سەرەتای داهاتنی ئەدەب

از کتاب:
مێژووی ئەدەبی کوردی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 16 دقیقه  3995 مشاهده

ئێمە کە قسە لە ئەدەب و ئەدەبیاتەوە ئەکەین، لەپێش هەموو شتێکدا پێویستە بزانین ئەدەب چۆن داهاتووە؟

بێگومان دەورێکی زۆر زۆر بەسەر ئادەمیزاددا تێپەڕیوە و ئاگای لە هیچ جۆرە کەین و بەینێکی نووسین و خوێندنەوە نەبووە، ئاگای لەوە نەبووە دەورێکی بەسەرا دێت کە ڕۆڵەکانی چاو ئەبڕنە ئەو هەوا و خاک و ئاوانە کە باووباپیریان تیایا ژیاون، بۆ ئەوە بەڵگەیەکی ڕۆحییان لێیانەوە دەستکەوێ و بیکەن بە ئاوڕشێنی دڵیان، کە چی هیچیان بەرچاو ناکەوێت! ڕاستە ئەم بەڵگەیە دەست ناکەوێ، بەڵام نابێ ئێمەیش بکەوینە سەر ئەوباوەڕە و بڵێین: ئەو دەورە کە نووسین و خوێندنەوە نەبووە، ئەدەبیش نەبووە؛ چونکە بەبێشک ئادەمیزاد لەپێش نووسینا قسەی کردووە و ئەم قسەیە خاڵی نەبووە لە ئەدەب و لە بیروباوەڕ، کە ئەمەیان «تان»ی ئەدەبە. ئەو ئادەمیزادانە کە باووباپیری ئێمەن لە ئەشکەوت و چۆڵ و بیابانەکانا ڕایان ئەبووارد، کە ئەکەوتنە ئێوارە لە گوێی ئاگردانەکانیانا کۆ ئەبوونەوە و قسە و دەنگوباسی ئەوەیان ئەگێڕایەوە کە ئەو ڕۆژە چۆن بەرەنگاری دوڕندەیەک بوون! و چۆن خۆیانیان لێ پاراستووە! و چۆن لە ئاو و ڕووبار پەڕیونەتەوە! و چۆن لەو چورتمە خۆیانیان ڕزگار کردووە! ئەم جۆرە شتانە هەتا زەمان هاتە پێشەوە ئەمانیش هاتنە پێشەوە، لەمەوە پلەیەک سەرکەوت بۆ پیا هەڵوتن بە خوایەکانی شەو و ڕۆژ و چاکە و خراپە. وای لێ هات کوڕەکان داستانی باوکانی خۆیانیان نەگێڕایەوە بۆ زاڕۆڵەکانی خۆیان. بەم کردەوەیە بناغەکەیان دانا بۆ ئەدەب، نەوەک هەر بۆ ئەدەب بەڵکوو بۆ یاسا، بۆ ڕەوشت، بۆ ئایین.

ئەم قسەیە کە ئەیڵێین، وا نەبێ هەوا پێوان بێ بەڵکوو لە ڕووی بەڵگە و سۆراخەوە ئەیڵێین. چونکە کۆنتر چیرۆکێک کە گەیشتووەتە ئێمە، وەکوو تەماشا ئەکرێ، پڕیەتی لە ئامۆژگاری و تاقیکردنەوە و شتی بەکەڵک. دەی ئەمە پیاوێکی ساویلکە ناتوانێ ئەمە دابنێ، بەڵکوو گەلێ دەور و گەلێ تاقیکردنەوەی دیوە تا گەیشتووەتە ئەو شتە کە ئێستە ئێمە گوێمان لێ ئەبێ. دووەم، ئێستەیش لە زۆر شوێنی سەر زەویدا گەلێکی تر لەو ئادەمیزادە سادانەی دەوری ئەوەڵ هەر ماونەتەوە. داستان و ئەفسانەی ئەمانە کە لەناو خۆیانا ئەیگێڕنەوە، داستان و ئەفسانەی ڕابوواردنی ئادەمیزادی دەوری ئەوەڵمان پیشان ئەدەن

