پەندی پێشینان

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 10 دقیقه  29391 مشاهده

کورد لە لایەن پەندی پێشینانەوە ئەدەبێکی بەرزی هەیە؛ پەندی پێشینان عیبارەتن لە چەند قسەیەکی کورتی کوردی پێکەوە نووسێنراون، مەعنایەکی بەرزیان تێدایە. لە زەمانێکی زۆر کۆنەوە کەوتوونەتە سەر زمانێکی کوردی، چۆنیەتی ژیان و ڕەوشت و بیروباوەڕیان -چە لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتی، چە لە باری ڕەوشتی خێزانی و کەین و بەینی ژیانی تێکڕایی، چە لە باری دەوڵەمەندی و هەژاری و پایەی دونیاییدا- پیشان ئەدەن.

لە پەندی پێشینانی کوردیدا وە نەبێ حکمەت و ئەدەب لە کۆشکێکی گەورەدا دابڕژێت و ئینجا وردە وردە سەر بکا بە ژوورەکانی کۆشکەکەدا، واتە: وە نەبێ حیکمەت لە قاعیدەیەکی عاممەدا باس بکا و ئینجا جوزئییات دابگرێتەوە، بەڵکوو چاکییەکەی کە شتێکی بچووک ئەڵێت، بەڵام ئەتوانرێ گەلێ شتی زل و گەلێ کارەساتی پێ بشوبهێنرێت. هەروەها کە سەیری ئەم پەندانە ئەکرێ پیاو وای بەرچاو ئەکەوێ کە لە کۆخێکی تەریک لە ئاوەدانییەوە سەری هەڵداوە و هیچ شارستانێکی نەدیوە، کە چی بۆ چۆنیەتی شارەکەش زۆر بە پوختی ئەگونجێ. لێرەدا تۆزێ لەگەڵ پەندی پێشینانی «عیبری»دا لێک نزیک ئەبنەوە.

داهاتنی پەندی پێشینان لە وەختی خۆیدا سەرچاوەکەی ئەمە بووە کە: کابرایەک کارەساتێکی چاوپێکەوتووە، قسەیەکی بەپێی ئەو کارەساتە کردووە، قسەکەی دەماودەم چووە و ماوەتەوە و بووە بە پەندی پێشینان، لەپاش ئەوە هەر شتێکی تر ڕووی دابێت -کە لەگەڵ سەرچاوەی پەندەکەدا تۆزێ ئاشنایەتییان بێت- خێرا ئەو پەندەی بۆ ئەوترێ. مەسەلا لە وەختی خۆیدا کابرایەکی دەوڵەمەند کوڕێکی بووە زۆری خۆش ویستووە، ئەم کوڕە تاڵی و سوێری دونیای نەچێشتبوو، بەملا و بەولادا ئەم ماڵی باوکەی خۆی بڵاو ئەکردەوە. باوکەکەش بێجگە لە ئامۆژگاریکردنی دڵی نەئەهات هیچی تری لەگەڵ بکا. یەکێک لەو ئامۆژگارییانەی کە کردی پێی وت: ڕۆڵە لە خۆڕایی ئەم ماڵە بە دار و بەرددا مەدە «ڕۆژان ڕۆژی لە دوایە». واتە: هەموو ڕۆژێ تۆ لەسەر ئەم خەزێنەیە نابیت، پشت بە دونیا نابەسترێ، گەلێ ڕۆژی ناخۆشی لەشوێنە. قسەکەی بوو بە پەندی پێشینان و بڵاو بووەوە. ئیتر هەر شتێک وەکوو ئەم کارەساتە بێ ئەم پەندەی بۆ ئەوترێ.

زەوقی کوردی لە پەندی پێشینانا پێویستی بەوە نییە کە سەرچاوەی باس و خواسی هەموو پەندەکان بزانیت، کە چی بووە و چی نەبووە، هەر کە سەرەی قسەیەک هات، قسەکە ئەکا و پەندێک کە ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو قسەدا هەبێ لەگەڵی دێنێتەوە.

