ئەدەبی کوردی

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  14268 مشاهده

تا ئێستە باسی چۆنیەتی سەرەتای مێژووی ئەدەب تۆزێ لە پەیدابوونی ئەدەب لە ڕۆژەڵاتی کۆنمان کرد، ئینجا ئەمانەوێ لە هەر یەک لەم پارچە زەوییانەدا کە کەوتوونەتە ئەو ڕۆژەڵاتەوە و خاوەنی ئەدەب و ئەدەبیات بوون، بە ئەندازەی دەسەڵات قسەیەکیان لێوە بکەین. بۆ ئەوە لەپاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە پایەی هەموویان بە جۆرێکی تێکڕایی دەرکەوێ و بەتایبەتی ئەوە بچێتە دڵمانەوە کە ئەدەبی کوردی وا نەبێ ئەوەندە تەریک بێت لە عالەم کە مێژووی ئەدەب بێزی لێ بێتەوە. بەڵکوو بەتەواوی ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێ کە ئەدەبی کوردی ئەتوانێ تاکی تەرازووی خۆی ڕاست کاتەوە.

کورد یەکێکە لەو قەومانە کە لە ڕۆژەڵاتی کۆن و تازەدا شوێن هەوار و شوێن ئاگردانێکی لەو سەرزەوییەدا بۆ خۆی داگیر کردووە و تیایا ستاری گرتووە، کارەساتی ڕۆزگار وەکوو ئەدەبی قەومەکانی تری دروست کردووە لەگەڵ ئەمیشدا ئەو ئامانجەی هەر نواندووە، ئەمە نەوەک تەنیا دڵسۆزی بێ، بەڵکوو یاسای تەبیعەت و گۆڕان ئەم ئاوە ئەڕێژێ.

وەکوو باس کرا، بەرەبەیانی مێژوو چۆن تاریکە هی ئەدەبەکەشی ئاوا تاریکە، ئەوەندە هەیە هەر قەومێ بە پێی دەسەڵاتی خۆیان کۆششیان کردووە بۆ زیندووبوونەوەی ئەو ئەدەبیاتەیان کە بیروباوەڕ و ڕەوشت و خووی باووباپیرەکانیان بووە، هێناویانە لەپاش دەماودەم خستوویانەتە سەر بەرد و کاغەز تا گەیشتووە بە ئێمە، بەڵام هی کورد هەندێکی هەر وەکوو لە دەوری سەرەتادا بێت وایە، هەر ئەو دەورەیە کە دەماودەم شت ئەگێڕرێتەوە و کردەوەی ڕابردووانیان ئەهۆنرێتەوە. ئەگەر ئەو شتانە کە هۆی پێشکەوتنن بەسەر ئەدەبی قەومەکانی تردا هاتوون بەسەر ئەدەبی کوردیدا بهاتنایە هیچ قەڵەم و زمانێک گومانی لەوەدا نەئەما کە ئەمیش تا ئێستە یەکێ لە ئەدەبە بەرزەکانی عالەم ئەبوو، لەگەڵ ئەوەش ئێستە کە سەیری لق و پۆپەکانی بکرێ کەڵکی ئەوە ئەگرێ کە ناوی بهێنرێتەوە ناوەوە، چونکە ئەدەب بە کورتی کە عیبارەتە لە داستانی ڕابردووان، لە پەندی پێشینییان لە شیعری شاعیران، لە دەستکردی دەست ڕەنگینان و لە پیشەی پیشەگەران-کە هەر یەک لەمانە پەردەیەکی ئەو قەومە پیشان ئەدەن -لە کوردیدا هەن و شوێنێکیان بۆ خۆیان گرتووە، کۆ کردنەوە و یەک نەخستنەکەیان ئەوە ناگەیەنێ کە ڕووت بوون لە هەموو شتێک، بەڵکوو ئەوە ئەگەیەنێ کە پەردەی ڕۆزگار یا زۆری ستەمکار ماوەی ئەوەی نەداون کە بیر لە کۆ کردنەوەیان بکەنەوە، ئەگینە وا نەبێ ئەمانیش لە ئاسمانی ئەدەبدا ئەستێرەیەکیان نەبووبێت؛ هەیانبووە بۆیە ئێستە من کەوتمە سەر ئەوە کە باسێکی -بەپێی دەسەڵات- دوورودرێژی لێوە بکەم و بڵێم:

ئەدەبی کوردی سێ ڕێچکەی گرتووە: «ئەفسانە و داستان»، «قسەی نەستەق و پەندی پێشینیان»، «هۆنراوی نازکیی خەیاڵی شاعیران».

لە کوردیدا هەندێ ڕاز و نیاز هەیە کە بە چاوێکی وا نەبێ بەرزەوە سەیر بکرێت، بەڵکوو هەروا بە شتێکی خەمڕەوێنی ئەزانن، بە شەو لە دیوەخانان یەکێک دائەنیشێ و ئەیگێڕێتەوە، یا لە کاتی نووستندا ئەیگێڕنەوە بۆ ئەوە ئاغە یا خانم خەوی لێ بکەوێ، یا پیرێژنان لە گوێ ئاگردانان دائەنیشن و مناڵی ماڵ دەورەی لێ ئەدەن، ئەویش بۆیان ئەگێڕێتەوە. ئەم جۆرە شتانە لە کوردیدا پێی ئەڵێن: «ڕاز، چیرۆک، حەقایەت» تا ئێستە هەر وا ماونەتەوە و دەماودەم ئەیانگێڕنەوە.