ئەفسانە

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  7624 مشاهده

ئەفسانە کە «میثۆلۆژیا»یشی پێ ئەڵێن، هەر چەند ئەم وشەیە بەو ئەفسانانە ئەوترێ کە ئاشنایەتییان لەگەڵ خواکانا هەیە و بە باڵای ئەوانا وتراون، بەڵام لەبەر ئەوە کە زاناکان قسەیان لە پەیدا بوون و چۆنیەتی و ڕمووزی ئەفسانەوە کردووە بە عیلمەکەش هەر ئەڵێن «میثۆلۆژیا». ئەم عیلمە زۆری لەسەر ڕۆیشتوون، بەتایبەتی لە یۆنانا سەرچاوەی ئیلهامی فەیلەسووفەکان بووە. فەیلەسووفەکانی «ئەیۆنامکان» ئەڵێن: «ئەفسانە، ڕمووز و نیشانەیەکی بۆ ئەو شتە نەفسی و ئەخلاقییانە کە لە ئادەمیزاددا هەیە». بیروباوەڕی فەیلەسووفەکانی ئەسکەندریەش وەکوو «ئەفلۆتینشخص» و «فەرفەریسشخص» لە بارەی ئەفسانەدا وا نەبێ دوور بێ لە هینەکانی «ئەیۆنا» وە. لە سەدەی چوارەمی پێش میلاددا هەر لە بابەت ئەفسانەوە باوەڕێکی تر بە ناوی باوەڕی «بۆهیمیری»یەوە -کە هی فەیلەسووفی یۆنانی «بۆهیمیرۆسشخص» بوو- پەیدا بوو، ئەو ئەڵێ: «ئەفسانە تەنیا هەندێ قسەی خەیاڵییە بۆ ئەوکارەساتانە کە لە مێژوودا ڕووی داوە». هەروەها ئەڵێ: «ئەو خوایانە کە لە ئەفسانەدا باس ئەکرێن یا ئەو پیاوانە کە لە ئەفسانەکەدا ئەوترێن، ئەوە ئەو پادشا و پاڵەوانانەن کە مردوون و زەمانێکی زۆر بەسەریانا تێ پەڕیوە و لەپاشا بە ناوی «خوا» ناو ئەبرێن». تەنانەت پیاوەکانی کڵێسە لە مێژووی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ ئەوە بەربەرەکانێی بوتپەرستەکان بکەن ئەو باوەڕی «بۆهیمیرۆس»ەیان گرت بە دەستەوە. مەسەلا لە چیرۆکی «زیۆس»ی یۆنانیدا «بۆهیمیرۆس» ئەڵێ: «ئەوە پاڵەوانێک بووە و گەلێ شوێنی گرتووە لەپاشا لە دوورگەی «کریت» مردووە و نێژراوە و دوای ئەوە بووە بە «خوا». جا ئەم جۆرە شتانە بۆ پیاوەکانی کڵێسە دەستی داوە.

بەڵام لەم دەورەی دوایییەدا -واتە لە وەختی ڕاپەڕینی ئەورووپادا- فیکرەی ئەفسانە پەردەیەکی تری بەسەرا هات. لە دۆزینەوەی ئەمریکا و ئەفریقا و دوورگەکانی ئوقیانووسییەدا، عالمەکان هەندێ ئەفسانەی ساویلکەیان لەمانەوە دەست کەوت کە بتوانن بیکەن بە نموونە بۆ دەربڕینی چۆنیەتی ئەفسانەی کۆنیش. ئەم زانایانە هەندێکیان ئەڵێن: «ئەفسانە تەعبیر لەو ڕەوشتە ئایینییانە ئەداتەوە کە قەومەکانی دەوری ئەوەڵ هەروا بە جۆرێکی بێسەر و پێوەریان گرتووە بەبێ ئەوە شتێک لە بناغەکەیەوە بزانن؛ گۆیا لەبەر ئەوە شتێک لە ئایینەکەوە بزانن ئەم قسە و حەقایەتانەیان بۆ هەڵبەستوون».

