چیرۆک

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 32 دقیقه  11898 مشاهده

لە چیرۆکی کوردیدا لەبەر ئەوە کە لە ئاخر دەوریانا وەکوو ژیانی سەرەتایییان هەر لەسەر کۆچەرایەتی ماونەتەوە زۆرتر ئەو شتانە بەر چاو ئەکەوێ کە لەگەڵ ژیانی ڕەوەندا ئاشنایەتی هەیە؛ لە شەڕوشۆڕ، لە تێکڵاوی ژن و پیاو، -کە کار ئەکەنە سەر غەریزە و عاتیفەی یەک- هیچ چیرۆکێک لە کوردیدا دەست ناکەوێ کە خاڵی بێ لە یەکێ لەم دوو شتە، ئەمە بە چاوپیاخشاندنێکی تێکڕایی. لەبارێکی تایبەتیشدا، لەبەر ئەوە چیرۆک شان بە شانی ئەو قەومە دێتە خوارەوە پەردەی ژیری و ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و بەرزی و نزمییان لە مەیدانی تەکفیری شارستانێتیدا دەرئەبڕێ.

کە وا بوو ئەگەر چیرۆکی قەومێک بخوێنرێتەوە و بە چاوێکی وردەوە پیاو لێی بکۆڵێتەوە، گورج بۆی دەرئەکەوێ کە ئەو قەومە تا چە پایەیەک پلەی بەرز بووە و چی لەناویا باو بووە؟! وەکوو چۆن ئەگەر ئێستە چیرۆکنووسێک چیرۆکێکی نووسی، خێرا ناتەواوییەکی کۆمەڵایەتی، یا بەرز و نزمییەکی ئەخلاقی، یا ڕەوشت و خوویەکی ئەو قەومە دەرئەکەوێ، هینەکانی پێشووش یا ئەو دەستەیە کە ئەو چیرۆکەیان داناوە یا بۆیان دانراوە. هەر ئەو پەردەیە بە پیاو پیشان ئەدەین.

کورد لە چیرۆک و ئەفسانەی کۆندا زۆر دەوڵەمەندە بەڵام کۆ نەکراوەتەوە و نەنووسراوە هەر شتێک هەبووە هەر دەماودەم گێڕراوەتەوە و خۆیشی ئەوەندە بەتەنگیەوە نەبووە کە نەکاتە کارێ تیا بچێت و شتە بەنرخەکانی بمرێت. لە هەر ناوچەیەک لە ناوچەکانی کوردەواری بە هەزاران چیرۆکی وای تیایە کە هەمووی پڕیەتی لە داستانی ڕابردووان و لە چۆنیەتی ژیان و کۆمەڵایەتییان و پڕیەتی لە پەند و ئامۆژگاری. ئێمە لێرەدا ئەم چیرۆکەی خوارەوە ئەخەینە بەر چاو بەڵام نازانرێ لە کەی و لە چە وەختێکا کارەساتی چیرۆکەکە قەوماوە، ئەوەندە هەیە لە باری ئەفسانەدا گەلێ شتی لێ وەرئەگیرێت. ئەفسانەیش -وەکوو زاناکان ئەیڵێن- خەیاڵیش بێت، هەر پایەی ژیری قەومەکە دەر ئەکەوێ کە تا چە ئەندازەیەک خەیاڵیان ڕۆیشتووە و چییان بەسەر هاتووە؟:

دوو برا هەبوون یەکێکیان ناوی «بالێ» بوو یەکێکیان ناوی «بارام» بوو. لەبەر هەژاری و بێنەوایی هەستان سەری خۆیانیان هەڵگرت و کەوتنە وڵاتان هەتا چوونە شارێکەوە، سەیریان کرد ئەم شارە هەمووی بەرگی ماتەمی پۆشیوە و کز و مەلوولن. پرسییان: ئەوە بۆ چە وا خەڵکی ئەم شارە ڕەشپۆش بوون؟ وتیان: بەڵێ، دوێنێ پادشای ئەم شارە مردووە و کەسیشی لەشوێن بەجێ نەماوە. لە زەمانێکی زۆر کۆنەوە لەم شارەدا بۆ دانانی پادشا «بازگەردان» بووە. «باز» نیشتبێتە سەر هەر کەسێکەوە کردوویانە بە پادشا. ئێستەش ناچار ئەبێ سەرلەنوێ دەست بکەنەوە بە بازگەردان. لەپاش چل ڕۆژی تر دیسان باز ئەگێڕنەوە بۆ ئەوە یەکێک بکەن بە پادشا. ئەمانیش هەروا بۆ خۆیان لەوێدا مانەوە بۆ ئەوە ئەو ڕۆژی بازگەردانە ببینن کە چۆن باز ئەسووڕێتەوە و ئەنیشێتەوە بە سەر یەکێکەوە.

چل ڕۆژەیان لەوێدا ڕابووارد. لە ڕۆژی سی و نۆیەمدا سەیریان کرد وا قەراخ شار پاک کرایەوە و ڕایەخی لێ ڕاخرا و هەموو شت لە شوێنی خۆی دانرا و ئەو شەوە یاساوڵ بەلایەوە مایەوە، دارووغەش بەملاو بەولادا هاتوچووی ئەکرد و خەڵکی شاریش هەموو کەوتنە خۆیان بۆ سبەینێ. ئەو شەوە هەرکەس نووست، نووست و هەر کەسیش نەنووست خەریکی وتوویرەی بازگەردانی بەیانی بوو کە ئاخۆ باز بەسەر کێوە ئەنیشێتەوە و کێ ئەبێ بە پادشای ئەم شارە؟ بەیانی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتا وردە وردە، دەستە دەستە خەڵک لە شار دەرچوون و ڕوویان کردە ئەو دەشتە، گەورە و بچووک کەس لەناو شارا نەما و بازاڕ و دووکان هەمووی تەختە کرا. «بالێ» و «بارام»یش بۆ سەیریان لێیان دا و ڕۆیشتن و لەوپەڕی خەڵکەکەوە بۆ خۆیان وەستان، سەیریان کرد: وا پیاوێک سوار ئەسپێک بووە و سەر تا پا جلی ئاوریشمی ڕەشە، دەستکێشێکی قایشیشی لە دەستایە تا ئەنیشکی هاتووە و دەستی وەکوو دار ڕاگرتووە و بازێک وا بەسەر دەستیەوە لەناو شار دەرچوو و ئەویش هات بۆ ناو خەڵکەکە. خەڵکەکە هەمووی کەوتنە مقۆ مقۆ و دەنگە دەنگ وەکوو پوورەی هەنگ. کابرای سوار هات و لەناوەڕاستی خەڵکەکەدا وەستا و هەر بەسەر وڵاغەکەیەوە ڕووی کردە بازەکە و وتی: «ئەی بازی جوانی خۆش پەرواز، ئەی هێلانەی ڕاز و نیاز، باووباپیرت هەر لێرەدا گەلێ جار هەڵفڕیون و کردوویانە سەیری دیار، بینیویانە یەکێکی ئەهل و ماقووڵ، نیشتوونەوە سەر سەری بەبێ جموجووڵ، کردوویانە ئەو کەسە بە پادشای شار، کەوتووەتە ژێر دەستی، پیاو بە هەزار و گەنج بە بار، ئێستەیش وا نۆرە گەیشتە تۆ و بچۆ هەڵفڕە ببینە پادشایەک بۆ ئەم شارە بەبێ قڕە.»

