هۆنراو (شعر)
بەڵێ، هۆنراو دەزگایەکە بۆ ئەوە پیاو مانعای لە خەیاڵێکی نازک پێ بداتەوە و عاتیفەی خوێنەر وەکوو کارەبا ڕاکێشێ. بەڵام لەگەڵ ئەمەش لەبەر ئەوە هۆنراو جۆراوجۆرە، تەعریفێکی تری هەیە لەم تاریفە درێژترە. ئەمەش لەم دوایییەدا زیاتر ئەورووپایییەکان ئەمەیان بۆ دۆزییەوە. وەکوو ئەوە کە فەرەنسزییەکان هۆنراو ئەکەن بە سێ جۆر هەر یەکە چەند لق و پۆپێکی لێ ئەبێتەوە، ئەیکەن بە: «هۆنراوی شەڕوشۆڕ (مَلاحِم)، هۆنراوی گۆرانی (غَنائی)، هۆنراوی لاسایی (تَمثیلی)».
هۆنراوی شەڕۆشۆڕ:
هۆنراوی شەڕۆشۆڕ ناوی خۆی بە خۆیەوەیە، لەپێشا کارەساتی خواکانی ئەگێڕایەوە، لەپاشا دەوری ئەو خوایانە بەسەر چوو بڕا بە سەر نەبەردی پاڵەوانان و هەرای جەنگیدا.
ئەمەیان لە کوردیدا وێنەی زۆرە، یەکێ لەوانە شەڕی «شەماڵ و زەلان»ە. کە لەشکری شەماڵ و لەشکری زەلان «ڕەشەبا» لە ئاخر و ئۆحری زستانا کە هێشتا بەفر نەچووەتەوە بەرانبەر بە یەک ئەوستن و سوارەی خۆیان بڕبڕ ئەکەنەوە و ئەینێرنە سەر شاخەکان و بەیەکا دێن، لەپاش کارەساتێکی زۆر و جەنگێکی گەورە، زەلان ئەشکێ و شەماڵ بەفر ئەتوێنێتەوە. ئەمە نموونەیەکە لەو هۆنراوانە:
ئەم داستانە کارەسات و ئەفسانەیەکی خەیاڵییە، خاوەنەکەی نازانرێ کێیە و لە چە وەختێکا دانراوە؛ هەندێک ئەڵێن: هی «میرزا شەفێع»ە، بەڵام وا نییە، چونکە بە گەلێ زەمان لەپێش میرزا شەفێعا بیسراوە. ئەوەندە هەیە نرخێک یتاریخی زۆر گەورەی لە ئەدەبی شەڕوشۆڕی کوردیدا هەیە.
هۆنراوی گۆرانی:
ئەم هۆنراوە سەرەتا کە داهاتووە لەگەڵ بلوێر و دووزەلەدا ئەوترا، لەپاشا وای لێ هات هەر شعرێکە تەعبیری لە عاتیفە بدایەتەوە وەکوو غەزەڵ، مەتح، لاوانەوە و شانازی، پێیان ئەوت شعری گۆرانی. ئەم جۆرە شعرانە تا ئێستا لەناو کورددا بەم چەشنە تەعریف نەکراوە، واتە: شعری غەزەڵ و مەتح بە شعری گۆرانی نەزانراوە، بەڵکوو گۆرانییان هەر بە شعری بەستە وتووە. جا ئەگەر بەم مەعنا عیلمییەی فەرەنسزییە مەعنا لە شعری گۆرانی بدرێتەوە شعری کوردی زۆرتری بەر شعری گۆرانی ئەکەوێ.
هۆنراوی لاسایی:
ئەم هۆنراوە لەم ئاخرەدا فرەنسزیەکان ئەم ناوەیان بۆ دانا، ئەگینە لەپێش ئەم ناوە نەبوو، چونکە لاسایی ئەگەر ڕاستت ئەوێ شعرە شەڕوشۆڕ و گۆرانییەکانە، بەڵام لەبەر ئەوە هونەر «فەن» ێکی تێدایە و یەکە یەکەی پیاو ئەگرێت، لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە چاری تەنگوچەڵەمەی نەفسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و خوو و ڕەوشت ئەکا، گۆیا لە فەساڵەکەیا لەوان جیا ئەبێتەوە، جا بەم بۆنەوە ئەم ناوەیان بۆ دانا. هۆنراوی لاسایی بەم مەعنایە لەناو کورددا نەبووە، مەگەر لەم دوایییەدا نەبێ کە «بێکەس» و «گۆران» ئەم ئاگرەیان هەڵگیرسان.