دیسان ئەمە شتێکە لەو شتە تایبەتییانە کە هەر لە کورددا هەیە، کورد زۆر پابەندە بە پەندی پێشینانی خۆیەوە، هەر کوردێکی ڕەمەکی یا شاری، خوێندەوار یا نەخوێندەوارت بەرچاو ئەکەوێ، هەر کە چوار قسەی کرد، خێرا لە بەینیانا پەندێکی پێشینان دێنێتەوە بۆ ئەوە بیکا بە پشتیوانی قسەکەی خۆی، ئەڵێ: «پێشینیان وایانوتووە...».

لە کورددا نەخوێندەوارەکان زۆرتر پابەندن بە پەندی پێشینانیانەوە تا خوێندەوارەکان، ئەمەش سوراخێکی بۆ ئەوە کە پەندی پێشینان جەوهەر و بناغەی زمانەکەیانە، بۆیە زەوقی کوردی پەتی چاکتر لەگەڵیا ڕێی ئەکەوێ. کورد لەگەڵ ئەم پەندی پێشینانەیانا هەندێ قسەی نەستەقیشیان هەیە لە باسی «کورد و فەلسەفە»دا باسی ئەوئەکرێت.

پەندی پێشینانی کوردی -وەکوو شتەکانی تریان- لەژێر پەردەی گوێنەدانا ماونەتەوە و دەستی چاپ نەیانگەیشتۆتێ، تەنیا دوو نامیلکەی لێ چاپ کراوە، یەکێ لەژێر ناوی «قسەی پێشینان گوستاو لۆبۆن» ی مامۆستا «ئیسماعیل حەقی شاوەیس» کە لە چاپخانەی «ئەیتام» لە بەغدا ساڵی ١٩٣٣ بۆ جاری یەکەم لە چاپی داوە کە ٦١٣ پەندە. دووەمیان لەژێر ناوی «هەزار بێژ و پەند» لە لایەن مامۆستا «مەعرووف جیاووگەوە» کۆ کراوەتەوە و لە چاپخانەی «نەجاح» لە بەغدا ساڵی ١٩٣٨ بۆ جاری یەکەم لە چاپی داوە، ئەمیش هەزار پەندە. لە گۆڤاری «گەلاوێژ» یشدا بەرە بەرە ٣٩٢ پەند چاپکراوە. هەروەها لە گۆڤاری «دەنگی گێتی تازە» و «دیاری کوردستان» و «دیاری لاوان» یشدا نزیکەی ١٥٠یەکی لێ چاپ کراوە. ئەوەندە هەیە ئەمانە لە یەکیان وەرگرتووە، وا نەبێ هەموویان جیا بن. وا هەیە پەندێکە و لە هەموویانا نووسراوە. دیسان «پیرەمێرد»یش ٦٤٤٨ پەندی هەر یەکە بە شیعرێک لە ڕۆژنامەی «ژیان» و «ژین»دا بڵاو کردووەتەوە.

لەبەر ئەوە کە وترا پەندی پێشینانی کوردی یەکێکە لە بناغەی بەهێزی ئەدەبیاتی کوردی، چەند پەندێک دێنمەوە لەگەڵ باسکردنی مەبەستەکەیاندا بۆ ئەوە کە یەکێ چاوی بە مێژووی ئەدەبی کوردیدا خشاند، لەم ڕووەشەوە بۆی دەرکەوێ کە زەوقی کوردی تا چە پایەیەک ژیریی خۆی دەربڕیوە و گەیشتووەتە چە شوێنێکی ئەدەب:

١- «دەستێک نەتوانم بیبڕم ماچ ئەکەم» مەبەست ئەوەیە پیاو نابێ هەموو جار کەللەڕەقی بنوێنێ.

٢- «بە قسەی خۆش مار لە کون دێتە دەر» واتە پیاو بە زمانی شیرین ئەتوانێ بەسەر هەموو کۆسپێکدا زاڵ بێ.