هەندێکی تر ئەڵێن: «ئەقسانە، لە قەومە سەرەتایییەکانەوە بۆ ئەوە داهاتووە کە شان و باڵی بوتەکانیانی پێ بڕازێننەوە». هەندێکی تر بەم جۆرە مەعنایان لێ داوەتەوە کە: «گۆیا ئادەمیزادی زۆر کۆن نەیتوانیوە لە حەقیقەتی شتێکی وەکوو ڕۆژ یا هێزێکی تری تەبیعی بگا، لە ترسانا پەرستوویەتی و هێناویە بە چیرۆک و ئەفسانە ڕازاندوویەتەوە». هەر کام لەمانە بێت یا لە هەر یەکە تۆزێک بێت، یا هیچیان نەبێت، لە مەزەندە زیاتر هیچیان بە دەستەوە نییە، مەزەندەش پیاو ناخاتە سەر باوەڕی ڕاستەقینە.

تەماشا ئەکەیت قەومێکی وەکوو یۆنان لەسەرتادا وەکوو ئەورووپییەکان لەم دەورەی داوییەدا بە هەموو جۆر خەریکی ئەوە بوون کە لە حەقیقەتی داهاتنی چیرۆک بگەن و زانای زۆر بەرزیان قسەی لێوە کردووە تا گەیشتووەتە پایەیەک کە بووە بە عیلمێکی سەربەخۆ، و ئێستەش لە ئەورووپا و ئەو شوێنانەدا کە پابەندی خوێندەوارین زۆر زۆر گوێ بە چیرۆک ئەدەن و گەلێ شتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و سیاسی لەژێر داستانی چیرۆکدا دەرئەبڕن.

ئینجا هی کورد، پیاو ئەو شکەی نامێنێتەوە ئەم شتانە کە ئێستە ماوەتەوە و دەماودەم ئەگێڕرێتەوە، لوێچێکە لە سەرچاوەی زۆر کۆن؛ لە هی ئەو سەردەمە کە ئەگەر بە ڕۆژ کارەسات و بەسەرهاتێکیان هاتبێ بە شەو کە کۆ بوونەتەوە گێڕاویانەتەوە. ئەگەر شتێکی زۆر بەڵاجەوی بووبێت دەماودەم کەوتووە و لە شوێن هەوارگەی خۆی پەڕیوە بۆ شوێنێکی تر و زیاد و کەمیشی پێوە نراوە.

ئەو جۆرە مانعایە کە یۆنان یا ئەورووپا لە بابەت چیرۆکەوە لێ ئەداتەوە، من بەرانبەر بە چیرۆکی کوردی ناتوانم ئەو مانعایە لێ بدەمەوە؛ ناتوانم بڵێم: سەرەتا لە ڕووی شعوورێکی ئایینییەوە بۆ خواکان یا بۆ بوتەکانیان داناوە، بەڵکوو هەر لەسەر ئەوەم کە کارەساتی ئەشکەوتەکان و ژیانی ساویلکەی ڕۆژانەکەی خۆیان بووە گێڕاویانەتەوە لەپاشا بەپێی درێژبوونەوەی زەمان و گۆڕانی ژیان چیرۆکی تری وا هاتووەتە پێشەوە کە هینەکانی پێشووی لە فیکر بردووەتەوە و قاڵبی ئەم لەگەڵ زەوقی ئەو ژیانەیانا چاکتر ڕێ کەوتووە، کە دەوری ئیسلامیش هاتووەتە پێشەوە و ناوە کۆنەکان گۆڕاونەتەوە بە ناوی ئیسلامی و لەپاش ئەویش هی تری هاتووەتە سەر. ئەم قسەشە پێچەوانەی ئەوە نییە کە چیرۆکی ئایینییان نەبووە، هێزەکانی تەبیعی و چاکە و خراپە و تاریکی و ڕووناکی گەلێ چیرۆکی بۆ خستوونەتە ناوەوە، بەڵام مەبەستەکەی ئێمە پێش ئەم تاریخەشە.