کورد لە شعری شەڕوشۆڕ -کە شعری چیرۆکیشی پێ ئەوترێ- وە لەسەر تەعریفی فەرەنسزییەکان لە شعری گۆرانیشدا بە ئەندازەی دەسەڵات تیایا دەوڵەمەندە. مەبەست ئەوەیە باسێکی گرتووە و کردوویە بە شعر، ئیتر ئەوەمان مەبەست نییە کە سەرچاوەی باسەکە لە کورددا بووبێت یا نەبووبێت. من لێرەدا ناوی هەندێکیان دێنم، بەڵام هێشتا خاوەنەکانیانم بۆ ساغ نەبووەتەوە. ئەمانەش ئەگەر لەسەر تەعریفی ئەوەڵ بێ، ئەوا هەموو شەڕوشۆڕن، وە ئەگەر لەسەر تەعریفی عیلمییەکەی فەرەنسە بێ، هەندێکیان شەڕوشۆڕن و هەندێکیان گۆرانی لەگەڵ لاساییدا، ئەمانەش وەکوو:
١- کتێبی «خورشید و خاوەر»، بەپێی هەندێ شت دوور نییە خاوەنەکەی لە نیوەی دوایی سەدەی هەژدەیەمدا ژیابێت.
٢- «لەیلێ و مەجنون»، دوور نییە ئەمە هی «مەلا مەلەوخان» شاعیری بەناوبانگی جافان بێت، «مەلا فەرەجی واژەیی»یش بە دەستکارییەوە فارسییەکەی «نظامی» لە ١٩٤٢دا کردووە بە کوردی.
٣- «شیرین و خەسرەو».
٤- «شیرین و فەرهاد»، کە خانای قوبادی وەریگێڕاوە.
٥- «بارام و گوڵەندام»، دوور نییە خاوەنەکەی لە سەدەی هەژدەیەما ژیابێت.
٦- «حەوت خوانی ڕۆستەم»
٧- «ڕۆستەم و زۆراو»
٨- «جیهانگیر و ڕۆستەم»
٩- «خاوەران»، باسی هەرای «عەلی کوڕی ئەبیتالب» ئەکا.
١٠- «حەمە حەنیفە»، لە ١٨١٣ نوسخەیەکی لێ نووسراوەتەوە و ئیتر نازانرێ خاوەنەکەی لە چە تاریخێکا دایناوە.
١١- «نادر و تۆپاڵ»، باسی شەڕەکەی «نادرشا» و «تۆپاڵ» پاشای عوسمانی ئەکا لە مارتی ١٧٣٣دا، ئیتر جا کتێبەکە کەی دانراوە؟ نازانرێ.
١٢- «جەنگنامەی شازادە موحەممەد عەلی میرزا و کەهیاپاشا»، «میرزای کرندی» لە ١٨٢١دا نووسیویەتی و باسی سەرکەوتنی «موحەممەد عەلی میرزا» ئەکا بەسەر «کەهیاپاشا»دا . وا دیارە شوێنی جەنگەکەش «زەهاو» بووبێت. «ناوی ئەم کتێبانە تا ئێرە لە قسەی «مینۆرسکیشخص» وەرگیراوە».
١٣- «جەنگی کولە و عاینەمەل».
١٤- «وەرەق و گوڵ».
١٥- «درەختنامە».
١٦- «برزۆ و فڵامەرز».
١٧- «بەوری بەیاننانە».
١٨- «مەنیجە و بیژەن».
١٩- «قارەمان و قەیتەران».
٢٠- «خەزاڵ و کاکە لاس».
٢١- «بەهنەسا».
٢٢- «ڕۆستەم و زەردەهەنگ».
٢٣- «کورد و گۆران».
٢٤- «عەتانامە»، ئەمە شاعیرێکی کوردستانی لەم ساڵانی دوایییەدا دایناوە.
٢٥- «شیرین و شەفێ»، شەفێ پیاوێکی شاعیری دەنگ خۆش بووە، شیرین ئافرەتێکی جوان بووە، لە دوورەوە دڵی لە شەفێ چووە، چاوی پێ کەوتووە زۆر ناشیرین بووە گەڕاوەتەوە. ئینجا شەفێ دڵی لێی چووە و بە شوێنیا هاتووە، شیرین شعری بە دەنگی شەفێدا ئەڵێ و شەفێش بە جوانییەکەی ئەودا.