کە بازەوان ئەمەی وت باز چاوێکی بە خەڵکەکەدا گێڕا و کەوتە ئاسمان و لەسەر سەریانەوە دەستی کرد بە سووڕانەوە، ئەهات و ئەچوو، دیسان ئەهات و ئەچوو، هەموو خەڵکەکە چاویان تێبڕیبوو، هەر کە بۆ خۆی ئاواتەواز بوو کە لەسەر سەریەوە بنیشێتەوە. بازەش هەر لە ئاسمانەوە هاتوچوو ئەکا؛ لەپاش سووڕانەویەکی زۆر، وردە وردە نزم بووەوە و ڕووی کردە قەراخ خەڵکەکە، ئەو بەرەیە هەموو کەوتنە نزا و پاڕانەوە، کتوپڕ لەناکا و بازەکە چوو و نیشت بەسەر «بالێ»یەوە و وەکوو سنگ لەسەر سەریەوە چەقی کە مەردمەکە ئەمەیان زانی لێیان کرد بە هەرا و وتیان نابێ ئەمە ببێ بە پادشامان، کەس نازانێ لە کوێوە هاتووە و چە کەسێکە. بازەوان هات و بازەکەی هەڵگرتەوە و سەرلەنوێ هەڵیساندەوە. دیسان ئەو جارەش هەر هات و بەسەر ئەوەوە نیشتەوە. خەڵکەکە هەندێکیان وتیان دیارە ئەمە خوا لە چارەیا نووسیوە کە ببێ بە پادشای ئێمە، هەندێکیشیان وتیان نابێ، جارێکی تریش با باز هەڵسێتەوە، ئەگەر ئەم جارەش هەر نیشت بەسەر ئەوەوە ئەوا دیارە بەبێ چەند و چون پادشامانە. بازەوان ئەم جارەش بازی هەڵساندەوە، باز دیسان نیشتەوە بەسەر سەری «بالێ»یەوە. خەڵکەکە تێکڕا دایان لەچەپڵە و وتیان: «پادشامان! پادشایەتیت لێ پیزۆز بێت.» دەستیان گرت و بە دەستووری گەورەیی بردیانەوە بۆ ناو شار و تاجی پادشایەتیان لەسەر نا و نایانە سەر تەختەوە، لە هەموو شار بوو بە شایلۆغان. دەستە دەستە پیاو ماقووڵ و گەورەکانی شار هاتن بۆ پیرۆزبایی پادشا. هەتا حەفتەیەک ئەم دیدەنییە بڕایەوە. لەپاشا «بالێشا» هێنای «بارامی» ی برای کرد بە وەزیری خۆی و بە ئاسایش و دادپەروەری ڕایانبووارد.

ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەم ڕابوواردنەدا تێپەڕی، «بالێشا» سەیری کرد ئەم هەموو ماڵ و سامانەی هەیە و هیچ جگەرگۆشەیەکی نییە شوێنی بگرێتەوە و عومریش ئەوا ڕووبەڕووی پیری ئەبێتەوە، بەم بۆنەوە زۆر دڵتەنگ بوو. هیچ شەخس و قسنێک نەما پەنای پێ نەبا هیچ نزا و نووشتەیەک نەما نەیکا کەڵکی نەبوو. شا و شاژن ئێجگار کەوتنە پەرۆشەوە و ئارامیان لێ هەڵگیرا.

ڕۆژێ لە ڕۆژان دەروێشێک ڕووی کردە ئەندەروونی پادشا، تەوەرزینێکی بە دەستەوەیە، کەشکۆڵێکی بە شانەوەیە، تەزبێحێکی دەنک گەورەی سێ چوار قەف کردووە و کردوویەتە ملی، بە یاهوو یاهوو چووە ژوورەوە، کەنیزەک و کارەکەر دەوریان لێ دا ویستیان بیگێڕنەوە. وتی: تا شاژن نەبینم ناگەڕێمەوە هەر چەندیان کرد بۆیان نەگەڕایەوە. شاژن لەم هەرا و بگرەیە لەسەر تەلارەکەوە سەری هێنایە دەرەوە و پرسی ئەوە چییە؟ وتیان دەروێشێکە چووە بە قینا، ئەڵێ: تا شاژن نەبینم ناگەڕێمەوە، شاژنیش وتی لێی گەڕێن با بێت، چوو، چوو هەتا لە تالارەکە سەرکەوت و چووە لای شاژن و وتی: «هوویا هوو مرازت چییە؟ بیڵێ» شاژن وتی: «ئەی دەروێش دێوی؟ درنجی؟ پەریت؟ هەر شتێک هەیت پادشای ئەم شارە ئەم هەموو سامان و دەسەڵاتەی هەیە منداڵێکی نییە کە لە شوێنی دانیشێ و شوێنی بگرێتەوە لەبەر ئەوە زۆر پەرێشانە و منیش لەگەڵیا ئارامم لێ هەڵگیراوە». دەروێش کە ئەمەی بیست دەستی برد لە کەشکۆڵەکەی سێوێکی دەرهێنا و وتی: ئەم سێوە بکەن بە دوو کەرتەوە کەرتێکی تۆ بیخۆ کەرتێکیشی پادشای مێردت و لێیدا ڕۆیشت! تا شاژن هات ئاوڕی لێ بداتەوە دەروێش ون بوو.

ئێوارە پادشا هاتەوە بۆ ئەندەروون، شاژن حەقایەتەکەی بۆ گێڕایەوە و سێوەکەی نا بەردەمی. پادشا تۆزێ سەری داخست و نەختێ وتوویرەی دڵی خۆی کرد و لەپاشا قەڵەم بڕێکی ئاڵتوونی لە گیرفانی دەرهێنا و سێوەکەی کرد بە دووکەرتەوە. کەرتێکی خۆی خواردی و کەرتێکیشی دا بە شاژن و نووستن. بەیانی هەستان پادشا چوو بۆ بارەگا و شاژنیش لەناو کەنیزەک و بانوانا دانیشت و هەر لە پەژارەی سەرگوزەشتی ئەم دەروێشەدا بوو. چەند ڕۆژێکیان وا ڕابوورد، شاژن ڕۆژێ هەستی کرد بە خۆی کە زکی پڕە، نەیدرکان و بڕوای نەکرد. چل ڕۆژی پێ چوو، خێر! زک گەورە بوو، ئیتر کەوتنە خۆشی و ئاهەنگ و هەموو ئەهلی مەملەکەت کەوتنە ئاوات خواستن بۆ ئەوە ئەم پادشا خۆشەویستەیان مناڵێکی ببێ. نۆ مانگە و نۆ ڕۆژەی شاژن بەسەر چوو. کوڕێکی بوو، لەبارەگای پادشا و ئەهلی شاردا چل شەو چل ڕۆژ بوو بە شایلۆغان و زەماوەند. کوڕیان ناو نا «شاڕوخ» و بە ناز و نازداری بەخێو کرا تا بوو بە پێنج ساڵان. لەو تەمەنەدا «بارام» ی مامیشی کچێکی بوو ناویان نا «گوڵڕوخ» و ناوکبڕیان کرد بۆ شاڕوخ.