لەمەوە ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە ئەدەب زمانێکی زۆر دوور و درێژ هەر بەسەر زمانەوە بوو، ئەم ئەیگێڕایەوە بۆ ئەو و ئەو بۆ ئەو، ئیتر نە قەڵەمی دیبوو نە کاغەز. وەکوو ئێستە کە سەدەی بیستەمە و دونیا پەردەیەکی تری وەرگرتووە، کە چی ئەدەبی چیرۆکی و خەیاڵی کورد هێشتا هەر نەکەوتووەتە سەر کاغەز، ئەمەیان چاکتر بەڵگەیەکە بۆ ئێمە کە سەرەتا ئەدەب لە قەومێکەوە سەری هەڵداوە، هیچ ئاگایان لە نووسین و خوێندنەوە نەبووە. کە وا بوو ژیانی ئادەمیزاد لە سەرەتاوە تا ئێستە هیچ دەورێکی نەبووە کە خاڵی بێت لە ئەدەب. ئەوەندە هەیە شیعری لە پێش ئەوەدا وتووە کە نووسین -«نثر»ی فەننی- پەیدا ببێ، چونکە شیعر زمانی ویجدانە و نووسین هی عەقڵ، پیاو هەست بە وێژدانی خۆی ئەکا لەپێش ئەوەدا کە عەقڵ بکا بە ئالەتی فیکر کردنەوە.

ئادەمیزادە سەر و پێڕووتەکانی پێش تاریخ کە بە دارەکانا هەڵ ئەزنان و لەم لق بازیان ئەدایە ئەو لق، هاواریان ئەکرد: «ڕا، ڕا، ڕا. بوو، بوو، بوو» ئا ئەم دەنگەی ئەوان بوو بە بناغەی ئەو ئەدەبە کە ئێستە ئێمە پێی ئەڵێین «شیعر»؛ ئا ئەم دەنگە کە ئەوان گمەگمیان پێ ئەکرد لە هەڵپەڕکێدا، زیڕە زیڕیان پێ ئەکرد لە تووڕەییدا، نرکە نرکیان پێ ئەکرد لە شەڕدا، بوو بەم قاڵبە کە ئێستە وشەی جوانی قافیەداری پێدا ئەڕێژن و بەو وشانە تەعیبر لە خەیاڵاتی زۆر بەرز ئەدەینەوە. کە وا بوو شیعر یەکەمین پایەی ئەدەبە، هەر هات و سەرکەوت هەتا وای لێ هات لە ویجدانەوە پەلاماری دا بۆ عەقڵ کە «نووسین - نەسری فەننی»یە.

شیعر لە هەموو دەورێکا لە هەموو قەومێکا گۆڕان و هەڵسووکەوتی بەسەرا هاتووە، سەرەتا بە جۆرێکی سادە پەیدا بووە و تەعبیری لە عاتیفە داوەتەوە، لەپاشا خزمەتی جوان کردنی وشەی کردووە، لەپاشا لەم قاپییەوە ئەوەندە چووەتە ژوورەوە هەتا عاتیفەی لەژێر جوانی وشەدا پلیشاندووەتەوە، هەر ئامانجی جوان بوونی وشە کە بووە. لەپاشا مەردم بەرگێکی تری لەبەر کرد کە چی شاعیر هەر لە قافیەی خۆی نەکەوت. لەپاش ئەمانە جارێکی تر شیعر گەڕاوەتەوە بۆ ئەوە کە تەعبیرێکی نازک لە عاتیفە بداتەوە.

