.

ژنەکە چاوی بە مێردەکەی کەوت، سەری کوڕەکەی کە نووستبوو لەسەر ڕانی دانا و هات بە پێشوازی مێردەکەیەوە، داینا و بە دەوریا هات و نان و شتی بۆ هێنا و لەپاشا کەوتنە قسەکردن و پرسی: «ئەو کوڕە کێیە؟» ژنەکەش بە پێکەنینەوە وتی: «نایناسیتەوە؟ ئەوە کوڕتە!» پیاو هەستا چوو ماچی کردەوە و گەلێ شوکری خوای بەجێ هێنا، کوڕەش خەبەری بووەوە و هەستا دەستی کردە ملی باوکی و بەیەک شاد بوونەوە!».

تەماشا ئەکەی ئەم پارچەیە شێوەی جۆرە ئەدەبێکی پەخشانی کوردی بە ئێمە پیشان ئەدا، چە لەلایەن مەعناوە، چە لە لایەن وشەوە جیایییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو ئەدەبی شیعری و پەخشانەدا کە لەم دەوری دوایییەدا کەوتوونەتە سەر کاغەز و نووسراونەتەوە. ئەو کەسانە دەماودەم ئەم جۆرە ئەدەبانەیان گێڕاوەتەوە هەر چەندە مەعناکەی دەسکاری نەکراوە، بەڵام دوور نییە وشەکانی زیاد و کەمی بەسەرا هاتبێ لەگەڵ ئەوەش سەیر ئەکەی بە ئاشکرا ئەدەبێکی ئیتیباعیت بەر چاو ئەکەوێ و بەرزتر ئەدەبێکی پەخشان ئەخوێنیتەوە.

لە بندەست ئەمەوە دەورەی ئەدەبی شیعری هاتووەتە پێشەوە، ئەدەبی شیعری لە سەرەتادا با مەعناکەشی گران بووبێت، لە لایەن وشەوە هەر زۆر سادە بووە، چوارخشتەکییەکانی «باباتاهیرشخص» و شیعرەکانی «پیری شالیارشخص» ئەمەمان پیشان ئەدەن.