شاڕوخ کە گەیشتە سیرەی دوازدە ساڵی باوکی مرد و ئەهلی شار کۆ بوونەوە و ئەویان کرد بە پادشای خۆیان بەڵام لەبەر ئەوە منداڵ بوو «بارام» ی مامیان کرد بە چاوەدێریکەری ئیش و کاری مەملەکەت. شاڕوخ و گوڵڕوخ لە ماڵێکا گەورە بوون تا گەیشتنە تەمەنی دڵداری. ئینجا داوای کرد لە مامی کە لێی مارە بکا، مامی کوڕی هەبوو حەزی نەئەکرد شاڕوخ پێ بگا و ببێ بە پادشای مەملەکەتەکە، دەستی کرد بە بڕوبیانوو هێنانەوە و کردەوەی وا کە شاڕوخ وەڕەز ببێ. شاڕوخ هەر چەند کۆشش و ئەملا و ئەولای کرد هیچ کەڵکی نەبوو لەگەڵ گوڵڕوخیشا بەبێ یەک نەیانئەکرا، کە زانی مامی وا لێی چووە بە قینا و ئەمیش هێشتا نەگەیشتووە بە سیرەی پادشایەتی لە داخا ماڵ و مڵکی بەجێ هێشت و سەر خۆی هەڵگرت و ڕۆیشت.

ڕۆیشت، ڕۆیشت هەتا سەری لە بیابانێکی کریکای کریکەوە دەرچوو، تەماشای کرد بێجگە لە ئاسمان و لە زەوی هیچی تر دیار نییە. گەڵێکی تر ڕۆیشت سەیری کرد وا لە دوورەوە کۆشکێکی گەورە دیارە. ڕووی نا بۆ کۆشکەکە، بە دەوریا گەڕا دەرگای بەرچاو نەکەوت، شەش جار سووڕایەوە هیچی نەدی لە جاری حەوتەما قاپییەکی بچکۆلەی بەرچاو کەوت. چووە بەر قاپییەکە هات دەستی پێوە بنێت، لەتەنیشت قاپییەکەوە دەنگێکی بەر گوێ کەوت وتی: «لە دەورت گەڕێم شاڕوخ ڕزگارم بکە» کە تەماشای کرد ئەمە دەلاقەیەکە و پیرێژنێک لەوێدا توند توند شەتەک دراوە و کەتووە، زۆری بەزەیی پێدا هاتەوە، چوو بەلایەوە کە ڕزگاری بکا کتوپڕ دەنگێکی تری بیست کە: «شاڕوخ نەکەی بەرەڵای بکەی ئەگەر بێت و ڕزگاری کەی جارێکی کە چاوت بە خۆت ناکەوێتەوە». هەر چەند تەماشای کرد خاوەنی ئەم دەنگەی بەرچاو نەکەوت، زۆر سەری سڕما. پیرێژنەکەش هەر لێی ئەپاڕێتەوە. دیسان چووەوە بەلایەوە و دەستی بۆ درێژ کرد، دیسانەوە دەنگەکەی بەر گوێ کەوتەوە؛ ئەم جارە بەتەواوی سەری لێ تێک چوو نەیزانی چی بکا هەندێ لە دڵی خۆیا لێکی دایەوە و لەپاشا شیرەکەی دەرهێنا دای لە ملی پیرێژنەکە و پەڕاندی! زریکەیەکی کرد و تەمومژێک پەیدا بوو. لەپاش تۆزێک سەیری کرد وا قاپیەکە کراوەتەوە و تۆزێ خوێنیش ڕژاوە ئیتر لەشی پیرێژنەکەی بەرچاو نەکەوت!

لە قاپیەکە چووە ژوورەوە ئەبینێ هەتا چاو کار ئەکا باخ و بێستان و گوڵ و گوڵزار و کانیاوێکە دڵێ هەزار دڵ حەیرانیەتی لە دووریشەوە کۆشکێکی گەورە دیارە دەستی کرد بە گەڕان هەتا شەو داهات ئینجا ڕووی کردە کۆشکەکە تەماشای کرد هەموو شتێکی تێدا ئامادەیە، لە نوێن، لە خواردن، لە خواردنەوە و چراش لە هەموو ژوورەکانا داگیرساوە، بەڵام کەسیان تیا نییە. لە ژوورێکا دانیشت و لەبەر خۆیەوە کەوتە فیکر کردنەوە لە حاڵی خۆی و دڵی زۆر دڵتەنگ بوو، کتوپڕ ڕێوییەک خۆی کرد بە ژوورا! هاتنی ڕێوییەک لەم وەختەدا و لەم ناکاوەدا تۆزێ شڵەژاندی. دەستی دایە شیرەکەی و پەلاماری ڕێویەکەی دا و هات بیکوژێ، ڕێویەکە هاتە قسە و وتی: «شاڕوخشا مەمکوژە بەکەڵکت دێم، کەس ڕێی نەکەوتووەتە ئەم شوێنە ئەوا تۆ هاتوویت دیارە بە ئیشێکی گەورەوە هێنراویت بۆیە ئەم قاپییەت بۆ کراوەتەوە و ئەم تەلیسمەت بۆ شکێنراوە». شاڕوخ کە ئەمەی بیست شیرەکەی کردەوە بە کالانەکەیا و دانیشتەوە و لەگەڵ ڕێوی دەستیان کرد بە قسە کردن. کە وەختی نووستن هات لێیدا نووست و بەیانی کە هەستا ڕێویەکە نان و بەرقلیانی نایە بەردەمی، خواردی و چوو بۆ ڕاو و گەشت و گوزار.

چەند ڕۆژێک بەم جۆرە ڕایبووارد، ئێوارەیەکیان هاتەوە دانیشتبوو خەیاڵی گوڵڕوخ دای لە کەللەی، دڵی تەنگ بوو، خوڕ خوڕ ئاو بە چاویا هاتە خوارەوە، ڕێوییەکە لەو کاتەدا هات بەسەرا و لێی پرسی: ئەوە بۆچ ئەگریت؟ هیچ دەنگی نەکرد، ڕێوی گەلێکی تری لەگەڵ خەریک بوو تا ڕاستی پێ دەرخست کە گوڵڕوخی ئامۆزای دەزگیرانیەتی و ئێستە مامی نایداتێ و وا بەم جۆرە دەربەدەری کردووە، مام ڕێویش وتی: جا ئەمە ئاسانە من بەیانی بۆت چار ئەکەم، شاڕوخیش وتی: چۆنم بۆ چار ئەکەیت و ئەم دەردە چۆن بە تۆ چار ئەکرێت؟ مام ڕێوی وتی: ئاسانە من بەیانی نان و چێشتێکی زۆر دروست ئەکەم و هەموو دڕندە و پەڕەندەی ئەم وڵاتە کە لەژێر فەرمانی تۆدان بانگیان ئەکەم تۆ پیان بڵێ نانم بۆ دروست کردوون، ئەبێ نان بخۆن، جا ئەو وەختە من ئەزانم چی ئەکەم! شارۆخیش وتی: جا ئەمە چۆن ئەبێ و ئەمانە چۆن بە قسەی من ئەکەن و لە قسەم تێ ئەگەن؟ ڕێویش وتی: تۆ هەر ئەوندە من سەربەست بکە ئیتر کارت نەبێ! ئەویش وتی: باشە ئەوا سەربەستم کردی.