٢٦- «مزگەوت و میرزا»، مزگەوت و میرزا کێوێکە لەبەین خوڕخوڕە و مەریواندا. وەختێ خۆی یەکێ لە گەورەکانی ئەردەڵان مەلایەک و چل فەقێی ناردووەتە ئەوێ، زستان بەسەرا دێت و هەموویان سەرما ئەیانکوژێ، تەنیا فەقێیەک نەبێ ئەمێنێتەوە، ئەمەیان بە شعر سەرگوزەشتی ئەم کارەساتی مردنە ئەگێڕێتەوە.
٢٧- «ئاسمان و زەوی»، هی «میرزا قادری پاوەیی»یە، دوور نییە لە نیوەی دوایی سەدەی نۆزدەیەما دای نابێت، ئاخر شعرەکەی ئەمەیە:
قادر وە فیدای ئەبڕۆی تاقت بۆ
وە فیدای گەرد سم، پای بوڕاقت بۆ
٢٨- «حەوت پەیکەر»
٢٩- «داستانی دوازدە سوارەی مەریوان»، ئەمەیان کردەوەی پیرەمێردی سولەیمانییە.
٣٠- «بەیتی جوامێر و دایکی»
٣١- «ناسر و ماڵ ماڵ»
٣٢- «بەیتی شەریف و هەمەوەن».
هەڵبەست لە کورددا دەورەی کۆنی دەورەیەکی زۆر سەیر بووە، واتە: بڵێین تۆزێ لەپێش داهاتنی ئیسلامەوە تا سەد ساڵێک دوای ئیسلام، ئەو هۆنراوەی هەزار مێرد و جێشانە کە لەپێشا باسمان کرد -ئەگەر ڕاست بن- ئەوەمان پیشان ئەدەن کە سەری بە گەلێ قاپیدا کردووە و زۆر شوێنی دیوە. ئەگەر ئەو شعرانەشمان بە دەستەوە نەبێ، دیسان ئێمە لەو بڕوایە ناخا کە شوێن و مەیدانی نەدیوە! چونکە ئەدەبی پەخشان لە هەر قەومێکا بوو، بێگومان ئەدەبی هۆنراوەیشی تێدا ئەبێ. چۆن نابێ؟ هەڵبەست کە سەرچاوەکەی خەیاڵ و جۆش و خرۆشی دەروون بێت و ئەدەبی پەخشان یەکێ بێت لە جۆگەلەکانی، ئەبێ خۆی چۆن بە گوڕتر نەبێ؟! ئەمە و دیسان کورد مادام بە زەوق قسەکردنیان بووبێت، لەمەوە پێویست ئەبێ کە شعریشیان بووبێت. ئەوەندە هەیە دوور نییە بوترێ ئەم قسەیە ناچێتە سەر کە ئەڵێ: کورد لە دەوری کۆندا هۆنراوەی بووە، ئەگەر بیبوایە ئەمایەوە، بۆ چی ئەدەبە پەخشانەکەی ماوەتەوە؟ -وەکوو کورد خۆی ئەم داوایە ئەکا- بۆچی ئەدەبە هەڵبەستەکەی نەماوەتەوە؟!
قسە کە لە ڕواڵەتا ڕاستە، بەڵام ئەگەر لێی بکۆڵینەوە ناچێتە سەر. جارێ نەمانەوەی بۆ ئێستە ئەوە ناگەیەنێ کە هەر نەیبووە. دووهەم هۆنراوی ڕاستەقینە ئەوەیە لە زەوقێکەوە دەربچێت کە تێکڵاو بە هیچ شتێکی تر نەبووبێت، بەتایبەتی بە خوێندەوارییەوە. لەپاش ئەوە کە ئیسلام داهات هەموو شعوورێک کەوتە سەر شعووری ئایینی، ئایینیش ئەبوا تێکڵاو بە خوێندەواری عەرەبییەوە ببوایە، -چونکە زمانی ئایین بوو- کە ئەم تێکڵاوییە پەیدا بوو هەڵبەست لە زمانی خوێندەوارەکانەوە هەموو وەرگەڕایە سەر ئایینی. ئەوانە کە خوێندەوار نەبوون کەوتبوونە سەر ئەو بڕوایە کە شعر هەر ئەبێ بۆئایین بێ. خۆ ئەوانیش لە ڕێ و شوێنی ئایینی تازە هیچیان لێ نەئەزانی، بەو بۆنەوە لایان وا بوو کە ڕێگەی شعر گیراوە! لەگەڵ ئەوەش هەر بەپێی زەوقی خۆیان شعریان وتووە، بەڵام لەبەر ئەوە هۆنراوەکان بە ئایین ئاشنا نەبوون، خوێندەوارەکان نەیاننووسیوەتەوە و هانەهانەیەکی واشی لەسەر نەبووە، هەتا وەکوو ئەدەبە پەخشانەکە لە سنگا بمێنێتەوە!