کە زانیمان شیعر یەکەم پایەی ئەدەب بوو، ئەبێ ئەوەش بزانین کە یەکەم جار کاهین و پیاوە ئایینییەکان قاپیی ئەدەبیان کردووەتەوە؛ هاتوون سروودی جەنگ و چیرۆکی پاڵەوانان و بیروباوەڕی ئایینییان خستووەتە قاڵبی شیعرەوە بۆ ئەوە چاک لەبەر بکرێ، لەپاشا لەبەر ئەوە کە ئەدەب سێبەری کۆمەڵە، بەپێی گۆڕانی چۆنیەتی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەدەبەکەش گۆڕاوە، هەتا کۆمەڵ بە هۆی بناغەی ماددەوە پێشتر کەوتبێ، ئەمیش پێشکەوتووە. ئەبینین لە سەرەتادا لەبەر ئەوە یاسای کۆمەڵ ڕێکوپێک نەبووە و هەر لە شاخ و کێو پێویستی ژیانی بە ڕاو کردن و جانەوەر کوشتن پێک هێناوە، ئەدەبەکەشی هەر لەو پایەدا بووە، کە ئاڵاوە بە لێواری ئەفکاری پڕوپووچدا و خێی داوەتە هێزەکانی تەبیعەت، ئەدەبەکەشی هەر ئەو پەردەیە وەرگرتووە، کە پلەیەکی تر هاتووەتە پێشەوە ئەەبەکە بووە بە جۆرێکی تر. ئەم ژیانە کە ئەم ئەدەبەی گۆڕیوە هەمووی لە بەند و باوی ئابوورییەوە سەر هەڵئەدا. لەم قسەیە ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێ کە هەندێ کەس لەپێناوی ئابوورییەکەیدا زۆری پەیدا کردووە و ئازۆخەی خستووە و بە هۆی ئەو ئازۆخەوە بووە بە گەورەی هەندێکی تر. کە ئەم یاسایە داهات کردیە کارێ کە یاسای سیاسی پەیدا ببێت، کە ئەم دووە پەیدا بوون کارەساتی ئەدەب کەوت بە بارێکی تردا؛ کەوتە ئەو بارە کە بە شیعری جوان تەعبیر لە عاتیفەیەکی خوێن بزوێن بدرێتەوە و بخوێنرێتەوە و مەردمەکە هەڵخڕێنێ بۆ ئەوە دەستە دەستە بوەستن و شاعی ڕی هەر دەستە بە شیعر بەرەی خۆی بکا بە گژ ئەوی تردا، یا بێت بە شان و باڵی خێڵەکەی خۆیدا و تانووت بدا لە خێڵەکەی بەرانبەری. ئەمانە هەموو کردیانە کارێ کە شەخسییەتی تاک «فەرد» تۆزێ دەرکەوێ، بەڵام نەوەک زۆر.

***

لەپاش ئەمانەوە یاسای «ئۆتۆکراتی» (حوکمی موتڵەق) لە قەومی دەوروبەری ڕووبارەکانادا هات، ئەمانە بە هۆی نزیکبوونیان لە ئاوەوە خێر و خێراتی کشتوکاڵیان زۆر بوو. بە تەبیعەت خواردەمەنی لە جاران گەلێ زۆرتر بوو، لە مەعنادا ئەم خواردەمەنییە زیاتر ئەکەوێتە دەست ئەو کەسانە کە گەورەتر و بەهێزترن؛ لێرەدا یاسای پادشایەتی هاتە پێشەوە و بەرە بەرە پەرەی سەند، وردە سەرۆک و ئاغا -کە جاران هەر خێڵێ بۆ خۆی سەرۆکێکی سەربەخۆی هەبوو- هەموو کەوتنە ژێر فەرمانی ئەو پادشایەوە، وای لێ هات پادشا دەست و پەیوەندەکەی بوون بە بەرەیەک، ڕەمەکی مەردمەکەش بەرەیەک. بە تەبیعەت ئەو کەسانە کە خوا پێداوی شیعر و چیرۆکی و ئەدەبی عاتیفە بوون؟ کەوتنە بەرزکردنەوەی پادشا و دەست و پەیوەندەکانی؛ هاتن بە شان و باڵی خواکان و ئەو کەسانەدا کە بەردی بناغەی «ئۆتۆکراتی»یان داناوە. جا ئەمە ئەوە بە ئێمە پیشان ئەدا ئەو ئەدەبە ئۆتۆکراتییە، کە چووەتە پێستی شیعری چیرۆکی و شەڕوشۆڕەوە، هیچی تری پێ نەگەیاندووە تەنیا کارەساتێکی ماددی نەبێ، کە بوو بە زاهیرەیەکی کۆمەڵایەتی. لەم گۆڕانی ئۆتۆکراتییەدا کۆمەڵ نە تەماشای یەکیەتی خوێنی خۆی ئەکا، نە یەکیەتی نەژادی، بەڵکوو هێزی پادشا هەموویانی کردووە بە یەک بەرانبەر بەمە سەرانە لە وردە سەرۆکەکان ئەستێنێ و گۆیا ئەیانپارێزێ لە دوژمن. لەمان وایە پادشا ڕاست ئەکا. ئەیانپارێزی و بۆ ئەوان عەزیەت ئەکێشێ، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە ئەم سەرانەیە لە دەست دەرنەچێت. جا لەبەر کارەساتی ئۆتۆکراتی پادشا؟ وردە سەرۆک و ڕەمەکی مەردم خۆیانیان لە فیکر ئەچێتەوە و هیچ شتێکیان بە دڵا نایە تەنیا گەورەیی پادشا و هێزی پادشا نەبێ.