بەیانی مام ڕێوی نان و چێشتێکی زۆری دروست کرد و کەوتە دەمەدەمی نیوەڕۆ. شاڕوخ لەسەر کۆشکەکەوە دانیشتبوو تەماشای کرد وا دەستە دەستە جانەوەر و پەلەوەر، لە شێر، لە پڵنگ، لە ورچ، لە گورگ، لە قاز، لە باز، لە هەڵۆ، لە هەموو شت کۆ بوونەوە و ئەو دەشتە پڕ بوو، نان دانرا و نانیان خوارد و ئینجا ڕێوی هەستایە سەر پێ ڕووی کردە سیمورغ وتی: «ئەی سیمورغ! ئەمانە هەموو لەگەڵت دێن تا ئەچنە شاری «گومەتە» لەوێ ڕوو ئەکەنە ناو شار خەڵکی شار هەموو ئەشڵەژێن و ئەبێ بە هەرا و غەڵبەغەڵب، کچی پادشا لەسەر تەلارەوە سەر دەردێنێ کە سەیری ئەم کارەساتە بکا هەڵیبگرە بیخەرە سەر شاپەڕی خۆت و بیهێنە بۆ ئێرە و ئەمانیش هەموو بگەڕێنەوە لەگەڵتا. سیمورغ سەرێکی دانەواند و کەوتە ئاسمان هەموو پەلەوەرەکان کەوتنە شوێنی، لە خواریشەوە شێر پێش کەوت و هەموو دڕندەکان بە دوایەوە. ئەم لەشکری جانەوەرە بەم جۆرە ڕوویان کردە شاری «گومەتە» کە نزیک بوونەوە خەڵکی شار ئەمەیان چاو پێکەوت هەموو وەخت بوو زاڵەترەک بن و هەرا کەوتە شارەوە و دەنگە دەنگ گەیشتە بارەگای پادشایی. گوڵڕوخی کچی پادشا لە پەنجەرەی تەلارەکەوە سەری هێنایە دەرەوە کە سەیری ئەم کارەساتە بکا سیمورغ پەلاماری دایە هەلیگرت و خستیە سەر شاپەڕی خۆی و هێنای، کە ئەو گەڕایەوە هەموو جانەوەرەکانیش گەڕانەوە و بۆ عەسر گەیشتنەوە جێ، ڕێوی چوو بە پیریانەوە و گوڵڕوخی لە سیمورغ وەرگرت و بردی لە ژووری شاڕوخ داینا و بە سیمورغی وت ئیتر ئێوە بڕۆن، سیمورغ و جانەوەران بڵاوەیان لێ کرد.

گوڵڕوخ لەم کارەساتە هەروا سەری سڕما و لە ترسا نیوە گیانێکی تێدا مابوو، ڕێویش هەر دڵی ئەدایەوە و پێی ئەوت: مەترسە ئێستە ئەوندە دڵت خۆش ئەبێت هەموو شتێک لەبیر ئەچێتەوە. بەم قسانە ئەیخڵافاند تا بوو بە دەمەدەمی خۆراوا. شاڕوخ لە ڕاو هاتەوە کردی بە ژوورا، کە چاوی کەوت بە گوڵڕوخ وەکوو گوڵ گەشایەوە، گوڵڕوخیش کە لەو ناکاوەدا شاڕوخی دی وەکوو گوڵێکی بەری بەیان دەمی کردەوە، هەر دووکیان باوەشیان کرد بە یەکا و تێر و پڕ یەکتریان ماچ کرد و کەوتنە قسە کردن و ڕاز و نیاز گێڕانەوە. ئەمان لێرەدا وا...

لەو لاوە ئەهلی شار کە ئەم کارەساتە بەڵاجەوییەیان چاو پێ کەوت و وا بە ئاشکرا دییان کە سیمورغ گوڵڕوخی ڕفاند، بارەگای پادشا و هەموو مەردم کەوتنە گەڕان و بەملا و بەولا هەوڵدان بۆ گوڵڕوخ، هیچ ڕێبەدییەکیان نەکرد. پادشا جاڕچی خستە ناو شار کە هەر کە سوراغێکی گوڵڕوخ بێنێ بۆ پادشا دوو جار ئەیکێشێنێ بە ئاڵتوونا، چل ڕۆژ بەم جۆرە جاڕ درا کەسێک دیار نەبوو کە ناو و نیشانێک بێنێت، لەپاش چل ڕۆژ، ڕۆژێک پیرێژنێکی پۆپ سپی، لەبەر پیری پشتی کۆماوەتەوە، وا دەستی خستووەتە پشتی و هات و ڕووی کردە بارەگای پادشا و وتی: پادشام ئەوێ! یاساوڵ و قاپییەوان لێی دەرپەڕین و دەستیان کرد بە قسە پێ وتن پێی. وتیان: پیرێژنە تۆ وا سەرت لە لێوی قەبر ئەلەرزێت ئەبێ چە ئیشێکت بە پادشا بێ؟. پیرێژن سنگی داکوتا و وتی بمکوژن و بمبڕن تا نەچمە لای پادشا ناگەڕێمەوە، بە ناچاری ڕێیان بۆ چۆڵ کرد و چووە بەردەم پادشا. وتی: «پادشام بێوەی بێ، ئەگەر ئەو شتەی من داوای ئەکەم، بمداتێ تا سێ ڕۆژێ تر گوڵڕوخی بۆ دێنمەوە ئەم شوێنە»!. پادشا کە ئەم قسەیە بیست واقی وڕ ما و وتی: پیرێژنە ئەم هەموو پیاوە ژیر و پاڵەوان و کارزانانە نەیانتوانیوە سوراخێک لە گوڵڕوخەوە بێنن بۆ من ئێستە تۆ چۆن ئەڵێیت تا سێ ڕۆژ تر گوڵڕوخت بۆ دێنمەوە؟!. ئەویش وتی: پادشام پایەدار بێت ئەگەر لە پاش سێ ڕوژە نەمهێنایەوە لەسەرم بدە. وەزیر و پیاوماقووڵانی دیوەخان وتیان: پادشاهم! ئێستە ئێوە چە خراپەیەک لە ئیشی ئەم پیرێژنەدا ئەبینن؟ پێی بلێن باشە، ئەمێنێتەوە سەر ئەو شتە کە ئەو داوای ئەکا، ئەگەر گەنجی پادشاهی بەشی نەکرد ئێمە هەچ زیو و ئاڵتوونێک لە مەملەکەت هەیە بۆی کۆ ئەکەینەوە و ئەیدەینێ. پادشا سەرێکی داخست و لەپاشا سەری بەرز کردەوە و وتی: باشە، بەڵام ئەترسم کە ئەو شتە ئەو داوای ئەکا لە وزەی سامانی هەموو مەملەکەتێکدا نەبێت. وتیان ئەو وەختە ئیتر ئەمێنێتەوە خۆی و شیری.