٣- «بانێکە و دوو هەوا!؟» ئەمە لە سەرسامییەوە لە شوێنێکا ئەوترێ کە جیایی لەبەینیانا نەبێت، کە چی جیاش بکرێنەوە. سەرچاوەی ئەم پەندە ئەوەیە کە ژنێک کوڕێک و کچێکی بووە، ژنی بۆ کوڕەکەی هێناوە و کچەکەشی داوە بە شوو. شەوێکی هاوین هەموویان لەسەر تاقەبانێک نووستوون، لە نیوەشەوا هەستاوە چووەتە سەر جێگەی کچ و زاواکەی لێفەکەی داوەتەوە بە سەریانا و دایپۆشیون و وتوویە: ڕۆڵە ساردە سەرماتان ئەبێ. ئینجا چووەتە ئەولاوە بۆ سەر جێگەی بووک و کوڕەکەی، سەیری کردووە پێکەوە نووستاون، لێکیانی کردووەتەوە و لێفەکەی لەسەر لاداون و وتوویە: ڕۆڵە گەرمە لە گەرمانا ئەپیشن، ئەمە چییە وا خۆتان نووساندووە پێکەوە؟! بووکەکەی ئاگای لە هەر دوو کارەساتەکە بووە و وتوویە: هەی هەی «بانێکە و دوو هەوا»!.

٤- «کوتەک ئەزانێ قۆناغ لەکوێیە» مەبەست ئەوەیە ئیشێکی کردووە هەر چەند بە خۆشە لەگەڵی خەریک ئەبن ڕاستی ناڵێ، لەپاشا دەست ئەکەن بە لێدانی و ئەو وەختە بە ناچاری دەری ئەبڕێ.

٥- «کە زۆر بوو قەواڵە بەتاڵە» قەواڵە کاغەزێ کە تیایا ئەنووسرێ ئەو مڵکە یا ئەو زەوییە هی فڵان کەسە، کە ئەمەی هەڵگرت ئەو مڵکە بە هی ئەو ئەناسرێ. مەبەست ئەوەیە زۆر لەسەر هەموو شتێکەوەیە، کە زۆر بوو قەواڵە و شتە هیچ ناکا.

٦- «بۆ ڕیش چوو، سمێڵیشی نایە سەری» مەبەست ئەوەیە یەکێک دەست بۆ ئیشێک ئەبا کە چی لەباتی ئەوە قازانجی تیا بکا، زیانی تیا ئەکا، ئەمەی بۆ ئەوترێ.

٧- «زۆرەملێ مل شکانی لەدوایە» مەبەست ئەوەیە پیاو ئەبێ ئیش بە پشوو و هێمنی بکا.

٨- «گیا ئەوەیە بە دەمی بزن خۆش بێ» مەبەست ئەوەیە بە هەموو ئیشێک ناڵێن چاک.

٩- «شوێنی شێرە و ڕێوی گێرەی تیا ئەکا» ئەمە بەداخەوە لە شوێنێکا ئەوترێ کە لەپێشا پیاوێ بەکار خەریکی ئیشێک بوو بێت و ئێستە ئەو نەمابێت و یەکێکی بێکارە دەست بدا بەو ئیشەوە.

١٠- «دار بە پوازی خۆی نەبێ ناقڵەشێ» مەبەست ئەوەیە ئەگەر قەومێک خۆیان بنچینەی یەک دەرنەهێنن کەس پێیان ناوێرێ.

١١- «گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێتەوە» مەبەست ئەوەیە هەموو شت ئەچێتەوە سەر ڕەگەزی خۆی.

١٢- «قەدری مانگ نییە تا نەگاتە شەو» واتە: پیاوی زانا وەختێ دەرئەکەوێ کە لە شوێنێک بێت نرخی زانینەکەی بزانرێ.

١٣- «چی بچێنی ئەوە ئەدرویتەوە» واتە: لە کردەوەی چاک چاکەت دەست ئەکەوێ و لە هی خراپ خراپەیە.

١٤- «نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب» واتە: ئەبێ هەر کەس بە ئیشی خۆیەوە خەریک بێت، ئەگەر یەکێک دەستی دایە ئیشێک کە سەرڕشتەی تیا نەبوو لە کەڵکی ئەخا و ئیش تێک ئەچێ.

١٥- «کە شیرت وەشاند ئەبێ قەڵغانت پێ بێ» مەبەست ئەوەیە پیاو نابێ هەروا بزانێ کە دەست ئەوەشێنێ، ئەبێ ئەوەشی ئاگا لێ بێ کە دەستیشی لێ ئەوەشێنن، جا ئەبێ بە ئامادەیی بچێتە مەیدانی ئیشەوە نەوەک لە نیوەی ڕێگەدا پەکی بکەوێ.