کارەساتی «ئۆتۆکراتی» گەلێ قەومی لەژێر تاقە یاسایەکدا کۆ کردەوە، ئەم قەومانە هەر یەکە لە تەلێک لێیانداوە و ئاوازێک خوێندوویانە، تەبیعەتی کۆبوونەوەکەیان لەژێر ئەم خێوەتەی ئۆتۆکراتییەدا ئەکاتە کارێ کە بە عەنعەناتی یەک ئاشناببن و لە ڕەوشت و عادەتییەک وەرگرن و لە ئاخردا فیکرێک لە حاڵی خۆیان بکەنەوە؛ ئەمە سەر ئەکێشێ بۆلای شارستانی و شت داهێنان، سەر ئەکێشێ بۆلای ئەوە کە بازرگانی بێگانە بخرێتە برەو. سەرکێشانەکەشی لەبەر ئەوەیە تا وەکوو ئۆتۆکراتی بتوانێ بازاڕی پیشەسازی و کشتوکاڵەکەی خۆی پێشخا. ئەمەش دیارە هەر وەخت کە پێویستی مەردم زۆر بوو ئارەزوویان زۆر ئەبێ، کە ئارەزوویان زۆر بوو بە تەبیعەت ئەدەبیش پەل پەل ئەبێتەوە، چونکە کابرا کە گۆڕانی بەسەرا هات، ئاسۆی خەیاڵی بڵاو ئەبێتەوە، ئەدەب لە قسەوە ئەبێ بە نووسین و ڕووە و پێشەوە ئەڕوا، ئێجگار چونکە ڕووە و پێشەوە ئەڕوا چونکە نووسینەکە وردە وردە لە ئەدەبە «ئۆتۆکراتی»یەکە ئەدزێت و ئەیکا بە ئەدەبی «دیموکراتی».