ئینجا پادشا ڕووی کردە پیرێژن و وتی: ئێ! پیرێژن باشە بڵێ بزانم چیت ئەوێ؟. پیرێژنیش وتی: پادشام هەر سەربەرز بێت، تەنیا جارێ بمکیشی بە پەتکا گۆڵڕۆخی کچی تا سە ڕۆژی تر بۆ دێنمەوە! پادشا و دانیشتووانی بارەگا لەم داخوزییەی پیرێژن سەریان سڕ ما. پادشا وتی: باشە پیرێژن حەز ئەکەی لە باتی جارێ دە جارت ئەکێشم بە پەتکا. پیرێژن وتی ئەی لە دەورت گەڕێم و هاتە دەرەوە، چووەوە، بۆ کولێنەکەی خۆی چەرخوفەلەکەکەی هێنایە دەرەوە پاکی کردوە تۆز و شتەکەی لێ تەکان و چووە ناوی و دەستی برد دەسکەکەی بەلای ڕاستدا با دا و کەوتە عاسمان دەستی کرد بە سووڕانەوە، ئەو ڕۆژە هیچی بەرچاو نەکەوت، ڕۆژی دواییش هەر گەڕا تا لە دوورەوە کۆشکێکی بەدی کرد، چوو لەناو باخی کۆشکەکەدا نیشتەوە چەرخوفەلەکەکەی لەژێر گیاکاندا شاردەوە خۆی ڕووی کردە ژووری کۆشکەکە. کە چووە ژوورەوە تەماشای کرد وا گوڵڕوخ بە تەنیا بۆ خۆی دانیشتووە و چاوی لە قاپییەکەیە کە شاڕوخ لە ڕاو بێتەوە. کە پیرێژنی بەر چاو کەوت پێی خۆش بوو، بۆیەش پێی خۆش بوو وتی: بە ڕۆژ کە شارۆخ ئەچێ بۆ ڕاو ئەم پیرێژنە بۆ هاودەنگیم باشە.

پیرێژن هات بە دەوروبەری گوڵڕوخا؛ لە دەورت گەڕێم، بەڵاگەردانی باڵات بم، پەرییەکی وەکوو تۆ بەم جوانی و ناسکی و نازدارییە ئاخر چۆن بێ هاودەنگ لێرە هەڵئەکەیت و کەست بەلاوە نەبێت چۆن وەختت لێ ئەڕوا؟. من بیستم کە تۆ لێرەیت ئۆقرەم نەگرت هاتم بۆ هاودەنگیت. گوڵڕوخیش وتی باشە داپیرە گیان دانیشە بەخێر بێیت ئێستە شاڕوخ لە ڕاو دێتەوە پێی ئەڵێم هەر لێرە بتهێڵێتەوە بۆ هاودەنگی من...

زۆری پێ نەچوو ڕێویەکە کردی بە ژوورا کە چاوی بە پیرێژن کەوت هەر دوو چاوی پەڕییە تۆقە سەری! وتی ئەی پیرێژنی فەراوکوژ! چی تۆی گەیاندووەتە ئێرە؟ ئێستە چۆن بە دەست منەوە ڕزگارت ئەبێت؟ و پەلاماری دا، گوڵڕوخ پیرێژنی دایە پاڵ خۆی و وتی مام ڕێوی گیان داپیرە میوانی منە لێی گەڕێ. مام ڕێوی وتی بانوی کوردستان چاوی دڵی ئەم پیرێژنە پڕیەتی لە ناپاکی تۆ نایزانیت! گوڵڕوخیش وتی: پیرێژنێکی هەژاری وا ئەبێ ناپاکی لە کوێ بێ، لێی گەڕێ کەساسە ڕێی کەوتووەتە لای ئێمە با دڵی نەڕەنجێنین. مام ڕێوی بە ناچاری ئیتر هیچ قسەی نەکرد. کەوتە ئێوارە شاڕوخ هاتەوە و گوڵڕوخ چوو بە پیرییەوە دەستی کردە ملی و هێنای پێکەوە دانیشتن. شاڕوخ چاوی بە پیرێژنەکە کەوت، پرسی ئەمە چییە؟. گوڵڕوخ وتی میوانە هاتووە بۆ هاودەنگی من باشە. شاڕوخ کە چاوی بە پیرێژن کەوت دڵی داخورپا، بەڵام لەبەر دڵی گوڵڕوخ هیچ دەنگی نەکرد. مام ڕێوی هاتەوە دیسان بە شاڕوخی وت: کە ئەم پیرێژنە دەرکات، زۆر بە ناپاک ئەبینێت، گوڵڕوخ سەرلەنوێ کەوتەوە پاڕانەوە، شاڕوخ دڵی گوڵڕوخی پێ نەشکێنرا.