١٦- «سوار هەتا نەگلێ نابێ بە سوار» مەبەست ئەوەیە پیاو بیەوێ بگا بە شتێک ئەبێ تەنگوچەڵەمەشی بێتە ڕێ.

١٧- «شەڕ لە شێف و ئاشتی لە خەرمان» (شێف: وەرد) واتە: ئیش ئەبێ لە سەرەتاوە یەک لایی بکرێتەوە.

١٨- «چەم بێ چەقەڵ نابێ» مەبەست ئەوەیە هەر قەومێ تۆ بیگری خراپی هەر تێدایە.

١٩- «چەپڵە بە دەستێک لێ نادری» مەبەست ئەوەیە یارمەتی لەبەینا نەبێ ئیش ناچێتە سەر.

٢٠- «ئاسنی سارد بە فوو گەرم نابێ» مەبەست ئەوەیە هەر ئیشێ کە دەستی درایە ئەبێ پیاو خۆی بۆ ئامادە کا و چی بۆ ئەو ئیشە پێویستە بیکا.

٢١- «کێوێک ئەڕووخێ کەندەڵانێک پڕ ئەبێتەوە» ئەمە بە ئاخەوە ئەوترێ. مەبەست ئەوەیە یەکێکی گەورە لەناو ئەچێت بۆ ئەوە یەکێکی هیچ و پووچ سەر هەڵدا.

٢٢- «هەر دەوەنە و ئەبێ بە دار» مەبەست ئەوەیە پیاو نابێ دوژمنی بچووک بە هیچ بزانێ.

٢٣- «لە حیزی جووتیارە گا کاوێژ ئەکا» مەبەست ئەوەیە ئەگەر سەرداری ئیش سەردار بێ، دەست و پەیوەند ناتوانن خراپە بکەن.

٢٤- «بۆیە پێت ئەڵێم کاکە چۆلەکەم بۆ بگریت» مەبەست ئەوەیە وەختێ ئەتوانی مەردم بخەیتە ژێر بار و بیانکەی بە ئاشنای خۆت کە چاکەت بۆیان ببێت.

٢٥- «ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پار» مەبەست ئەوەیە ئیش هەتا ئەڕوا بەلای خراپەوە ئەڕوا.

٢٦- «قسە کەوتە زارێ ئەوێتە شارێ» (زار: دەم) مەبەست ئەوەیە کە پیاو نابێ نهێنی دەر بڕێ.

٢٧- «سوار ئەسپی خەڵک بیت هەر پیادەیت» مەبەست ئەوەیە پیاو نابێ چاوی لە ماڵی مەردم بێ.

٢٨- «بەرخ هەر لەناو کۆزدا نامێنێ» مەبەست ئەوەیە پیاو پابەندی گۆڕانە.

٢٩- «قەل بە قەلی ئەوت ڕووڕەش» مەبەست ئەوەیە پیاو ئەبێ لەپێشا تەماشای خراپەی خۆی بکا ئینجا هی مەردم.

٣٠- «ئەوی لە مشک بێ جەواڵ ئەدڕێ» مەبەست ئەوەیە وەچەی خراپ هەر ئەکێشێتەوە سەر خراپە.

ئەمانە هەروا نموونەیەک بوون لە پەندی پێشینانی کوردی. پیاو کە سەیریان ئەکا خێرا بۆی دەرئەکەوێ کە لەبەین چوار دیواری شڕەوە سەریان هەڵداوە، بەڵام لە لایەن مانعاوە هەموو کەس دانی پێدا ئەنێ کە چەندە بەرزن و چۆن بەسەر هەموو شتێکدا -کە هەر تۆزێ ئاشنایەتی لەبەینیانا بێ- سەرەونخوون ئەکرێنەوە؟ وە چۆن ئەو وشانە کە بەکاریان هێناون هەموو بە جۆرێکی سادە خستوویانەتە یەک و هیچ گیر و گرفتی تێدا نابینرێ؟