لەم دەورە ئۆتۆکراتییەدا قەومە کۆنە شارستانییەکان ئاگادار بوونەوە و ئاشنا بوون بە «تَمثیل» (لاساییکردنەوە) و خێیان دایە باس و خواسی ئایینی و ئەفسانەی پڕوپووچ. لەمەوە ڕۆحی ئەدەبی لە چاو دەوری کۆمار نشینی و دەرەبەگیدا گەلێ پێشتر کەوت، وەکوو ئەبینین لە «بابلمکان»دا پادشا و کاهینەکان ئەچوونە کۆبوونەوە ئایینییەکانەوە و پەرستگاکان ڕەنگێکی شانۆی وەرئەگرت. هەروەها میسری کۆنیش هەڵپەڕکێ و موزیقای لە پەردەی شانۆیەکی ئایینیدا گۆڕاوە، وەکوو چۆن «کورد»ە کۆنەکان گەلێ جار ڕەوشتی ئایینییان لە شێوەی هەڵپەڕکێ و سەمادا نواندووە، یۆنانی کۆن -کە هۆمیرووسی شاعیر باسی ئەکا- جەژنە پیرۆزەکانیان بە کۆبوونەوەی سەما و گۆرانی و لاسایی دروست ئەکرد. ئەمانە هەموو گەلێ گەلێ بەرزتر بوون لەو دەورە کە ئادەمیزاد دەشتەکی و کێوی بوو؛ چونکە بە ئاشکرا لەم دەورەدا ئەبینین کە شیعر -چ هی گۆرانی چ هی شەڕوشۆڕ- پلە پلە سەرکەوتووە و گەیشتووەتە چڵەپۆپی بەرزی، لە فیکری دوڕەندە کوشتنەوە بووە بەو فیکرە کە شاعیر باسی ژیانی ئینسانی پۆشراو و ڕواڵەتی بکا -کە ژیانی عاتیفە و ڕەوشت و عادەتە- بەتایبەتی خۆی شیعری چیرۆکی هەر قسەی لێوە ناکرێ، بۆیەش وا بەرز بووبووەوە، چونکە گەورەی ڕاستەقینە -کە پادشایە- پەیدا بوو، بوو بە خاوەن سامانێکی وەها نە لە وزەی سەرکۆمارا بێت لە دەوری عەشرەتیدا، وە نە لە وزەی سەرۆکدا بێت نە لە دەوری دیموکراتیدا، تەنانەت زۆر کەس لە مەردمەکە ئەیانوت پادشا ڕاستە و ڕێک لە خواوە فەرمان وەرئەگرێت و نمایندەی ئەوە، ئەگەر ئەو لە پشتی نەبێ وا بەم جۆرە زل نابێ، خۆ ئەگەر ئەو پادشایە پاڵەوان بوایە و لە فڕوفێڵی شەڕ و مەیدانداری شتێکی بزانیایە، ئەوە ئێتر چکێ لە خوار خواوە بوو! جا سامانەکەی پادشا و بە خوازانینەکەی کردیانە کارێ کە شاعیر بەو جۆرە ئاگری تێبەر ببێ بۆ بەرزکردنەوەی شیعری چیرۆکی.

نووسین (نەسری فەننی) لەم دەورەی ئۆتۆکراتییەدا پایەی هەر لەوەدا بوو کە بە دەور ئامۆژگاری ئایینی و ڕاز و نیازی جادووگەری و باس و خواسی جنۆکە و کاغەز نووسیندا هەڵی ئەخستەوە، لەگەڵ ئەمەش ئەگەر تماشا بکەین لە چاو دەوری کۆمار نشینی و عەشرەتیدا هەر پێشکەوتووە؛ وەکوو لە چیرۆکەکانی بابل و ئەفسانەی گوێی ئاگردانی و کورد و داستانی هیندوڕازی و میسرییەکانا ئەیبینین. ئەوەندە هەیە نەسری ئۆتۆکراتی گەلێ گرانترە لە شیعرەکەی، نەمانەوێ شیعر ئەمەمان پیشان ئەدا، بەڵام بە پێچەوانەی هی کوردی، ئەمیان نەسرەکەی ماوەتەوە و شیعرەکەی تیاچووە، لە لایەکی تریشەوە ئەبینین کە بەسەرهاتی مۆزیقای نەسری فەننی بەتەواوی وەرنەگیراوە، نەوەک هەر ئەو وەختە، بەڵکوو ئێستەش دیسان ڕێچکەیەکی ڕێکوپێک بۆ نەسری فەننی هەر نییە.

***

ماوەیەکی باش بەم جۆرە ڕۆیشت، کتوپڕ «دیموکراتی» لە ئاسۆی عالەمەوە دەرکەوت و کردیە کارێ کە ئارەزووی باوەڕی ئابووریی بەرز ببێتەوە، دۆزەرەوەکان (مُستَكشِفعربی) کەوتنە هەڵسووڕان بۆ جێبەجێکردنی ناو و ژیان و بۆ زۆرکردنی ماڵ و سامان. بەمەوە هەندێ پیاوی تر پەیدا بوون و هۆشیان دایە سەربەستی تاک «فەرد» و پشتیان لە «ئۆتۆکراتی» هەڵکرد، بە دونیادا گەڕان و لە سەرچاوەی باوەڕ و خوێندەواری و ئارەزووی هەموو قەومێک ئاوایان خواردەوە. بە تەبیعەت ئەمانە ئیتر لەوانە نابن کە خۆیان ببەستن بە یاسای «ئۆتۆکراتی» و «دیکتاتۆری» تاقە پادشایەکەوە -کە قسەی ئەو لەسەر قسەی گەورە و بچووکی شەعبەوە بێت- بەڵکوو کۆششی وێرانکردنی دار و بەردی ئەو بناغەیە ئەکەن و خەریکی پەیداکردنی پشتیوان ئەبن بۆ ئەوە ئەو یاسایە بەتەواوی هەڵگرن و یاسای دیموکراتی لە شوێن دانێن. ئامانجی ئەم یاسا تازەیەش ڕێزنانە لە شەخسیەتی تاک و بەشدارکردنیەتی لە سەربەخۆیی زاتی. دیارە ئەو ئامانجەی هەیە بۆیە باوەڕی تازە و داهێنراو و پیشەگەری تازە داهات و بەبێ پشوو بۆ پێشەوە هەنگاوی هاویشت. جا ئەمانە هەموو بوون بە هۆی ئەوە کە ئەدەب پەردەیەکی تری بەسەرا بێت و بکەوێتە عالەمێکی ترەوە.