ئەو شەوەیان ڕۆژ کردەوە، بەیانی شاڕوخ چوو بۆ ڕاو، کەوتە چێشتەنگاو پیرێژن چووە بندەست گوڵڕوخەوە وتی: لە دەورت گەڕێم ئەوە هەر شەو و ڕۆژ لەم کۆشکەدا دائەنیشیت ئاخر بێتاقەت ئەبیت و دڵت تەنگ ئەبێ، ئەوا ئێستە دایکی خۆتت لەگەڵە هەستە با بچینە ناو ئەو باخ و باخچەیە تۆزێ بۆ خۆمان بگەڕین و تۆزێ دڵت بکرێتەوە و ئەگەڕێینەوە. گوڵڕوخیش وتی باشە داپیرە، بە پلیکانەکانا چووەتە خوارەوە و دەستیان کرد بە گەڕان لەناو باخەکەدا، پیرێژن هەچ شتێکی ئەبینی ئەیوت بە گوڵڕوخ لە دەورت گەڕێم تەماشا کە تەماشا کە ئەم شتە چەند جوانە؟! بە قسە و بە زمانلوسی وا گوڵڕوخی ڕام کرد هەر شتێکی پێ بووتایە لە قسەی دەرنەئەچوو وردە وردە بە دەم ڕۆیشتنەوە چوون بۆ ئەو شوێنە کە چەرخوفەلەکەکەی لێ بوو. چەرخوفەلەکەکە لەژێر باقە گیایەکدا بوو بەرز بووبووەوە، پیرێژن وتی ئای ئەو گیایە ئەوە بۆچ لێرەدا بەرز بووەتەوە! گۆیا چی تێدایە؟. گوڵڕوخ خێرا چوو بەلایەوە بەرزی کردەوە سەبری کرد شتێک لەژێریا دەرکەوت، بانگی کرد ئەیڕۆ داپیرە ئەمە چییە؟. داپیرەش بە سەرسامی و پەلەپەلێکەوە وتی: کامە لە دەورت گەڕێم؟! ئەویش وتی: ئائەمە، ئەڵێی بێژنگە! پیرێژن چوو بەلایەوە تۆزێ ئەم دیو ئەو دێوی کرد و لە پاشا وتی: لە دەورت گەڕێم بە خوا باش بوو ئەمەت بۆ دۆزیمەوە. ئەمە خەڕەکە ئەمە بۆ من زۆر باشە، کاتێ کە تۆ و شاڕوخ بۆ خۆتان دائەنیشن و ویستتان کەستان لەلا نەبێ من بۆ خۆم ئەچمە گۆشەیەک و بەم خەڕەکە پەتک ئە-ڕیسم! گوڵڕوخ وتی داپیرە چۆن بەمە پەتک ئەڕێسرێت؟ خۆ ئەمە وەکوو بێژنگ وایە هیچی دیار نییە، داپیرەیش دەستی برد دەسکەکەی کە بە ناوەوە نووچابووەوە، ڕاستی کردەوە و لەو لاشەوە پارچە تەختەکەی کە کەوتبووە سەرلێواری تەختەکەی ژێری ئەویشی بەرز کردەوە وەکوو بێژەنگ ناوەکەی چاڵ مایەوە! وتی: لە دەورت گەڕێم ئەوە خۆم لەناو ئەو چاڵەدا دائەنیشم و پەتکەکە لە دەرەوە دائەنێم ئەیخەمە بەر لووتی دەسکەکەی، دەسکەکەی با ئەدەم ئیترئەیڕێسی! گوڵڕوخیش وتی: تو خودا داپیرە گیان ئەگەر فێرم نەکەیت! ئەویش وتی: ئاخر لە دەورت گەڕێم ئێستە پەتک نییە، بەڵام قەیناکا تۆ بچۆرە ناوی خۆیشم لە تەنێشتتەوە دائەنیشم بۆ قژەکەم بکەوێتە بەر لووتەکەی و ببێ بە پەتک بۆی، بە دەستیشم دەسکەکەی با ئەدەم تا بیڕیسێ! گوڵڕوخیش وتی: باشە و چووە ناویەوە دانیشت، پیرێژنیش چووە تەنێشتیەوە سەری تۆزێ لار کردەوە بۆ ئەوە گۆیا بیخاتە بەر دەسکەکەی ئینجا بەلای چەپدا دەسکەکەی با دا، هەر کە بای دا، چەرخوفەلەک کەوتە عاسمان، هەرچەند گوڵڕوخ هاواری کرد هیچ ئیش تێپەڕی!! ماوەیەکی زۆری پێ نەچوو، چوو لە کۆشکی پادشادا نیشتەوە و گوڵڕوخی لە بەردەم پادشادا دانا، کە پادشا چاوی کەوتە گوڵڕوخ وەکوو گوڵ گەشایەوە ئەملا و ئەولای ماچ کرد ناردیەوە بۆلای دایکی، دایکیشی بە دیداری کچی شاد بوو ئینجا پادشا فەرمانی دا کە پیرێژن دوو جار بە پەتکا هەڵکێشن و بیدەنێ، پیرێژنیش بە پەتکی خۆی گەیشت و چوو بە ڕێی خۆیەوە.

لەولاوە ئێوارێ شاڕوخ کە لە ڕاو گەڕایەوە تەماشای کرد گوڵڕوخ دیار نییە هەر چەند چاوەڕێی کرد هیچ کەڵکی نەبوو مام ڕێوی بانگ کرد و لێی پرسی ئەویش وتی نازانم نابێ پیرێژن کەتنی خۆی نەکردبێ و گوڵڕوخی نەفڕاندبێ؟! چوو گەلێ گەڕا نە گوڵڕوخ نە پیرێژن هیچیانی بەرچاو نەکەوت، هاتەوە بە شاڕوخی وت: ئاخر نەموت من ناوچاوانی ئەم پیرێژنە بە پاک نازانم؟ دەری بکەن تا کەتنێکی نەگیراوە، ئەوا ئاخری ئەم ئیشەی کرد کە ئیتر چار ناکرێ!!. شاڕوخ کە ئەم کارەساتەی دی لەسەر لەپ کەوت و خۆی دا بە زەویدا، جار جار شیرەکەی هەڵئەگرت و وەکوو شێت بەو ناو باخەدا ئەسووڕایەوە هیچ سووراخێکی نەئەکرد و نەیئەزانی چی بکا!. دونیای لێ تاریک بوو، ئارامی لێ هەڵگیرا...

لەو لاشەوە گوڵڕوخ چاوی کەوتەوە بە باوک و دایکی، بەڵام لەبەر دوورکەوتنەوی لە شاڕوخ کار و فرمانی شەو و ڕوژی هاتە سەر گریان و جار جار ئەچووە سەر کۆشکەکەو هیچی تر، هەر چەندە دڵیان ئەدایەوە و کەنیزەک و کارەکەر لێی کۆ ئەبوونەوە هیچ دەردێکیان دەرمان نەئەکرد، ڕۆژ بە ڕۆژ هەتا ئەهات لاوازتر و بێتینتر ئەبوو، خواردن و نووستنی نەما. لەم لایشەوە شاڕوخ گەلێ لەو خراپتر. هەتا ڕۆژێک مام ڕێوی وتی: شاڕوخشا ئادەمیزاد هەر شتێکیان لەگەڵ بکەی بە خۆڕایی ئەڕوا، چونکە شتیان لەبەر چاو نییە و کە کەوتن بەسەر ئیشی خۆیانا ئیتر هیچیان لەبەر چاو نامێنێ. ئەوا ئەمجارەیش گوڵڕوخت بۆ دێنمەوە بەڵام دەمێکە ئەو ترسەم هەیە کە دواجار ئەبێ لەباتی هەموو چاکەیەکەم فڕێم بدەنە ناو کۆڵان!! شاڕوخ کە گوێی لە هێنانەوەی گوڵڕوخ بوو وەکوو گوڵ گەشایەوە سەری بەرز کردەوە وتی: مام ڕێوی ئەوەی تۆ لەگەڵ منت کردووە ناتوانم بە هیچ جۆر تۆڵەیت بدەمەوە مەگەر بەوە کە گیانی خۆم بکەم بە ڕێبازی پەنجۆڵەکانت ئێستەیش هەر فەرمانێکم پێ بکەیت بە دڵ و بە گیان ئامادەم بۆ جێبەجێکردنی. مام ڕێوی وتی: ئا بزانین دونیا زۆری بە بەرەوەیە، سبەینێ بانگێشتنێکی تر ئەکەم بۆ دڕندە و پەڕندەکان لەپاشا تۆ بلێ: ئەی گیانلەبەرینە ڕێوی چیتان پێ ئەڵێ لە قسەی دەرمەچن. ئەویش وتی باشە.