لەپاش ئەم دەورەیە دەوری ئایینی هاتە پێشەوە، لێرەدا هەموو بە جارێ دەستیان دایە. بەڵێ ڕاستە ئیسلام ئاگرێکی وای لە دڵی بوێژ «شاعیر»ەکانی دەوری ناوەڕاستی کورددا کردووە کە شعریان لەسەر پایەی هونەر ئەوت و عاتیفەیانی بە جۆرێ بزواندەوە، گەلێ گەلێ زیاتر بوو لەو عاتیفانە کە ئەفسانە و ئایینی گاور لە دڵی شاعیری سەدەکانی ناوەڕاستی مەسیحیدا کردیەوە، بەڵام ئەگەر ڕاستیشت ئەوێ لە بارێکی تردا شعرەکانی هەموویان هەر وەکوو تەختەی شەترەنج ئەکەوێتە بەر چاو کە ماددەی داشەکان یەکێکە کە ئایینە، بەڵام فەساڵ و باسەکەیان جیایە، داشەکان هەر یەکە ناوی گیانلەبەرێکیان هەیە وەکوو: شا، وەزیر، فیل، ئەسپ، سەرباز، ئەوەندە هەیە گیانیان نییە! ئەمانیش لەو دەورەدا فەساڵی شعرەکانی خۆیانیان گۆڕیوە، بەڵام کە سەیری ئەکەی هەموو لە یەک تەموورەیان داوە و بە یەک دەنگ دەنگ ئەدەنەوە. ئەمە وا نەبێ هەر شعری کوردی وابێت، بەڵکوو فارسیش سەردەمێک وا بووە و عەرەبی خۆیشی دوو سەردەم!
ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە ئەگەر لە هەڵبەستی ئایینی لایان بدایە و بە میسال، مەتحییاتیان بوتایە، کەس نەبوو شتیان بداتێ. شاعیرەکانی عەرەب مەتحی کۆشکی عەباسییەکانیان ئەکرد و فارسەکان هی بەرمەکییەکان و شتیان وەرئەگرت، ئەمان مەتحی کێ بکەن؟! بەناچاری پاڵیان ئەدا بە ئایینەوە لایان وا بوو دونیا کە خراپ بووە، کەوتبوونە سەر ئەو باوەڕە کە دونیا تێکچووە، بە ئایین نەبێ ڕزگاریان نایە!
ئەو شتانە کە لەگەڵ وردەکاری نەفسی و عاتیفەی نهێنیدا ئاشنایەتییان هەیە بوێژانی کوردی ئەو دەورە و تەنانەت دەوری سێهەمیش زۆر تیایا بەرز بوون. خۆ ئێجگار لە سەدەی هەژدەهەم بەم لاوە جۆرە باوەڕێک ڕووی کردبووە شاعیرانی کورد، کە هینەکانی پێشوو گەلێ لێوە دوور بوون. لەم دەورەی سێهەمەدا شعوور تا ئەهات نەخشەیەکی تری وەرئەگرت. ڕاستە کورد هەر چەندە شەعبێکی سیاسی نەبوون، بەڵام لەم تاریخە بە دواوە -وەکوو ئەدەبی ئینگلیزی و فەرەنسی لەم تاریخەدا- خۆی لە خۆیەوە ئەدەبەکە مەیلی بەلای قەومییەتەوە ئەکرد. دیسان ئەمەش ڕاستە کە گەلێ لە شاعیری ئەم دەورە بە دواوە هەر نەیانزانیوە قەومییەت و مەعنای قەومییەت چییە، بەڵام چونکە شعوور بڵاو بووبووەوە کە سەیری ئەدەبەکەی بکرێ دوو شتی لێ وەرئەگیرێ: یەکێ مەیلی قەومییەت، یەکێکیش ئەوە کە شاعیر بە جۆرێکی غەیرە موباشیر تووشی ئەم مەیلە بووە. شاعیری واشت هەر لەم دەورە بە دواوە بەر چاو ئەکەوێ کە ئاگری کردووەتەوە. هەروەها لە ئەدەبی شاعیرەکانی دەوری سێهەمی کورددا وەکوو ئەدەبی ئەڵمان لە سەدەی هەژدەیەما مەیلی سەربەستی ڕۆحی کردووە بۆ تاک (فەرد) بەتەبیعەتی ئەدەبی ڕۆحیش سەر ئەکێشێ بۆ ئەدەبی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