ئەگەر سنووری ئەدەبی عەشرەتی و خێڵەکەی تاقە هەوارێک بوو -چونکە بووبوو بە ئەدەبی تیرەیەک و لایان وا بوو تەنیا ڕەگەز و خوێنێک کۆیان ئەکاتەوە، وەیا ئەگەر ئەدەبی ئۆتۆکراتی پابەندی تاقە پادشایەک بوو، چونکە لایان وا بوو بە گەورەزانینی یەکێکی تر لە دەسەڵاتی عەقڵدا نییە- ئەدەبی دیموکراتی بوو بە ئەدەبی عالەمێک و یاسای خێڵەکەی و ئۆتۆکراتی وەکوو تۆمار پێچایەوە، سەربەستی و ئازادی دا بە هەموو تاکێک، گەورە و بچووکی جیا نەکردەوە، ئاغا و جووتیاری بەلاوە یەک بوو، ئەو سەربەخۆیی تاکییە و شەخسییەتی تاکییە کە ئەیدا بە گەورەتر پیاوێک، هەر ئەوەشی ئەدا بە بچووکتر کەسێک. دیارە ئەم سەرکەوتنی ئەدەبە بۆ تەقدیری فەرد لفەدوانەی سەرکەوتنی کۆمەڵەیەکە و هەر یەکە لەم کۆمەڵ و ئەدەبە ئەبن بە ئاوێنە بۆ ئەوی تریان.

ئەدەبی دیموکراتی ڕاستەقینە مانعا لە لێبووردن و بەزەیی ئەداتەوە و مەیل بە لای ئەوەوە ئەکات کە تاک بەڕێوە بەرێت. جا ئەم جۆرە ئەدەبە ئەگەر لە سەرتاوە یاسای ئۆتۆکراتی باڵی نەکێشایە بەسەریا و مەردمی نخستایەتە ژێر ئەشکەنجەوە، ئەو کۆمەڵە ئەدیب و بە فیکرانەی تیا هەڵنەئەکەوت، کە وا بانگی ئازادی بدەن و داوای شتێکی چاکتر بکەن. ئەمەش دیارە کە جیایییەکی زۆر هەیە لەبەین ئەدەبی ئۆتۆکراتی و دیموکراتیدا؛ چونکە هی ئۆتۆکراتییەکە هەر بۆ بەرزبوونەوەی تاقە تاقە کەسێک بووە، بەڵام هی دیموکراتییەکە بە پێچەوانەی ئەو، کۆشش ئەکا بۆ بەرزبوونەوەی ئەدەبی لاسایی «تمثیلی»، کە ئەمە ژیانی ڕەمەکی مەردم پیشان ئەدا. ئەمە خۆی ئەم کردەوەیە ئەنوێنێ، لە لایەکی تریشەوە کۆبوونەوەی مەردم لە شارەکانا و چاوبڕینیان لە سەرەنجامی ڕۆژانە و خەڵک تاقیکردنەوەیانیش پشتیوانی ئەکا. بەڵێ، ڕەنگبێ ئەدەبی لاسایی دیموکراتی وەکوو ئەدەبی شانۆی ئۆتۆکراتی لایەنگری بارگای پادشاکان و ژیانی ئایینی شەعب نەگرێت، بەڵام لەبەر ئەوە کە هەر لەگەڵ ئەو شتانەدا خەریکە کە ئاشنایەتی غەریزە و تەبیعەتی ئادەمیزادی هەیە، گەلێ گەلێ لە ئۆتۆکراتییەکە بەرزترە. سەرەتا یەکەم کەس کە شانۆی ڕابوواردن پێگەیاندنی بۆ تێکڕایی مەردم دانا کۆمارەکانی «ئەسینامکان» بوو، بەڕاستی ئەمان ئەدەبی لاسایییان گەیاندە چڵەپۆپە. کە ئەورووپا باوەشی کرد بە دیموکراتیدا ئەویش هەر شوێن ئەسینا کەوت. شیعریش لەم سێ دەورەیەدا شان بە شانی گۆڕانی ئەوان گۆڕاوە، سەیر ئەکەی شیعری دەوری عەشرەتی و خێڵەکی کابرا خۆی ون کردووە و تەنیا ڕۆحی خێڵەکەی نەبێ هیچ عاتیفەیەکی زاتیتری لێوە دەرناکەوێ.