کەوتە بەیانی مام ڕێوی نانێکی زۆری دروست کرد و هەموو جانەوەر و پەلەوەرەکانی کۆ کردەوە و هەموویان نانیان خوارد، لەپاشا شاڕوخ ڕووی تێکردن وتی: گیانلەبەرینە قسەی مام ڕێوی قسەی منە، لە ئیستە بە دواوە هەر شتێکیان پێ ئەڵێ نابێ لە قسەی دەرچن، هەموو سەریان دانواند، ئینجا مام ڕێوی وتی ئەمەوێ وەک جاری پێشوو بچنەوە بۆ شاری «گومەتە» و بکەونە ناو شار، کە کچی پادشا لە سەر تەلارەوە سەری دەرهێنا ئەی سیمورغ هەڵیگریت بیخەیتە سەر باڵت بیهێنیتەوە و ئێوەش هەموو بگەڕێنەوە و عەزیەتی کەس نەدەن، ئەوانیش تێکڕا سەریان دانەواند و پەلەوەر کەوتنە هەوا و سیمورغ لەپێشیانەوە، جانەوەر لەسەر زەوی و شێر لەپێشیانەوە! بە فڕکانێ چوونە ناو شاری گومەتە. مەردمی شار کە ئەمەیان چاو پێ کەوت کەوتنە خۆشاردنەوە و هاوار هاوار، گوڵڕوخ کە سەیری کرد ئەمە کارەساتەکەی پێشووە، زانی چە باسە، خێرا چووە سەر بانی تەلارەکە، کە سیمورغ چاوی پێ کەوت هەڵیگرت خستیە سەر باڵی و گەڕایەوە گیانلەبەرەکانی تر هەموو بە شوێنیا گەڕانەوە و هاتنەوە تا گەیشتنەوە جێ. شاڕوخ هەر چاوەڕێی بوو، کتوپڕ لە دوورەوە لەشکەری گەڕاوەی بە فەیرووزی بەدی کرد، چووە پێشوازیان، سیمورغ گوڵڕوخی دانا و ئیتر چوون بە ڕێی خۆیانا گەڕانەوە، گوڵڕوخ و شاڕوخ دیسان بە یەک شاد بوونەوە.

لەو لاوە بارام شای باوکی گوڵڕوخ کە ئەم کارەساتەی دی زۆر تێک چوو هەستا لەپاش ئەوەی کە ڕاوێژی لەگەڵ وەزیر و پیاوماقووڵەکانیان کرد بە شارەزایی پیرێژنەکە پەیامی نارد بۆلای شاڕوخ کە: ئەی شاڕوخ ئەگەر گوڵڕوخ نەنێریتەوە و دەست لەم کردەوانە هەڵئەگرێت ئەوا باشە ئەگینا ئامادە بە هەچ سوپایەک لە قهڵەمڕەوما هەیە خۆم پێشیان ئەکەوم و ئەیهێنم بۆ سەرت، خۆت و کۆشک و بارەگات هەپرون هەپرون ئەکەم! کە شاڕوخ ئەم پەیامیە بیست زۆر تێک چوو و کەوتە دەلیای فیکر و خەیاڵەوە. لەو کاتەدا مام ڕێوی کردی بە ژوورا وتی: ها، ئەوە چییە؟ بۆچ وا کەوتیتە پەژارەوە؟. ئەویش وتی داستانێکی وایە. مام ڕێویش وتی تۆیش پەیامی بۆ بنێرەوە: چی لە دەست دێت درێغی نەکا و زیاتر بکا. ئەمیش وتی: مام ڕێوی ئێمە چیمان هەیە؟ ئەو لەشکر و سوپایەکی زۆر و زەبەندی هەیە، لەکوێ لە داوی دەردێین؟ مام ڕێوی وتی ڕاسپێرە و کارت نەبێ، ئەمیش بەو جۆرە پێی وت لە ڕاسپێرەکەی وت و ڕاسپێر ڕۆیشتەوە...

کە بارام شا ئەم قسەیە بیست بە جارێ گرژ بوو فەرمانی دا هەر کەس دەنکە جۆیەکی ماڵی پادشای خواردووە ئامادە بێ بۆ ئەم شەڕە! بە جارێ گەورە و بچووک چەکیان پۆشی و لەژێر سەرکردەیی بارام شادا بەڕێ کەوتن و پیرێژنەکەیان کرد بە شارەزا. لەشکر وەکوو خۆڵ ڕووەو کۆشکی شاڕوخ ڕووی ناو ڕۆیشتن، دەوروبەری کۆشکیان بە جۆرێ تەنی کە مێروولە ڕێی دەرچوونی نەبێ! ئەوا شاڕوخ و گوڵڕوخیش لەسەر بانی کۆشکەوە سەیری ئەم سوپا و لەشکرە ئەکەن کە نە سەری هەیە و نە سامان، هەروا واقیان وڕ ماوە کە چی بکەن!

ئێوارێ داهات، بارام شا پیاوێکی نارد بۆلای شاڕوخ کە بەیانی لەگەڵ گزنگی هەتاوا قۆڵی خۆی ببەستێ و بێت بکەوێ بەسەر سمی ئەسپەکەما، بەم جۆرە لێی خۆش ئەبم، ئەگەر وا نەکا چاوی بە خۆی ئەکەوێ! شاڕوخ ئەم ڕاسپێرییەی بیست بە جارێ ورەی بەردا، چونکە تاقە زەلامێکیشی لا نییە، بە چی و چۆن چاری ئەم بەڵا گەورەیە بکا، کە وا هاتووە بەسەریا؟ تاریک داهات و زۆر پەرۆش بوو، لەو وەختەدا مام ڕێوی کردی بە ژوورا، وتی: ها، شاڕوخشا زۆر دڵتەنگیت؟ ئەویش وتی: مام ڕێوی ئەم کارەساتە ئەبینم چۆن دڵتەنگ نەبم؟ مام ڕێوی وتی: هیچ خەمت نەبێ، بەیانی لەگەڵ گزنگی هەتاوا شیر و تیر بدە لە خۆت و سوار بە و بچۆرە مەیدان و ڕمبازی بکە و داوای مەیداندار بکە، شاڕوخ بە نۆبەدڵی وتی: باشە.

دوو بەشی شەو ڕۆیشت و نەڕۆیشت، مام ڕێوی چوو لەو بەری باخی کۆشکەوە شاخێکی گرت بە دەمەوە و فووی پیا کرد، هەچ مشک و کولە و کرمێک لەو دەشتەدا هەبوو، هەموویان کۆ بوونەوە! وتی: ئەمەوێ ئیمشەو تا بەیانی پێش هەتاوکەوتن بچنە ئەو لەشکرەی بارام شا، تەنیا لەشە ڕووتەکەی خۆیان و وڵاغەکانیان نەبێ هەر شتێکی تریان پێیە لە شیر، لە تیر، لە مەتاڵ، لە قایش و قرووش، هەمووی بخۆن و دایبڕزێنن. ئەوانیش وتیان: بەڵێ. چوون ئەوەندەی کفرەکونێ هەچ شتێکیان هەبوو نەبوو خواردیان و دایانڕزاند و گەڕانەوە بۆلای مام ڕێوی و پێیان وت کە ئیشی خۆمانمان کرد. ئەویش وتی: باشە، ئیتر بچنەوە بۆ جێگا و ڕێگای خۆتان.

