ئەدەب لە ڕۆژەڵاتی کۆندا

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  2686 مشاهده

لە باسی پێشوودا بۆمان دەرکەوت کە سەرەتای مێژووی ئەدەب پێش نووسین کەوتووە، بۆیەش وا بوو چونکە بە شەو کۆ ئەبوونەوە و لە گوێی ئاگردانەکانا سەمایان ئەکرد و بەسەرهاتی ڕۆژەکەشیان ئەگێڕایەوە. لەپاشا کە دونیا پێشکەوت، تۆزێ فیکری خواناسی پەیدا بوو، گۆرانی و هەڵپەڕکێکەیان خستە پێستی نوێژ و نزاکردنەوە و دەنگیان بەرز ئەکردەوە و هاواریان پێ ئەکرد. بەتایبەتی کە ئەچوون بۆ شەڕ، کاهینەکان لە پێشیانەوە بە سروود خوێندن سۆزێکی تریان پێ ئەدان. بەرە بەرە هەر نەوەیەک کە ئەهات شتێکی تری لێ زیاد ئەکرد، تا کەوتە دەورێک کە ئادەمیزادەکە کەوتە سەر ئەوباوەڕە: ئەگەر بێتوو هەر بەم جۆرە بمێنێتەوە، ئەم داستانەی لە ئاخرا هەر لە فیکر ئەچێتەوە. ئەم پێویستییە خستیە سەر ئەوە کە خەت و نووسین دابهێنێ. سەرەتا فێری نووسینی وێنەی شتەکە بوو، لەپاشا هەڵکەندن، لەپاشا بزماری. کۆنتر شتێک کە لەم ڕووەوە دۆزرابێتەوە -چەند هەزار ساڵێکیش پێش قسەی نووسینەوەی «تەوراتاعلام» کەوتبێت- چەند پارچە قوڕەوشکێک بووە کە لە «کەلدەمکان»دا بینراوەتەوە و لە پاشماوەی کەلدانییەکان بووە و کارەساتی تۆفانی تیا هەڵکنراوە.

وا دەر ئەکەوێ نووسەر لە دەوری کەلدانییەکانا کرێگرتەی پادشا بووە، بۆ هەر لایەک چووبێت، ئەویشی لەگەڵ بووە و کارەساتی شەڕوشۆڕی پادشای لەسەر ئەو پارچە قوڕانە بە قاڵب هەڵکەندووە. هەر ئەم کەلدانییانە دوو دەستە نووسەری تریان بووە: یەکێ کاهینەکان کە نووشتە و نزای نوێژیان لەو قاڵبانە هەڵکەندووە، یەکێ چۆنیەتی کشتوکاڵ و سیاسەت و ئەستێرەژمێرییان هەڵکەندووە.