شیعری دەوری ئۆتۆکراتی هەر خەریکی بەرزکردنەوەی پادشا و دەست و پێوەندەکانی و خواکانە و هیچی تر. بەڵام شیعری دەوری دیموکراتی شاعیر هەست بە بوونی خۆی ئەکا و عاتیفەی زاتی خۆی بە پوختی دەرئەبڕێ. ئەوەندە هەیە لە شیعری چیرۆکیدا پێچەوانە ئەبێتەوە؛ چونکە هی دەوری ئۆتۆکراتییەکە بەرزترە، هۆیەکەشی ئەوەیە هەر کە کەین و بەینی کۆمەڵایەتی تێکچوو ئەو ڕێچکەیەش تێکچوو، تەنانەت ئەگەر یەکێک بیویستایە عاتیفەیەکی قەومی بە باسی ڕابوواردنی ڕابردووان بنوێنێ، پەنای ئەبردە بەر نووسراوی تاریخی و ئەوەندە گوێی بە شیعر و چیرۆک نەئەدا. هەندێ لە شاعیرە تازەکان وەکوو «میلتۆنشخص»ی ئینگلیزی و «خانای قوبادیشخص» کە ویستیان شەڕوشۆڕ لە شێوەی ئۆتۆکراتیدا زیندوو بکەنەوە، بەڵام هەر پێیان نەکرا. ئەوەندە هەیە ئەگەر پیاو بێتە سەر نووسین ئەبینێ لە هیچ دەورێکا جوانی و بەرزی دەوری دیموکراتی نەبووە، کە ئەمە تەلیسمێکی سەیرە؛ چونکە ئادەمیزاد بە هەزاران ساڵ قسەی کردووە لەپێش ئەوەدا کە «هیرۆدێتشخص» و مەردمی تر بێنە کایەوە، کە چی وەکوو بڵێیت ئەو هەزاران ساڵە چاوەڕێی دەوری هیرۆدۆت و ئەوانی کردووە.

لە لایەکی تریشەوە، دیسان تەماشا ئەکەی ئۆتۆکراتی و ڕکی گرتبوو لەسەر ئەوە ئەیوت: «تاک (فەرد) بۆ دەوڵەت و فەرماندارە». کە چی بەپێچەوانەی ئەوە دیموکراتی ئەیوت: «نە، دەوڵەت و فەرماندار دروست کراوە بۆ تاک». جا لەبەر ئەم بانگەی دیموکراتی وا ئەبینرێ هەموو سووچێک بزووتنەوەیەکی کتوپڕی بەسەراهات و بۆ پێشەوە تەکانی دا، چ لە داهێنان و چ لە ئەدەب. هەر لەبەر ئەمەش بوو کە نووسین بە هەموو چەشنەکەیەوە وا بە خێرایی پێشکەوت، چ لە بابەت مێژووەوە چ کاغەز و وتاری ئەدەبی، چ نووسینی گەپ و گاڵتە و فەلسەفی، کە ئەمانە هەموو کردیانە کارێ کە ڕۆژنامە و گۆڤار بێتە کایەوە.