هەر لەم دەوری سێهەمەدا دیسان لەوانەیە بوێژەکان بوون بە سێ بەشەوە: بەشێکیان ئێجگار خۆی بەو شەوە ماندوو کردووە بۆ ئەوە بە دەنگی زەنگی وشەکانی گوێ بزرنگێنێتەوە، ئەم بەشەیان «نالیشخص» یەکێکە لەوان، گۆیا، گەڕاوەتەوە بۆ سەدەی حەڤدەهەم بۆ «شەمپانیا» لە فەرەنسە، بۆلای «لاڤونتین» ی شاعیر، یا ئەو هاتبێتە «خاکوخۆڵمکان» بۆلای «نالیشخص»! بەشێکیان هەموو ئامانجێکیان دەربڕینی مەعنا بووە و هەموو کۆششێکیان خستووەتە سەر مەعنا. شاعیرە بەرزەکەی کورد «مەولەوی» لەمانەیە. تۆ بڵێیت گەڕابێتەوە بۆ سەدەی هەژدەیەم بۆلای «ڤۆڵتێرشخص» شاعیری بەرزی پاریس، یا ڤۆڵتێرشخص هاتووە بۆ «تاوەگۆز» بۆلای «مەولەویشخص»! بەشێکی تریشیان خەریکی ڕۆحی ئاژاوە و پەلاماردانی پیاوەکانی مزگەوت بوون، یەکێکە لەم بەشە «بێکەس». نابێ ئەمیش گەڕابێتەوە بۆ سەدەی هەژدەیەم بۆ لای «ڕوبرت بیرنزشخص» شاعیری ئیسکەتلەندا لە «ئەیەر»؟ یاخود ئەو هاتووە بۆ لای «بێکەسشخص» لە سولەیمانیمکان لە «گۆیژەمکان»!
بە جۆرێکی تێکڕایی بوێژەکانی کورد -هی هەر سێ دەورەکە- من لەو باوەڕەدام بێجگە لەو شەپۆلانە کە بە سەریانا هاتووە هەوای ناوچە کارێکی زۆری تێکردوون. ئەگەر خوێندەواری بۆ شاعیر شەرت بێت، بوێژەکانی کورد بێجگە لە بەشێکی کەمیان، هیچیان ئەو خوێندەوارە نەبوون -نە لە کۆنا نە لە تازەدا- کە بە پشتیوانی خوێندەوارییەکەیان بگەنە ئەو خەیاڵانە کە دەریان بڕیوە. دیارە مەبەستیشمان بە خوێندەواری ئەدەب و خوێندنی تازەیە، لەگەڵ ئەوە کە زۆرێکی زۆریشیان هەر بە جارێ هیچیان نەخوێندووە، کە چی سەیر ئەکرێ بەرزی فیکرەکەیان ئەگەر لە شاعیری قەومێکی تر بەرزتر نەبێ، وەکوو ئەوان هەر ئەبێ، جا با ئەوان سووچێکیان گرتبێت و ئەمان سووچێک، ئەمەیان شتێکی ترە.
زۆر لە بوێژەکانی کورد لە کوێرە دێیەکدا تەنیا ئاسمانی گوندەکەی خۆیان نەبێ، هیچ شوێنێکی تریان نەدیوە، کە چی بازی خەیاڵیان گەلێ قوژبنی تاقی کردووەتەوە. ئەمە بێجگە لەوە کە کارەساتی ئاو و خاک نەبێ هیچی تر بە پیاو نیشان نادا. وەکوو ئەوە ژنێکی «مەنمی» کە بە درێژایی ژیانی تەنیا ناوچەی مەنمی نەبێ هیچ شوێنێکی تری نەدیوە، وە لەوانەیە هەر نەیبیستبێ شعر چییە، وە بە چی ئەڵێن؟ دێنێ بە زمانێکی ساویلکە «عەزیز» و «تەکش» ئەلاوێنێتەوە و ئەڵێ:
بەڵێ، ئێمە ناڵێین کە ئەم جۆرە شعرانە لە هەموو سووچێکەوە بەرزن، بەڵام ئەتوانین ئەوە بڵێین کە بۆ دەم و پلی ژنێکی چۆڵ گەردی حەرف نەناس لەو پەڕی جوانییەوەیە کە وا بەم جۆرە شریتێکی سینەما بخاتە کار، وە لەمەوە زەوقی کوردێکی دەشتەکی پیشان بدا.