بەیانی لەگەڵ گزنگی هەتاوا شاڕوخ هەستا تیر و کەمان و گورز و گۆپاڵ و قەڵغانی دا لە خۆی و سوار بوو، چووە مەیدان و دەستی کرد بە مەیدانداری و داوای مەیدانداریی کرد. پادشا و سوپای پادشا کە تەماشای خۆیان ئەکەن لە لەشێکی ڕووت و قووت بەولاوە هیچ تریان بۆ نەماوەتەوە تەنانەت دەرپێشیان لە پێدا نەماوە! هەروا لەم کارەساتە بەجارێ سەریان سڕ ما! بارام شا هیچی پێ نەما بانگی کرد: «شاڕوخشا من کردم تۆ نەیکەیت، هانام هێنایە بەرت چۆن دڵت ئەیەوێ من وا ئەکەم، گوڵڕوخ و تاج و تەخت هی تۆیە، داد، شاڕوخشا داد!». مام ڕێوی هات بەلای شاڕوخشاوە و وتی: پێی بڵێ: مامە پەشیمان بوویتەوە لەو کردەوانەی دەربارەت کردووم؟ ئەویش پێی وت، بارام شا دیسان هەڵیدایە: «شاڕوخشا داد!».

ئینجا مام ڕێوی چوو پێشیان کەوت و پادشا و هەموو سوپاکەی هێنایە ناو کۆشکەکەوە، خێرا چوو جلوبەرگی بۆ هێنان و هەمووی پۆشتە کردنەوە و نانی بۆ دانان نانیان خوارد، لەپاشا بارام شا هەستا باوەشی کرد بە شاڕوخشادا و ماچی کردەوە و دەستی گوڵڕوخی گرت و دای بە دەستیەوە و هەر لەوێدا لێی مارە کرد و دەستی برد تاجی پادشایەتییەکەشی نایە سەری و هەموو بە کامەرانی گەڕانەوە بۆ ناو شاری گومەتە. چل شەو و چل ڕۆژ شایی و ئاهەنگ بوو، دەستە دەستە مەردم ئەهاتن بۆ پیرۆزبایی پادشای تازە و بۆ سەر زەماوەندی پادشایان.

لێرەدا مام ڕێوی وتی: تو خوا بزانم من ئەم هەموو ئیشەم بۆ ئەمانە کرد ئایا چۆن تۆڵەم ئەدەنەوە؟ و خۆی دا بە زەویدا، ها ئێستە مردووە، ها سەد ساڵ لەمەوبەر! لەو وەختەدا گوڵڕوخ بەوێدا تێپەڕی و سەیری کرد مام ڕێوی مردووە، وتی: ئۆ، مام ڕێوی هەژار ئەوە مردیت؟ ئا کچێ وەرە بنەوە لە قاچی و بیخەرە سەر ئەو سەرنوێلکەیە! کارەکەرێک هات و قاچی گرت و ڕای کێشا. مام ڕێوی لەژێر دەستیا هەڵبڵۆقا بەوە و هەستایە و ڕووی کردە گوڵڕوخ و وتی: ئەمە بوو تۆڵەی ئەم هەموو پیاوەتییەم کە داتانمەوە؟! ڕاستە کە ئەڵێن ئادەمیزاد و ژنی ئادەمیزاد وەفایان نییە! لەو کاتەدا شاڕوخ هاتەوە و چوو بەلای مامڕێوییەوە و هەرچەند لێی پاڕایەوە کەڵکی نەبوو. وتی: «ئەی شاڕوخ بزانە من کچی «شاباڵشام» ی پەری بووم، کەوتبوومە ئەو تەلیسمی مەڕمەڕەی جادووە کە تۆ شکاندت، ئەم بەینە ئەم هەموو خزمەتەم کردیت لە پاداشی ئەو پیاوەتییەتا کە لەو زنجیرە ڕزگارت کردم و ئیتر بە دۆعا!...». بوو بە کۆترێک و دای لە شەقەی باڵ و کەوتە ئاسمان و ئەو ڕۆیشتنە ڕۆیشت ئیتر نەگەڕایەوە!...

***

ئەم چیرۆکە ئایا ئەفسانەکەی خەیاڵی بێ و دەماودەم کەوتبێ، یا شتێکی ڕاستەقینە بێت و مابووبێتەوە، چەند شتێک لە ڕەوشتی کۆنی کورد بۆ ئێمە دەرئەخا:

یەکەم: مەسەلەی «بازگەردانی» کە جمهوورییەتی ئیمڕۆژ نموونەیەکە لەو خەیاڵە یا لەو ڕەوشتە کۆنەی کورد، کە ئەمە عەقڵییەت و کەیانێکی زۆر کۆنی کوردمان پیشان ئەدا.

دووەم: مەسەلەی چەرخوفەلەک کە بێگومان ئەم چەرخوفەلەکە لەناو کورددا هەبووە، چونکە کەم چیرۆک هەیە کە باسی چەرخوفەلەکی تێدا نەبێ و فڕۆکەی ئیمرۆژ نموونەیەکە لەو چەرخوفەلەکەی کۆنی کوردییە. ئەمەش پایەی شارستانی و پیشەسازییان پیشان ئەدا، وە بگرە گەلێ گەلێ بەرزتر بوون لە قەومەکانی چاخی خۆیانیش، چونکە چەرخوفەلەک لەناو ئەمانا نەبێت، لەناو قەومەکانی تردا نەبووە.

سێیەم: ڕاکێشانی شت «جَرُّ الأَثْقالْعربی» لەگەڵ کیمیا کە بە ڕمووز سیمورغ و دڕەندە ئەهێنێتە ناوەوە بۆ هێنانی گوڵڕوخ داڕزاندنی شتومەکی لەشکری پادشا، لەم ئەفسانەیەدا کە عیلمی ئیمڕۆژ بەتەواوی ڕێی بەدیی ڕاکێشانی شت و کیمیای نەکردووە، کورد لەو سەردەمەدا ئەگەر نەیبووبێ چۆن عەقڵی بڕی کردووە و زانیویە دەم بۆ قسەی وا بەرێت؟ دیارە دەورێکی وای پیشەسازی و زانیاری ئەبێ بە خۆیەوە دیبێت بۆیە قسەی لێوە کردووە.

چوارەم: پەند و ئامۆژگارییەکە لە لایەن ژیانی خێزانییەوە گۆیا پایەی ژیری ئافرەت -با گەلێ گەلێ بەڕێزیش بێت- هەر خاڵی نابێ لەوە کە کەموکووڕییەکی عەقڵی تێدا دەرکەوێ بەرانبەر بە ژیان یا بە تەفکیر! وەکوو گوڵڕوخ لەگەڵ ڕێوییەکەدا نواندی چە لە سەرەتاوە چە لە ئاخر هەناسەیا. فەڕەنسەی ئیمڕۆژ -لەگەڵ ئەوەش کە پایەی خوێندەوارییان زۆر زۆر بەرز بووەتەوە- لەبارەی ئافرەتدا، چونکە لایان دا لە ڕەوشتی ئەوەڵ ئەوا هەر چەندە ئەکەن بۆیان بەربەست ناکرێ.

ئەمە نموونەیەک بوو لە چیرۆکی کوردی کە مێژووی ئەدەبی کوردی کەڵکی لێ وەرئەگرێت، وە لەمە زیاتر بۆ ئەم شوێنە و بۆ ئەم بەرگە دەست نادا.

ئینجا پەندی پێشینان و قسەی نەستەق.